چۆن ئەمریکا عێڕاقی دزی

بڵاوکردنەوە:

زنار بابەکر

نووسەر:

جۆنی هاریس

بینراو:

437

بەش:

ڕامیاری

ئەم بابەتە لەلایەن ڕۆژنامەگەری ئەمریکی، جۆنی هاریس (Johnny Harris)، ئامادەکراوە و بۆ زمانی کوردی وەرگێڕدراوە. بەڵام، بە دەستکاریکردن تەنها لە شێوازی نووسین و دەربڕین لەلایەن وەرگێڕەوە، لەپێناو گەیاندنی زانیارییەکان بەشێوەیەکی باشتر و ئاسانتر، هەروەها کەمێکیش خۆشتر.

 

تێبینی: ئەگەر درێژە بە خوێندنەوەی ئەم بابەتە بدرێت لە بابەتی هاوپەیوەستی پێشووترەوە (چۆن ئەمریکا خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی دزی)، ئەوا دەتوانرێت زۆر زیاتر سوود لە بابەتەکە وەربگیردرێت.

 

بۆچی ئەمریکا جەنگی لەدژی عێڕاق ڕاگەیاند؟ تاکو ئێستا، وەڵامی ئەمە بەگشتی بریتیبووە لە نەوت؛ ئەمریکا لەپێناو نەوت ڕۆیشت بۆ عێڕاق، وەک هەمیشە. بەڵام، ئەمە، ڕوونکردنەوەیەکی بەجۆرێک، تەمبەڵانەیە. ناکرێت ئەمە هەموو شتەکە بێت، نەوت هەرچەندە بەشێک بوو لەو جەنگە بەڵام هۆکارە سەرەکییەکە نەبووە. ئەمریکا، جەنگی لەدژی عێڕاق ڕاگەیاند، تەنها لەبەرئەوەی چەند کەسێکی دەسەڵاتدار خوازیاری ئەو جەنگە بوون! هەندێک لەو دەسەڵاتدارانە، پێیان وابوو کە شتێکی گرنگ و پێویستە؛ ناچارن. ئەوانەی تریش، تەنها دەیانویست هێز و دەسەڵاتی ئەمریکی دەربخەن. هەر کامیشیان بێت، ئەوە ئێستا، 20 ساڵی دواتر، نزیکەی 10 هەزار ئەمریکی گیانیان لەدەستداوە، زیاتر لە 200 هەزار عێڕاقی بەهەمان شێوە گیانی لەدەستداوە، و هەروەها زیاتر لە 1 ترلیۆن دۆلاری باج بۆ ئەو جەنگە سەرف کراوە.

 

 

دەرەنجامی جەنگەکەش؟ خۆرهەڵاتێکی ناوەڕاست کە خۆی چەندە ناجێگیر و ناکۆک بوو، ئەوەندەی تریش تێکچوو و وێران بوو، تەنها بەهۆی ئامادەباشی ئەمریکا لەو ناوچەیە. ئەمە چۆن ڕوویدا؟ من لە سەردەمی ئەو جەنگەدا گەورەبووم و ژیاوم، لە قۆناغی سەرەتایی خوێندوومە، لە ئامادەیی خوێندوومە، کەچی تا ئێستاش هەر خەریکم بەدواداچوونێکی قووڵ دەکەم بۆئەوەی کە بەتەواوەتی تێبگەم ئاخۆ چی ڕوویدا؟

 

بەم شێوەیە ئەمریکا عێڕاقی دزی...

شەوی یانزەی سێپتەمبەر، ئەمریکا ئەوە خەریکە گفتوگۆ و تاوتوێی بارودۆخ و ڕووداوەکان دەکات ئاخۆ کێ بەڕاستی شتێکی لەم شێوەیە سامناکی کردووە و بۆچیش کردوویەتی؟ هەروەها، پێویستە ئەوان چۆن وەڵام بدەنەوە؟ لە ماوەیەکی زۆر کەمدا، لای هەواڵگر و لایەنە دژە-تیرۆرەکانەوە دەرکەوت کە قاعیدە لەپشتی ئەم ڕووداوەوە بووە – ئەو دەستە تیرۆرستیەی کە لە ئەفغانستان بنیاتنراوە. درەنگانی ئەو شەوە، شەوی یانزەی سێپتەمبەر، لە پنتاگۆن – کە بە هەمان شێوە ئەویش بەر هێرشێکی فڕۆکە کەوتبوو – نامەیەک هات لەلایەن جێگری وەزیری دەرەوەی وڵات. نامەکە، بەپەلەیە و هەروەها نێردراوە بۆ DIA، ئەو لایەنەی کە هەموو کاتی خۆی تەنها بۆ دەستکەوتنی زانیاری لەسەر جەنگ و پاراستن و هەروەها مەبەستی هاوشێوە تەرخان کردووە. نامەکەش، بە ئاژانسە هەواڵگرییەکە دەڵێت تا بەدواداچوون "نەکات" لەسەر تێوەگلانی قاعیدە لە هێرشەکەی یانزەی سێپتەمبەرەوە، بەڵکو "بەدوای ئەو ڕێگایانەدا بگەڕێن کە عێڕاق لە تیرۆرستییەوە گلاوە لەماوەی دە ساڵی ڕابردوودا." بریکارەکانی ئەو ئاژانسە هەواڵگرییەش کە نامەیەکان پێگەیشت، خەریکن سەری خۆیان بەدیار خوێندنەوەی ئەو نامەیە دەخورێنن و دەڵێن: "چی؟ ئەوە چی ڕوودەدات ئەوە؟..." ئەو بریکارانە، زۆرباش ئاگاداری زانیارییەکان بوون و دەیانزانی کە هێرشەکە لەلایەن قاعیدەوە ئەنجامدراوە لە ئەفغانستان. ئاخر، ئەفغانستان زیاتر لە 1000 کیلۆمەتر دوورە لە عێڕاق و بەتەواوەتی شوێنێکی جیا و سەربەخۆیە و زمانێکی جودا قسە دەکات و هیچ پەیوەندییەکی بە عێڕاقەوە نییە. ئەمریکا هێرشی کراوەتە سەر لەلایەن قاعیدەوە، کەچی، جێگری وەزیری دەرەوەی دەوڵەت داوای زانیاری دەکات لەبارەی عێڕاق و بەسترانەوەی بە تیرۆریزمەوە. ئەو کەسەشی کە ئەو نامەیەی ناردووە، بریتییە لە جێگری وەزیری دەرەوە، "پۆڵ وۆڵفۆویتز (Paul Wolfowitz)."

 

 

چەند ڕۆژێک دوای یانزەی سێپتەمبەر، سەرۆک کۆماری ئەمریکا گشت ڕاوێژکارەکانی خۆی کۆدەکاتەوە لە Camp David لە دەرەوەی شاری واشینگتۆن. خەریکبوون لەوێ گفتوگۆیان لەسەر ئەوە دەکرد کە ئاخۆ چۆن وەڵامی هێرشەکان بدەنەوە. گفتوگۆکە، بەدڵنیاییەوە، جەختی لەسەر ئەفغانستان دەکردەوە؛ چۆن تۆڵە لە قاعیدە بکەنەوە؟ ئەو دەستە تیرۆرستییەی کە بەهەشتێکی پارێزراوی بۆ دابینکراوە لەلایەن حکومەتی ئەفغانستانەوە. لەناو ئەو گفتوگۆیەشدا، کێ هەڵدەستێت و قسە دەکات؟ پۆڵ وۆڵفەویتز، بە پاڵپشتی وەزیری دەرەوەی دەوڵەتەوە، دۆناڵد ڕەمسفیڵد (Donald Rumsfeld). هەڵدەستێ و، دەڵێت...

"دەزانن، یانزەی سێپتەمبەر هێرشێکی زۆر ئاڵۆز بوو. ناکرێت بەهیچ شێوەیەک دەستەیەکی ڕووت و پووتی قاعیدە ئەمەی هەموو بەتەنها ئەنجامدابێت. لەوانەیە، لەلایەن سەدام حوسەینەوە هاوکاریان کرابێت لە عێڕاق!"

دواتریش، وۆڵفەویتز دەڵێت، ڕێک بەتەواوەتی ئەم دێڕەی خوارەوە کە ئاماژەی پێدەدەم...

"کاتێک کە باس لە تیرۆرستی جیهانییەوە دەکرێت، سەدام لە ڕاستیدا سەری مارەکەیە."

بەکورتی و پوختی، دەڵێت کە سەدام حوسەین لەپشتی هەموو شتەکەوەیە. هەموو ئەوانەشی کە لەو کۆبوونەوەیەدا دانیشتوون، بەجۆرێک دەڵێن...

"ئەوە دەڵێ چی ئەو کابرایە؟ سەدام حوسەین پیاوێکی زۆر خراپە، بەڵام سەری مارەکەی تیرۆرستی جیهانیش نییە."

دوای چەند سەرنجێکی وەک ئەم وتەیە لەلایەن هەموو ئەو ڕاوێژکارە گەورانەی ژوورەکەوە، بەڕێوەبەری "ناوەندی دژەتیرۆری" دەستی خۆی بەرزدەکاتەوە و دەڵێت، ئەمەشیان ڕێک بەتەواوەتی وەکو خۆی کە دەینووسم...

"ئێمە لە یانزەی سێپتەمبەر لەلایەن ئوسامە بن لادن و قاعیدەوە هێرشمان کرایە سەر. سەدام حوسەین و عێڕاق بەهیچ شێوەیەک پەیوەندییان بەمەوە نەبووە." – جۆسێف کۆفەر بلاک (Joseph Cofer Black).

هەر وەکو دەبینیت، ئەوە لەو کۆبوونەوە خەریکن گفتوگۆ لەسەر ئەوە دەکەن و ناکۆکن لەسەر ئەوەی کە کێ تێوەگلاوە و کێ بێتاوانە. بەڵام، پۆڵ وۆڵفەویتز کەللەڕەقە و کۆڵ نادات. دوای ئەوەی کە پشووی نیوەڕۆ دەستپێدەکات و ماوەیەک کۆتایی دەهێنن بە کۆبوونەوەکە، پارێزەری گشتی جۆن ئاشکڕۆفت (John Ashcroft) خەریکی پیانۆ ژەنینە و چەند ڕاوێژکارێکی تر گۆرانی لەگەڵ دەڵێنەوە، یەکێک لەوانەش ڕاوێژکاری ئاساییشی نەتەوەییە، بە ناوی کۆندۆلیزا ڕایس (Condoleezza Rice). سەرۆک کۆماریش، جۆرج بوش، لای ئاگردانەکە دانیشتووە و کوپێک قاوە دەخواتەوە. کێش دێتە لای و دادەنیشتێت تا قسەی لەگەڵ بکات؟ پۆڵ وۆڵفەویتز. جۆرج بوشیش لە دڵی خۆیدا دەڵێت: "ئەها، دیسان." ئینجا، وۆڵفەویتز دەست بە قسە دەکات...

"گوێبگرە، بزانە پلانەکەم چییە. نیوەی دانیشتووانی عێڕاق، یان لە باکور دەژین کە هیچ حەزیان بە سەدام نییە؛ کوردن، لەلایەن سەدامەوە چەوسێنراونەوە. یان، لە باشور دەژین، ڕێک لەنزیک هاوڕێی خۆشەویستمان، کوەیت. دەتوانین، زۆر بەئاسانی بڕۆینە ناو عێڕاقەوە و دەست بەسەر ئەو دوو ناوەندە گەورەی دانیشتوواندا بگرین. ئینجا، ئەگەر ئەمەشمان کرد، دەتوانین زۆر ئاساییانە دەستبگرین بەسەر کێڵگە نەوتییەکانی عێڕاق و بەمەش سەدام دابڕین لە سەرچاوە سەرەکییەکەی داهاتییەوە."

بە واتایەکی تر، دەڵێت کە دەسەڵاتی سەدام تەنها لە بەغداد دەهێڵینەوە. جا، بیهێنە بەرچاوی خۆت کە گوێکانی جۆرج بوش چۆن قیت دەبنەوە کاتێک کە ئەو کۆتا بەشەی قسەکانی وۆڵفەویتز دەبیستێت کە چۆن دەست دەگرن بەسەر کێڵگە نەوتییەکانی و لە بەغداد دەیبەستنەوە. بیرت بێت، جۆرج بوش پێشووتر لە ویلایەتی تەکساس لە نەوتدا کاری کردووە، بۆیە باش لە گرنگی دەسکەوتی نەوت دەگەیشت لە قسەکانی وۆڵفەویتزدا. بۆیە، ئەم پلانە زۆر چاک کاری لە بوش کرد و هەر ڕێک بەتەواوەتی وەکو ئەوەی کە دەینووسم، بە وۆڵفەویتزی وت...

"بۆچی باسی ئەمەت نەکرد لە چاوپێکەوتنەکەدا؟"

وۆڵفەویتزیش خۆی هێنا و برد، هەندێک قسەی وەک ئەوەی کرد کە نایەوێت پێ بنێ بەسەر قاچی باڵادەستەکانیدا و ئیتر ئاوا. بەس، بەکورتی و پوختی، تەنها ویستوویەتی ئەمە لە مێشکی بوشدا بچەسپێنێ و پێی بڵێ: ئەها، چەن ئاسانە دەست گرتن بەسەر عێڕاق!

جا، وەرە، تۆش ئێستا خۆت بخەرە شوێنی بوش. وڵاتەکەت هێرشێکی زۆر وێرانکەری کراوەتە سەر لەبەرچاوی خۆت و، تۆش نازانی چی بکەیت. هیچ ئامانجێکی دیاریکراو و ڕوون نییە تا تۆڵەی لێبسەنیتەوە. دوای ڕۆژێکی تەواو لە کۆبوونەوە و گفتوگۆکردن، جۆرج بوش بۆی دەردەکەوێت کە تۆڵە سەندنەوە لە دەستەیەکی تیرۆرستی کە لەناو ئەشکەوتدا دەژیا لە ئەفغانستان، وەک ئەوە وایە بە کوتەکێک بتەوێت لە دوکەڵ بدەیت؛ شتی وا مەحاڵە! ئەوەی کە جۆرج بوش بەڕاستی دەیەویست و هەستی دەکرد کە پێویستیەتی، هەروەها وەک دەردەکەوێت زۆرێک لە دەسەڵاتدارانی ئەمریکا بەهەمان شێوە دەیانەویست، بریتیبوو لە ئامانجێکی دیاریکراوی ڕوون. واتە، وەک ئەوە نەبێت کە بە کوتەکێک لە دوکەڵ بدەیت، بەڵکو شتێک هەبێت تا چاک پێیدابکێشیت! بۆیە، من بڕوام وایە هەر ئەو ڕۆژەی کۆبوونەوەکە، چوار ڕۆژ دوای یانزەی سێپتەمبەر، جۆرج بوش بڕیاریداوە کە ڕێگەیەک بدۆزێتەوە بۆ هێرشکردنە سەر عێڕاق، تا وا لە ئەمریکییەکان و خۆشی بکات کە هەست بەوە بکەن شتێکی یەکلاکەرەوە ئەنجامدەدەن، وەک ڕووخاندنی دیکتاتۆرەکان دژی هێرشەکانی یانزەی سێپتەمبەر. تەنانەت، ئەگەرچی عێڕاق هیچ پەیوەندییەکی نەبوو بە قاعیدەوە، جۆرج بوش و ڕاوێژکارەکانی خەریکبوون بەدوای ڕێگەیەکدا دەگەڕان تا سەدام بەو ڕووداوەوە ببەستنەوە.

لەماوەی یەک ساڵی دواتردا، ئەو تۆوەی کە وۆڵفەویتز لە مێشکی بوشدا چاندی، گەشەی کرد و گەورەبوو، دەستی کرد بە بڵاوبوونەوە بۆ گشت ڕاوێژکارەکانی دەوروبەری. بۆیە، هەموویان دەست دەکەن بە بڵاوکردنەوەی بیرۆکەی هێرشکردنە سەر عێڕاق بەناو خەڵکی ئەمریکا. بەریتانیاش هاتە ناو ئەم باسە و، مشتومڕێکی گەورە دەستی پێکرد لەسەر هێرشکردنە سەر عێڕاق بە بەهانەی ئەوەی کە سەدام چەکی کۆمەڵکوژی زۆر مەترسیداری هەیە، هەروەها لەوانەیە ئەو چەکانەش بدات بەو تیرۆرستانەی کە هێرش دەکەنە سەر ئەمریکا لە هێرشێکی هاوشێوەی وەک یانزەی سێپتەمبەر و خراپتریش. بەڵام، ساتێک بوەستە و ڕاستەوخۆ بەم قسەیە مەخەڵەتێ. هۆکاری هێرشکردنە سەر عێڕاق دەوترێت کە دەرەنجامی مشتومڕەکان بووە لەبارەی ئەو چەکە کۆمەڵکوژە مەترسیدارانەی کە سەدام حوسەین دەستیکەوتووە، بەڵام بەشێوەیەکی جیاواز بیر لەمە بکەرەوە. بڕیاری هێرشکردنە سەر عێڕاق، هەر خۆی پێشووتر درابوو! تەنها ساتێکی کەم دوای یانزەی سێپتەمبەر، کاتێک کە کۆمەڵە کەسێکی دەسەڵاتدار خەیاڵییان بە هەڵمەتێکی سەربازی شکۆمەنددار دەکرد بۆ ئازادکردنی عێڕاقییە چەوسێنراوەکان و ڕووخاندنی دیکتاتۆرێک. لەمەش بەدواوە، شتەکە وردە وردە دەگۆڕادرا بەئاڕاستەی ئەو بڕیارەوە. ئایا سەدام حوسەین چەکی کۆمەڵکوژی هەبوو؟ خوازیاربوو بیاندات بە تیرۆرست؟ نەخێر، هیچ بەڵگەیەک بۆ ئەمە نەبووە و نییە! تەنها شت کە لەبارەی ئەمەوە هەبوو زۆر بێبایەخ بوو و لەڕادەبەدەر گوماناوی بوو. بەڵام، ئەو کۆمەڵەی دەسەڵاتدارانە خۆیان وەک فاڵچی لێکرد، وەکو ئەوەی سەیری بەرماوەی کوپە قاوەیەک بکەن و هەموو شتێکت پێبڵێن کە پێویستە بیزانیت تا پاڵپشتی ئەو بڕیارەی ئەوان بکەیت کە چەندین مانگی پێشووتر داویانە. ئەمە، تەنها جۆرج بوش و ڕاوێژکارەکانیشی نەبوون، بەڵکو دواتر خەونی ڕووخاندنی سەدام حوسەین و بەدەستهێنانی سەرکەوتنێکی شکۆمەندانەی ئەمریکی بەسەریدا بەناو کۆنگرەی ئەمریکا و دیموکڕات و کۆماریخوازەکانیشدا بڵاوبۆوە، وەک ئەوەی ئەمریکا فریشتەیەکی ڕزگارکەری بێت و هێزەکانی شەیتان لەناوبەرێت. ئەم دیاردەیە، شتێکی سەرکێشانەی دەروونی مرۆییە؛ کاتێک کە تۆ بەڕاستی باوەڕت بە شتێک هەیە، ئەوە بەهەمان شێوەش بەتەواوەتی باوەڕت بەوە هەیە کە پێویستە شتێک بکەیت لەبارەیەوە؛ هەر شتێک کە تۆ دەیبینیت و درکی پێدەکەیت، دەچێتە ناو خانەی ئەوەوە کە تۆ باوەڕی پێدەکەیت، یاخود ئەوەی کە پێویستە باوەڕی پێبکەیت. ئەمە، دیاردەیەکی دەروونی ئاساییە و هەموو مرۆڤێک دەیکات، بەڵام نا، نەخێر، ئاسایی نییە کاتێک کە ئەو دەسەڵاتدارانە دەکەونە ژێڕ ڕكێفی ئەو دیاردە دەروونییەوە چونکە ئەوکات ترسناکە، ئەوان لەسەر بڕیارێک دەیکەن کە کاریگەری زۆر و قووڵی بەسەر چاوساندنەوەی مرۆڤایەتیدا هەیە. بۆیە، بەئارەزووی خۆت دەتوانیت بڕۆیت گوێ لەو مشتومڕانە بگریتەوە کە ئاخۆ سەدام حوسەین چەکی کۆمەڵکوژی هەبووە یان نا، بەڵام هەمووی تەنها نمایشێک بووە بۆئەوەی ئەو بڕیارەی خۆیان ویستوویانە و داویانە، بە خەڵکی ئەمریکای قبوڵ بکەن. لە کۆتاییشدا، دوای ئەوەی کە پشکنەرانی چەک نزیکەی 700 پشکنینیان ئەنجامدا و هیچ چەکێکیان نەدۆزیەوە، ئەو دەسەڵاتدارانەی ئەو بڕیارەیان دابوو دەستیان کرد بە درۆکردن!...

دیک چێنی، هەڵدەستێت و دەڵێت: "بەسادەیی بڵێین، هیچ گومان نییە، لەوەی کە سەدام حوسەین ئێستا چەکی کۆمەڵکوژی هەیە." لە کاتێکدا، کە بەڵێ، گومانی زۆر هەیە! تەنانەت کۆڵین پاوڵ (Colin Powell)، وەزیری دەرەوەی ئەوکاتەی ئەمریکا، کە لە سەرەتادا بەتەواوەتی دژی ئەو خەون و خەیاڵەی هیرشکردنە سەر عێڕاق بوو، تەنانەت ئەویش دواتر هاتە سەر هەمان ئەو درۆیانە و هاتە بەردەم UN و وتی: "هاوکارانم، ئەم وتانەی کە ئەمڕۆ بە سەرچاوە پشتڕاستکراوەتەوە، سەرچاوەی باوەڕپێکراوەوە. ئەمانە وتەی بێ پێچ و پەنا نییە. ئەوەی کە ئێمە بە ئێوەی دەبەخشین بریتییە لە ڕاستی و دەرەنجامی بنیاتنراو لەسەر زانیاری باوەڕپێکراو." سەرچاوەی باوەڕپێکراوە؟ بەهیچ شێوەیەک! ئەم قسانە، پاوڵ کۆڵین تا مردن لێی پەشیمان دەبێتەوە.

 

 

زۆرێک لە خەڵک، پاوڵ کۆڵینیان بە تەنها کەسی ژیر دەبینی لە ڕاستیدا. بۆیە، کاتێک کە لە UN ئەم قسانەی کرد، زۆرێک لە خەڵکی تر باوەڕیان بەو درۆیانە هێنا. تا بەرواری 10/10/2002، تەواوی کۆنگرەی ئەمریکا یەک دەنگ بوو. زۆرینەی هەرە زۆری کۆماریخوازەکان، بە ژمارەیەکی زۆریش لە دیموکڕاتەکان، دەنگیان دا بە بەکارهێنانی هێز دژی عێڕاق. دوای ئەمەش، جەنگەکە دەستیپێکرد.

دوو مانگ دوای هێرشەکە بۆ سەر عێڕاق، جۆرج بوش وتارێک دەدات لەسەر کەشتییەکی فڕۆکە هەڵگڕ، بە نیشانەیەکی گەورەش لەپشتییەوە کە سەرکەوتوو بوون! ئەمە، ئەوە بوو کە جۆرج بوش خەونی پێوە دەبینی ئەو کاتەی کە بە کوپە قاوەیەکەوە بەلای ئاگردانەکە دانیشتبوو و گوێی لە پۆڵ وۆڵفەویتز دەگرت کە چۆن پلانەکەی بۆ شیدەکاتەوە بۆ دەستگرت بەسەر عێڕاق... ئەمریکای مەزن! دیکتاتۆرێکی ڕووخاند! بەڵام، لێرە بەدواوە، ئەو بەشەی چیرۆکەکە دەستپێدەکات کە هەموو ئەو خەون و خەیاڵ و شکۆمەندییانەی بەدەستیان هێنابوو دەست دەکات بە ڕووخان.

یەکێک لە یەکەمین ئەو شتانەی کە ئەمریکا کردی کاتێک دەستی گرت بەسەر بەغداد، بریتیبوو لە هەڵوەشاندنەوەی سوپا زەبەلاحەکەی عێڕاق. بەکورتی وتیان...

"نا، چیتر ئێوەمان ناوێت. ئەو هەموو سەرباز و فەرماندە و سەرکردە، هەمووتان بڕۆن. ئێمە خۆمان سەرلەنوێ شتەکان ڕێکدەخەینەوە."

لە بیری و سادە و ساویلکەی سەرکردە ئەمریکییەکاندا، ئەمە ڕێگەیان پێدەدات تا بەتەواوەتی لە سوپایەکی تازەوە دەستپێبکەنەوە بێ هەبوونی هیچ کاریگەرییەکی سەدام حوسەین بەسەریانەوە. بەڵام، ئێستا دوای ئەو بڕیارە، یەک دنیا ئەندامی پێشووتری سوپای عێڕاقی هەیە کە زۆر تووڕەن لە ئەمریکا و هیچ پیشەیەکیان نییە، هەروەها هەر هەمووشیان ئەزموونی زۆر زۆریان لە جەنگدا هەیە!... چ بڕیارێکی گەمژانەیە ئەمە! ئەو سەربازە کۆنانە هەموویان، بەیەکەوە کۆدەبنەوە و کۆمەڵە دەستەیەکی یاخیبوو پێکدەهێنن بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی ئەمریکا. یەکێش لەو دەستانە، ناودەبرا بە "قاعیدە لە عێڕاق،" کە، دواتر، دەبێت بە "دەوڵەتی ئیسلامی عێڕاق،" کە ئەویش لە دواتردا، دەبێت بە "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێڕاق و سوریا،" کە ناسراویشە بە "داعش!" ڕێکخراوێکی سەربازی و حکومی، کە لەلایەن زۆرێک لەو سەرکردە سەربازییانەوە بەڕێوەدەبردرێت کە لەلایەن ئەمریکییەکانەوە لە سوپای عڕاق فڕێدرانە دەرەوە کاتێک دەست بەسەر بەغداد گیرا. بۆیە، عێڕاق، دەبێت بە مەیدانێکی جەنگی ڕووبەڕووبوونەوەی یاخیبووان. ملیاران دۆلاری خەرجکراو دەبێت بە دەیان ملیار دۆلاری خەرج کراو، دواتریش سەدان ملیار دۆلار، تا لە کۆتاییدا نزیکدەبێتەوە لە تێپەڕکردنی یەک ترلیۆن دۆلار، لە پارەی باج بۆ ئەو جەنگە بێکەڵکە!...

سەدام حوسەین، بەڕاستی پیاوێکی خراپ بوو. چەندین کۆمەڵکوژی دژی کوردەکان ئەنجامداوە، چەندەهای کوشتووە و زیندانی کردووە. بەپێی Human Rights Watch، ژمارەی مردووەکان بە دەستی سەدام حوسەین، بەنزیکی بریتییە لە 250 هەزار، لەماوەی 25 ساڵی ڕژێمە ستەمکارەکەیدا. کەچی، تەنها لەماوەی 8 ساڵ لەو جەنگەی کە ئەمریکا دەستی پێکرد دژی عێڕاق، چەند کەسی تر مردووە؟ بۆشاییەکی بەتاڵ لە دەسەڵات دروست بوو کە ڕێگەی بە داعش دا تا گەشە بکات! لەپێناو چیش؟ بۆچی ئەمریکا ئەمەی کرد؟ من باوەڕم وایە کە لە دەرەنجامی ڕووخاندنی ئەو دوو باڵەخانەی یانزەی سێپتەمبەر، کۆمەڵە کەسانێکی دەسەڵاتدار دەستیان کرد بە داڕشتنی چیرۆکێک بۆ خۆیان. خەیاڵێک، کە بەهیچ شێوەیەک لەسەر زانیاری ڕاست و دروستی هەواڵگری بنیاتنەرابوو، بەڵکو لەسەر ترس و هەروەها حەز و خواستی بوون بە پاڵەوان بنیاتنرابوو، کە دواتر بەسەر ئەوانی تریشدا چۆڕایەوە و لە دەرەنجامدا شەڕێک پەیدابوو کە کارەساتێکی زۆر گەورەی لێکەوتەوە لە مێژووی سەردەمییانەی مرۆڤایەتیدا.

 

زۆرترین بینراو

developed by Scorpion shield