ڕه‌وشی ئابووری و کاریگەری لەسەر ئایندە و پێگەی هەرێمی کوردستان

بڵاوکردنەوە:

ناوەندی پەڕنووس

نووسەر:

کەنار جەمیل تەها

بینراو:

192

بەش:

ڕامیاری

لە سەرتاسەری وڵاتانی دونیادا هیچ وڵاتێک نییە کە دوچاری قەیرانی ئابووری نەبووبێت، بەڵام بەهێزی سیستەمی سیاسی هەر وڵاتێک لەوە دایە کە چۆن خۆی لەو قەیرانە ئابووری و داراییە کە ڕووبەڕووی بۆتەوە ڕزگار دەکات. هەرێمی کوردستانیش بەدەر نییە لە قەیرانە ئابوورییەکان بە درێژای مێژوو، تاوەکوو ئێستاش شارەزایان و سیاسەتمەدارانی کوردستان بۆیان ڕوونبۆتەوە کە پشت بەستن بە داهاتی نەوت بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی وڵات و وەڵامدانەوەی داواکارییەکانی هاووڵاتیان بەس نییە و نابێتە هۆی پێشکەوتنی وڵات لە ڕووی ئابووری و سیاسیەوە. وەک دەبینین زۆربەی ئەو وڵاتانەی پشت بە داهاتی نەوت یاخود ئابووری کرێخۆرە دەبەستن نەیانتوانیوە پێشکەوتن بە خۆیانەوە ببینن، ئەو وڵاتانەی پشت بە داهاتی نەوت دەبەستن یان لە جەژندان یان لە قەیراندان و هەرگیز ناتوانن سەقامگیری تەواوەتی بەدەست بهێنن لە ڕووی ئابووری و سیاسی. بەم پێیە ئاسایشی ئابووری هەرێمی کوردستان لەرزۆکە هەموو کات لە مەترسیدایە بۆ نموونە لە کاتی سەرهەڵدانی نەخۆشی کۆرۆنا ئاستی داهاتی هەرێمی کوردستان دابەزی تەنانەت حکومەت نەیتوانی موچە دابین بکات ئەمەش دەری دەخات کە ئابووری کرێخۆرە بەرگەی قەیرانە ناوخۆیی دەرەکییەکان ناگرێت هەر بۆیەش ئاسایشی ئابووری و سیاسی هەرێم دەکەوێتە ژێر مەترسییە و پشت به‌ستن به‌ بودجه‌ی ئێراق خاڵێكی تره‌ كه‌ بۆته‌ هۆی خراپی ڕەوشی ئابووری له‌ هه‌رێمی كوردستان، دابینكردنی به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێم په‌یوه‌سته‌ به‌ چۆنیه‌تی په‌یوه‌ندییه‌كانی حكومه‌تی ناوه‌ندی و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان. له‌و سۆنگه‌وه‌ ده‌توانین بڵێین كه‌ دۆخی ئابووری هه‌رێم راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندیداره‌ به‌ نرخی نه‌وت و به‌شه‌ بودجه‌ی له‌لایه‌ن حكومه‌تی ئێراقه‌وه‌، كه‌ زۆرجار تێكه‌ڵ به‌ ململانێی سیاسی كراوه‌. ئه‌مه‌ش ڕاسته‌وخۆ كاریگه‌ری درووست كردووه‌ له‌سه‌ر ئاستی بژێوی هاووڵاتیانی هه‌رێم و گشت سێكته‌ره‌كان. به‌رزبوونه‌وه‌ی ڕێژه‌ی هه‌ژاری و ئاستی بێكاری هه‌روه‌ها دیارده‌ی كۆچكردن به‌رده‌وامی قه‌یرانه‌ یه‌ک لەدوا یه‌كه‌كان كه‌ چاره‌سه‌ركردنیان ئاسان نییه‌، هه‌موو ئه‌وانه‌ به‌هۆی ڕەوشی ئابووری هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌یه‌. ده‌توانێت هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی جدی درووست بكات و مانه‌وه‌ی قه‌واره‌ی هه‌رێم ده‌خاته‌ ژێر مه‌ترسی و هه‌ره‌شه‌وه‌.

 

ئابووری كرێخۆره چۆن كاریگهری درووست كردووه لهسهر ڕەوشی ئابووری ههرێم؟

* ناسەقامگیری ئابووری هەرێمی کوردستان یەکێکە لە لایەنە نەرێنیەکانی سیاسەتی ئابووری کوردستان و ئابووری کرێخۆرە.

* کوردستانێکی دەوڵەمەند لە ڕووی سەرچاوە سرووشتیەکان لە بەرامبەردا گەلێکی خزمەتنەکراو و وڵاتێکی دواکەوتوو.

* لاوازی گەشەسەندنی سیاسی و ئابووری بەهۆی ئابووری کرێخۆرەوە.

* هەڵکشانی ڕێژەی هەژاری و بێکاری و گەندەڵی  کە پێگەی هەرێمی کوردستان دەخاتە مەترسی جدییەوە.

* ئابووری کرێخۆرە بۆتە هۆی ئەوەی کە کەرتەکانی تر تووشی داتەپین و داڕوخانی تەواوەتی بن ناچار بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی ژیان، پشت بە هاوردە دەبەستین، ئاشکرایە، هاوردەکردنی شمەک و پێداویستییەکان، ئاسەواری خراپ بۆ ئابووری هەرێم دەهێنێت، وەک هەڵاوسان و چوونە دەرەوەی پارە و داهات، لە دەرئەنجامدا، ڕێژەی بێکاری زیاتر هەڵدەکشێت و کێشەی کۆمەڵایەتی و دەروونی و تەنانەت سیاسیش دەخوڵقێنێت.

* زیادبوونی قەیرانی دارایی ڕەوشی خزمەتگوزاری  ئاو و کارەبا نەبوونی موچە، کاریگەری خراپی دروست کردووە لەسەر ئایندەی هەرێمی کوردستان. خەڵک تەنها بۆی گرنگە پێداویستییە سەرەتاییەکانی بۆ دابین بکرێت جا بۆی گرنگ نییە لە چوارچێوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان بێت یان حکومەتی ئێراق.

* سەرهەڵدانی چینایەتی واتە بوونی دوو چین و نەمانی چینی ناوەند چینێکی زۆر هەژار لەگەڵ چینێکی زۆر دەوڵەمەند.

* هەر بەهۆی خراپی سیاسەتی ئابووری و ئەدای خراپی حکومەت ژمارەی کوردەکان لە هەرێمی کوردستان لە کەمبووندایە لە بەرامبەردا ژمارەی عەرەبەکان زیاد دەکات بۆیە پێشبینی دەکرێت لە داهاتوودا کورد ببێتە کەمینەو قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستان بکەوێتە مەترسییەوە.

 

بۆ کەمکردنەوەی هەموو ئەو مەترسی و هەڕەشانەی باس کران دەکرێت چەند ڕێگایەک بگیرێتە بەر: -

١ - فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات، بە تایبەت کشتوکاڵ چونکە خاکی هەرێمی کوردستان زۆر لەبارە بە ئەم چالاکییە.

٢ - بەکارهێنانی سەرچاوە سرووشتییەکان وەک نەوت و گازی سرووشتی لە ناوخۆدا، نەک هەنارەدەکردنی بۆ بەرهەم هێنان لە دەرەوە دەکرێت ئەم سەرچاوە گرنگە بۆ پێشکەوتنی ئابووری و بازرگانی و پیشەسازی سوودی لێ وەربگیرێت.

٣ - کۆکردنەوەی سەرچاوەی داهات لە رێگەی گەشتوگوزار چونکە هەرێمی کوردستان سرووشتێکی جوان و دڵگیری هەیە و جێگای سەرنجی گەشتیارانە.

٤ - ئەنجامدانی دانوستان بە تەواوی لەگەل حکومەتی ئێراق کە بەیەکجاری هەموو کێشەکانی نێوانیان چارەسەر بکەن و بۆ ئەوەی ناردنی بودجەی هەرێم نەکەوێتە هەرەشەو مەترسییەوە.

٥ - دانانی کەسی شیاو لە شوێنی شیاو ئەمەش هۆکارێک دەبێت بۆ ڕێگریکردن لە گەندەڵی لە دامەزاروە و دەزگا ئیدارییەکان.

 

زۆرترین بینراو

developed by Scorpion shield