هەندێک ڕێنمایی بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی درووست بنووسین (ڕێنماییەکان بۆ شێوەزاری کرمانجیی ناوەندن):
بڵاوکردنەوە:
ناوەندی پەڕنووس
نووسەر:
هاوڕێ جەلال
بینراو:
2695
بەش:
زمان
١ - کافی کۆتایی وشە، بەم جۆرە دەنووسرێت (ک)، نەک بە شێوەی (ك) ئەم بڕیارە لای زمانکارانی کورد چەسپێنراوە.
واتە: کەرکووک، تاریک، ڕووەک نەک کەرکووك، تاریك، ڕووناك
٢ - نیشانەی بەردەم کرداری ڕابردوو و ڕانەبردووی بەردەوام بە (دە) دەنووسرێت، نەک (ئە).
وەک: دەچم، دەخۆم، دەنووم نەک ئەچم، ئەخۆم، ئەنووم
نیشانەی (دە) بە پێوەرمەند وەرگیراوە.
پێوەرمەند: ستاندارد
٣ - جووت واو، بە شێوەیەکی گشتیی، لە سەرەتای وشەوە نایەت. واتە:
ورچ، وشە، وشیار، وێنە نەک وورچ، ووشە، ووشیار، ووێنە
٤ - کاتێک دوو کاف بە یەک دەگەن، نابێت دانەیەکیان بقرتێنرێت.
واتە:
پاککردن، چاککردن نەک پاکردن، چاکردن
دوو پیتی (ت) کە بە یەک دەگەن، یەکێکیان نەقرتێنرێت.
واتە:
کورتتر، سەختتر نەک کورتر، سەختر
دەستت خۆش بێت نەک دەست خۆش بێت
هەستت کرد، درۆ دەکات؟ نەک هەست کرد، درۆ دەکات؟
کاتێک دوو واو بە یەک دەگەن، نابێت دانەیەکیان بقرتێنرێت.
واتە:
زاووزێ، ڕاووشکار، خاووخێزان، ئاڵوواڵا، گێژووێژ، وتووێژ، هاووڵاتیی
نەک
زاوزێ، ڕاوشکار/ڕاوەشکار، خاوخێزان، ئاڵواڵا، گێژوێژ، وتوێژ، هاوڵاتی
کاتێک دوو پیتی (د) دەگەن بە یەک؛ یەکیان لانەبرێت:
لە بەغداددا نەک لە بەغدادا، لە بەغدایا
لە ناوەنددا نەک لە ناوەندا
ددان، ددانپێدانان نەک دان، دانپێیانان
لە خاکی کورددا نەک لە خاکی کوردا
لەگەڵ مەرددا بگەڕێ نەک لەگەڵ مەردا بگەڕێ
٥ - (وە) ئەمرازی پێوەندیی نییە لە زمانی کوردییدا. لە زمانی کوردییدا، (و) هەیە نەک (وە)
وەک: ئازاد و نەوزاد نەک ئازاد وە نەوزاد
٦ - ئەمڕۆکە وشەی ڕێکخراو بە هەڵە بە کار دەهێنرێت.
وشەی (ڕێکخراو) ئاوەڵناوی کراوە، وەکوو وشەکانی (هۆنراو، نووسراو،...) وایە. بەڵام (ڕێکخراوە) ئاوەڵناوی بەرکارە.
(ڕێکخراو) واتە (منظم). بەڵام (ڕێکخراوە) واتە (منظمة).
هەروەک چۆن وشەکانی (گیراو) و (گیراوە) لێک جیان. وشەکانی (ڕێکخراو) و (ڕێکخراوە)ش لێک جیان.
بۆیە:
ڕێکخراوەی سۆما، ڕێکخراوەی ڕەوشەن نەک ڕێکخراوی سۆما، ڕێکخراوی ڕەوشەن
٧ - هەندێک وشە لە زمانی عەرەبییدا، ئەلفولام (ال)ی دەخرێتە پێش. پێویست ناکات بە هەمان ئەلفولامەوە ڕایبگوێزن بۆ زمانی کوردیی.
نموونە: گرۆی قاعیدە نەک گرۆی ئەلقاعیدە
٨ - ئێمە کە وشەی (گرۆ)ی کوردییمان هەبێت، بۆچی وشەی (گرووپ) بە کار بێنین، لە کاتێکدا وشەی (گرۆ)ی کوردیی بنەمای وشەی (گروپ-group)ی ئینگلیزیی و (گروە)ی فارسییە.
بۆیە: گرۆ نەک گروپ، گرووپ
٩ - بەکارهێنانی هەردوو وشەی (واتە) و (واتا) لێک جیا بکەینەوە و تێکەڵیان نەکەین.
(هاوڕێ) واتە (هەڤاڵ) نەک (هاوڕێ) واتا (هەڤاڵ)
(هاوڕێ) واتای (هەڤاڵ) دەدات نەک (هاوڕێ) واتەی (هەڤاڵ) دەدات
(هاوڕێ) بە واتای (هەڤاڵ) دێت نەک (هاوڕێ) بە واتەی (هەڤاڵ) دێت
(هاوڕێ) واتای (هەڤاڵ)ە نەک (هاوڕێ) واتەی (هەڤاڵ)ە
چونکە وشەی (واتە) یای پێوەندیی لەگەڵدا نایەت، بە پێچەوانەوە وشەی (واتا)، لەگەڵیدا دێت.
تێبینیی/ وشەی (مانا)ش کوردییە و لە (معنی)ی عەرەبییەوە نەهاتووە، بەڵکوو وشەیەکی دێرینە بە چەندین شێوەی تریش هەمانە، وەک (مینا، میناک،...)، تەنانەت لە ئاوێستاشدا هاتووە.
بەڵکوو ڕاست وایە بوترێت وشەی meanی ئینگلیزیی و (معنی)ی عەرەبیی لە وشە کوردییەکەوە هاتوون.
١٠ - دوور له ڕووت نەک دوو لە ڕووت
١١ - بەرانبەر وشەی (حرف)ی عەرەبیی، وشەی (پیت) ڕاستە نەک (تیپ).
بۆیە بنووسن: پیتی (ڵ)، پیتی (گ) نەک تیپی (ڵ)، تیپی (گ)
١٢ - کوردستان نەک کوردوستان
دڕندە نەک دوڕندە
نیشتمان نەک نیشتیمان
کڕووزانەوە، بۆکڕووز نەک کوڕووزانەوە، بۆکوڕووز
١٣ - پارەکەم ژمارد نەک پارەکەم بژارد
١٤ - سوپای سوریا، گوندێکی کوردستانی بە خەستیی بۆردومان کرد
نەک
سوپای سوریە لادێیەکی کوردوستانی بەسەختی بۆردمانکرد
واتە وشەی سەخت و خەست، مانایان جیاوازە.
١٥ - داوای لێبووردن دەکەم نەک داوای لێبردن دەکەم
لێبووردن: لێبواردن، بەخشین
ڕابووردوو نەک ڕابردوو
١٦ - ڕاپرسییەکە نەک ڕاپرسیییەکە
ساڵی گرانییەکە نەک ساڵی گرانیییەکە
* لە ڕێنووسی کوردییدا، سێ (یا) بەسەریەکەوە نانووسرێت، ئەمەش لەبەرئەوەی ناشیرین دەردەچێت! دەنا سێ یامان هەیە لە زمانی کوردییدا و ڕاست ئەوەیە بنووسرێت، بەڵام بڕیاری ئێستا تا پیتێکی نوێ بۆ جووت یا دادەنرێت؛ ئەوەیە!
١٧ - درووست، تەندرووست، درووستکردن نەک دروست، تەندروست، دروستکردن
وشەی درووست شێوەیەکی تری وشەی (دروود)ە و وەک وشەی سرووشت، دوو واوی دەوێت
کەرکووک نەک کەرکوک
بەڵکوو، وەکوو، تاکوو نەک بەڵکو، وەکو، تاکو
جووڵە، داڕووخان، مووچە، باکوور نەک جوڵە، داڕوخان، موچە، باکور
خولەک، هەڵگورد، کورت، هەڵکورمان نەک خوولەک، هەڵگوورد، کوورت، هەڵکوورمان
١٨ - نەوەد، مهاباد، سەد نەک نەوەت، مهابات، سەت
١٩ - خیلافەتی عەباسیی، خیلافەتی ئیسلامیی نەک خەلافەتی عەبباسی، خەلافەتی ئیسلامی
٢٠ - نییە، چییە نەک چیە، نیە
واتە دوو یای دەوێت
٢١ - موسڵمان نەک موسوڵمان، موسووڵمان، مووسووڵمان، مووسڵمان، بوسڵمان، بسوڵمان، بوسوڵمان
٢٢ - گۆکردنی هەندێک وشەی بیانیی کە هاتوونەتە ناو زمانەکەمانەوە وەک خۆیان، یان وەک ئەوەی پەسەند کراون. نموونە: (تۆیۆتا، پیزا، داشبۆرد، ئەلەمنیۆم، فیوڵ پەمپ، کەمپەین، تەسجیل، سەتەلایت، پیک ئەپ، ئەشیعە، کاندیدا، سامسونگ، ملیارد، باڵاخانە، جێناو، مەشغوڵ، سانتیم، چلوورە، ئاسایش، فالینە، قۆپچە، ئیمتیحان، تەسلیم کردن، مەکتەب، سیستمی سەرمایەداریی، کەلتوور، مەسئوول، فیلم، دکتۆر، پاسپۆرت، جگەرە، هێلیکۆپتەر، نایلۆن، مەلزەمە، جەژن، بوومەلەرزە، لەوزەتێن،...) نەک (توێتا، پیتزا، داشبوڵ، ئەلەملیۆم، فیلپەمپ/ویلپەمپ، کەمپین، تەرجیل، سەرتەلایت، سەنتەلایت، پیکاب، ئیشاعە، کاندید، سامسۆنگ، ملیار، باڵەخانە، ڕاناو، مەغشوڵ، سانتین، سامتین، چنوورە، ئاشایس، فانیلە، قۆچپە، ئینتیحان، تەسمیلکردن، مەتکەب، سیستەمی سەرمایەداریی، کلتوور، مەنسوول، مەسوول، فلیم، دختۆر، پەساپۆڕت، جغارە، عەلی کۆفتەر، لایلۆن، مەرزەمە، دەژن، گوومەلەرزە، لەبزەتێن،...)
٢٣ - ئاراس بووە بە/بووەتە مامۆستا نەک ئاراس بۆتە مامۆستا
کاکم چووەتە سەیران نەک کاکم چۆتە سەیران
مریشکەکەم کردووەتە کولانە نەک مریشکەکەم کردۆتە کولانە
بووەستە نەک بۆستە، بووەستە، بێستە!
یار لە کانی دێتەوە نەک یار لە کانی دێتۆ
سنەوبەر نەک سنۆبەر
دەوڵەمەند نەک دۆڵەمەند
هەوڵدان نەک هۆڵدان
لایەنەکان کۆبوونەوە، لایەنەکان کۆبوونەتەوە نەک لایەنەکان کۆبوونۆ، لایەنەکان کۆبوونەتۆ
دیسانەوە نەک دیسانەو
واتە نەکردنی (وو، ەو، ەوە) بە (ۆ)
٢٤ - زۆر ناوی بیانیی هەن، پیتی (پ، چ، گ، ڤ، ژ)یان تێدایە. ئەم وشانە کە چوونەتە ناو زمانی عەرەبییەوە، چونکە ئەو پیتانەیان نییە؛ گۆڕیویانن بە پیتی تر. خۆ ئێمە ئەو پیتانەمان هەیە. بۆیە نابێت، وشەکان بە سەلیقەی زمانی عەرەبیی بنووسین.بۆ نموونە، ناوی چەند کەسایەتییەکی ناودار:
گاندی، نیچە، چارلی چاپلێن، جاکی چان، بۆلیڤار، ژان ژاک ڕۆسۆ، پیکاسۆ نەک غاندی، نیتشە، شارلی شاپلن، جاکیشان، بۆلیفار، جان جاک ڕۆسۆ، بیکاسۆ،
٢٥ - زۆر وشەی بیانیی هەن، خۆیان دەنگی کافیان تێدایە، نابێت بە لاساییکردنەوەی عەرەبەکان، بیگۆڕین بە دەنگی قاف:
ئەفریکا نەک ئەفریقا
میوزیک، مۆزیک نەک مۆسیقا
گریک نەک ئیغریق
باڵکان نەک باڵقان
بانک نەک بانق
ئەنکەرە نەک ئەنقەرە
٢٦ - پێویستم پێتە نەک پێویستیم پێتە، پێویستییم پێتە
دەچم بۆ بازاڕ پێویستییم زۆرە نەک دەچم بۆ بازاڕ پێویستم زۆرە
واتە بە درووستیی بەکارهێنانی وشەی پێویست و پێویستیی لە شوێنی خۆیاندا
دەستەواژەیەکی وەک (پێویستییم پێتە)، وەک ئەوەیە بڵێیت ئومێدییم پێتە کە درووست نییە.
٢٧ - فڕۆشگە نەک فڕۆژگا
پشتێن نەک پژدێن
بەشدار نەک بەژدار
شێرپەنجە نەک ژێرپەنجە
پشتدەر نەۆ پژدەر
واتە نەگۆڕینی (ش) بە (ژ) و بە پێچەوانەشەوە
٢٨ - دەست، دەستیاو، دەستگە، دەستمایە، دۆست، مەبەست، دەستەسڕ، نەک دەس، دەسیاو، دەسگە، دەسمایە، دۆس، مەبەس، دەسەسڕ، دەسڕ
واتە نەقرتاندی پیتی (ت). تەنیا لە هەندێک هەڵەی باودا چاوپۆشیی لێ دەکرێت. وەک (هەڵسان) کە خۆی ڕاستەکەی (هەڵستان)ە ناتوانین بگەڕێینەوە سەری. شێوەی (هەستان)یشی هەیە کە ئەویش هەر هەڵەی باو و چاوپۆشیی لێ کراوە.
٢٩ - ماندوو نەک مانوو
لە ناوەڕاستدا نەک لە ناوەڕاستا
بەغداد نەک بەغا، بەغدا
منداڵ، بریندار نەک مناڵ، برینار
جوان دەڕۆینەوە نەک جوانەڕۆینەوە
بەگژداچوونەوە نەک بەگژاچوونەوە
چەند نەک چەن
چەند جارم وت؟
نەک
چەن جارم وت
تەلبەند، توند، دەوڵەمەند، مێخەکبەند نەک تەلبەن، تون، دەوڵەمەن، مێخەکبەن
شووشەکەم شکاند، کاغەزەکەم دڕاند نەک شووشەکەم شکان، کاغەزەکەم دڕان
پەرداخەکە بدەن بە منداڵەکە
مووچەی خۆمم بدەنێ
نەک
پەرداخەکە بەن بە منداڵەکە
مووچەی خۆم بەنێ
واتە نەقرتاندنی پیتی (د)
٣٠ - ڕووبار، ڕۆژنامە، ڕووەک، ڕەنگ نەک رووبار، رۆژنامە، رووەک، رەنگ
پڕتاو، پریشک نەک پرتاو، پڕیشک
بە پڕتاو هات نەک بە پرتاو هات
واتە تۆمارکردنی نیشانەی (٧)ی ژێر پیتی (ڕ) و کەلوکۆمنەکردنی پیتە کوردییەکان، لەسەر ڕای چەوتی تاکەکەسیی. هەروەها نەگۆڕینی پیتەکانی (ڕ) و (ر)، بە یەکتر.
٣١ - (وێنگەی سامان) نەک (وێنەگری سامان)
(خشڵگەی ئاسۆ) نەک (زێڕنگەری ئاسۆ، زەڕنگەری ئاسۆ، زەڕنگەریی ئاسۆ)
* وشەکانی (وێنەگر، ئاسنگەر، زەڕنگەر، مسگەر، دادگەر) پیشەن و واتای شوێن نادەن بە نموونە: ((ئاوات زەڕنگەرە)).
وشەکانی (زەڕنگەریی، زمانەوانیی، دەرمانسازیی، ...) ئەمانە بواری پیشەن بە نموونە: ((کاری مامۆستایی بەرپرسیارێتیی تێدایە)). (مامۆستایی) واتای شوێنی تێدا نییە. (زمانەوانیی) پیشە و کاری (زمانەوان)ە، هەندێک کەس لە بری (بواری زمانی کوردیی) یاخود (زمانیی) بە کاری دەهێنن!
* زۆر کەس پاشگری (گەر، گەریی) بە هەڵە بە کار دەهێنن، بە نموونە (وەحشیگەریی)! (وەحش، وەحشی= دڕندە) (وەحشیەت= دڕندەیی) ئەی (وەحشیگەری) واتای چییە؟
٣٢ - دەستگیران، دەستگە، دەستنوێژ، دەستگرە، وێستگە، نەک دەزگیران، دەزگە، دەزنوێژ، دەزگرە، وێزگە
٣٣ - مەلەوانگە، فێرگە، ئارایشگە، پیشانگە، دەستگە، سەیرانگە، کۆمەڵگە نەک مەلەوانگا، فێرگا، ئارایشگا، پێشانگا، دەستگا، سەیرانگا، کۆمەڵگا
واتە پاشگری (گە) پێوەرمەنده...
٣٤ - ئەمەریکا نەک ئەمریکا، ئامریکا
ئۆروپا، هیندۆئۆروپیی نەک ئەوروپا، هیندۆئەوروپی
ئەرژەنتین نەک ئەرجەنتین
ئۆرۆگوای نەک ئۆرۆغوای
ژاپۆن نەک یابان
ئۆکراینا نەک ئۆکرانیا
ئەمارات نەک ئیمارات
ئیریتێریا نەک ئەریتریا
ئۆزبەگستان نەک ئۆزپاکستان، ئۆزباکستان
بەنگەلادیش نەک بەنگلادش
چیلی نەک شیللی
دۆمێنیکان نەک دۆمەنیکان
نێجیر نەک نەیجەر
نێجیریا نەک نەیجریا
ئایسلاند نەک ئیسلەندا
تایلاند نەک تایلەندا
ئایرلاند نەک ئایرلەندا
هۆڵاند نەک هۆڵەندا، هۆڵەندە
نیوزیلاند نەک نیوزلەندا
واشنگتۆن نەک واشنتۆن
مەککە و مەدینە نەک مەکە و مەدینە
٣٥ - لێهاتووە نەک لێهاتوویە
نوستووە نەک نوستوویە
سەرکەوتووە نەک سەرکەوتوویە
مردووە نەک مردوویە
٣٦ - گەریلاکانمان سوپای تورکیان تێکشکاند نەک گەریلاکانمان سوپای تورکیان تێشکاند
تاوەکەم خستە سەر ئاگر و هێلکەیەکم تێشکاند نەک تاوەکەم خستە سەر ئاگر و هێلکەیەکم تێکشکاند
واتە (تێشکاندن) و (تێکشکاندن) لێک جیا بکرێنەوە
٣٧ - کارەکەیان کرد نەک بە کارەکە هەستان
خانووەکەیان درووست کرد نەک هەڵسان بە درووستکردنی خانووەکە
واتە لاسایی (قام...)ی عەرەبیی نەکرێتەوە.
٣٨ - نامەکەی هێنا نەک نامەکەی هانی
دڕکەکەم دەرهێنا نەک دڕکەکەم دەرهانی
٣٩ - زانیم نەک زانیتم، زانستم
زانیت نەک زانیتت
هەمە، نیمە نەک هەیتم، نیتم
٤٠ - بەرانبەر نەک بەرامبەر
عەنبەر نەک عەمبەر
ئەنبار نەک عەمبار
تەنبەڵ نەک تەمبەڵ
بۆینباخ نەک بۆیمباخ
سمبووڵی کوردایەتیی نەک سنبووڵی کوردایەتیی
جامتا نەک جانتا
واتە نەگۆڕینی شوێنی پیتی ڕەسەنی (ن) بە (م) و بە پێچەوانەشەوە
٤١ - پێم وتیت، پێتم وت نەک پێموتیت، پێتموت
لێم پرسی، لێیم پرسی نەک لێمپرسی
٤٢ - تینوو نەک توونی
توونیمە نەک تینوومە
٤٣ - چاکەت بخۆرەوە نەک چاکەو بخۆرەوە
ڕاسپاردەکەت پێ دا؟ نەک ڕاسپاردەکەو پێ دا؟
خاڵم هات بۆ ماڵمان نەک خاڵم هاو بۆ ماڵمان
کەوەکەت زۆر جوانە نەک کەوەکەو زۆر جوانە
٤٤ - لاپەڕە نەک راپەڕە
هەروەها لاپەڕە و پەڕە لێک جیا بکەینەوە.
قورئان دەوروبەری ٥٠٠ لاپەڕەیە. نەک قورئان دەوروبەری ٥٠٠ پەڕەیە.
ڕووپەڕی ڕۆژنامەکان نەک ڕووپەلی ڕۆژنامەکان وشەی ڕووپەڕ واتای ڕووکاری پەڕەیە
٤٥ - دەستخۆشیی نەک دەستخۆشییکەری، دەستخۆشکەریی
پێشدەستیی نەک دەست پێشخەری
دەستخۆشیی بەرنامەکەتان لێ دەکەم نەک دەستخۆشیکەری بەرنامەکەتان لێ دەکەم
* (دەستخۆشیکەر) نێوی کارا (اسم فاعل)ە و واتای کەسێکە کە دەستخۆشیی دەکات و ئیشی تەنیا دەستخۆشییکردنە! (دەستخۆشییکەریی) نێوی واتاییە و واتای پیشەی دەستخۆشیکارە، وەک: مامۆستا - مامۆستایی
٤٦ - ڕاهێنگەی ئاژواریی، ڕاهێنگەی شۆفێریی نەک نووسینگەی شۆفێری
٤٧ - دەبووایە، دانیشتووان، ڕوواڵەت، هەمووان، دووان، دەبوایە، دانیشتوان، ڕواڵەت، هەموان، دوان
هاتووە، کەوتووە، بەربووە نەک هاتوە، کەوتوە، بەربوە
بپاڕێنەوە بۆ زیندووان و مردووان نەک بپاڕێنەوە بۆ زیندوان و مردوان
٤٨ - منداڵی خۆیەتی، بە گاڵتەیەتی، بیستووێتی، نەک منداڵی خۆیتی، بە گاڵتەیتی، بیستوویتی
شینی هەریسەکەیەتی نەک شینی هەریسەکەیتی
٤٩ - ئەم نامیلکەیەی دەستم، پێشکەشە بە تۆ نەک ئەو نامیلکەیەی دەستم پێشکەشە بە تۆ
ئەم دوکانە بۆ کرێ نەک ئەو دوکانە بۆ کرێ
ئەو دەستەی ماندووە، لەسەر زگی تێرە نەک ئەم دەستەی ماندووە، لەسەر زگی تێرە
* (ئەم) بۆ نزیک بە کار دێت. (ئەو)یش بۆ (دوور)
٥٠ - گوێگر، گوێمووچ، گوێدێر نەک گوێبیست
٥١ - دووەم جەنگی جیهانیی نەک جەنگی دووەمی جیهانی
فێرگەی نموونەیی خانزاد نەک قوتابخانەی خانزادی نموونەیی
٥٢ - یەکەم جەنگی جیهانیی نەک یەکەم شەڕی جیهانی
جەنگی سارد نەک شەڕی سارد
شەڕی ناوخۆیی نەک جەنگی ناوخۆیی
شەڕی چاڵدێران نەک جەنگی چاڵدێران
* (شەڕ) پێکدادانێکی بچووکە. بەزۆریی لەنێوان دوو ئالیی(لایەن)دایە. بەڵام (جەنگ)؛ پێکدادانێکی تا ئەوپەڕیی توانایە و چەند لایەن تێیدا بەشدارن و ڕووبەرێکی فرەوان و کاتێکی پتریشی پێ دەچێت.
٥٣ - دیسانەوە هاتووەتەوە نەک دیسانەوانێ گەڕاوەتەوانێ
وەڵامم بدەرەوە نەک وەڵامم بەرەوانێ
گۆشتەکە ببەرەوە بۆ ماڵ نەک گۆشتەکە بەرەوانێ بۆ ماڵ
لە مەریوانەوە تا هەولێر نەک لە مەریوانەوانێ تا هەولێر
٥٤ - تەوەرەی جەنگی سارد نەک جەمسەری جەنگی سارد
* (تەوەرە= میحور) (جەمسەر= قطب)
٥٥ - دەرگەکە بکەوە، دەرگەکە بکەرەوە نەک دەرگەکە کەوە، دەرگەکە کەرەوە
ئاسنەکە سارد بکاتەوە نەک ئاسنەکە ساردکاتەوە
دوژمن دوور بخاتەوە نەک دوژمن دوورخاتەوە
٥٦ - پەنابەری ئۆروپا نەک پەناهەندەی ئۆروپا
پەناهەندەی سووریی نەک پەنابەری سووریی
واتە تێکەڵنەکردنی پەناهەندە و پەنابەر
جیاوازییان وەک هێنان و بردن وایە!
ئەگەر بێن بۆ لای ئێمە؛ پەنایان هێناوە. ئەگەر بڕۆن؛ پەنایان بردووە.
٥٧ - پیلانیان گێڕا نەک پلانیان گێڕا
پلانیان دانا نەک پیلانیان دانا
* مەبەست لە تێکەڵنەکردنی (پیلان) و (پلان)ە
(پیلان) واتە (تاکتیک، موئامەرە)، (پلان) واتە (نەخشەسازیی)
٥٨ - تێدا، پێدا، تێیدا، پێیدا نەک تیا، پیا، تێیا، پێیا، تیایا، پیایا، تیادا، پیادا
جامتاکە گەڕام؛ پەڕتووکەکەی تێدا نەبوو نەک جامتاکە گەڕام؛ کتێبەکەی تیا نەبوو
جامتاکە گەڕام؛ تێیدا نەبوو نەک جامتاکە گەڕام؛ تیایا نەبوو
ئەو ڕێیەی پێیدا هاتم، گەلێک سەخت بوو نەک ئەو ڕێیەی پیایا هاتم، گەلێک سەخت بوو
بادەم نەک بایەم
سەربادان نەک سەربایان
لە گەرمادا نەک لە گەرمایا
خوێدان، کادان نەک خۆێیان، کایەن
سەیدسادق نەک سەی سایەق
٥٩ - مێروولە نەک مێلوورە، مێرووستان، مێموولە، مێموورە
٦٠ - وشترمەل، وشترمر نەک وشترمل
٦١ - هەندێک وشە بۆ نێرە و هەندێک وشەش بۆ مێیە پیاوێکی شێوسازی دەستاوخۆشە نەک پیاوێکی کابانی دەستاوخۆشە
کابان، لە بنەمادا مانای (خانمی ماڵ)ە و بە ئافرەت وتراوە و دەوترێت.
کوڕەکە قیت دەڕوات
نەک کوڕەکە لەنجە دەکات
لەنجە بۆ مێیە. قیت بۆ نێرە
کچێکی نەوجوانم بینی نەک کچێکی مێردمنداڵم بینی
وشەی (مێردمنداڵ) بۆ (نێر) بەکار دێت
مێردمنداڵ، واتە نێرینەیەک تەمەنی لەنێوان مێرێتیی و منداڵییدایە
٦٢ - هەڵیسەنگاند، پێیدا چووەوە نەک هەڵسەنگاندنی بۆ کرد، پێداچوونەوەی بۆ کرد
وەک ئەوەی لە جێی هەڵیفریواند، پێیدا هاتە خوارەوە(دایشۆری)؛ ناوترێت هەڵفریواندنی بۆ کرد، پێداهاتنەخوارەوەی بۆ کرد!
٦٣ - زۆر شت هەن، هەڵەی ڕێنووسیشیان تێدا نییە. کەچی هێشتا هەڵەن. چونکە هەڵەی ژیربێژییان تێدایە.
بۆ نموونە؛ ئەمانە هەڵەی ژیربێژیین:
وەزیری پەروەردە؛ کە نەیویست ناوی خۆی ئاشکرا بکات، ڕای گەیاند....
وەزیری پەروەردە هەموو خەڵک دەزانێت کێیە!
بزنێکی بچووکی دوو مانگانەم کڕی
ئەمە پێی دەوترێت (کار) نەک بزنی بچووک
باخێکی زۆر بچووک لە حەوشەکەماندا هەیە.
ئەمە پێی دەوترێت (باخچە) نەک باخی بچووک.
درێژی ژوورەکە دوو مەتر و پانییەکەی کەمێک زیاتر بوو.
ئاخر، درێژیی هەمیشە زیاترە لە پانیی و بۆیەش پێی دەڵێن درێژیی!
(بەهەشت خۆشە نەک دۆزەخ) نەک (بەهەشت لە دۆزەخ خۆشتترە)
(وشەی یەک ڕاستە نەک یاک) نەک (وشەی یەک لە یاک ڕاستترە)
ئەم دووانەی دوایی؛ ڕستەی دووەمیان؛ واتای ئەوەی تێدایە کە (دۆزەخ)یش خۆشە، بەڵام (بەهەشت) لەم خۆشترە! هەروەها وشەی (یاک) ڕاستە، بەڵام (یەک) لەو ڕاستترە.
نیوەی تەنکییەکە پڕ بووبوو (نیوە و پڕ!)
بەو خوایه ڕەنگە نەیزانیبێت (سوێندخواردن بۆ دڵنیاییە، لەگەڵ گوماندا، دوو شتی پێچەوانەن)
بە خوا لەوانەیە شێتم بکات (سوێندخواردن و گومان)
بۆ کەسی مروو بوترێت کۆچکردوو نەک خوالێخۆشبوو، بەهەشتیی
ئێمە چۆن دەزانین، مردووەکە بەهەشتییە یان خودا بەخشیوێتی؟!
دەنگێکی خۆش، دەنگێکی زوڵاڵ، دەنگێکی سازگار، دەنگێکی نایاب نەک دەنگێکی جوان
پەیامبەری ڕێزدار نەک پەیامبەری نازدار
وشەی نازدار واتای بەناز دەدات. پەیامبەری ئێمە نە نازوو نووزی هەبووە و نە نازیوە بە هیچ شتێکەوە. نە ناسک و نازدار بووە و نە لەناو ناز و نیعمەتدا ژیاوە! (لەم دواییانەدا، بە هەڵە خەریکە وشەی نازدار بە مانای هەتیو دەیشکێننەوە. هەروەک ئەوەی دەیانەوێت وشەی هەڵەی بێهاوژین لە جێی بێوەژن دابنێن!)
فەرموو پەرداخێک ئاو بخۆ
خواردنەوە بۆ شلەیە نەک خواردن. بۆیە دەبێت بنووسرێت ئاوەکەت بخۆوە/بخۆرەوە
گێزەر میوەیەکی بەسوودە
گێزەر بە سەوزە ئەژمار دەکرێت نەک میوە
تاوانبارەکە دەستگیر کرا
تاوانباریی لە دادگا یەکلایی دەکرێتەوە. بۆیە دەبێت بوترێت تۆمەتبارەکە دەستگیر کرا
عەلی کوڕی ئەبوتاڵیب، محەمەدی مەهدی نەک ئیمامی عەلی، ئیمامی مەهدی
بەکارهێنانی وشەی ئیمام بۆ ئەو دووانە، لە دیدگەی شیعەوەیە کە (عەلی) و (محەمەدی مەهدی) لە (١٢) ئیمامەکانیانن.
قرش ئەو ماسییەی مرۆڤ ڕاو دەکات
قرش ماسیی نییە و نەهەنگە
نەهەنگ جیایە لە ماسیی، نەهەنگەکان سەر بە شیردەرەکانن
ئەمساڵ ڕووەکی قارچکمان زۆر بوو
قارچک ڕووەک نییە. بەڵکوو سەر بە پێڕی کەڕووەکانە
گا، نێرەی مانگایە
وشەی (گا) وەکوو وشەکانی (کەر، سەگ، کەو) دوولایەنە، واتە هەم نێر و هەم مێش دەگرنەوە. نێرەی گا بریتییە لە (کەڵەگا)
چوار پارچەی کوردستان
کوردستان بەسەر شەش وڵاتدا دابەش کراوە: (ڕووسیا، ئەرمینیا، تورکیا، ئێران، ئێراق، سوریا).
ئاسمانگەڕەکە گەیشتە بۆشایی ئاسمان
لە گەردووندا، هیچ بۆشاییەک نییە و هەمووی پڕکراوەتە و پێکهاتەیە. بۆیە دەبێت واز لە دەستەواژەی بۆشایی ئاسمان بهێنین و بە تەنیا (ئاسمان) تەواوە.
فیشەکێکی بەرکەوت، فیشەکباران کرا
ئەمانە هەڵەن، چونکە (فیشەک=عیتاد)، هەموو پێکهاتە تەقۆکەکەیە (قەوان+گوللـە=فیشەک)، (گولـلە) تەنیا بەشە نوکتیژەکەی فیشەکەکەیە (سەری فیشەکەکەیە) کە دەردەچێت.
وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا
ئەم دەستەواژەیە هەڵەیە و دەبێت بنووسرێت: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا
ئەمەریکا لە کۆمەڵێک وڵاتی یەکگرتوو پێک نەهاتووە. بەڵکوو لە کۆمەڵێک ویلایەتی یەکگرتوو پێک هاتووە. هەندێک کەسیش وەک ئاماژە بۆ (USA)، دەڵێن (ویلایەتە یەکگرتووەکان) وەک ئەوەی تەنیا ئەو وڵاتە لە ویلایەتی یەکگرتوو پێک هاتبێت. نازانن چەندین وڵاتی دیکە هەن کە لە ویلایەتی یەکگرتوو پێک هاتوون، هەر بە نموونە وڵاتی (مەکسیک).
ژن نیوەی کۆمەڵە، ڕۆژی جیهانیی ژنان
ئەمانە هەڵەن، دەبێت بنووسرێت: ئافرەت نیوەی کۆمەڵە، ڕۆژی جیهانیی ئافرەتان
چونکە وشەی (ژن)، لە زمانی کوردییدا، تەنیا بە ئافرەتی مێردکردوو دەوترێت، بەڵام وشەی (ئافرەت) گشتگیرە.
قاچم گیر بوو، سەرسمێکم دا
(سەرسمدان)، بۆ وڵاخی سمدارە. دەبێت بنووسرێت: هەڵنووتام،...
تکایە لێرە جگەرە مەخۆ
بۆ جگەرە، کێشان بە کار دێت. بۆیە درووستە بنووسرێت: تکایە لێره جگەرە مەکێشە
جاڵجاڵۆکە، مێروویەکی قێزەونە
(جاڵجاڵۆکە) بە مێروو دانانرێت. چونکە مێروو شەش قاچی هەیە. بەڵام جاڵجاڵۆکە هەشت قاچی هەیە.
مانگاکە منداڵی بوو، بەرخ منداڵی مەڕە، بێچوودانی، بزنەکە، کارێک لە منداڵدانیدا بوو
منداڵ بە بێچووی مرۆڤ دەوترێت نەک ئاژەڵان. منداڵدانیش بۆ مرۆڤە. بۆ ئاژەڵ وشەی پزدان و وشەی تر، بە کار دێت.
٦٤ - پارووێک، خانووێک، پشووێک نەک پاروویەک، خانوویەک، پشوویەک
دەرگەیەک، گۆزەیەک، فریشتەیەک نەک دەرگەیێک/دەرگەێک، گۆزەێک، فریشتەێک
٦٥ - لباد، قەد، بەد نەک لباو، قەو، بەو
قەدبڕ، بەدکار نەک قەوبڕ، بەوکار
٦٦ - چونکە، چونکوو نەک چوونکە، چونکانێ، چونکێکم، چونکانەکانێ، چوکە، چونکێ
بەشکوو، بەشکە نەک بەشکم، بەشکێ، بەشکێکم
ئێستا، ئێستاکە نەک ئێستاکێ، ئێستەکانێ،...
٦٧ - ئەوەتە، ئەمەتە نەک ئەوتا، ئەوتانێ، ئەوەتا، ئەوەتانێ - ئەمتا، ئەمتانێ، ئەمەتا، ئەمەتانێ
ئەوێ نەک ئەویا، ئەیا
لەوێ، لەوێدا نەک لەیا، لەویا، لەیۆ، لەیوا
لەمێ نەک لەمیا
ئەمێ نەک ئەمیا
ئەمەت بۆچی کڕیوە؟
ئەوەت لەکوێ دۆزیوەتەوە؟
دەزانم ئەمەتان لەلا پەسەندە
نەک
ئەمتە بۆچی کڕیوە؟
بۆچی ئەمتە کڕیوە؟
لەکوێ ئەوتە دۆزیوەتەوە؟
دەزانم ئەمتانە لەلا پەسەندە
٦٨ - ئافەرێن، بەدیهێن، سەرسوڕهێن، هەستبزوێن، سەرنجڕاکێش، زیانگەیەن نەک ئافرێنەر، بەدیهێنەر، سەرسوڕهێنەر، هەستبزوێنەر، سەرنجڕاکێشەر، زیانگەیەنەر
ئەمانەی دووایی و دەیانی لەو جۆرە؛ بە هەڵە درووست کراون. ئەو ڕەگی کردارانە کە لەگەڵ ناودا دێن، دەیکەن بە ناوی کارا و پێویستیان بە پاشگر نییە بۆ ئەو مەبەستە. ئەگەر تەنیا هەر خۆیان بوون، ئەوکات پێویستیان بە پاشگر و پێشگرە تا ببنە ناوی کارا. وەک: گەیەنەر، بکوژ، بدەر، نووسەر،...
بۆیە چیرۆکنووسەر هەڵەیە بەڵام چیرۆکنووس یان نووسەر بە تەنیا، درووستە
٦٩ - ئەوەندەم زانی؛ گەیشتینە بەر ماڵیان نەک ئەوەندەم نەزانی گەیشتینە بەر ماڵیان
٧٠ - قورئان، ئاسمان، ئەرد/ئەرز، ئێراق نەک قورعان، عاسمان، عەرد، عێراق
٧١ - ئەمڕۆ، ئەمشەو، ئەمساڵ نەک ئیمڕۆ، ئیمشەو، ئیمساڵ، ئەم ساڵ، ئەم شەو
ئەمجار، ئەوجار نەک ئینجا، ئەمجا، ئیمجا، ئەنجا، ئەوجا، دەوجا
ئەگەرنا نەک دەنا دەگینا ئەنا، ئەگینا، ئەگین، ئاگینا، ئەگەنا
لە هەندێک هەڵەی باودا، چاوپۆشیی لێ دەکرێت. وەک
ئەمێستا - ئێستا
هەتا تۆم ئاشنا بووی، ئاشنام بوون
ئەمێستا موو بە موو ئەغیارە، بێ تۆ
(نالیی)
٧٢ - هەندێک وشە بۆ مرۆڤە و هەندێک وشەش بۆ ئاژەڵە
ئەم پەخشانە، مامۆستاکەم نووسیویە نەک ئەم پەخشانە، مامۆستاکەم نووسیویەتی/نووسیوێتی
ئەم دیارییە، برادەرەکەم هێناویە نەک ئەم دیارییە، برادەرەکەم هێناوێتی
* (ئەو: کڕیویە) (من: کڕیومە) (تۆ: کڕیوتە) نەک (کڕیومەتی، کڕیوتەتی!)
٧٣ - چەندە؟ نەک چەنەیە؟، چەندەیە؟
سەعات چەندە؟ نەک سەعات چەندەیە؟
٧٤ - خوێیاو نەک خوێواو
شەڕانیی: شەڕەنگێز نەک شەڕاویی
کراسێکی چڵکنی لەبەر بوو
نەک
کراسێکی چڵکناوی لەبەر بوو
٧٥ - خەڵکەکە داوای چی دەکەن؟ نەک خەڵکەکە چی داوا دەکەن؟
ترشیاتی زەردی لێ درووست دەکرێت
نەک
ترشیاتی زەرد درووست دەکرێت لێی
نانم خوارد
نەک خواردم نان
واتە کردار دەکەوێتە کۆتاییەوە.
٧٦ - کەلوپەلەکان دانراون نەک کەلوپەلەکان داندراون
مناڵەکان براون بۆ سەیران نەک مناڵەکان بردراون بۆ سەیران
نێردراو، ناردراو نەک نێراو، ناراو
ڕاسپێردراو نەک ڕاسپێراو
کڕدراو نەک کڕاو
کێڵراو نەک کێڵدراو
لێ دەخوڕدرا نەک لێ دەخوڕا
لە باری بکەرنادیاردا، ئەوانەی ڕەگیی کردریان بە (ڕ، ر) کۆتایی هاتووە ناوبەندی (د) وەردەگرن. وەک:
دەکڕدرێت، دەگۆڕدرا، دەبڕدرێت، دەنێردرا، دەسپێردرێت
بۆیە هەڵەیە بەبێ ئەو ناوبەندە، بەم شێوەیە بنووسرێن:
دەکڕڕا، دەگۆڕڕا، دەبڕڕێت، دەنێررا، دەسپێررێ
ئەوانەی ڕەگی کرداریان بە (ڕ) کۆتایی نەهاتووە، ناوبەندی (د)یان ناوێت. واتە
دەخوێنرێت، دەبینرا، دەهێنرێت، لادەبرێت،
٧٧ - گوێم لێ بوو، گوێم لێی بوو نەک گوێم تێوە بوو، گوێم تێوەی بوو، گوێم لێوەی بوو
٧٨ - سیناریۆ، ڕادیۆ، ملیۆن، یۆنان، تەلەفزیۆن، ناپلیۆن، ئۆپۆزسیۆن، باڵیۆز نەک سیناروێ، ڕادوێ، ملوێن، وێنان، تەلەفزوێن، ناپلوێن، ئۆپۆزسوێن، باڵوێز
٧٩ - ئەمەندە، ئەوەندە، هێندە، هەندە
نەک
هەند، هێند، هەن، ئەمنە، ئەونە، ئەمەنە، ئەوەنە، ئەمەند، ئەوەند
ئەمەندە شیرینە، دەڵێی هەنگوینە
نەک ئەمنە شیرینە، دەڵێی هەنگوینە
٨٠ - بۆ وا دەکەیت، بۆ وا دەکەن، بۆ پێی ناڵێیت
نەک
بۆ وا دەکەیتە، بۆ وا دەکەنە، بۆ پێی ناڵێیتە
٨١ - نازانم لەچی دەترسێت
نەک
نام لەچی دەترسێت
٨٢ - پێی بده
نەک
وێی بدە، وێی دە
٨٣ - کێ ئەو قسەیەی کردووە
نەک
کێ ئەو قسەی کردووە
ئەو ئەستێرەیەی کە درەوشاوەیە
نەک
ئەو ئەستێرەی کە درەوشاوەیە
٨٤ - بینیمن دەڕۆیشتن بۆ سەیران نەک بینیانم دەڕۆشتن بۆ سەیران
بینیانم مانای منیان بینی دەدات، کە خۆی لێرەدا مەبەستەکە ئەوەیە من ئەوانم بینی
٨٥ - لەوانەیە نەک لەوانێ، لەوانێیە
شتی وا نییه نەک شتی وا نێ
٨٦ - تۆ بڕوانە، ئێوە بڕوانن
نەک
تۆ بڕوانن
٨٧ - دانەیەکی تر بکڕە
نەک
دانەیە تر بکڕە
٨٨ - کورت بووەتەوە، پێک هاتووە، درووست نەبووە نەک کورتبووەتەوە، پێکهاتووە، درووستنەبووە.
٨٩ - دوکاندار نەک دوکاننار
سووتاندن نەک سووتانن
فڕاندن نەک فڕانن
بڕیارمان دا نەک بڕیاران نا
واتە نەگۆڕینی پیتی (د) بە (ن) کاتێک لەدوای پیتی (ن)ەوە دێت.
٩٠ - سەیرکردن سێرکردن
هەیوان هێوان
جەژن جێژن
ددان ئێشە نەک ددان یەشە
ئێسقان نەک یەسقان
ئێزدیی نەک یەزیدیی
ناهێڵم بڕۆیت نەک نایەڵم بڕۆیت
دێت بۆ لام نەک یەت بۆ لام، هێت بۆ لام
لە ئێستاوە نەک لێستاوە
هێشتا نەک یەشتا
دراوسێکان، لادێکان نەک دراوسێیەکان، لادێیەکان
یارمەتییەکان، ڕۆژهەڵاتییەکان نەک یارمەتێکان، قوربانێکان
بە دڵێتی نەک بە دڵیەتی
واتە نەگۆڕینی (ەی، ییە) بە (ێ) و (ئێ، هێ، دێ) بە (یە) و بە پێچەوانەشەوە، هەروەها وننەکردنی (ئێ) کاتێک ئەمرازی پێوەندیی (لە)ی لەپێشەوەیە.
لە هەندێک وشەدا کە هەڵەی باون، چاوپۆشیی لێ دەکرێت وەک:
لێرە، لەوێ، لەوەندە، لەمەندە - لەئێرە، لەئەوێ، لەئەوەندە، لەئەمەندە
لەو، لەم، لەوە، لەمە، بەو، بەم، بەوە، بەمە، بەوان، بەمان، بەوانە، بەمانە - لەئەو، لەئەم، لەئەوە، لەئەوە
سەیری ئەم دێڕە هۆنراوەیەی سەید کامیل بکەن؛ هەردوو شێوەکەی تێدایە:
نەردی دەگەڵی کرد، لە ئەو ماچ و لەمیش ڕۆح
دۆڕاندی، ئەوا ڕۆحی چوو، بێچارەیە بابت
٩١ - بەخێرهاتنتان دەکەم نەک بەخێرهاتنتان لێ دەکەم
٩٢ - بەندییخانە نەک بەندینخانە
٩٣ - هەموو نەک حەموو
هونەر نەک حونەر
هەژدیها، ئەژدیها نە حەزیا
ئاست نەک حاست
٩٤ - جارێکی تر نەک جارەشکە
یەکێکی تر، یەکێکی دیکە نەک یەشکە
چیدیکە، چیتر، هیچی تر، هیچی دیکە
نەک
چیکە، هیچی کە
لە برایەتیی زیاتر هیچی تر نییە
نەک
لە برایەتیی زیاتر هیچی کە نییە
هیچی دیکە ناچم بۆ لای
نەک
هیچی کە ناچم بۆ لای
٩٥ - ئەوان نووسییان نەک ئەوان نووسیان
واتە دەبێت دوو یا بێت، چوونکە یەکێک لە یایەکان هینی جێناوی (یان)ە. بڕوانە بارەکانی تر: ئێمە نووسیمان، ئێوە نووسیتان.
٩٦ - کابرایەک داخوازیی ئافرەتێک دەکات
نەک
کابرایەک ئافرەتێک داخوازیی دەکات
لە حوجرەی ئێمە دەیان خوێند
نەک
لە حوجرەی ئێمەیان دەخوێند
٩٧ - تێی ناکەوێت نەک نایکەوێتێ
پێی نادرێت نەک نایدرێتێ
٩٨ - دڵی لێی دەبێزرێت نەک دڵی لێی دەبێزێت
لەشم داهێزراوە نەک لەشم داهێزاوە
واتە نەپەڕاندنی (ر)
٩٩ - نامەوێت، نامهەوێت، نەتەوێت...
نەک
نامتەوێ، نەتوێ
١٠٠ - شتی وا ڕوو دەدات بە خەیاڵی کەسدا نەیەت
نەک
شتی وا ڕوو دەدات بە خەیاڵی کەسدا نەیێت
١٠١ - دەتگۆڕم، دەتنێرم، نەتبینم، ناتدوێنم نەک دەدگۆڕم، دەدنێرم، نەدبینم، ناددوێنم
١٠٢ - جیهانبینیی، ماڵوێرانیی، دڵخۆش، ئاشتییخواز، هەنبانەبۆرینە، زۆر کەس، یەکەم جار
نەک
جهان بینیی، ماڵ وێرانیی، دڵ خۆش، ئاشتی خواز، هەنبانە بۆرینە، زۆرکەس، یەکەمجار
١٠٣ - دڕکوداڵ، هەڵیتوپڵیت، جلوبەرگ، بەژنوباڵا، شاخوداخ، چیلکەوچواڵ
نەک
دڕک و داڵ، هەڵیت و پڵیت، جل و بەرگ، بەژن و باڵا، شاخ و داخ، چیلکە و چواڵ
واتە وشە دووانییەکان، بەسەریەکەوە دەنووسرێن.
١٠٤ - لێرەیە، لە ماڵە نەک ها لێرە، وا لێرە، ها لە ماڵ، وا لە ماڵ
١٠٥ - دەبێتە، نابێتە، دەبێتەوە، نابێتەوە، دەچتە، ناچێتە، ناچێتەوە نەک دەبتە، دەبتەوە، نابتە، نابتەوە، دەچتە، ناچتە، ناچێتەوە
هەر دەوەنە دەبێتە دار
نەک هەر دەوەنە دەبتە دار
دووبارە دەبێتەوە
نەک دووبارە دەبتەوە
ناچێتە لادێ نەک ناچتە لادێ
١٠٦ - دەخوێنێت نەک دەخینێ
دەهێنێت نەک دینێ
منداڵەکە لەگەڵ خۆی دەهێنێت نەک منداڵەکە لەگەر خۆی دینێ
١٠٧ - دەستی بابە ماچ بکە، ماستی مانگا بکڕە، مۆبایلی ئایفۆن باشە نەک دەستی بابەی ماچ بکە، ماستی مانگای بکڕە، مۆبایلی ئایفۆنی باشە
١٠٨ - چوومە دەر/دەرەوە، نەک چوومە دەرێ
هاتمە ماڵ/ماڵەوە نەک هاتمە ماڵێ.
کەوتە خوار/خوارەوە نەک کەوتە خوارێ
بچنە ژوور/ژوورەوە نەک بچنە ژوورێ
پاشەکەوت بکە بۆ زستان نەک پاشەکەوت بکە بۆ زستان
دەغڵەکەیان بردووە بۆ خەرمان نەک دەغڵەکەیان بردووە بۆ خەرمانێ
١٠٩ - بەدیهێنان، بەدیهاتن، بەبەرهێنان، بەگیرکەوتن، بەدەستهێنان، بەزاڵەهاتن نەک وەدیهێنان، وەدیهاتن، وەبەرهێنان، وەگیرکەوتن، وەدەستهێنان، وەزاڵەهاتن
پارەکە بە ئازادە نەک پارەکە وە ئازادە
بە زمانی کوردیی قسە بکە نەک وە زمانی کوردیی قسە بکە
کۆبکەوە، کۆبکەرەوە نەک کۆوەکە
بەهار نەک وەهار
دەربەند نەک دەروەن
١١٠ - هەرچی نەک هەچی
پرسیار نەک پسیار
حەیات دەبەم نەک حەیات دەبەرم
ژێرڕاخەر نەک ژێڕاخەر
خۆڵڕێژ نەک خۆڕێژ
واتە نەقرتاندن و زادنەکردنی پیتی (ر، ڕ، ڵ) لە خۆڕا
١١١ - وانەکانم خوێند، میوەکانم هێنا
نەک
وانەکانم خوێندن، میوەکانم هێنان
١١٢ - ترسی ڕەوایەوە/ڕەوییەوە، زەوییەکە لەرییەوە/لەرایەوە، مەڕەکە سڵەمییەوە، برنجەکەی شۆرییەوە، کلیلەکەت دۆزییەوە؟ نەک ترسی ڕەویەوە، زەویەکە لەریەوە، مەڕەکە سڵەمیەوە، برنجەکەی شۆریەوە، کلیلەکەت دۆزیەوە؟
چونکە یای دووەمیان جێناوی لکاوە. (تەقیمەوە، تەقینەوە، تەقییەوە، تەقیتەوە)
١١٣ - بەخێر بچیت، ملی بشکێت، یاخوا نەخۆشیی بگریت.
نەک
بەخێر چی، ملی شکێ، یاخوا نەخۆشی گری.
١١٤ - ڕەگەزپەرستیی نەک ڕەگەزپەرستیەت
کۆنەپەرستیی نەک کۆنەپەرستیەت
هەلپەرستیی نەک هەلپەرستیەت
واتە نەخرێتە سەر سەلیقەی زمانی عەرەبیی
١١٥ - گوێی لێ بگرە نەک جوێی لێ بگرە
لە کوێی؟ نەک لە چوێی؟
کێو نەک چێو
کێک نەک چێک
واتە نەگۆڕینی پیتی ڕەسەنی (ک،) بە (چ، چ)
١١٦ - بەکارهێنان، بە کار بهێنرێت، بەدەستهێنان، بە دەست بهێنرێت
نەک بە کار هێنان، بە کارهێنان، بەکار هێنان، بەکاربهێنرێت، بەکار بهێنرێت،...
١١٧ - هەردەم، هەر دەمێک، نەک هەر دەم، هەردەمێک
هەرکەس، هەر کەسێک نەک هەر کەس، هەرکەسێک
هەرکات، هەر کاتێک نەک هەر کات، هەرکاتێک
هەروەک، هەریەک، هەردوو، هەردووک، نەک هەر وەک، هەر یەک، هەر دوو
هەردوو، هەردووک نەک هەرتک
١١٨ - لێبوویتەوە؟
نەک
لێوەبوویت، لێوەبوویتەوە؟
١١٩ - ڕێکخستنی جلوبەرگ نەک ڕێخستنی جلوبەرگ
ڕێخستن و ڕێکخستن دوو شتی جیاوازن
ڕێخستن= ١- خستنەڕێ، بەڕێخستن، بردنە ڕێ ٢- لێخستن
ڕێکخستن= ڕێککردن، لێکدان
١٢٠ - ((...یەکەم کەس بوو، کاغەزی هێنایە ئۆروپا)) ((کۆڵۆمبۆس هەندێک ئاڵتوونی لەگەڵ خۆی هێنایەوە بۆ ئیسپانیا))
ئەم ڕستانە هەڵەن. چونکە وشەی (هێنان) بۆ شوێنی نزیک (ئێرە) دەبێت. تاوەکوو ئەوەی لە سنوورە جیۆگرافییەکە دەرنەچیت هەر وشەی (هێنان) بەکار دێت. واتە بۆ ئێمەی کورد لە دەرەوەی سنووری کوردستان، دەبێت باسی (بردن) بکەین!
واتە باری ڕاستی ڕستەکە ئاوایە: (( ...یەکەم کەس بوو کاغەزی بردە ئۆروپا))
١٢١ - بێنەوبەرە، بگرەوبەردە نەک بێنەوبەردە
وشەکانی بێنەوبەرە، بگرەوبەردە وەک وشەی هەڵسوکەوت. وشەی دووانیین، وشەی یەکەم دەبێت پێچەوانەی دووەم بێت. واتە
کەوتن×هەستان
بێنە×بەردە
بەڵام
بێنە نابێتە پێچەوانەی بەردە!
١٢٢ - کوان کتێبەکان؟ کوان منداڵەکان؟ نەک کوا کتێبەکان؟ کوا منداڵەکان؟
کام لەم دوو وشەیە ڕاستە؟
نەک
کام لەم دوو وشەیە ڕاستن؟
کوا، پرسیارە لە تاک. کوان، پرسیارە لە کۆ
١٢٣ - ئێوە بوون بە/بوونە/ بوونەتە براوەی پێشبڕکێکە
نەک
ئێوە بوونە بە براوەی پێشبڕکێکە
جووجەڵەکان بوون بە/بوونە/ بوونەتە باڕۆکە
نەک
جووجەڵەکان بوونە بە باڕۆکە
١٢٤ - جەنگەڵ نەک جەنگەڵستان
وشەی جەنگەڵ بە واتای (دارستان) دێت. ناکرێت بە هەڵە لەسەر شێوەی وشەی (دارستان) بیکەین بە (جەنگەڵستان). ئەگەرنا وەک ئەوەیە؛ وشەی (لێڕەوار) کە ئەویش واتای (جەنگەڵ و دارستان)ە، بکەینە (لێڕەوارستان) یان وشەی (زۆزان) لەسەر کێشی وشەی (کوێستان)، بیکەینە (زۆزانستان)!
١٢٥ - کوان کتێبەکان؟ چەند کەسن؟ لەکوێوە هاتوون؟ بەچەند دەیفڕۆشیت؟ چیت هێنا؟
نەک
کتێبەکان کوان؟ کەسن چەند؟ هاتوون لەکوێوە؟ دەیفڕۆشیت بەچەند؟ هێنات چی؟
با شەڕ هەڵنەگیرسێت
نەک
شەڕ با هەڵنەگیرسێت
کە باران هات، فەرەنجییم بۆچییە؟!
نەک
باران کە هات، فەرەنجییم بۆچییە؟!
واتە، وشەی پرس، مەرجیی،... بخرێنە سەرەتاوە.
١٢٦ - ڕۆژیی دوو جار پیاسە بکە، هەر جارەیی/جاریی/جارێک بیست خولەک
نەک
ڕۆژی/ڕۆژێ دوو جار پیاسە بکە، هەر جارەی/هەرجارێ بیست خولەک
جووت یای سەر ڕۆژیی یەکیان ئەمرازی پێوەندیی و ئەوی تر، پاشگرە .
یی= ێک، ەی
وشەکان لە باری سەرەوە، وەک باری خوارەوە نین:
جاری دووەم، ڕۆژی یەکەم
١٢٧ - توخودا، توخوا نەک تخوا
توخودا لە( تۆوخودا، تۆ بیت و خوداکەت: واتە لەبەر خاتری خودات)ەوە هاتووە
١٢٨ - کوردەواریی نەک وڵاتی کوردەواری
کوردەوار، خۆی واتای وڵاتی کوردە
١٢٩ - گەڕایەوە، دۆزرایەوە، بوورایەوە، کرایەوە،... نەک گەڕاوە، دۆزراوە، بووراوە، کراوە،...
دەرگاکە کرایەوە نەک دەرگاکە کراوە
واتە ئەو کردارانەی (ەوە)یان پێوەیە. وەک (خوێندنەوە، کردنەوە، شەکانەوە، بوورانەوە) لە باری ڕابردوودا نەکرێنە شێوەی ئاوەڵناوی بەرکار
١٣٠ - ئەو ڕۆیشت/ڕۆشت بۆ ماڵەوە نەک ئەو ڕۆی/ڕۆیی بۆ ماڵەوە
هەواڵەکە گەیشت/گەشت نەک هەواڵەکە گەیی
١٣١ - مەلەوان نەک مەلەوانزان
مەلەوانیی نەک مەلەوانزانی
توندڕەو نەک توندڕەوکار
زیادەڕۆ، زیادەڕەو نەک زیادەڕۆکار
وشەی زیادەڕۆکار پێشنیازی هەڵەی پەرلەمانە.
واتە دوو نیشانەی پیشەیی ناچنە سەر یەک وشە، مەگەر ئەوەی وشەیەکی کارا، کاری لەسەر کرابێت وەک
جادووگەرکوژ، درۆزنترسێن،...
١٣٢ - دوو ساڵ لە ئەمنەسوورەکە زیندانیی/بەند/گرتوو بوو
نەک
دوو ساڵ لە ئەمنە سوورەکە زیندان بوو
زیندان واتە گرتووخانە. هەڵەیە بە واتای گرتوو بە کاری بهێنین
١٣٣ - خۆشمان دەوێن نەک خۆشمان دەون
١٣٤ - جاران تووتنی بۆندار هەبوو، ناوی شاور بوو
نەک
جاران تووتنی بۆندار بوو، ناوی شاور بوو
کەمێک ویژدانت هەبێت
نەک
کەمێک ویژدانت بێت
ئەگەر ببیت بە دراوسێم؛ شادمان دەبم
نەک
ئەگەر بیت بە دراوسێم؛ شادمان دەبم
ئەگەر ببێت بە ئاوی حەیات نایخۆمەوە
نەک
ئەگەر بێت بە ئاوی حەیات نایخۆمەوە
ئەم ڕستانە لەسەر باری ئەرێن. ئەگەر ڕستەکان بخرێنە سەر باری نەرێ، ئەوکات نیشانەی (نە) وەردەگرن.
١٣٥ - شادمان دەبم، سەرسام دەبن، پەرێشان دەبیت
نەک
شادمانەبم، سەرسامەبم، پەرێشانەبم
خۆش دەبوو، لەگەڵمان بوویتایە
نەک
خۆشە بوو، لەگەڵمان بوویتایە
واتە نەقرتاندنی (د)ی نیشانەی کردار
١٣٦ - سواری پاس بووم
نەک
سوار پاس بووم
ماڵی خۆمانم لێ ون بوو
نەک
ماڵ خۆمانم لێ ون بوو
١٣٧ - خەمبارە، هەر بۆیەش ماتە
نەک
خەمبارە، هەر بۆشە ماتە
١٣٨ - سەرئێشەیەکی توندم گرتووە، یەک مامۆستای شارەزا شک دەبەم
نەک
یەک سەرئێشەیەکی توندم گرتووە، یەک مامۆستایەکی شارەزا شک دەبەم.
وشەی (یەک)ی یەکەم زیادە. چونکە بەسەر بەرکارەکەوە هەیە.
١٣٩ - برسیم بوو، بۆیە/بۆیەش خواردم
نەک
برسیم بوو بۆشە خواردم
١٤٠ - (ناسراو: ئاشنا) نەک ناسیاو
هەروەک کوژراو، سووتاو،... نەک کوژیاو، سووتیاو،...
١٤١ - بەم جۆرە، بەو شێوەیە نەک بەمجۆرە، بەوشێوەیە
١٤٢ - مایین نەک ماین
ئایین نەک ئاین
پاییز نەک پایز
دواین نەک دوایین
باشترین نەک باشتریین
١٤٣ - بەڕێوەبەرێتیی نەک بەڕێوەبەرایەتیی
١٤٤ - مەلا نەک زانای ئایینیی، مامۆستای ئایینیی
زانا و مامۆستای ئایین و مەلا، سێ شتی لێک جیاوازن.
١٤٥ - بەرگدروو، دروێنە، دروونەوە/دروینەوە، دروون/دروین، دروومان
نەک
بەرگدوور، دوروێنە، دورینەوە، دروین، دوورمان
١٤٦ - دەڕۆیت، دەپۆشیت، کۆچ دەکەیت نەک دەڕۆی، دەپۆشی، کۆچ دەکەی
تۆ جوانیت، وەک گوڵیت، تەمەندرێژ بیت نەک تۆ جوانی، وەک گوڵی، تەمەن درێژ بی
چۆنیت؟ چاکیت؟ باشیت؟ نەک چۆنی؟ چاکی؟ باشی؟
دەکات، دەخوات، دەبات، دەدات نەک دەکا، دەخوا، دەبا، دەدا
دەپژمێت، دێت، دادەگرێت، هەڵدەچێت نەک دەپژمێ، دێ، دادەگرێ، هەڵدەچێ
ئەوە تۆیت هاتوویت شەڕ دەفڕۆشیت نەک
ئەوە تۆی هاتووی شەڕ دەفڕۆشی
ئەگەر باشت کرد، ئەگەر چاکت کرد
نەک
ئەگەر باش کرد، ئەگەر چاک کرد
دەستتان بێنن، دەستت بێنە نەک دەستان بێنن، دەست بێنە
ڕەوشتتان جوان بێت نەک ڕەوشتان جوان بێت
واتە نووسینی پیتی (ت) لە جێناوەکانی (ات، ێت، یت)
١٤٧ - دەکات نەک دەکاتن
دەچێت نەک دەچێتن
لەگەڵمان دێت بۆ سەیران نەک لەگەڵمان دێتن بۆ سەیران
١٤٨ - پشکنەر نەک پشکێنەر
١٤٩ - باشووری کوردستان، خۆرەڵاتی کوردستان، خۆراوای کوردستان نەک کوردستانی باشوور، کوردستانی خۆرهەڵات، کوردستانی خۆرئاوا
یەک کوردستانمان هەیە نەک چەند کوردستانێک
١٥٠ - تۆم ناسی، دەستم تەزی، دەستم بڕی نەک تۆم ناسیی، دەستم تەزیی، دەستم بڕیی
١٥١ - ساوگە، ئاژەڵگە/گۆسانگە، پەلەوەرگە، ماسیگە نەک باخچەی ساوایان، باخچەی ئاژەڵان، کێڵگەی پەلەوەر، کێڵگەی بەرهەمهێنانی ماسی
١٥٢ - شێوەزاری کرمانجیی ناوەند نەک شێوەزاری سۆرانی
شێوەزاری کرمانجیی سەروو/ژووروو نەک زاراوەی کرمانجیی سەروو/ژووروو
کرمانجیی ناوەند، زۆر لەوە فراوانترە پێی بوترێت سۆرانیی. هەروەها زاراوە، واتای (وشە، پەیڤ) دەدات نەک دیالێکت
١٥٣ - ئەوان کۆبوونەوە نەک ئەوان کۆبوونەوەیان کرد، کۆبوونەوەیان ساز کرد، کۆبوونەوەیان ئەنجام دا،
هێزەکان کشانەوە نەک هێزەکان کشانەوەیان کرد
١٥٤ - ڕۆژژمێر، کاتژمێر نەک ڕۆژمێر، کاژێر
وشەی (کاژێر)، پێشنیازێکی هەڵەیە و دەستگەیەکی ڕاگەیەنەریی تاکڕەوانە بە کاری دەهێنێت.
١٥٥ - ڕۆژوودار، ڕۆژووگر نەک ڕۆژووەوان
پاشگری (-وان، -ەوان)، واتای ناوی پیشە و شارەزایی درووست دەکات.
وەک: دەرکەوان، شاخەوان، باخەوان،...
ڕۆژووگرتنیش پیشە نییە!
١٥٦ - لە سەری کۆڵانەکە، لەپاڵ دیوارێک و لەسەر مقەبایەک دانیشتووم، لە نزیکی ستوونەکەم نەک لەسەری کۆڵانەکە لە پاڵ دیوارێک و لە سەر مقەبایەک دانیشتووم، لەنزیکی ستوونەکەم
١٥٧ - بۆچ، بۆچی؟ نەک بۆ؟
بۆچی بچووکتر هەڵنابژێریت؟ نەک بۆ بچووکتر هەڵنابژێریت؟
١٥٨ - بۆ، لەبۆ نەک لۆ
بۆ/لەبۆ فێربوون دەکۆشم نەک لۆ فێربوون تێدەکۆشم
١٥٩ - بە خۆم شت زۆر گران ناکەم، ژیانیش بۆ خۆی هەر ئەوەیە
نەک
من خۆم/خۆم بۆخۆم/من وەک خۆم، شت زۆر گران ناکەم، ژیانیش خۆی لە خۆیدن/خۆی بۆ خۆی هەر ئەوەیە
خۆی کوشتووە نەک خۆی خۆی کوشتووە
١٦٠ - لێکچوون، پێکهاتنەوە، تێکهەڵچوون نەک وێکچوون، وێکهاتنەوە، وێکهەڵچوون
١٦١ - هەموو خەڵکەکە خۆشیان دەوێت نەک هەموو خەڵکەکە خۆشی دەوێت
ساڵانە ٦ ملیۆن کەس بە هۆی جگەرەوە دەمرن
نەک
ساڵانە ٦ ملیۆن کەس بە هۆی جگەرەوە دەمرێت
دوو کەس هاتن بۆ ماڵمان
نەک
دوو کەس هات بۆ ماڵمان
لە یەک بەو لاوە؛ مامەڵەی کۆی لەگەڵ دەکرێت
١٦٢ - هەنگاونان نەک هەنگاوکردن
ئەگەر ئەم هەنگاوانە بنێیت؛ سەرکەوتوو دەبیت
نەک
ئەگەر ئەم هەنگاوانە بکەیت؛ سەرکەوتوو دەبیت
ئەم سێ هەنگاوە بنێ بۆ پاراستنی مۆبایلەکەت
نەک
ئەم سێ هەنگاوە بکە بۆ پاراستنی مۆبایلەکەت
١٦٣ - قادر، ئیبراهیم، عەزیز، ئیسماعیل، کارزان، مەریوان، گۆران،...
نەک
قالە، بلە، عەزە، سمە، کارە، مەرە، گۆرە،...
١٦٤ - کاک کۆچەر، دادە چرۆ، شێخ هەڵۆ، یایە تریفە
نەک
کا کۆچەر، دا چرۆ، شێ هەڵۆ، یا تریفە
١٦٥ - مەحموود، ڕەسووڵ، عەبدوڵڵا، عەبدولڕەحمان، یوسف، داود،...
نەک
مەحمود، ڕەسوڵ، عەبدوڵا، ئەوڕەحمان، ویسف، داوود،...
١٦٦ - ڕاپەڕینی شێخ سەعیدی پیران، ڕاپەڕینی ئەیلوول، ڕاپەڕینی شێخ مەحموود
نەک
شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران، شۆڕشی ئەیلوول، شۆڕشی شێخ مەحموود
شۆڕش، گۆڕانکارییەکی بنەڕەتیی لە کۆمەڵگە و وڵات درووست دەکات، وەک (شۆڕشی فەڕەنسا، شۆڕشی پیشەسازیی،...) ئەمانەی سەرەوە، تەنیا ڕاپەڕین و بزووتنەوەی ڕامیاریی و چەکداریی بوون.
١٦٧ - (پیرەمێرد)ی هۆنەر/شاعیر، (پیرەمێرد)ی ڕۆژنامەنووس،....
نەک
شاعیر (پیرەمێرد)، (پیرەمێرد)ی فەیلەسووف
فەیلەسووف، هەڵگری بیرێکی فەلسەفییە. بە هەموو کەسێک ناوترێت فەیلەسووف، هەروەک ئەوەی بە چیرۆکنووسێک ناوترێت مێژوونووس.
١٦٨ - زستان نەک جستان
١٦٩ - سەرپەرشت، یارییدەر، یارییدە نەک
سەرپەرشتیار، یارییدەدەر
وشەکانی (سەرپەرشت، یارییدە/یارییدەر) خۆیان ناوی کاران. پێویستیان بە ئەمرازی تر نییە، بیانکات بە ناوی کارا(اسم فاعل)
١٧٠ - ئاوی مەند نەک ئاوی مەنگ
کردی بە پەند نەک کردی بە پەنگ
وەندەرێنە نەک وەنگەرێنە
ددان نەک دگان
مژدێنیی، مژدانە نەک مزگێنیی، مژگێنیی
واتە، نەگۆڕینی پیتی (د)ی ڕەسەن، بە پیتی (گ)
١٧١ - ئەستێرەی خۆر، ۱٥۰ ملیۆن کیلۆمەتر لە زەوییەوە دوورە
نەک
هەسارەی خۆر، ۱٥۰ ملیۆن کیلۆمەتر لە زەوییەوە دوورە
هەسارەی زوحەل، هەسارەی زوهرە
نەک
ئەستێرەی زوحەل، ئەستێرەی زوهرە
ئەستێرە، تۆپەڵێکی گازیی کڵپەدارە و ڕووناکیی و گەرمییدەرە، بەڵام هەسارە، تەنێکی کوژاوەی ڕەقە، گەرمیی و ڕووناکیی نادات
ئەستێرە: (ستارة) star
هەسارە: (سيارة، كوكب) planet
١٧٢ - من و تۆ، چاک و خراپ نەک منوتۆ، چاکوخراپ
کورد و پارە و خیانەت نەک کوردو پارەو خیانەت
١٧٣ – چەوەندەر نەک چەنەوەر
دەروێش نەک دەورێش
بەیەکجاریی نەک بەیەجگاریی، بەئێجگاری، بە ئێگجاریی، بەیەگجاریی،
١٧٤ - ئێستا، تەنیا، هێشتا، خودا، خۆزیا/خۆزگا، بریا، کاشکا، نەک ئێستێ، تەنێ، هێشتێ، خودێ، خۆزیی/خۆزێ، برێ، کاشکێ
١٧٥ - ئینشائەڵڵا (ان شاء اللە) نەک شەڵا، شەڵڵا، شەڵڵایە، ئینشەڵڵا
ئەڵڵا، وەڵڵا، ئەرێوەڵڵا، نەوەڵڵا نەک وەڵا، ئەروەڵا، ئەروڵا، نەوەڵا
١٧٦ - کابرا خۆی لەڕووە و چیت هەیە لە ڕووی خۆی بیڵێ
نەک
کابرا خۆی لە ڕووە و چیت هەیە لەڕووی خۆی بیڵێ
بە درۆ، خۆی نەخۆش خستووە
نەک
بەدرۆ، خۆی نەخۆش خستووە
سەرکردە بێ هێزی گەل بێهێزە
نەک
سەرکردە بێهێزی گەل بێ هێزە
بێگومان، بێ تۆ، ژیان بێمانایە
نەک
بێ گومان، بێتۆ، ژیان بێ مانایە
واتە وشە داڕێژراوەکان بەسەریەکەوە بنووسرێن و تێکەڵ نەکرێن لەگەڵ وشەیەکی سادە کە ئەمرازەکانی (نە، نا، بێ، بە، بۆ، لە، تێ،...)یان لەپێشەوەیە.
١٧٧ - هەندێک جار، نەنووسینی (ەوە) ناڕوونیی درووست دەکات:
نامەیەکم لە هەندەران پێ گەیشت
جیایە لە
نامەیەکم لە هەندەرانەوە پێ گەیشت
١٧٨ - دووفاقیی نەکردن لە دەمی کردارەکانی دوو ڕستەی پێکەوەگرێدراو، هەروەها ناکۆک نەکردنی کردار لەگەڵ کاتەکەدا.
دوێنێ سێ کەس کوژران و چل کەس بریندار بوون
نەک
دوێنێ سێ کەس دەکوژرێن و سی کەس بریندار دەبن
دوژمن شاڵاوی دەهێناو نزیک دەبووەوە
نەک
دوژمن شاڵاوی هێنا و نزیک دەبووەوە
منداڵێکی ژیکەڵانەیە، زوو زوو ماچم پێ دەدات
نەک
منداڵێکی ژیکەڵانە بوو، زوو زوو ماچم پێ دەدات
١٧٩ - بینیم، دیم، دیتم نەک دینیم
١٨٠ - بە چاوەوە نەبیت نەک نەبیت بە چاوە، بەچاوە نەبیت
١٨١ - ساڵوەگەڕ، ساڵگەرد، ساڵیاد نەک ساڵڕۆژ
١٨٢ - (سێ، چوار جار/ سێ و چوار جار، سێ بۆ چوار جار) لە دەرگەم دا نەک سێ چوار جار لە دەرگەم دا
١٨٣ - براکەم لە فرمانە لەو دەشتە نەک براکەم لە فەرمانە لەو دەشتە
پاشا فەرمانی دا بە سەربازەکانی نەک پاشا فرمانی دا بە سەربازەکانی
واتە، جیاوازییکردن لەنێوان وشەکانی (فرمان، فەرمان)دا.
فرمان: کار، ئەرک
فەرمان: أمر
١٨٤ - کچێک، هەندێک، کەسێک، ڕۆژێک نەک کچێ، هەندێ، کەسێ
پلێک گۆشت، ڕۆژێک لە ڕۆژان، هەندێک جار نەک پلێ گۆشت، ڕۆژێ لە ڕۆژان، هەندێ جار
کچەکە وایزانی، کوڕەکە هاوسەرگیریی لەگەڵ دەکات
نەک
کچە وایزانی، کوڕە هاوسەرگیریی لەگەڵ دەکات
واتە نەقرتاندنی کافی نیشانەی ناسراویی و نەناسراویی
١٨٥ - هاوڕێی دڵسۆز، ئاوەدانیی کوردستان، هێلکەی مریشک نەک هاوڕێ ی دڵسۆز، ئاوەدانیی ی کوردستان، هێلکە ی مریشک
واتە جیانەکردنەوەی یای پێوەندیی لە وشەکەی پێش خۆی.
١٨٦ - مەحموود، حەز، حۆریی نەک مەعموود، عەز، عۆریی
مەعهەد، ئەستەغفیروڵڵا، مەعتەل، ئیعتیادی، بەخیل، عەنتەر نەک مەحەد، ئەستەخفیروڵڵا، مەحتەل، ئیحتیادی، بەغیل
واتە پێک نەگۆڕینی پیتی (ح، ع)، (غ، خ)
١٨٧ - ئەم پێنووسە هینی منە
نەک
ئەم پێنووسە هی منە، ئەم پێنووسە هین منە
١٨٨ - دەچم بۆ عومرە نەک دەچم بۆ عەمرە
١٨٩ - بە گشتیی، بە جوانیی، بۆ نموونە، بە نموونە، بە واتای، بە ئاسانیی، بە شێوەیەکی باش، بە دڵ و بە گیان، سوێند بە خوا
نەک
بەگشتیی، بەجوانیی، بۆنموونە، بەنموونە، بەواتای، بەئاسانیی، بەشێوەیەکی باش، بەدڵ و بەگیان، سوێند بەخوا
١٩٠ - فێرگە، فێرخواز، فێرکار(مامۆستا، ئوستاز) نەک قوتابخانە، خوێندنگا، قوتابی، خوێندکار
وشەکانی (قوتابخانە، خوێندنگا، قوتابی، خوێندکار) بەحیزبیی کراون.
١٩١ - پیاوێکی ئینگلیز، کچێکی ڕووس، منداڵێکی فەڕەنس/فەڕەنگ، ژنێکی سعودیی، ژنێکی عەرەب نەک پیاوێکی ئینگلیزیی، کچێکی ڕووسیایی، ژنێکی عەرەبیی، منداڵێکی فەڕەنسیی
١٩٢ - زمانی فارسیی، زمانی ئۆردوویی نەک زمانی ئێرانیی، زمانی پاکستانیی
١٩٣ - یۆنانییەکان، ئێرانییەکان، گەرمیانییەکان نەک یۆنانەکان، ئێرانەکان، گەرمیانەکان
١٩٤ - کیمیایی، فەڕەنسایی، ئاسیایی، نەمسایی نەک کیمیاویی، ئاسیاویی، فەڕەنساویی، نەمساویی
١٩٥ - چالاک نەک چالاکوان
١٩٦ - پێشناوەکانی (کاک، مام، باجی، یایە،...) نەک
ناسناو/نازناوەکانی (کاک، مام، باجی، یایە،...)
١٩٧ - یەکەم، دووەم، سێیەم نەک یەکهەم، دووهەم، سێهەم
١٩٨ - ئەودیوکردن نەک ئاودیوکردن
١٩٩ - بودا، ئایینی بودیی/بودایی نەک بوزا، ئایینی بوزیی/بوزایی
٢٠٠ - تۆ تەماشا بکە، بزانە چەند دڵڕفێنە نەک تۆ تەماشا، بزانە چەند دڵڕفێنە
تۆ دەنگ مەکە، کورە وس بە نەک تۆ دەنگ، کورە وس
داوەشێیت نەک داوەش
ئافرەتەکە چوو بۆ پاچەکۆڵەکردن نەک ئافرەتەکە چوو بۆ پاچەکۆڵە
٢٠١ - بنەسڵاوە بنەسراوە
ماڵ نەک مار
تۆ دڵ و گوڵی منیت نەک تۆ در و گوری منیت
واتە نەگۆڕینی پیتی (ڵ) بە (ر)
٢٠٢ - بیکەرەوە، بیدەرەوە، بڕۆرەوە نەک بیکەرۆ، بدەرۆ، بڕۆرۆ
٢٠٣ - بە با، بەربایی نەک بە باد، بەربادیی
ڕەنجم بە با چوو نەک ڕەنجم بەرباد بوو
٢٠٤ - فاسۆلیا، سەتڵ، شەتڵ، سابوون، چین، زەروور، زاڵم نەک فاصۆلیا، صەتڵ، شەطڵ، صابوون، صین، ضەروور، ظاڵم
واتە نەنووسینی و تێکەڵنەکردنی پیتی بیانیی بە ڕێنووسی کوردیی
٢٠٥ - بەڕێوەبەر نەک بەڕێوبەر
٢٠٦ - چۆنێتیی، تایبەتمەندێتیی/تایبەتمەندیی، دەسەڵاتدارێتیی نەک بە دڵیەتی، چۆنیەتیی، تایبەتمەندیەتیی، دەسەڵاتداریەتیی
٢٠٧ - نەنووسینی ئەو ناوانەی دوژمنان لە جێی ناوە کوردییەکان سەپاندوویانن. وەک:
ئورمیە، ورمێ نەک ڕەزاییە
دەرسیم، دێرسیم نەک تونجەلی
٢٠٨ - لەگەڵ یار، ژوان دەبەستێت نەک لەگەڵ یار، جێژوان دەبەستێت
جێژوان= ژوانگە، شوێن و جێی ژوان
٢٠٩ - دەریاچەی وان، دەریای سوور، زەریای هێمن نەک دەریای وان، زەریای سوور، دەریای هێمن
٢١٠ - بانەکە ڕووخا، میچەکە ڕووخا، ئەو بانە دەڕووخێت نەک سەربانەکە ڕووخا، بنمیچەکە ڕووخا، ئەڕوخێ ئەو سەربانە
(بان= میچ - سقف) (سەربان= سەرمیچ) (بنمیچ= بنبان، ژێربان: ڕووکاری ژێرەوەی میچ)
زۆرترین بینراو
developed by Scorpion shield