چۆن ئەمریکا خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی دزی

بڵاوکردنەوە:

زنار بابەکر

نووسەر:

جۆنی هاریس

بینراو:

1206

بەش:

ڕامیاری

ئەم بابەتە لەلایەن ڕۆژنامەگەری ئەمریکی، جۆنی هاریس (Johnny Harris)، ئامادەکراوە و بۆ زمانی کوردی وەرگێڕدراوە. بەڵام، بە دەستکاریکردن تەنها لە شێوازی نووسین و دەربڕین لەلایەن وەرگێڕەوە، لەپێناو گەیاندنی زانیارییەکان بەشێوەیەکی باشتر و ئاسانتر، هەروەها کەمێکیش خۆشتر.

 

خۆرهەڵاتی ناوەڕاست؛ ئەو بەشەی ئاسیا کە ئەوروپییەکان بە ناوەڕاستی ئەو بەشە دایدەنێن کە بە خۆرهەڵاتی جیهان دایانناوە. ئەم بەشەی جیهان – خۆرهەڵاتی ناوەڕاست – بریتی بووە لەو شوێنەی کە شارستانییەتی مرۆڤایەتی تیایدا دەستی پێکردووە – لە ناوچەی عێڕاقی ئەمڕۆ. لەماوەی هەزاران ئەو ساڵانەش هەر کە شارستانیەت دەستی پێکردووە تاکو ئەمڕۆ چەندان شانشین و ئیمپڕاتۆریەتی تیادا هەڵکشاوە و داکشاوە. دوایین دابەشبوون و جیاکاری دەوڵەت و نەتەوەکانیش لەم ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستە، لەلایەن دەسەڵاتە ئەوروپییەکانەوە ئەنجامدراوە: فەڕەنسا، بەریتانیا و ڕوسیا. بەڵێ! بەدڵنیاییەوە، بەریتانیا بووە، فەڕەنسا بووە، ئەوروپییەکان بوون، شتێکی نامۆ و سەیر نییە، ئەمانە هەموو جیهانیان دابەشکردووە.

ئەو هێڵە سنوریانەی کە دەسەڵاتە ئەوروپییەکان لەسەر نەخشەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست کێشایان، هیچ هەژمارێکی بۆ زمان، نەژاد یاخود ناسنامەی نەتەوەیی نەکرد! تەنها لەنێوان خۆیاندا پارچە پارچەیان کرد و وتیان ئەمانە بریتین لە ناوچە تازەکانی دەسەڵاتی ئێمە. لە کۆتاییشدا، ئەو دەسەڵاتە ئەوروپییانە خۆرهەڵاتی ناوەڕستیان جێهێشت، بەڵام ئەو هێڵانەی کە بەسەر نەخشەی ناوچەکەوە کێشابوویان هەر وەکو خۆیان مانەوە و بوون بە ئێسکەپەیکەری جەستەی ئەمڕۆی خۆرهەڵاتی ناوەڕست. لێرەوە، چیرۆکەکەمان دەستپێدەکات: لە سییەکانی سەدەی ڕابردووەوە، خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی سەردەم.

دوور، لەوبەری زەریای ئەتڵەسی، دەسەڵاتێکی زلهێزی خێرا گەشەسەندوو هەبوو کە زۆرینەی سەدەی ڕابردووی تەنها بە دەست بەسەرداگرتنی کیشوەرەکەی خۆی و دوورگەکانی زەریای هێمن و هەروەها ڕۆیشتن بەرەو خۆرئاوا تێپەڕاندبوو – ئەمریکا. بەڵام، جیهان دوای ئەمە خەریکبوو دەگۆڕا، جەنگێکی جیهانی وێرانکار بەرپابوو کە بە چەکی تازەوە ئەنجامدەدرا، و هەروەها بە پێکهاتەیەکی تازەوە سووتەمەنی ئەو چەکە تازانە دابین دەکرا – نەوت. ئەڵمانیا شکستی هێنا لەو جەنگە، بەشێک لە هۆکارەکانی شکستەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە نەیدەتوانی نەوتی پێویست یەدەگ بکات تاکو لەگەڵ ئەو شێوازە تازەی جەنگدا بڕوات کە زیاتر پشتی دەبەست بە ئامێر و ئامێرکارییەوە. ئەو دەسەڵاتە زلهێزە گەنج و ساوایەش – ئەمریکا – بۆی دەرکەوت کە ئەوە بریتییە لە هەبوونی ئەو سووتەمەنییە کە ئەوە دیاریدەکات ئاخۆ کێ بەهێزە و کێ لاوازە لە جیهاندا. بۆیە، ساتێک لە گەڕان لە خۆرئاوا وەستان و، ڕوویان کردە خۆرهەڵات بەهیوای ئەوەی ئەو نەوتە بدۆزنەوە تا هێز و توانای خۆیانی پێ بنیاتبنێن. ئەمریکا، لە خۆرهەڵاتی ناوەڕست، تەنها لە بازنەیەکی زۆر بچووکەوە دەستی پێکرد بۆ گەڕان بەدوای نەوت، بەڵام ئەو بازنە بچووکە لە داهاتوودا زۆر زیاتر لەمە فراوانتربۆوە لەڕێگەی تۆڕی گەورەی هاوپەیمانێتی، هێرشی شاراوە و نهێنیی ناوخۆیی، ئاڵوگۆڕی بەلێشاوی چەک و پارە، هەروەها بنیاتنانی چەندان بنکەی سەربازی بێشومار کە لە کۆتاییدا بووە هۆی جەنگ و بەگژیەکداچوونی تەواوی سەربازی لە ناوچەکەدا.

ئەمریکا، لە ساڵانی سییەکاندا ئامادەباشییەکی گەورەی نەبوو لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست. بەڵام، هەر لەو ماوەیەدا، ئەمە هەمووی خەریک بوو دەگۆڕا، چونکە کۆمپانیایەکی بنیاتنراو لە کالیفۆرنیا هەبوو کە دەیەویست ئەو بیابانە زەبەلاحەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بگەڕێ بۆ دۆزینەوەی نەوت. هەرچەندە، ئەمە بڕیارێکی مەترسیدابوو بۆ کۆمپانیاکەی کالیفۆرنیا چونکە تەنانەت دڵنیا نەبوو لەوەی کە هیچ نەوتێک هەیە لەوێدا. هەروەها، ئەو بیابانەش بەشێک بوو لە شانشینێکی ئایینی توندوتۆڵ، کە ناوچە پیرۆزییەکانی ئیسلامی لەخۆگرتبوو و لەلایەن خێزانێکی شاهانەی باوەڕدارەوە بەڕێوەدەبرا کە هیچ حەزێکیان بە بێگانەکان نەدەهات، بەتایبەتیش بێگانەی بێباوەڕی خۆرئاوایی. کەچی، هێشتاش، پاشای شانشینە بیابانییەکە ڕێگەی بە کۆمپانیا کالیفۆرنیەکە دا تا بگەڕێ بەدوای نەوتدا، لە نزیکەی هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەی ئەو بیابانەدا. دوای چەند ساڵێکیش، لە سێیەم ڕۆژی مانگی ئازاری ساڵی 1938، لە بیابانێکی کەناراوی بەناوی "الضهران،" زێڕی ڕەش (نەوت) دۆزرایەوە!

لەماوەی ساڵانی سییەکان و چلەکاندا، جێبەجێکار و کرێکاری ئەمریکی و خێزانەکانیشیان دەستیانکرد بە گواستنەوە بەرەو خۆرهەڵاتی ناوەڕست بۆ بنیاتنانی یەکەمین ئامادەباشی ئەمریکا لەو ناوچەیە. شاری بچووک بچووک بنیاتنرا لە دەوروبەری کێڵگە نەوتییەکە کە وەکو پارچە پارچەی ئەمریکی بوون کەوتبوون لەناو خاکی سعودیە، پڕ لە هەڵسوکەوت و ڕەفتاری نەشیاوەوە وەکو ڕێگەدان بە ئافرەت بۆ شۆفێریکردن و هەروەها بەکارهێنانی کحول – ئەمانە بریتین لەو کۆمەڵە شتانەی کە لە ڕادەبەدەر سنوربەزێنن لە سعودیە، گوناح بوون و بەتەواوەتی نایاسایی بوون. بۆیە، زۆرێک لە سعودیەکان هەن ئێستا کە هیچ دڵخۆش نین بەوەی حکومەتەکەیان ڕێگە بەو ئەمریکییانە دەدات تا بە هەر شێوەیەک هەڵسوکەوت بکەن کە خۆیان دەیانەوێت لەناو ئەو شارەدا. بەڵام، نەوت هەر ڕووی لە زیادبوون بوو و هەر زوو ئەمریکا ڕۆیشتە لای خێزانە شاهانەییەکەی سعودیە و...

وتی: (گوێگرە، نەوت هەر زیاد دەکا قەت شتی وا باش نەبووە، ئەمە شتێکی زۆر شازە! چی دەڵێی سەربازگەیەکی بچووک دروستبکەین بەستراو بە شارە بچووکە نەوتییەکەی ئێمەوە تاکو... بتوانین... پارێزگاری لە ئێوە و خۆمان و نەوتەکە بکەین.).

سعودیەکانیش، وتیان: (باشە... ڕێگەدان بە هاتنی شەیتان بۆ وڵاتەکەمان شتێک بوو، بەڵام ڕێگەشیان بدەین سەربازگەیەکی تەواو پڕچەک بنیاتبنێن لەسەر خاکی ئێمە، بەتایبەتیش کاتێک کە هەموو کەسێک لە وڵاتەکەماندا ناڕازییە لە ئامادەباشییان لێرە، شتێکی ترە... بەڵام، ئەو هەموو نەوتە بەڕاستی زۆر بەنرخە! شتێکی زۆر باشە و ئێمە هەر وا دەوڵەمەند دەبین، بۆیە، بەڵێ، بەدڵنیاییەوە، بنکەکە بنیاتبنێن! بەڵام، بە مەرجێک: ڕێگەتان نادەین ئاڵا هەڵدەن، هیچ ئاڵایەکی ئەمریکی نابێ لەو بنکەیە هەبێ. لەجیاتی ئەوە، دەتوانن تەختەیەکی بچووک بەلای بنکەکەتانەوە دابنێن بۆ ئەوەی ئاڵەکەتان ڕاستەوخۆ لەسەر خاکی ئێمە نەبێ.).

ئەمە ڕێکەوتنی نێوانیان بوو و بەتەواوەتی ئەوەشبوو کە لە ڕاستەقینەدا ڕوویدا! ئەمریکا، یەکەمین بنکەی سەربازی خۆی بنیاتنا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕست، لە شێوەی فڕگەیەکی فڕۆکەوانی ڕێک لە تەنیشتی کێڵگە نەوتییەکە. ئینجا، هەموو ئەو ژێرخایەنە ئابوورییە نەوتییەی کە ئەمریکییەکان خەریکبوون دروستیان دەکرد، پێویستی بە کەسێک هەبوو تا بۆیان دروست بکات – کۆمپانییایەکی ئەندازیاری دروستکردن پێویست بوو. جا، کۆمپیانییەکیش هەبوو کە ئەمریکییەکان زۆر خۆشیاندەویست و پێشووتر هاوکاریان بوو لە دروستکردنی هەردوو شارە نەوتییەکە و بنکەکە، ئەو کۆمپانیایەش لەلایەن کەسێکەوە بنیاتنرابوو و بەڕێوەدەبردرا بەناوی "موحەمەد." جا ئێستاش، پێتوانەبێت کە چیرۆکی پێشینەی ئەم کۆمپانیا ئەندازیارییە تەنها بۆخۆشی بە ئێوە دەڵێم و هەر حەزم لێیە درێژە بە باسەکە بدەم، نەخێر، ئەمە لە ڕاستیدا زۆر هاوپەیوەندە بە چیرۆکەکەمانەوە و لە دواتریشدا بۆت دەردەکەوێت بۆ.

ئەمریکییەکان و سعودیەکان، ئێستا، پەیوەندییەکی زۆر نزیکی بڕۆمانسی نەوتییان هەیە و هەموو شتێک زۆر بەباشی دەڕوات؛ نەوت هەر زیاد دەکات، هەمووان هەر دەوڵەمەند دەبن. ئەوەش، لە کاتێکدا کە تەواوی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست سەیری سعودیە دەکات و...

دەڵێت: (ئەوە چییە، هاوڕێ! بۆچی خەریکن بەیەکەوە دەخەون لەگەڵ ئەمریکا و، ڕێگەیان دەدەن فڕگەیەکی سەربازی بنیاتبنێن لە وڵاتەکەتاندا؟).

دەسەڵاتدارە شاهانییەکانی سعودیەش وتیان: (دەزانن خەریکە ئێمە چەن دەوڵەمەند دەبین ئێستا! ئێوەش لەجێگەی ئێمەبان هەمان شتتان دەکرد. ئەی وانییە، ها میسر؟).

بەم شێوەیە، دەڕۆین بۆ ساڵانی پەنجاکان و با سەرێک لە موحەمەد بدەینەوە، ئەو کابرایەی بەڕێوەبەر و بنیاتنەری کۆمپانیای دروستکردنی پڕۆژەکان بوو. کۆمپانیاکەی ئەو، لە ئێستادا، خەریکە دەتەقێتەوە لە پارەدا، پلانی کیڵگە نەوتییەکانی ئەمریکا هەر خەریکە بڵاودەبێتەوە بەناو سعودیە و کۆمپانیاکەی ئەویش هەموو شتێکیان بۆ دروست دەکات. بۆیە، ئەو موحەمەد ناوە ئێستا بازرگانییەکی زەبەلاحی هەیە و، خێزان پێکدەهێنێت و منداڵی دەبێت، وە لە ڕاستیشدا، منداڵی زۆر زۆر! نزیکەی 54 دانە، چونکە 22 ژنی هەبوو؛ ئەمە شتێکی باوە لە سعودیە تاکو ئەمڕۆش. هەرچۆنێک بێت، یەکێک لە مناڵەکانی موحەمەد، ناودەنرێت بە "ئوسامە." ئینجا، بیریشمچوو کە پێتان بڵێم، پاشناوی موحەمەد و کوڕەکەی ئوسامە، بریتییە لە "بن لادن؛" نەموت ئەمە هاوپەیوەند دەبێت بە چێرۆکەکەمانەوە!

دراماکەی "ئوسامە بن لادن" ساتێک بەجێدەهێڵین لە ئێستادا و باس لەوە دەکەین کە چیتر خەریکە ڕوودەدات لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لەم کاتەدا. بیرتبێت، کە ئەوە گەڕان بەدوای نەوتدا بوو ئەمریکای هێنا بەرەو سعودیە لە سەرەتاوە، بەڵام، ئێستا لە پەنجاکان و شەستەکاندا، هۆکارێکی تریش هەبوو تا ئەمریکا بیر لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بکاتەوە. دەسەڵاتێکی تری زلهێزی کۆمیونستی هەبوو کە بەهەمان شێوە چەکی ئەتۆمی هەبوو، بەناوی یەکێتی سۆڤیەت، کە ئەویش هەر دێت بۆ ناوچەکە و بە هەمووان دەڵێت: (کێ حەز دەکات بێتە ناو کۆمیونزمەوە!...) ئەمریکاش، ئەمەی پێخۆش نییە، بۆیە سەرەڕای نەوتەکە ئێستا ئەمریکا دەبێت هەوڵی ئەوەش بدات کە یەکێتی سۆڤیەت هیچ دەسەڵاتێکی نەبێت لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا. جا، لە ئێرانیش، سەرکردەیەکی بە دیموکڕاسیەت هەڵبژێردراو هەبوو کە ئەمریکا هیچ حەزی لێنەبوو و پێی وابوو کە کەمێک زیاد لە پێویست هاوکارە لەگەڵ یەکێتی سۆڤیەتدا. بۆیە، ئەمریکا بەیەکەوە لەگەڵ بەریتانیا دەست بەکاربوو بۆ ئەوەی کە هەر بەتەواوەتی حکومەتی ئێران لەسەرکار لابدا و سەرکردەیەکی تری دیکتاتۆر دابنێ کە زیاتر هاوکاری خۆیان بێت. جا ئەوە سەرکردەیەش، "ڕەزا شا" دەبێت. بەڵام، ئێستا، ئەمریکا جگە لەوەی کە ژێرخایەنە ئابوورییە نەوتییەکەی خەریکی پاڵپشتی کردنی شا دیکتاتۆرەکەی ئێرانە، دەوڵەتێکی تری تازەڕاگەیەندراوی سەربەخۆ هەیە بەناوی ئیسرائیل کە خەریکە دەرودراوسێکانی بێزاردەکات، بۆیە ڕوو لە ئەمریکا دەکات تا پاڵپشتی بکات. ئەمریکاش، بەخۆشحاڵییەوە، بانگەشەی هاوکاری قبوڵی دەکات و ئیسرائیل وەکو نەتەوەیەکی دۆستانە دەبینێت لە ناوچەکەدا کە دەکرێت لایەنگرێکی گەورە بێت بۆ خواستەکانی خۆی، بۆیە هەر پارە و فڕۆکەی جەنگی بە ئیسرائیل دەبەخشێت تاکو لە شەڕکردن و پێکداچوونی هاوسێ عەرەبەکانیەوە هاوکاری بکات. مشتومڕێک هەبوو لە ئەمریکا تا ئاخۆ بەڕاستی پێویستە هاوکاری ئیسرائیل بن بەو شێوەیە یان نا، چونکە دەیانزانی کە ئەگەر ئەمە بکەن ئەوە هەموو دەوڵەتەکانی تری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ناڕازی دەکەن – هەموو ئەو دەوڵەتانەی کە نەوتیان هەبوو. بەڵام، لە کۆتاییدا، ئەمریکا هەر بڕیاریدا پاڵپشتی ئیسرائیل بکات و بەمەش کشانەیەوەیەکی گەورەی ئەمریکی ڕوویدا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست. هەرچەندە، ماوەیەک وای کرد کە زیانێکی زۆر لە بەرهەمهێنانی ژێرخانە نەوتییەکەی ئەمریکا بدات، بەڵام، لە کۆتاییدا ئەم ناکۆکیەش هەر کز و کاڵبۆوە و چەند گفتوگۆیەکی ئاشتیانە ڕوویدا تا هەموو شتێک هەر وەکو خۆی ئاسایی ببێتەوە لە داهاتوودا.

ئێستا، با بگەڕێینەوە لای موحەمەد ناوەکەی بەڕێوەبەر و بنیاتنەری کۆمپیانیای ئەندازیاری دروستکردنەکە و کوڕەکەی، ئوسامە، لێرەوە شتەکان زۆر گەرموگوڕ دەبێت لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا. ساڵ، ساڵانی حەفتاکانە و موحەمەد بن لادان لەڕادەبەدەر دەوڵەمەندە! کۆمپانیاکەی ئێجگار زەبەلاحە و هەر هەموو 54 کوڕەکەشی بەهەمان شێوە هەر دەوڵەمەندە. کوڕەکەشی، ئوسامە، وا خەریکە گەورە دەبێت و لە ساڵانی بیستی تەمەنی دایە و ئاگای لە هەموو ئەو شتانە بووە کە ڕوویداوە لە ئێران و ئیسرائیل بۆیە وای لێدێت هەست بە ناڕەحەتی بکات بەوەی کە خێزانەکەی چۆن هاوکارە لە ئامادەباشی ئەمریکا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و حکومەت و شانشینە ئایینییەکەشی – ماڵی مەککە و مەدینە – چۆن بەلایەوە ئاساییە کە ئەمریکا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستەوە گلاوە. ئوسامە دەڵێت: (ئەمانە خاکی دێرین و پیرۆزن! بۆچی حکومەتەکەم و خێزانەکەم پاڵپشتی ئەو دەسەڵاتە زلهێزە شەیتانییە دەکات لە هاتن بۆ ئێرە و تێوەگلان لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست). بۆیە، ئوسامە بن لادن دەست بە گەشتێکی ژیانی خۆی دەکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو دەسەڵاتە زلهێزانە، نەک هەر ئەمریکا بەڵکو یەکێتی سۆڤیەتیش. دەڕوات بەرەو ئەفغانستان، کە یەکێتی سۆڤیەت وا خەریکە هێرشی دەکاتە سەر و دەستی بەسەردا دەگرێت، بن لادنیش دەیەوێت دژیان بوەستێتەوە. هەروەها، هەمان ئەو ساڵەش، ئەو دیکتاتۆرەی کە ئەمریکا داینابوو لە ئێران، لە دەسەڵات لادەدرێ بە شۆڕشێکی زەبەلاحی ئایینی کە لە دەرەنجامدا ئەو دیکتاتۆرەی ئەمریکا خۆشیدەویست جێگەی پێدەگیردرێتەوە بە حکومەتێکی ئایینی لەلایەن (روح اللە خمینی). ئەو حکومەتە ئایینەش چەندین بارمتە دەگرێت لە ئەمریکییەکان و ڕقی لە ئەمریکا دەبێتەوە. جا، دەکرێ خەتاشیان بگری؟ ئەگەر کەسێک سەرکردەیەک لادا کە من هەڵبژرادووە و دانەیەک دابنێت کە خۆی حەزی لێیە بەدڵی خۆی، منیش بام هەر ڕقم لێدەبۆوە. بەڵام، هەرچۆنێک بێت، بن لادن کاتێک کە دەگات بە ئەفغانستان بە چەند شتێکەوە ڕۆیشتووە: یەکەم، پارەیەکی زۆر! بیربێت، خێزانەکەی ئێجگار دەوڵەمەندە. هەروەها، دووەم: ژێرخایەنی ئابووری دروستکردن، چونکە شارەزایی لەو بوارەدا هەیە. بەڵام، سێیەم و لە هەمووشی گرنگتر: بە خۆتەرخانکردووییەکی شێتانەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر زلهێزێک کە هێرش دەکاتە سەر خۆرهەڵاتی ناوەڕاست. بۆیە، ئوسامە دەچێتە ناو ئەو جەنگاوەرە یاخیبووانەوە کە دژی یەکێتی سۆڤیەت دەوەستنەوە و شەڕێکی دوور و درێژ دەکەن بەیەکەوە. هەمان کاتیش، ئەمریکا زۆر دڵی بەمە خۆشبوو کە یەکێتی سۆڤیەت چۆن خەریکە تێکدەشکێنرێت لەلایەن ئەو یاخیبووانەوە، بۆیە هەر چەک و پارە و هاوکارییەکی تر کە پێویستییان پێی هەبوو ئەمریکا بۆی دەناردن. ئەگەرچی، ئەم هاوکارییە مارێک بوو کە دواتر ئەمریکییەکان بە خۆیان دەداتەوە لە داهاتوودا.

یاخیبووانی ئەفغانستان و ئوسامە، یەکێتی سۆڤیەتیان کشاندەوە لە ماوەی 10 ساڵی جەنگی دڕندانە و تا ئەو کاتەش، هەموو ئەو جەنگاوەرانە ئەزموونی تەواویان لە شەڕکردن پەیداکردبوو و ئوسامەش بەتەواوەتی خۆی بۆ هۆکارەکەی خۆی یەکلایی کردبۆوە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو زلهێزانەی کە بەرەو خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دێن. دەگەڕێتەوە بۆ سعودیە بۆ بەدەستهێنانی پارە و هەروەها بڵاوکردنەوەی هۆشیاری بۆ ئەو دەستە تازەیەی دروستی کردبوو لە ئەفغانستان – (القاعدة). ئەرکی دەستەکەش: پاراستنی ئیسلام بە بەرپەچدانەوەی توندڕەو دژی هەر زلهێزێک کە بەرەو خۆرهەڵاتی ناوەڕست دێت.

جا، سعودیەش، لەبارەی ئەم هەڵوێست و خواستەی ئوسامەوە، دەڵێت: (ئوسامە گیان، باشە هەر دەبێت ئەوە بکەی؟ کاکە، تۆ نازانی ئێمە خەریکە چەن دەوڵەمەند دەبین؟ شازادە سعودیەکان لەسەر یەختە دەژین لە باشوری فەڕەنسا و هەموو فڕۆکەی تایبەتی خۆیان هەیە! هاوڕێ گیان، ئارامبەوە، تێدەگەین ئێمەش حەزمان بە ئەمریکا نییە بەس دەتوانیت کەمێک ئارام ببیتەوە، هاوبەشیمان لەگەڵ ئەمریکا شتێکی زۆر باشە خۆ دەشزانم ئەوان ئیسرائیلیان خۆشدەوێت و زۆر خراپن بەس ئاخر نەوتەکەشمان دەکڕن و چەکمان پێدەدەن.).

ئوسامەش، ئارام نابێتەوە و حکومەتی سعودی پاسپۆرتەکەی لێدەسێنێتەوە تاکو لە سعودیە نەڕواتە دەرەوە و پێی دەڵێن کە ئیتر وازبێنێت لەو هەموو قسە و باسە دژەئەمریکیانەی بڵاوی دەکاتەوە. بۆیە، ئوسامە پلانێکی تر دەدۆزێتەوە تاکو دڵی شاهانەییەکانی سعودیە بەدەستبهێنێتەوە.

سعودیە، دراوسێیەکی هەیە بەناوی عێڕاق کە لەلایەن (صدام حسین) بەڕێوەدەبردرێت و ئوسامەش وەک موسڵمانێکی زۆر خراپ دەیبینێت! وەک کەسێکی تەواو نائایینی و دڕندە و پێی وایە کە کەسێکی باش نییە. سەدام بەهەمان شێوە هەر خەریکە پارە لەڕێگەی ژێرخایەنی ئابووری نەوتییەوە کۆدەکاتەوە، کۆشک و پەیکەری بۆخۆی پێ دروست کردووە لە سەرانسەری عێڕاقدا، هەروەها سوپایەکی زەبەلاحیشی هەر پێ دروستکردووە کە چوارەم گەورەترینی جیهان بوو لە ڕاستیدا. سەدام، وتی کە لەوانەیە بتوانێت یەدەگەکانی نەوتیی خۆی دووهێند بکات ئەگەر هێرشبکاتە سەر ئەو وڵاتە بچووکەی باشوری خۆی و داگیری بکات – کوەیت. ئەمەش، سعودیەی زۆر ترساند! ئەگەر سەدام و سوپا زەبەلاحەکەی بتوانن ئەمریکا داگیربکەن، ئیتر چی دەتوانێت بیوەستێنێت لە پەڕینەوە بەناو بیابانەکەی سعودیە؟ لەو ساتەشدا، ئوسامە دەڕواتە لای شاهانەییەکانی سعودیە و...

دەڵێت: (من خۆم دەکەم بە قوربانی!...) نا، ڕێک دەقیق ئەمە ناڵێت، بەڵام بەکورتی دەڵێت من و پیاوە ئەزمووندارەکانم هەین کە دەتوانین بڕۆین و دژی سەدام بوەستینەوە تا شانشینەکە بپارێزن بەیەکەوە.

سعودیەش دەڵێت: (نا، شتی وا نابێت ڕێگە نادەین ئەم دەستە ڕووت و پووتەی جەنگاوەرانی یاخی دژی چوارەمین سوپای زەبەلاحی جیهان بوەستنەوە.).

ئوسامەش وتی: (جا خۆ سۆڤیەتمان شکاند! سوپایەکی گەورە بە چەکی ئەتۆمی و ئەو شتانەوە.).

سعودیەش، وتی: (وایە، بەس ئاخر ئەوە بەهۆی ئەوە بوو کە خۆتان لەبن گرد و ئەشکەوت و ئەوانە شاردبۆوە لە ئەفغانستان.) هەروەها شازادەی سعودیە، بەناوی "سوڵتان،" هەر ڕێک ئەمەی بە ئوسامە وت کە دیاریدەکەم لەم کەوانەی دواتردا، ئەمەیان ڕێک بەتەواوەتی وەکو خۆی: ("هیچ ئەشکەوتێکی لە کوەیت لێنییە.") پاشان، شازادە لێیان دەپرسێت کە ئاخۆ چی دەکەن ئەگەر مووشەکەکانی ئاڕاستەیان بکات بە چەکی کیمیایی و زیندەییەوە؟

وەڵامی ئوسامەش بۆ ئەمە: (بە باوەڕمان دژیان دەوەستینەوە!).

بەڵام، لەجیاتی ئوسامە، پاشای سعودیە کەسێکی تری دۆزیەوە کە پێیوابوو زۆر گونجاوترە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە دژی سەدام – وەزیری بەرگری ئەمریکا، دیک چێنی (Dick Cheney)، کە ڕاستەوخۆ دوای ئەو ڕۆژەی کە سەدام هێرشی کردە سەر کوەت ڕۆیشت بۆ سعودیە. ئەگەرچی، لەو کاتەدا پەیوەندییە بڕۆمانسەکەی نێوان سعودیە و ئەمریکا کەمێک کاڵ ببۆوە بەهۆی ئەو هەموو هاوارەی ڕۆژنامەگەرییەوە کە چۆن بەشێوەیەکی ناڕەوایی بەیەکەوە دەخەون هەردوو ئەمریکا و سعودیە، بەڵام، سەرەڕای ئەوەش، پاشای سعودیە داوای لە دیک چێنی کرد کە ڕاستەوخۆ بێت بەرەو سعودیە بە هەموو ئەو هێزەوە کە دەتوانێت لەگەڵ خۆی بهێنێت بەزووترین کات. ئەمەش ڕێک ئەوەبوو کە دیک چێنی کردی و ئەمریکاش، ڕۆژ، ڕۆژی جەژنی خۆی بوو! تەنانەت، دوای هاتنی خۆیان، 37 وڵاتی تریان گرتەخۆ و هێزی تریشیان لە بۆمبهاوێژ و کەشتی و سەرباز و هەرشتێکی تر نارد کە من و تۆ هەرگیز بتوانین بیری لێبکەینەوە. لەماوەی چەند هەفتەیەکدا، بەتەواوەتی سەدامیان ڕووخاند و کشاندیانەوە لە کوەیت، بەمەش دووبارە ئەمریکییەکان دڵی شاهانەییەکانی سعودیەیان بەدەسهێنایەوە – بڕۆمانسیەتی نێوانیان دەستی پێکردەوە!

ئێستا، چەندان بنکەی تری سەربازی ئەمریکی هەیە لە سعودیە کە ئەمریکا بنیاتیناوە بۆ ئەو هێرشە، زۆر زیاتر لە پێشوو! ئەمریکا بە هەموو ئەو هێز و سوپا و تۆپاهاوێژ و بنکە تازەوە هات و هەرگیزیش نەگەڕانەوە؛ ئەمەش زۆرێک لە سعودیەکانی نیگەران کرد. بەڵام، ئەوەی کە لە هەمووان زیاتر نیگەران بوو، زۆر زیاتر لە هەر کەسێکی تر لە هەموو خۆرهەڵاتی ناوەڕست، بریتی بوو لە ئوسامە بن لادن! کە، نەک هەر لەلایەن دەوڵەتەکەی خۆیەوە ڕەتکرایەوە، بەڵکو ئەو شەیتانە گەورەش هەڵبژێردرا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سەدام کە ئوسامە هەموو ژیانی خۆی ئامادەکردبوو بۆ وەستانەوە لە دژیەوە. بۆیە، ئوسامەش، خۆی لە ئەرکی ژیانی خۆیدا خەستتر کردەوە و سعودیەی جێهێشت، هەروەها دەست کرد بە ئەنجامدانی چەند هێرشێکی زۆر ڕێکوپێک کە تەنها لەلایە کەسێکەوە دەکرێت ئەنجامبدرێن کە وردەکاری تەکنیکی ئەندازیاری بەتەواوەتی بزانێت و هەروەها پارەی زۆریشی هەبێت تا سەرمایەی هێرشەکان دابین بکات. دەست دەکات بە پەلاماردانی ئەمریکا لە سەرانسەری جیهان و، لە کۆتاییەکانی نەوەتەکاندا، دەست دەکات بە پلاندانی ئەو هێرشانەی کە هەموو جیهان دەگۆڕێت: هێرشەکانی یانزەی سێپتەمبەر!

ئەمە، تا ئێرە، تەنها نیوەی چیرۆکەکەیە. ئەو ڕووداوانەی کە دوابەدوا ڕوودەدا، لەوانەیە هەمووان پێی ئاشنابین لە ڕاستیدا. بەڵام، هێشتاش هەر خەریکین زیاتر لەبارەی ئامادەباشی ئەمریکا دەکۆڵینەوە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕست و لێکەوتەکانی تا ئەمڕۆ. لێکۆڵینەوە قووڵترەکان و ڕووداوەکانی دوابەدواش شایەنی ئەوەن کە بەجیا باسبکرێن و ڕوونبکرێنەوە، نەک لە ئێستادا بە باسێکی پوخت و سادەی گشتییەوە. دەمەوێت بابەتی تایبەت ئامادەبکەم بۆ عێڕاق و ئەفغانستان و ئیسرائیل و ئێران، هەروەها لە هەر یەکێکیاندا بەتایبەت وردببینەوە تاکو دەریبخەین کە ئامادەباشی ئەمریکا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەمڕۆ هەر تەنها پەیوەست نییە بە نەوتەوە. نەوت، هەر خەریکە کەمتر و کەمتر لایەنێکی گرنگ لەخۆدەگرێت لە ئامادەباشی ئەمریکا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستەوە، هەبوونی ئەمریکا لێرە خەریکە دەبێت بە شتێکی جێگیر لەوەی کە چۆن ئەو دەوڵەتە زلهێزە بیر لە ڕامیاریی دەرەکی دەکاتەوە، بووە بە شتێکی ئەوەندە جێگیر لە باوەڕگەی سەربازی و ڕامیاریی دەرەکی ئەمریکا کە خەریکە مەحاڵ دەبێت تا هەرگیز بتوانێت لێی بێتە دەرەوە.

 

زۆرترین بینراو

developed by Scorpion shield