ئیبن سینا

بڵاوکردنەوە:

زنار بابەکر

نووسەر:

زنار بابەکر

بینراو:

2017

بەش:

ئاشنایی

جیهان بەزۆری وەک سەردەمێکی تاریک لە سەدەکانی ناوەڕاست دەڕوانێت، بەڵام ئەمە بەهیچ شێوەیەک دروست نییە لەبارەی هەموو بەشێکی جیهانەوە، بەتایبەتی بۆ خاکەکانی فارس لەماوەی سەردەمی زێڕینی ئیسلامدا، کە دۆزینەوە و نوێخوازی تازە لە بوارەکانی زانست، فەلسەفە، بیرکاری و هونەر لەژێر ڕۆشنایی بیری بیرمەند و فەیلەسوفە فارسەکانەوە ئەنجامدەدرا. لە ناوچەقی هەموو ئەو بیرە بلیمەت و سرووشاوانەشەوە، ئیبن سینا هەبووە، ئەو گەورە فەیلەسوفەی فارس کە بووە بە یەکێک لە ڕێزلێگیراوترین بیرمەندەکان لە سەرانسەری جیهان.

ئەبو عەلی سینا، کە لە خۆرئاوا ناسراوە بە ئاڤیسینا، بریتی بوو لە فرەشارەزاییەک کە کار و بەرهەمەکانی لەناو بوارەکانی تەندروستی، دەروونناسی، دەرمانسازی، جیۆلۆجی، فیزیا، گەردوونناسی، کیمیا و هەروەها فەلسەفە خۆی دەبینیەوە. بەهەمان شێوە هۆنەر، مامۆستایەکی ئیسلامی و هەروەها ئایینزانێکیش بووە. گەورەترین کاری ناسراوی ئیبن سینا، بریتی بووە لە "دەستووری تەندروستی،" کە بریتییە لە ئینسایکلۆپیدیایەکی پێنج بەرگی و زانیارییەکی ئێجگار زۆر لەخۆدەگرێت و هەموو زانستە تەندروستییەکەی ئەو سەردەمەی پوختە کردۆتەوە. ئەم شاکارە لە سەرانسەری جیهاندا بەکارهێنراوە تاکو سەدەی هەژدەیەم، بەواتایەکی تر، بۆ ماوەی 700 ساڵ. لەماوەی ژیانی کورتیدا، بەرهەمەکانی ئیبن سینا فەلسەفەی ئیسلامی گۆڕی و دواتریش کاریگەری هەبوو بەسەر بیرمەندەکانی ترەوە وەکو غەزالی. تەنانەت، ڕۆشنایی زانست و زانیارییەکەی بەرەو جیهانی مەسیحیەتیشەوە فراوان بۆوە و کاریگەری هەبوو بەسەر بیرۆکە بیردۆزە فەلسەفییەکانی بیرە خۆرئاواییەکانەوە، وەکو سەینت تۆماس ئەکوینانس و ڕێنی دیکارت.

 

ژیانی ئیبن سینا

ئیبن سینا، لە ماوەی کۆتاییەکانی ژیانیدا، ژیاننامەی خۆی نووسیوە تا ساڵانی ناوەندی تەمەنی کاتێک کە چاوی بە قوتابی و یاوەرێکی خۆی کەتووە، بەناوی ئەبو عوبەید جوزجانی، کە ژیاننامەکەشی هەر بۆ ئەو تەرخانکردووە. دواتر، جوزجانی ژیاننامەکەی تەواوکردووە دوای مردنی مامۆستاکەی لە ساڵی 1037 زایینی. ژیاننامەکە، لەگەڵ سەرچاوەکانی زانا و مامۆستا ئایینییەکانی ئیسلامی سەدەکانی ناوەڕست، کراوە بە بەڵگەنامەیەک کە ئەمڕۆ بە بەرفراوانترین سەرچاوە دادەنرێت لەسەر ژیانی ئیبن سینا. بەپێی ئەو بەڵگەنامەیە، لە ماوەیەک لە حەفتاکانی سەدەی دەییەم لەدایکبووە – بەزۆری گوماندەکرێت لە 964 – لە گوندێک بەناوی بوخارە لە ئوزبەکستانی ئەمڕۆ. باوکیشی، لە بەلخ بووە لە ئەفغانستان، بەڵام ڕووەو باکور ڕۆیشتووە لە ڕۆژگاری گەنجێتیدا لەپێناو دۆزینەوەی کاردا. دواتریش، باوکی بووە بە فەرمانداری گوندی خارمایثان، لەژێر دەسەڵاتی بنەماڵەی سامانی فارسی کە ناوچەی فەرارود و خۆڕاسانی بەڕێوەدەبرد و بوخارەش وەکو پایتەخت. کاتێک کە ئیبن سینا مناڵێکی بچووک بوو، خێزانەکەی لە بوخارە نیشتەجێبوون و ئەویش لەوێ دەستیکرد بە ڕێچکە فەلسەفییەکەی ژیانی و وەکو یەکێک لە هەڵبژاردە ڕامیارییەکانی بنەماڵەی سامانی پەروەردە دەکرا.

لە ژیاننامەکەیدا، ئیبن سینا بەدوورودرێژی لەبارەی خوێندنەکانی لە زانستە ڕووناکبیرەکانەوە دەنووسێت، کە بریتی بوون لەو پەیڕەوە فەلسەفیانەی لە قوتابخانە یۆنانییەکانی خوێندنە باڵاترەکانەوە ڕاهێنانیان لەسەردەکرا بەر لە سەدەکانی ناوەڕاست، بەتایبەت لە شاری ئەسکەندەریە. ئەو زانستە ڕووناکبیرییانە لە ژیربێژی پێکهاتبوون وەکو ئامێری فەلسەفی، فیزیا و بیرکاری وەکو زانستە بیردۆزییەکان، هەروەها مێتافیزیا، لەگەڵ زانستە کردەییەکانی وەکو ڕەوشت و بەڕێوەبردنی ماڵ، بە ڕامیاریشەوە بەهەمان شێوە. ئیبن سینا لە ژیاننامەکەیدا ئاماژە بەوە دەدات کە هەموو ئەو بوارانەی خۆی خوێندووە، بەهەمان ئەو ڕیزبەندییەش، بە بەرزکردنەوە و زیادکردنی ئاستەکانیان بەپێی کات تاکو شارەزایی تەواوی لە هەر یەکێکیاندا بەدەستهێناوە لە تەمەنی 18 ساڵیدا. بەهەمان شێوە تەندروستیشی خوێندووە لە تەمەنی 13 ساڵی بە سەرپەرشتی چەند مامۆستایەک، و لە تەمەنی 16 ساڵی، خۆی وەک پزیشکێکی ڕێزلێگیراو بنیاتناوە لە ناویاندا. لە ڕاستیدا، تەنانەت مامۆستاکانیشی تێپەڕکردووە، ئەو کوڕێکی خۆتێهەڵقورتێن بووە کە هەمیشە پەرۆشی فێربوونی زیاتر بووە و هەرگیز ئاسوودە نەبووە بەوەندەی کە زانیویەتی و پێیبووە.

نوح ئیبن مەنسور، سوڵتانی بوخارە لە سەرای سامانیدا، تووشی نەخۆشییەک بوو کە هەموو پزیشکە ناودارەکان هیوایان بۆ لەدەستدابوو، بەڵام ئیبن سینا توانی سەرکەوتووانی چارەسەری بکات! لە ئەنجامیشدا، وەکو پزیشکێک لەلایەن سوڵتانەوە وەرگیرا و ڕێگەی پێدرا سەردانی کتێبخانەی شاهانە بکات، کە لەوێ، وەک خۆی دەڵێت، "ئەو کتێبانەی خوێندۆتەوە، مامۆستایەتی فێرکارییەکانیانی کردووە، هەروەها بۆی دەرکەوتووە کە هەر کەسێک تا چەند لە زانستەکەی خۆیدا پێشکەوتووە." کتێبخانەکەی سوڵتان بە یەکێک لە مەزنترینەکانی جیهان دانراوە لە سەدەکانی ناوەڕاست، دەستنووسە دەگمەنەکانی ڕێگەی بە ئیبن سینا دا بەردەوامی بە لێکۆڵینەوەکان بدات و هاوکاریشی بن لە خۆپەروەردەکردنی فەلسەفیدا. دوای ماوەیەکی کەم، یەکەمین پەرتووکی خۆی نووسی، "پوختەیەک لەسەر ڕۆح،" کە بۆ سوڵتانی تەرخانکرد وەک سوپاسگوزارییەک بۆ ڕێگەدان لە سەردانی کردنی کتێبخانە شاهانەییەکە.

لە تەمەنی 21 ساڵیدا، یەکێک لە هاوسێکانی، بەناوی "ئارودی،" داوای لێکرد تا کارێکی بەرفراوان بنووسێت لەسەر هەموو فەلسەفە. ئەو کارە دیاریکراوە، کە ناو دەبرێت بە "فەلسەفە بۆ ئارودی،" لە هەموو بابەتێک پێکهاتبوو جگە لە بیرکاری. هاوسێیەکی تر، "بەراقی،" بەهەمان شێوە داوای لە ئیبن سینا کرد بۆ سەرنجەکانی لەسەر پەرتووکە فەلسەفییەکانی گشت بابەتەکان، بەتایبەتیش کارەکانی فەیلەسوفی یۆنانی مەزن، ئەریستۆ، بۆیە ئیبن سیناش بەرهەمێکی بیست بەرگی نووسی کە ناوی دەبرد بە "بەردەست و ڕەوا،" لەگەڵ دانەیەکی تری دوو بەرگی لەسەر زانستە کردەییەکان، "خواناسی و گوناح."

لە ماوەی مردنی باوکیدا، ئیبن سینا دەڵێت کە "پێویستی ناچاری کردم تا بوخارە جێبهێڵم." هەرچەندە، سروشتی ئەو "ناچارییە" بەئەستەم دەزانرێت کە چییە، بەڵام قارەخانییە تورکییەکان دەستیان بەسەر بوخارە داگرت و کۆتاییان بە دەسەڵاتی سامانی هێنا. هەروەها، بەهۆی ئەوەشەوە کە ئیبن سینا بەسترابۆوە بە بنەماڵە دەسەڵاتدارەکەی سامانییەوە، پیشە پارێزراوەکەی وەکو پزیشکی شاهانە کۆتایی هات بەهەمان شێوە. بەڵام، هۆکاری ڕۆیشتنی لە بوخارە هەرچییەک بووبێت، وای لە ئیبن سینا کرد کە دەست بە ژیانێکی تازە بکات بۆ دۆزینەوەی پیشە و پشتگیری. ڕووی لە باکور کرد، بەرەو گورگانج لە خواریزم، بەڵام لە کۆتاییدا ناچاربوو ڕوو لە خۆرئاوا بکات بەرەو جورجان لەنزیک دەریای قەزوین کە لەوێ ژیربێژی و گەردوونناسی دەخوێند. لەوێ، بەهەمان شێوە هاودەمی ناوداری خۆشی بینی بەناوی "ئەبو ڕەیحانی بیرونی،" کە ئیستا ناودەبرێت بە باوکی ئیندۆلۆجی، دامەزرێنەری ئایینە بەراوردەکان، هەروەها تەنانەت باوکی ڕووپێوزانی سەردەم. ماوەیەک لە جورجان ماوەیە، بەڵام دواتر، دووبارە ناچاربوو بڕوات و بەرەو ناوچەقی خاکی ئێرانی گەشتبکات، بۆ ڕەی و دواتریش بۆ هەمەدان، کە لەوێ کار و بەرهەمەکانی خۆی دەنووسی و هەروەها فێریشدەکرد. وە، شازادەی هەمەدانیشی، "شەمسودەولە،" لە نەخۆشییەکی کوشندە چارەسەر کرد.

لە هەمەدانەوە، ڕۆیشت بەرەو ئەسفەهان لە ناوەندی ئێرانی ئەمڕۆ. لەوێ، ڕێگەی پێدرا قوتابخانەی خۆی بکاتەوە و بێ هیچ ناڕەحەتییەکی سیاسی بنووسێت. نووسینی داستانەکانی تەواو کرد و 400 پەرتووکی لە بوارە هەمەجۆرەکانی فەلسەفە، تەندروستی، گەردوونناسی، ڕووەکناسی، گیانەوەرناسی، کەشناسی و هەروەها دەوونناسی تەواوکرد، بەڵام تەنها 240 دانەیان توانیان بمێننەوە. بەڵام، لەگەڵ ئەوەشدا، بەردەوامبوو لە گەشتکردن و کۆششی بیری و ناکۆکی ڕامیاری کاری لە تەندروستی کرد، لە دەرەنجامیشدا تووشی ژانەسک بوو، کە خۆشبەختانە توانی خۆی چارەسەری بکای لەڕێگەی تێکەڵەیەکی تۆوە کەرەوزەوە. بەڵام، ڕاییکاری چارەسەرەکەی تێکدرا لەلایەن یەکێک لە هاوکارەکانیەوە کە دوو ئەوەندەی بڕی چالاکی ڕەچەتەکەی لە دەرمانەکە کردبوو، وای کرد تووشی برین بێت. هەروەها، لە چارەسەرەکانی دواتریشدا، کۆیلەیەک تەنانەت هەوڵی ژەهراوی کردنی ئیبن سینای دا! ئەمەش، بۆمان دەردەخات کە فەیلەسوفە مەزنەکمان لەلایەن هەمووانەوە خۆشنەویستراوە. لە کۆتاییشدا، لە مانگی شەشی سەڵی 1037 زایینی، هەموو ئەو ئەزموونە سامناکانە بەسەریدا کۆبوونەوە و کەڵەکەبوون تاکو لە ڕێگەی گەڕانەوە بۆ هەمەدان ئیبن سینا کۆچی دوایی کرد. لەوێش نێژرا و، ئەمڕۆش ئارامگەیەکی گەورە بنیاتنراوە لە شکۆمەندییەوە.

 

کار و بەدەستهاتەکانی

گەورەترین و ناودارترین کاری ئیبن سینا بریتییە لە دەستووری تەندروستی. ئەو پەرتووکە پێکدێت لە کارەکانی گاڵن – پزیشکێکی یۆنانی، هەروەها فەیلەسوف و برینسازێکی ئیمپڕاتۆرییەتی ڕۆمانی – کۆکراوە لەگەڵ پزیشکی میللی، دەقە عەرەبی و فارسییەکان، هەروەها بیردۆزەکانی خۆشی لەسەر تەندروستی. دەستووری تەندروستی، ئینسایکلۆپیدیاییەکی پێنج بەرگییە، بە هەموو زانست و زانیاریی تەندروستییەوە لە سەرچاوە دێرینەکان و موسڵمانە هاودەمییەکانیەوە. لە سەدەی دوانزەیەم، ئەم پەرتووکە وەرگێڕدرا بۆ زمانی لاتینی، هەروەها بوو بە سیستمی ستانداردی تەندروستی لە زانکۆ ئەوروپییەکان تاکو ناوەڕاستەکانی سەدەی حەڤدەیەم.

پەرتووکی چارەسەرکردن، کە بریتییە لە ئینسایکلۆپیدیاییەکی فەلسەفی و زانستی، بەهەمان شێوە نموونەیەکی ترە لە کارە گەورەکانی. مەبەستی ئەم پەرتووکە بریتی بوو لە چارەسەرکردنی ڕۆحی مرۆڤ. هەروەها، دابەشدەکرێت بۆ 4 بەش: ژیربێژی، زانستە سروشتییەکان، بیرکاری و مێتافیزیا. ئەوەی کە زۆر سەرنجڕاکێشە لەبارەی ئەو پەرتووکە، بریتییە لەوەی کە ژیربێژی ئیبن سینا پێشکەش دەکات، واتە سیستمی ژیربێژی ئیبن سینا خۆی.

کارەکانی تری، بۆ نموونە چارەسەرەکە، زانستنامەیەکی ژیربێژی کە تەنها لەماوەی یەک شەودا نووسی، لە زەردەپەڕەوە تا سپێدە. هەروەها، لە یاوەری کردنی مامۆستاکەیدا، "ئالا ئەلدەولە موحەمەد،" لە هەڵمەتێکی سەربازیدا، پەرتووکی ڕزگاریی کۆکردەوە لەماوەی پشووەکانی لە شەودا. ئیبن سینا، بەڕاستی نووسەرێکی خێرا و لێهاتوو بووە، بە ڕێکوپێکییەکی زۆر و شیکارییەکی قووڵیشەوە. کارە نوێخوازییە گەورەکەی بریتییە لە پوختەی فەلسەفە، کە هەموو بەشەکانی فەلسەفە لەخۆدەگرێت بەو شێوازەی کە جیاکراونەتەوە لە دابونەریتە سەرەتاییەکانی ئیسلامی و دابونەریتە کۆنەکانی ئەسکەندەریە. پاشان، توخمەکانی فەلسەفە هەیە، پەرتووکێکی 60 پەڕی کە ڕەنگدانەوەی دڵسۆزی خۆیەتی لە خۆرهەڵاتی جیهانی ئیسلامیدا. ئیبن سینا ئەم پەرتووکەیان بەشێوەیەکی باوەڕگەیی دەنووسێت وەکو لە شێوەیەکی مێژوویی، هەروەکو خۆی دەڵێت، "توخمە بنچینەییەکانی فەلسەفە کە لەلایەن کەسێکەوە دۆزراوەتەوە کە پشکنینی زۆری ئەنجامداوە، زۆر بیریکردۆتەوە." لە پەرتووکێکی تردا، بەناوی نیشاندەر و بیرخەرەوەکان، ئیبن سینا ئەوە ڕووندەکاتەوە کە بۆچی ئەریستۆ شێوازێکی نهێنی بۆ نووسین داناوە، هەروەها ئەو دەرەنجامەش پێشکەش دەکات کە ئەوە بۆ ئەوەیە تا ڕاهێنان بە قوتابییەکە بکات بە دابینکردنی هەموو مشتومڕەکان و بیردۆزە تەواو دەربڕاوەکان  نا بەڵکو تەنها نیشانە و بیرخەرەوە تاکو ڕێگەیان بدات خۆیان تەواوی بکەن.

ئیبن سینا، زۆر بە بەرفراوانی لەبارەی فەلسەفەوە دەنووسێت لە دوو پەرتووکدا، هەردووک کە بەنزیکی بیست بەرگ دەبوون، بەڵام بەداخەوە هەردووکیان لەدەست چوون. یەکەم دانەیان، بەردەست و ڕەوا، سەرنجی خۆی بوو لەسەر کارەکانی ئەریستۆ لەماوەی گەنجیدا. هەروەها، دووەمیان، داد و دادوەری، سەرنجێکی ورد بوو لەسەر "داڕشتە سەختەکان" لە تەواوی دەستوورە ئەریستۆییەکاندا.

بۆئەوەی بیردۆزەکانی خۆی لەسەر "گیانی هۆشیار" پێشکەش بکات لە هەوڵێک بۆ بەدەسهێنانی هەواداری زیاتر، ئیبن سینا دوو چیرۆک دەنووسێت: زیندوو، کوڕی ئاگا هەروەها چۆلەکەکە. تەنانەت هی تریشی نووسیوە: مرواری خوایی لەسەر تاکییەتی خودا لە 334 دێڕەهۆنراوەدا، زانستی ژیربێژی لە 290 دێڕدا، تەندروستی لە 1326 دێڕدا، هەروەها چەند هۆنراوەیەکی تری تەندروستی.

سەرەڕای کارە زۆرە فەلسەفییەکانی، لەبواری گەردوونناسی گریمانەیەکی پێشکەشکرد کە زوهرە نزیکترە لە خۆر وەک لە زەوی. تەنانەت، ئامێرێکی داهێنا بۆ چاودیری کردنی شوێنی ئەستێرەکان. لە چاودێری ئەستێرەکاندا دەیوت کە ئەستێرەکان خۆیان ڕووناکی دەردەکەن. هەروەها، لە بیرکاریشدا، چەمکی ژمارەناسی پێشکەشکرد لەگەڵ "دەرهێنانی ژمارەکانی نۆ."

مەبەستی ئیبن سینا لە نووسین، بۆ حەز و خواستی خودی نەبوو، بەڵکو بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هەموو چینێکی کۆمەڵگە بوو. هەستی بەرزخوازی ئیبن سیناش جیهانی بوو هەروەک چۆن زانست و زانیارییەکەی گشتگیر بوو لە هەموو بوارێکی ژیاندا.

 

فەلسەفە و مێتافیزیا

فەلسەفەکەی ئیبن سینا بنچینەترین پرسیارەکان دەپرسێت لە بوونی مرۆڤدا، وەکو ڕۆڵی خودا، گەردوون، سروشتی ڕۆح، کە ئەمانە مشتومڕکراوترین بابەتەکانی ئەو سەردەمە بوون لەنێوان فەیلەسوف، بیرمەند هەروەها ئایینزانەکاندا. ئەو بابەتانە بەجۆرێک بێهاوتا پێشکەشکراون لەلایەن ئیبن سیناوە، ئەو دەڵێت کە ڕۆح بەدڵنیاییەوە جیانەکراوەیە لە جەستە هەروەک ڕوونی دەکاتەوە لە "تاقیکردنەوەی پیاوی-سەرکەوتووەوە:" ساتێک بێنە بەرچاوی خۆت، پیاوێکی کامڵ کە تازە دێتە بوونەوە، لە بۆشاییەکی بەتاڵدا سەرکەوتووە و قۆڵ و قاچەکانی بڵاوبووە، چاوەکانی بەستراوەتەوە و گوێکانی داپۆشراون، بەشێوەیەکی بنچینەیی، هەموو هەستە فیزیاییەکانی لەکارخراون. ئەزموونی هیچ شتێکی فیزیایی ناکات، نە هیچ دەبیستێت و نە هیچ دەبینێت، نە تام و بۆنی هەر شتێکیش دەکات. ئێستا، پرسیار لەخۆت بکە، ئایا ئەو پیاوە بەئاگایە لە بوونی خۆی؟ هەرچەندە، کە لەوانەیە وەڵامدانەوەی ئەمە بۆ زۆرێک سەختبێت، بەڵام ئیبن سینا وەڵامێکی ڕاستەوخۆی هەبوو: بەڵێ! پیاوەکە بەدڵنیاییەوە بەئاگادەبێت لە بوونی خۆی، بۆیە، گیانێک هەیە کە جیاکراوەیە لە جەستە و ئەو گیانەش لەدوای مردن دەمێنێتەوە. بەڵام، بەهەمان شێوە دەشڵێت کە گیان بوونی نییە بەر لە جەستە، بە واتایەکی تر، گیان لەگەڵ جەستە لەدایکبووە، لە کاتێکدا کە جیادەکرێتەوە لە جەستە دوای مردن.

زیاتریش لەمە، بابەتێکی تری زۆر مشتومڕ لەسەرکراو لەو سەردەمە، بریتی بوو لە پرسی هەمیشەیی. هەمووان لەوانەیە لەخۆمان پرسیبێت کە ئاخۆ گەردوون هەمیشەییە و هەردەم بوونی هەبووە، یاخود لە هیچەوە دروستبووە. لێرەدا، ئیبن سینا، ئەو لایەنە دەگرێت کە جیهان بەدڵنیاییەوە هەمیشەییە، هەروەها خوداش هاو-هەمیشەییە لەگەڵ جیهاندا. بیرتبێت، کە ئەمە واتای ئەوە نییە خوا جیهانی دروست نەکردووە، ئیبن سینا هاوڕا نییە لەگەڵ ئەمەدا، بیرۆکەکانی ئەو زۆر ئاڵۆزتربوون لەمە. لە ڕاستیدا، ئەوە لێرەوەیە، لە بیرۆکەکانی لەبارەی خوا و سروشتی گەردوونەوە، کە بیرۆکەی بێهاوتای، بەرفراوانی، کاریگەری، مێتافیزیایی خۆی پێشکەدەکات، ئەو بیرۆکەیەی کە خەڵک ناوی دەبات بە "بەڵگە" لە هەبوونی خوا. لەو بیردۆزە مێتافیزیاییەی ئیبن سیناشدا، جیهان دابەشدەکرێت بۆ سێ بەش لەگەڵ ژێربەشێک لەنێوان دووەم و کۆتاییدا:

١ - بوونی مەحاڵ: ئەو شتانەی کە ناکرێت بوونیان هەبێت لە جیهاندا و ئەو چەمکانەی کە ناتوانین بیریان لێبکەینەوە، وەکو بازنەیەکی چوارگۆشەکراو.

٢ - بوونی مەرجدار: هەموو ئەو شتانەی کە دەیانزانین لە جیهاندا، ئەو شتانەی کە بوونیان هەیە بەڵام بەهەمان شێوە دەکرێت بوونیان نەبێت. بۆ نموونە، کورسییەکی ئاسایی کە تۆ لەسەری دادەنیشیت، هەرچەندە کە ئەوە کورسییە بەڵام چیتر کورسی نامێنێت ئەگەر تێکیبشکێنیت بە چەکوشێک.

٢.٥ - بوونی پێویست بە چاکەی دانەیەکی تر: ئەمانە شتی هەمیشەیین لە دنیادا کە سەرچاوەیەکیان هەیە. ئەمەیان زیاتر شتی فەلسەفی دەگرێتەوە، وەکو گۆ ئەستێرەییەکان و هۆشی چالاک تیایاندا کە باسیان لێوە دەکرد لەو کاتەدا.

٣ - بوونی پێویست بە چاکەی خۆی: بە واتایەکی تر، شتێک کە ناکرێت نەبێت، ئەوە شتێکە کە ناکرێت بە نەبوو وەربگیردرێت، دەبێت هەبێت بە چاکەی خۆی. ئەم سێیەم بەشەش، لای ئیبن سینا، بریتی بوو لە خوا، هۆکاری نە-هۆکارکراوی هەموو بوون، سەرچاوەکە.

ئەم بیرۆکە و بیردۆزە زۆر کاریگەری هەبوو بەسەر هەموو فەیلەسوف، بیرمەند و ئایینزانەکانی ئیسلامدا، وەکو غەزالی، ئیبن توفەیل، ئیبن عەرەبی و هی تریش، تەنانەت سەینت تۆماس ئەکوینانس مشتومڕێکی هاوشێوەی پێشکەش کرد لەبارەی خواوە لە دابونەریتە مەسیحییەکاندا.

 

کۆتایی

ئیبن سینا، دابونەریتە ماوەکانی یۆنانی لەگەڵ فەلسەفە و ئایینزانی گەشەسەندووی ئیسلامیدا، کرد بە سیستمێکی زانستی پشتبەستوو-بە-خۆ کە هەموو ڕاستەقینەی ڕووندەکردەوە. پێکهاتەکانی زانستەکەی لەسەر فیزیای ئەریستۆ و میتافیزیای نیۆپلەیتۆنیزم بنیاتنرابوون. بەدەستهاتەکانی بەشە بەربڵاوەکانی یەکخستەوە لە یەکپارچەیەکی ژیرمەندیدا، بەتایبەت لە پێکگەیاندنی هەردوو جیهانی خۆرهەڵات و خۆرئاوا بەیەکەوە لە پەیوەندییەکدا کە ئەو ژیربێژییانە مشتومڕی لەسەر دەکات. شێوازەکەی ئیبن سینا، بۆیە، هەم بەرنامەیەکی لێکۆڵینەوە و هەروەها هەم ڕوانگەیەکە بۆ جیهان.

 

 

سەرچاوەکان

  1. https://plato.stanford.edu/entries/ibn-sina/#Conc.
  2. https://www.famousscientists.org/avicenna/.
  3. https://study.com/academy/lesson/avicenna-biography-quotes-contributions.html.
  4. https://www.ediblewildfood.com/bios/ibn-sina.aspx.

 

زۆرترین بینراو

developed by Scorpion shield