یاسا و دەوڵەت
بڵاوکردنەوە:
ناوەندی پەڕنووس
نووسەر:
مستەفا عەلاف
بینراو:
195
بەش:
ڕامیاری
هەرچەندە زاراوەی (دەوڵەت) دەربڕینێکە لە بوونی شێوەیەکی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی. تایبەت بەکۆمەڵگای هاوچەرخی مرۆڤ، واتە بوونی کۆمەڵگای مرۆڤ لە ئێستادا شێوەیەکی تایبەتی گرتۆتە خۆی ئەویش شێوەی بوونی دەوڵەتە. ئەم شێوەیە بەدرێژایی مێژوو، هەرچەند نموونەیەکی تایبەتی بە خۆیەوە دیوە، هەروەک ئەو نموونەیەی کە ناوی لێنراوە بە دەوڵەت – شار – city – state، کە لە یۆنانی کۆندا هەبووە، وەک دەوڵەتی (ئەسینا).
لە شاری (ئەسینا) لە شاری ترۆی، یاخود نموونە نوێیەکەی دەوڵەت کە لەدوای ڕێکەوتنامەی یاخود پێکهاتنی (ویستڤالیا) لە ساڵی (١٦٤٨) بەدەرکەوت و ناوی لێنرا (دەوڵەتی نەتەوەیی) (Nation- state). بەڵام ئەم هەموو بابەتانەی سەرەوە ئاماژەمان بۆ کرد وا ناگەیەنێ کە وا بوونی دەوڵەت پەیوەستە بە بوونی ڕێسای یاسایی یاخود بەپێچەوانەوە بوونی یاسا پەیوەست بێت بە بوونی دەوڵەت بەڵکوو دەتوانین بڵێین کە وا بوونی یاسا، یاخود دەربڕێنێکی وردتر بوونی ڕێسای یاسایی زۆر کۆنترە لە بوونی دەوڵەت. چونکە کۆمەڵگا کۆنەکان، شارەزاییەکی باشیان بە بوونی ڕێسای یاسایی هەبووە، بەڵام نەک بەم ناوە هاوچەرخەی کە ئێستا بەکاردێت.
کۆمەڵگا مرۆڤایەتییە کۆنەکان، ئەگەر بە شێوەی خێزان بێت یاخود هۆز، عەشیرەت، یاخود شار، پێش درووستبوونی کۆمەڵگای ڕێکخراو بە شێوەیەکی سیاسی تایبەت، کە لێرەدا مەبەستمان دەوڵەتە. ئەم کۆمەڵگای کۆنانە شارەزاییان بە ڕێسای یاسایی بووە بە چەند شێوەی جۆراوجۆر، بە شێوەی داب و نەریت، بە شێوەی ئایین، بە شێوەی مۆڕاڵ، پێش پێکهاتنی دەوڵەت و بەدەرکەوتنی یاسادانان لەلایەن دەسەڵاتێکی تایبەت ئەو پڕۆسەیەی کە بە عەرەبی پێی دەڵێن (التشريع) و بە ئینگلیزی پێی دەوترێ (legislation). بەڵام پاش پێکهاتنی دەوڵەت و وەرگرتنی دەسەڵاتی سیاسی لەلایەن ئەم دەوڵەتە، بەحوکمیبوونی بە خاوەن مافی ڕاستەقینە لە بەکارهێنانی سەروەری بەسەر گشت چینە کۆمەڵاتیەکانی تر لەناو ئەم دەوڵەتەدا، یاسا بوو بە دەربڕینێک لە ویستی تایبەتی دەوڵەت، و بە شێوەیەکی وردتر دەربڕینیک لە ویستی چینی دەسەڵاتدار و خاوەن حوکم لەناو دەوڵەت .و بۆیەش هەروەک ئاشکراو و دیارە، کە لە گشت ئەو کۆمەڵگایانەی خاوەن سیستەمێکی یاسایی (legal-system) زۆر پێشکەوتوون، دەبێت دەسەڵاتێکی یاسایی دیاریکراو هەبێت، دەسەڵاتی دانانی ڕێسای یاسایی هەبێت، یاخود دەسەڵاتی گۆرینی، یان هەموارکردنی، یاخود هەتا نەهێشتنی ڕێسای یاسایی هەبێت. بەڵام هەمان ئەم بابەتە لە کۆمەڵگا سەرەتاییەکان و دواکەوتووەکان، یاسا بەشێوەیەکی گشتی پێکدێت لە کۆمەڵێک دابونەریت و کەلتوور کە پشتگیر لە پێشگری خۆی بۆ خۆی دەمینێتەوە، لە نەوەیەک بۆ نەوەیەکی دوای خۆی. بۆیە لەم کۆمەڵگا ئاڵۆزانە لە ڕوانگەی پێکهاتەکانیدا، پێویستی بە ئامێرێکی ئاست بەرز هەیه بۆ ڕێکخستنی گشت بابەتەکان و ئەو پەیوەندییانەی لەنێوان تاکە کەسەکانی ناو کۆمەڵگا درووست دەبێت دواییش ڕۆڵی ویستی مرۆڤ بە دەرکەوتنی، ئەو ویستەی کەلە ویستی حاکمەکان بە دەردەکەوێ و دواییش ئەو شتەی دەوڵەت دەیەوێت بۆ بینینی ڕۆڵیکی بناغەیی لە درووست کردنی یاسا. بۆیەش دەوڵەت کە بریتییە لە کۆمەڵگایەکی ڕێکخراوی ئاست بەرز، بەردەوام پێویستییەکی زۆری بە چەند ڕێگایەکی دیاریکراو هەیە بۆ ڕێکخستنی کاروباری کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووریە لەنێوان ئەم هەموو ڕێگایانە.
یاسا بریتییە لە رێگایەکی زۆر چالاک بۆ چاەرسەرکردنی زۆر لەم بابەتانە، کە دەوڵەت هەوڵ دەدات پشتی پێ ببەستێت بە شێوەیەکی عەقڵانی. بۆیە، ئەو ڕووبەڕووبونەوەیە لەنێوان دەسەڵات و یاسا هەیە، لەنێوان یاسا و دەوڵەت هەیە، ڕووبەڕووبونەوەیەکی بەردەوامە و بۆیەش لە (یاسا) تاکە رێگە دەدۆزرێتەوە بۆ بوونی مرۆڤ بە مرۆڤێکی زیاتر خاوەن عەقل و زیاتر بە بابەتی بوون و زیاتر بیرکردنەوە بۆ بەرژەوەندی گشتی. بەوەش دەوڵەت دەبێتە یەکەم ڕاستی (first fact)، و یاساش دەمینێتەوە وەک کارێکی ئیرادی کە دەوڵەت پێویستە بەردەوامی پێ بدرێت بۆ دەربڕینی ویستی خۆی .
دەوڵەت یاسا دادەنێت، دەیگۆرێت، هەمواری دەکات و یان نایهێڵیت، بە ڕەچاوکردنی بەرژەوەندی گشتی کۆمەڵگا و بەرژەوەندی تایبەتی خۆی. بۆیە ژیانی کۆمەڵایەتی لەناو دەوڵەت، لەسەر دوو بناغە درووست دەبێت، ئەو دوو بناغەیە یاسا و دەسەڵاتە. و لەسەر بوونی لەیەکگەیشتن یاخود نەبوونی لەیەکگەیشتن لەنێوانیان، شارستانیەت (civilization) درووست دەبێت و یان دەروخێت. سیستەمە سیاسییە باشترینەکان، ئەو سیستەمانەن کە هەوڵ دەدەن بۆ لە باوەشگرتنی ئەو جیاوازیەی لەناو دام دەزگاکانیاندا هەیە، و ئامرازی دەوڵەتیشە بۆ ئەنجامدانی ئەم لە باوەشگرتنە یاسایە .
یاسا ئەم چوار چێوە گشتییە دەستنیشان دەکات، کە تێیدا هێزە سیاسییەکان دەتوانن جووڵە بکەن و ئامانجەکانی دەوڵەت ئەنجام بدەن. بەڵام لە هەموو ئەو شتانەی لە سەرەوە باسمان کرد و ئاماژەمان بۆ برد دەتوانین پەیوەندی نێوان یاسا و لایەنێکی گرنگتری ژیانی کۆمەڵایەتی دەست نیشان بکەین، کە ئەویش (سیاسەتە). لە ڕاستیدا، لەگەڵ ئەو هەموو جیاوازیانەی بیرمەندەکان دەیخەنە پاڵ وشەی (سیاسەت)، لەگەڵ ئەوەشدا دەتوانرێ ئەو پەیوەندییە ڕوون بکەینەوە کە لەنێوان یاسا و سیاسەت دایە. (ئەرستۆ) پێناسەی (سیاسەت) بەم شێوەیە دەکات و دەڵێت: (سیاسەت تەنها چارەسەرێکی مومکینە بۆ گرفتی سەلامەت پارێزی و سیستەم)، لە هەمان کاتدا بیرمەندەکانی تر پێناسەی دەکەن بەوەی (سیاسەت کۆمەڵە پەیوەندییەک و ڕووانگەکانی چالاکی ئەم پەیوەندیانە لێی پێکدێن، ژیان و حوکمداری لەسەری بڵاودەبێتەوە لەناو گەلێک کە لە چەند تاکە کەسێک پێکهاتووە).
لەلای هەندێک لە بیرمەندەکان و توێژەرەکان هەروەک (Gould) و (Kolb) مەبەستی گەورەی سیاسەت ئەو پڕۆسانەن کە لە ڕەفتارەکانی مرۆڤەوە هەڵدەقوڵی و تێیدا ململانێی نێوان گشت لایەک و بەرژەوەندییەکانی گروپەکان لەلایەکی تر، و تێیدا بەکارهێنانی هێز بەدیار دەکەوێ بە شێوەیەکی نادیار زۆربەی جار و بەشێوەیەکی نادیار و ناراستەوخۆ لە هەندێک جار بۆ کۆتایی پێهێنانی ئەم ململانێیە یاخود سووک کردنەوەی یان هەندێک جاریش بۆ بەردەوام بوونی، لەبەرئەوەی چونکە زۆربەی زۆری ئەو پێناسە نوێیانە یاخود هەتا ئەو پێناسە هاوچەرخانە ئاڕاستەیەکی تایبەت دەکرێن بەرەو ددان پێداهێنان کە ناوەڕۆکی سیاسەت بە شێوەیەکی گشتی پێکهاتووە لە ململانێ لە دەوروبەری سرووشتی ژیانی بێگەرد و پەیوەندییەکانی نێوان بەرژەوەندییەکانی باندەکان بەشێوەیەک کە دەتوانرێ بگوترێ ململانێ و هێز و سیاسەتی گشتی ئەوانە ڕەگەزی شڕۆڤەکاری سەرەکین لە پێناسەکردنی سیاسەت. بۆیەش ئەو پێناسەیەی بیرمەندی گەورە (Jean Dabin) داینا بۆ وشەی (سیاسەت) زۆر لەو مانایە نزیکە لەلایەن واقعیەوە کە سیاسەت ئەو (ڕووداوە) سەرەوگێڕانەن چەند هێزێکی دیاریکراو ئەنجامی دەدات لەکاتی کارکردنی، لەپێناو بەدەست گرتنی دەسەڵاتی یاخود (إستغلال كردنی) دەسەڵات بەبێ ڕەچاوکردنی ئەو ڕێگایەی کە هەڵی دەبژێرێ بۆ جێبەجێکردنی ئامانجەکەی. لە کاتێک (دابان) ئەم مانایە بە ناوی (واتەی واقعی) / (Factual Sense) دەردەبڕێت کە دەشڵێ لە ئەم واتەیە واتە خراپەکەی سیاسەتە. و بەمانایەکی تر (مسینیو) وشەی (سیاسەت) بە کۆمەڵێک ئامانجی هاوبەشە کە گەلێک دەیەوێت ئەنجامی بدات و کۆمەڵە شێوازێک کە ئەم گەلە بە کاری دەهێنێت بۆ گەیشتن بەم ئامانجانە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا چەند بیرمەندێکی تر ڕەگەزێکی تر بەکاردێنن لە پێناسەکردنی سیاسەت کە جێگای بایەخ پێدانی بنەڕەتییە لە لایان بۆ پێناسەکردنی (سیاسەت)، لەوانە بیرمەندی نەمساوی بەناوبانگ (أستین) جەخت لەسەر ئەوە دەکا کە وا مەبەست لە سیاسەت سرووشتی سیاسەتی گشتییە کە هەر باندێک یان کۆمەڵە کەسانێک درووستی دەکەن، کە لەم مانایە، مانایە خاوێنەکەی (pure sense) تری سیاسەت لێی نزیک دەبێتەوە، ئەو مانایەی (دابان) دەیدا سیاسەت. (دابان) مەبەستی لە سیاسەت بەو مانایە: "سیاسەت ئەو زانست و هونەرەیە کە ڕەچاودەکرێت لە بەرێوەبردنی کاروباری سیاسی کۆمەڵگا (نیشتمانی یان نێودەوڵەتی) بە مەستی گەیشتنە بە باشترین ڕێگا بۆ ئەنجامدانی مەبەستەکانی کە بەرژەوەندی گشتی بۆ ئەندامەکانی بە ڕێگایەکی ڕێکوپێک بۆ ڕێزگرتنی تاکە کەسەکان لەمافی یەکتر." بەوەش ناتوانرێ سەیری سیاسەت بکرێ کە کۆمەڵێک پڕەنسیپە بڕیاری لەسەر دراوە و بەئاسانی خەڵکی درکی پێ دەکەن یان سیاسەت پێکهاتووە لە کۆمەڵێک دابونەریتی کەلتووری کە دەبێت بپارێزرێت بەڵکوو دەبێ سەیری سیاسەت بکرێت کەوا چالاکییە، چالاکییەکی کۆمەڵایەتی مەبەستێکی مرۆڤایەتی هەیە، کە دەبێت کۆمەڵگایەکی تێدا بپارێزرێت کۆمەڵگایەک، ئاڵۆزی کە تێیدا زۆربووە وەک دەرئەنجامێک بۆ ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکان بەجۆرێک دابونەریتەکان توانای پاراستنیان نەمایە هەر وەک چۆن حوکمی ستەمکار ناتوانێ بپارێزرێت بەبێ ڕووکردنە چەند ڕێگایەکی چەوساندنەوە کە هیچ پێویستی پێ نییە.
بابەتی هاوشێوە
زۆرترین بینراو
developed by Scorpion shield