جەنگی قرم (١٨٥٣-١٨٥٦)
بڵاوکردنەوە:
ئاریان ئومێد
نووسەر:
ئاریان ئومێد
بینراو:
4655
بەش:
مێژوو
پێشەکی
لاوازبوونی دەوڵەتی عوسمانی لە نیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدەهەمدا و بڵاوبوونەوەی هەستی نەتەوایەتی لە ناوچەکانی ژێردەستیدا بەتایبەت لە ناوچەی بەڵقان کە بەشە ئەورووپییەکەی دەوڵەتی عوسمانیی پێکدەهێنا، لەگەڵ چاو تێبڕینەکانی ڕووسیا لە خاکی عوسمانی و دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆی دەوڵەتەکە، کێشەیەکی نوێی لە ناوچەکەدا هێنایە کایەوە کە بە کێشەی ڕۆژهەڵات یان پرسی ڕۆژهەڵات ناسراوە. جەنگی قرم لە ساڵی (١٨٥٣-١٨٥٦)دا، کە لەنێوان ڕووسیای قەیسەری لە لایەک و دەوڵەتی عوسمانی و هاوپەیمانە ئەورووپیەکانی لەلایەکی ترەوە بەرپابوو، دەرهاویشتەیەکی گەورە و ڕوونی تەشەنەکردنی کێشەی ڕۆژهەڵاتبوو.
ئێمە لەم توێژینەوەیەدا هەوڵمانداوە پوختەیەک لەبارەی ئەم جەنگەوە بخەینە بەرچاو، و بۆ ئەمەش توێژینەوەکەمان بەسەر سێ تەوەردا دابەشکردووە، تەوەری یەکەم تەرخانکراوە بۆ سەرنج خستنە سەر هۆکار و پاڵنەرەکانی هەڵگیرسانی جەنگەکە، تەوەری دووەمیش تایبەتە بە پڕۆسەی جەنگ و پێکدادانەکان، هەرچی تەوەری سێیەمیشە تەرخانکراوە بۆ خستنەڕووی دەرئەنجامەکانی جەنگەکە.
تێبینی: خوێنەرانی بەڕێز ئەو کەوانەیەی لە تەنیشتی دەقی نووسینەکان هەیە بۆ ئاماژەدانە بە سەرچاوەکان، ژمارەی یەکەم ژمارەی سەرچاوەکەیە لە لیستی سەرچاوەکاندا (کۆتایی بابەتەکە)، ژمارەی دووەمیش ژمارەی پەڕەی سەرچاوەکەیە کە زانیارییەکەمان لێوەرگرتووە.
تەوەری یەکەم: هۆکارەکانی هەڵگیرسانی جەنگی قرم
هەڵگیرسانی جەنگی قرم هەروا لەپڕ و بە ڕێکەوت نەبوو، بەڵکوو چەندین پاڵنەرو فاکتەری جیاواز ڕێخۆشکەربوون بۆ سەرهەڵدانی، کە لێرەدا هەوڵدەدەین بە وردی لەبارەیانەوە بدوێین:
۱ - لاوازی دەوڵەتی عوسمانی
لاوازبوونی دەوڵەتی عوسمانی فاکتەرێکی سەرەکی کێشەی ڕۆژهەڵات و دواتریش هەڵگیرسانی جەنگی قرم بوو. بە شێوەیەکی گشتی دەسەڵاتی دەوڵەتەکە لە هەموو ناوچەکانی ژێر هەژمونیدا گەندەڵی و پەرتی و ناڕێکی پێوە دیاربوو، بەڵام ئەوەی لەهەموویان زیاتر کاریگەری ئەم لاوازبوونەی دەسەڵاتی عوسمانی لەسەر بوو ناوچەکانی بەڵقان بوون، کە جگە لەوەی ناوچەیەکی فرە نەتەوە بوو، هاوکات زۆرینەی دانیشتووانەکەشی مەسیحی بوون، بیری نەتەوەیی کە لە دوای شۆڕشی فەڕەنسییەوە هەموو ئەورووپای تەنیبوو، گەیشتبووە ئەم ناوچەیەش، هەر کۆمەڵەیەو بەجیا لە هەوڵدابوون بۆ سەربەخۆبوون و ڕزگاربوون لەژێر دەستی دەوڵەتی عوسمانی، ئەوەشی دەرفەتی زیاتری بۆ بەدیهێنانی ئەم خەونەی بەڵقانیەکان ڕەخساند لاوازی ئامادەیی سەربازی دەوڵەت بوو لە ناوچەکەدا، کە تەنها چەند سەربازگەیەکی هەبوو ئەویش زیاتر بە کۆکردنەوەی باجەکانەوە خەریک بوون (4، 448-449). ڕووسیا بە وردی چاودێری بارودۆخی عوسمانیەکانی دەکرد و پشتیوانی شۆڕش و یاخی بوونەکانی بەڵقانی دەکرد، وەک ئەوەی کە هانی دانیشتووانی چیای ڕەشی دا کە ڕاپەڕین بەرپابکەن، بەڵام حکومەتی عوسمانی توانی بەسەریاندا زاڵببێت، وە نەمساییەکانیش لەم پرسانەدا هاوسۆزی عوسمانیەکان بوون، چونکە نەیاندەویست ئارامی بەڵقان تێکبچێ، هەر بۆیەش داوایان لە عوسمانیەکان دەکرد کە خۆیان ڕێکبخەنەوەو ڕێگە بە ڕووسیا نەدەن کە دەستتێوەردان لە وڵاتەکەیاندا بکات (4، 449-450). قەیسەری ڕووسیا (نیکۆلای یەکەم ۱۸۲٥-۱۸٥٥)، کاتێک بۆی ڕوون بۆیەوە کە وڵاتانی ئەورووپی وا بە ئاسانی ڕێگە بە لاوازبوون و ڕووخانی دەوڵەتی عوسمانی نادەن، بیری لەوە کردەوە کێشەی دەوڵەتی عوسمانی بە ڕێکەوتن و بەشێوەیەکی دوور لە پێکدادان لەگەڵ وڵاتە ئەورووپیەکاندا یەکلا بکاتەوە، بۆ ئەمەش لە ساڵی (۱۸۳٥)دا، پڕۆژەیەکی خستە بەردەستی بەریتانیا، تا بە پێی ڕێککەوتنێک خاکی عوسمانی لە نێوان خۆیاندا دابەش بکەن، بە شێوەیەک ڕووسیا دەست بەسەر گەرووی بۆسفۆردا بگرێت و بۆ ماوەیەکی کاتیش ئەستەنبوڵ داگیربکات، لە بەرامبەریشدا بەریتانیا دەستبگرێ بەسەر دورگەکانی ڕۆدس و قوبرس و وڵاتی میسردا، هەرچی ناوچەکانی ژێر دەستی دەوڵەتی عوسمانیشە لە ئەورووپا لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی سەربەخۆدا کۆبکرێنەوە. ئاسایی و چاوەڕوان کراو بوو کە بەریتانیا ئەم پڕۆژەیەی قبوڵنەبێ و ڕەتیبکاتەوە، چونکە هەرگیز نەیدەویست ڕووسیا دەستیبگاتە دەریایی سپی ناوەڕاست و بەرژەوەندیەکانی بەریتانیا بخاتە مەترسیەوە (2، 220-221).
۲ - پرسی ئاین و شوێنە پیرۆزەکان
یەکێک لە هۆکارەکانی جەنگی قرم بەربەرەکانێی نێوان ئایینزاکانی ئۆرتۆدۆکس و کاسۆلیک بوون سەبارەت بە خاوەنداریکردن و بەڕێوەبردنی شوێنە پیرۆزەکان بە تایبەتی شاری ئۆرشەلیم و دەوروبەری، کاسۆلیکەکان لەم ڕووەوە دەسەڵاتیان زیاتر بوو، چونکە بەپێی پەیمانێکی پێشتر کە لە ساڵی (۱۷٤۰)دا بەسترابوو کۆمەڵێک جیاوگیان لە شوێنە پیرۆزەکان پێدرابوو، بەڵام ڕووسیا دەیویست ئەو جیاوگانە بدرێت بە ئۆرتۆدۆکسەکان (8، 491). بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کاسکۆلیکەکانیش بێپشتیوان نەبوون، بەڵکو فەڕەنسا خۆی پارێزەریان دەزانی، بە تایبەت کاتێک لە پێشتردا و هەر لەسەردەمی شارلمانەوە فەڕەنسییەکان مافی سەرپەرشتیکردن و بەڕێوەبردنی شوێنە پیرۆزەکانییان هەبوو، دوای گرتنی ئەو ناوچانە لەلایەن عوسمانیەکانەوە دووبارە هەمان ماف بە فەڕەنسیەکان درایەوە. بەڵام لەگەڵ بەرپابوونی شۆڕشی فەڕەنسیدا و لاوازبوونی پێگەی ئاین لە فەڕەنسادا ئەو مافەش بۆ فەڕەنسیەکان بەرەو نەمان چوو، تا ئەو کاتەی ناپلیۆنی سێیەم بۆ ڕازی کردنی پارتی کاسۆلیک بیر لە بەهێزکردنەوەی پێگەی ئاین دەکاتەوە و لە ساڵی (۱۸٥۲)دا لە نامەیەک بۆ سوڵتانی عوسمانیدا داوای مافی مەسیحیە کاسۆلیکەکان دەکات لە سەرپەرشتیکردنی شوێنە پیرۆزەکاندا، دەوڵەتی عوسمانیش بە داواکەی ناپلیۆنی سێیەم ڕازیدەبێت و ئەو جیاوگانە دەداتەوە بە کاسۆلیکەکان (2، 221-222).
ئەم هەڵوێستەی حکومەتی عوسمانی، ڕووسیای نیگەران و تووڕەکرد، هەربۆیە قەیسەر لە ساڵی (۱۸٥۳)دا، شاندێکی بەسەرپەرشتی (منشکوف) ناردە شاری ئەستەنبوڵ تا لەبارەی پرسی ئۆرتۆدۆکسەکان و شوێنە پیرۆزەکانەوە بگەنە ڕێکەوتنێک لەگەڵ دەوڵەتی عوسمانی. هەرچەند وادیارە ناردنی ئەم شاندەو داواکاریە قورسەکانی تەنها هەوڵێک بووبێ بۆ دۆزینەوەی بیانوویەک تا عوسمانیەکان ڕابکێشنە جەنگەوە. منشکوف داوای لە دەوڵەتی عوسمانی دەکرد کە ماف و جیاوگەکان لە شوێنە پیرۆزەکان لە کاسۆلیکەکان بسەندرێتەوەو بدرێ بە ئۆرتۆدۆکسەکان. هەروەها پێویستە دەوڵەتی عوسمانی دان بە مافی پارێزگاری ئەو مەزهەبە بنێت لە لایەن ڕووسیاوە، ئەگەر هاتوو فەڕەنساش ئەو کارەی ڕەتکردەوە ئەوە ڕووسیا بە هێزی سەربازی پشتیوانی عوسمانیەکان دەکات. ئەم مەرجانە بەهەموو شێوەیەک لەلایەن فەڕەنسا و بەریتانیاوە ڕەتکرایەوە، بە تایبەت پرسی مافی پارێزگاری ڕووسیا لە ئۆرتۆدۆکسەکانی نێودەوڵەتی عوسمانی کە ژمارەیان خۆی لە سیانزدە ملیۆن دەدا، هەر بەم هۆیە ئەو دوو وڵاتە بەهەوڵ و تەقەلای باڵیۆزەکانیان بە تایبەت بەریتانیا سوڵتانی عوسمانی ڕازی کرد کە داواکاریەکانی ڕووسیا ڕەت بکاتەوە هەربۆیە منشکۆف بەخۆیی و شاندەکەیەوە ئەستەنبوڵیان بەجێ هێشت. ڕووسیا دوای شکستهێنانی ئەم دانوستانە ڕاستەوخۆ سوپای بردە هەرێمی دانووبی ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی عوسمانیەوە، بەمەش جەنگی قرم دەستیپێکرد (1، 562-567).
تەوەری دووەم: پرۆسەی شەڕەکان و هەڵوێستی وڵاتانی زلهێز:
۱ - دەستپێکی جەنگ و بەژداری بەریتانیا و فەڕەنسا:
وەزیری دەرەوەی ڕووسیا دواین پەیامی بۆ حکومەتی عوسمانی نارد بە ڕوونی ڕایگەیاند کە ئەگەر پێشنیازەکانیان قبوڵنەکەن ئەوا سوپای ڕووسیا دەستکراوە دەبێ بۆ داگیرکردنی هەردوو هەرێمی ئەفلاق و بەگدان (بەغدان). ئەوەبوو سوپای ڕووسیا لە (۲ی تەمووزی ۱۸٥۳)دا چووە نێو خاکی ئەو دوو هەرێمەو خستنیە ژێر دەستی خۆیەوە، ئەمەش فەڕەنسا و بەریتانیای زۆر نیگەران کرد، هانی حکومەتی عوسمانیاندا کە دژ بە ڕووسیا بوەستێتەوە، هەر بۆیە حکومەتی عوسمانی پەیامێکی توندی ئاڕاستەی ڕووسیا کرد و پازندە ڕۆژی مۆڵەت پێدا کە لەو دوو هەرێمە بکشێتەوە، ئەگەرنا جەنگی لە دژ ڕادەگەیەنێت (8، 496-497).
دوای ئەوەی ڕووسیا ملی بۆ هەڕەشەکان نەدا، دەوڵەتی عوسمانی بە فەرمی جەنگی لە دژی ڕووسیا ڕاگەیاند، لە (٤ی تشرینی یەکەمی ۱۸٥۳)دا، سوپای عوسمانی هێرشی کردە سەر ئەو هێزە ڕووسیانەی کە لە ڕووباری بروس پەڕیبوونەوە، لە وەڵامی ئەمەشدا ڕووسیا زۆر بە توندی ڕووبەڕووییان بۆیەوە و کەشتی گەلی عوسمانی لە نزیک سینۆب تەفروتونا کرد، ئەم گورزە توند و کاریگەرە بە تەواوی بەریتانیای نیگەران کرد، تا ئەوەی ئیتر هیوایان بە ڕێکەوتن و چارەسەری کێشەکە بە شێوەیەکی ئاشتیانە نەبێت، هەربۆیە لە (ئاداری ۱۸٥٤)دا، بەریتانیا بڕیاری جەنگی دژی ڕووسیا ڕاگەیاند و فەڕەنساش چووە پاڵی (7، 210).
۲ - هەڵوێستی وڵاتان (نەمسا، پرووسیا، سەردینیا):
ٲ - نەمسا: ئیمپڕاتۆریەتی نەمسا هەوڵیدا وەک بێلایەنێک و ناوبژیوانێک مامەڵە بکات، کۆبوونەوەیەکی بۆ هێزە ناکۆکەکان لە ڤیەننا ڕێکخست، لەو کۆبونەوەیە داواکرا کە سوپای ڕووسیا لەو دوو هەرێمە بکشێتەوە، لە بەرامبەر ئەم کشانەوەیەدا پەیمانەکانی پێشووی نێوان ڕووسیا و دەوڵەتی عوسمانی نوێ بکرێتەوە، وە دەبێت تا ڕێککەوتنێکی نوێ لەنێوان ئەو دوو هێزەشدا دەبەسترێت سوڵتان یاسایەکی چاکسازی سەبارەت بەبارودۆخی مەسیحیەکان بدۆزێتەوە، ئەمە سەرەڕای نوێکردنەوەی پەیماننامەی ساڵی (۱۸٤۱). بەڵام ئەم داواکاریانە لەلایەن ڕووسیاوە نەک هەر پشتگوێخرا، بەڵکوو ڕووسیا نیگەرانی خۆی لە هاتنە ناوەوەی کەشتیگەلی سەربازی بەریتانیا و فەڕەنسا بۆ ناو دەریایی ڕەش دەربڕی و قەیسەر فەرمانی کشانەوەی باڵیۆزەکانی لە پاریس و لەندەن ڕاگەیاند (9، 109).
ب - ڕووسیا: هیچ بەرژەوەندیەکی دیاریان نە لە بەڵقان نە لە دەوڵەتی عوسمانیشدا نەبوو، هەربۆیە ناچار نەبوون هەڵوێستێکی ڕاشکاوانە دەرببڕن. لەناو خودی دەوڵەتەکە دوو بۆچوونی جیاواز هەبوو، هەرچی باڵی کۆنەپارێزەکان بوو بە تایبەت پادشا باوەڕی وابوو دەبێ پرووسیا هەڵوێستێک وەربگرێ لە بەرژەوەندی ئەودابێ، بەڵام باڵی نەتەوە خوازەکان و ڕۆشنبیرەکان کە بسمارک لەوان بوو، پێیان وابوو کە دەبێت پرووسیا هەڵوێستێک وەربگرێت دژی نەمسا بێت، چوونکە نەمسا بۆتە لەمپەرێک لەبەردەم ئامانجە باڵاکەیان و ڕێگرە لە یەکگرتنەوەی خاکی ئەڵمانیا، بەڵام سەرەڕای ئەمانەش لە کۆتایی لەسەر حەزی پادشاکەیان (فریدریکی چوارەم) پرووسیا بڕیاری بێلایەن بوونیدا (2، 225).
ج - سەردینیا: هاوپەیمانان لەبەرامبەر بێلایەنی نەمسادا بۆ هێزێکی تر دەگەڕان کە بیکەنە هاوپەیمانی خۆیان تا لە جەنگی ڕووسیا هاوکارییان بکات، بۆ ئەمەش لە میرنشینی سەردینیای ئیتاڵی شیاوتر نەبوو کە خاوەنی هێزێکی بچووکی مەشق پێکراوبوو. سەردینیا دەیویست بەژداری لەم جەنگە بکاتە دەرفەتێک تا بەریتانیا و فەڕەنسا پشتیوانی بکەن لە یەکخستنەوەی خاکی ئیتاڵیا، بەڵام ئەوان لە بەر کاردانەوەی نەمسا هیچ بەڵێنێکی لەو شێوەیەیان پێنەدا، هەرچەند ئەمە نەبووە هۆی ساردبوونەوەی سەردینیا لە بەژداری لەو جەنگەدا، تا ئەوەی فەڕەنسا و بەریتانیا هاوپەیمانیەکی سەربازییان لەگەڵدا مۆرکرد، بەڵام بێئەوەی بەڵێنی هیچ دەستکەوتێکی پێبدەن بە تایبەت دۆزی یەکێتی ئیتاڵیا، ئەمەش لەبەرئەوەبوو کە تا ئەوکاتەش چاویان لە بەژداری نەمسا بوو لە جەنگەکەدا. سەردینیا بە ۲۰ هەزار سەرباز بەژداری کرد، توانییان ڕۆڵێکی گرنگ لە شەڕەکانی (جرنایە) ببینن (2، 227-228). پێدەچێت مەبەستی سەردینیا لە بەشداری ئەم جەنگەدا بۆ ئەوە بگەڕێتەوە کە دەیانویست وەک هێزێکی کاریگەرو خاوەن سەنگی نێودەوڵەتی دەربکەون، بەشێوەیەک سەرنجی دانیشتووانی ئیتاڵیا بەلای خۆیاندا ڕابکێشن و بە شایەنی سەرکردایەتی و ڕێبەری یەکێتی ئیتاڵیایان بزانن.
۳ - پێکدادانە سەربازیەکان و ئاگربەست:
لەبەرەی دانووب سوپای ڕووسیا دەستی بە پێشڕەویکرد و توانی سەرکەوتنی بەرچاو بەسەر سوپای عوسمانیدا تۆمار بکات، تا توانیان بگەنە نزیک شاری سلیستریا، بەڵام بەهۆی بەرگری بەهێزی عوسمانیەکان و هاوکاری بەریتانیا و فەڕەنسا بۆیان ڕووسەکان نەیانتوانی شارەکە داگیربکەن، ئەمە سەرەڕای بڵاو بوونەوەی نەخۆشی تاعون لەناو ڕیزەکانی سوپاکەیاندا کە هێندەی تر باری سەرشانیانی قورستر کرد (4، 463-465). دوای ئەوەی ڕووسیا لە ژێر فشاری نەمسا و هێرشی هاوپەیماناندا هەردوو هەرێمی ئەفلاق و بەگدانی لە دانووب چۆڵ کرد، قورسایی شەڕەکە گواسترایەوە بۆ نیمچە دورگەی قرم و بەندەری سیواستۆبۆل کە بنکەیەکی زۆر گرنگی دەریایی ڕووسیا بوو، هاوپەیمانان ماوەی یەک ساڵی تەواو گەمارۆی بەندەرەکەیاندا، بەهۆی کەشی سەرماو سۆڵەوە بارودۆخییان زۆر خراپبوو سەختیەکی زۆریان هاتەڕێ، ڕووسەکانیش بەرگریەکی سەختیان دەکرد، پەتای کۆلێرا لە نێو ڕیزی سەربازەکاندا بڵاو بۆیەوە و تا دەهات قوربانیانی ئەو جەنگە ڕوو لە زیای بوو بە شێوەیەک لە ماوەی ئەو ساڵەدا زیاتر لە (۲٥هەزار سەرباز) لە هەردوولا مردن، تا لە کۆتاییدا ڕووسەکان شکان و بەندەرەکە لە لایەن هاوپەیمانانەوە کۆنتڕۆڵکرا، بەڵام ڕووسیا لە تۆڵەی ئەم شکستەدا لە ناوچەی قەفقاس شاری قارسی داگیرکرد (1، 571-572).
٤ - كۆتایی هاتنی جەنگ و پەیماننامەی پاریس
لە دوای کەوتنی شاری سیوا ستۆبۆلەوە هێندەی پێنەچوو کە قەیسەری ڕووسی نیکۆلای یەکەم کۆچی دوایی کرد و لە جێگەی ئەو لە (۲ی شوباتی ۱۸٥٥)دا ئەسکەندەری دووەم دەسەڵاتی وەرگرت. ئەسکەندەر بە پێچەوانەی نیکۆلاوە کەسێکی ئاشتیخواز بوو نیازی لەگەڵ بەردەوامبوونی جەنگەکەدا نەبوو، بەڵام ئەمە تەنها هۆکار نەبوو بەڵکوو لاوازبوونی سوپا و بەتاڵبوونەوەی گەنجینەکانی بەهۆی جەنگەوە هۆکاری سەرەکی بوو تا ڕووسیا بیر لە کۆتایی پێهێنانی جەنگ بکاتەوە. هەڵوێستی نەمساش هێندەی تر بووە پاڵنەرێک بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگەکە، بەتایبەت کاتێک نەمسا درکی بەوە کرد کۆتایی جەنگ نزیک بۆتەوە و ترسی ئەوەی لێ نیشت هاوپەیمانان پشتیوانی سەردینیا بکەن بۆ یەکخستنەوەی ئیتاڵیا، بۆیە بڕیاریدا بەشداری جەنگ بکات دژی ڕووسیا، ئەوەبوو پەیامێکیان بۆ ڕووسیا نارد کە یان دەبێ هەموو ئەو خاڵانەی پێشتر نەمسا بۆ ئاشتەوایی ئاڕاستەی کردبوون بە بەبێ مەرج قبوڵ بکەن، یانیش نەمسا جەنگیان لەدژ ڕادەگەیەنێت، ئەوەبوو ڕووسیا مەرجەکانی قبوڵ کرد و بەوەش پێویست بە ڕاگەیاندنی جەنگ نەکرا (2، 229). ئەنجامی کۆتایی ئەوەبوو تەواوی لایەنەکان کۆبوونەوە تا پەیمانی ئاشتەوایی مۆربکەن، کە بە پەیمانی پاریس ناسراو لە مانگی ۲ی ۱۸٥٦دا بەسترا، بەهۆی ئەم پەیمانەشەوە زلهێزانی ئەورووپا بەتایبەت بەریتانیا و فەڕەنسا دەرفەتێکی زیاتریان بە دەوڵەتی عوسمانیدا تا ماوەیەکی تر بتوانێ بەردەوامبێ و بمێنێتەوە (5، 453).
تەوەری سێیەم: دەرئەنجامەکانی جەنگی قرم
۱ - بەندەکانی پەیمانی پاریس:
ئەگەر باسی دەرئەنجامەکانی جەنگی قرم بکەین دەبێت سەرەتا لە بەندەکانی پەیمانی پاریس بدوێین، کە بە پێی ئەو بەندانە سنووری عوسمانی تا ڕادەیەک وەک خۆی مایەوە و ڕووسیاش ناچارکرا واز لە بانگەوازە ئاینیەکانی بهێنێت، دەریای ڕەشیش پێویستە بەسەر کەشتیە بازرگانیەکاندا بکرێتەوە، یەکێک لە گرنگترین خاڵەکانی ئەم پەیمانە ئەوەبوو کە وڵاتە ئەورووپیەکان بەڵێنی ئەوەیاندا دەست لە کاروباری ناوخۆیی دەوڵەتی عوسمانی وەرنەدەن (6، 135). ئەمە سەرەڕای جەختکردنەوە لە ئازادی دەریاوانی لە دانووب و پێکهێنانی لیژنەیەکی نێودەوڵەتی بۆ سەرپەرشتیکردنی و داننان بە دەسەڵاتی عوسمانی بەسەر گەروەکاندا.
هەروەها سوڵتانی عوسمانی دانی دەنا بە یەکسانی تەواو لە نێو دانیشتووانی ئیمپڕاتۆریەتەکەیدا بە بێ جیاوازی ئاین و ڕەگەز، ئەمەش بە واتای ئەوە دەهات کە بۆ هیچ لایەنێکی تر نیە بەو بیانووانە دەستوەربداتە کاروباری ناوخۆی دەوڵەتی عوسمانیەوە. لەگەڵ ئەمانەشدا مافی سەربەخۆیی هەندێک ناوچە سەلمێندرا وەک سەربەخۆیی سڕبیا لەژێر دەسەڵاتی سوڵتانی عوسمانیدا (1، 573-574).
۲ - هێڵی هومایۆن:
سوڵتان عەبدولمەجیدی یەکەم (۱۸۳۹ – ١٨٦١) لە مانگی ۲ی ١٨٥٦ بەیانێکی نوێی چاکسازی دەرکرد کە بە هێڵی هومایۆن ناسرا. سوڵتان بەهۆی دوو پاڵنەری سەرەکیەوە ئەم بەیانەی دەرکرد:-
یەکەم: فشاری بەردەوامی فەڕەنسا و بەریتانیا لە دوای جەگی قرم کە داوایان دەکرد بارودۆخی مەسیحیەکانی نێو وڵاتەکەی باشتر بکات و ڕێ بگرێ لە دەست تێوەردانەکانی ڕووسیا لە ژێر ئەو بیانووەدا.
دووەم: ڕازیکردنی گروپە چاکسازی خوازەکان و نوێکردنەوەی کارگێڕی دەوڵەتەکەی لە سەر بنەمای وەرگرتنی ڕێکخستنە ئەورووپیەکان (5، 453).
بە پێی ئەم پەیمانەی سوڵتان هەموو چین و توێژەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیمپراتۆری عوسمانی پێویستە ژیان و ماڵ و داراییان پارێزراو بێت و یەکسان بن، باجەکانیان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بەسەردا بسەپێندرێت، هەروەها هەموو تاکێک مافی ئازادی بیروبۆچوون و مافە سروشتی و مەدەنیەکانی هەیە، هەرچەند ئەم خاڵانە لە لایەن فەرمانڕەوا موسڵمانەکان و دەزگا ئیسلامیەکانی ناو دەوڵەتەوە بە توندی رەت کرایەوە، هەر بۆیە لە دەوڵەتدا بە تەواوەتی ئیشی پێ نەدەکرا بە تایبەت لە ناوچە دورە دەستەکانی وڵات (3، 174-175).
۳ - كاریگەری و لێکەوتەکانی جەنگی قرم
جگە لەو خاڵانەی لەسەرەوە ئاماژەمان پێیدا، دەتوانین بڵێین جەنگی قرم کاریگەری و لێکەوتەی زۆر گرنگی لەدوای خۆی بە جێهێشت، بەهۆی ئەم جەنگەوە کۆتایی هات بە هاوپەیمانیەتیەکەی نێوان نەمسا و ڕووسیا کە وەکوو گەرەنتیەک وابوو بۆ مانەوەی دەسەڵات و ڕژێمە کۆنە پارێزەکان، هەر ئەمەش لە دواتردا زەمینەی خۆشکرد بۆ بە ئەنجام گەیشتنی یەکێتی ئیتاڵیا و یەکێتی ئەڵمانیا (2، 230). لەگەڵ ئەمانەشدا ڕووسیا لەم جەنگەدا سەنگی خۆی لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا لەدەستداو زیانێکی زۆری پێگەیشت، هەر بۆیە ماوەی چەند ساڵێک بە کاروبارو چاکسازی ناوخۆیەوە خەریک بوو، کێشەکانی ناوچەکەی پشتگوێ خست. سەرەڕای ئەمەش ئەو ناڕەحتی و مەرگەسات و نەخۆشیەی جەنگەکە هێنایە ئاراوە ڕای گشتی ئەورووپای وروژاند و بوە ڕێخۆشکەرێک تا لە دواییدا ڕێکخراوی خاچی سوور دەربکەوێت، وە ئەو پەیماننامەیەی لە کۆنگرەی پاریسی ۱۸٥٦دا دەرکرا بنەما نێودەوڵەتیەکانی بۆ گەمارۆی دەریایی داهێنا بەو پێیەش ڕێگری و دزی دەریایی قەدەغە کرا (1، 577).
هەرچی دەوڵەتی عوسمانیشە بە ڕووکەش براوەی جەنگ بوو، مافی فەرمانڕەوایی ناوچەکانی ژێر دەستی بۆ ماوەیەک بۆ درێژکرایەوە، بەڵام لە ڕاستیدا دەوڵەتی عوسمانی شکۆی خۆی لەدەست دابوو، ببووە داردەست و ئەڵقە لە گوێی زلهێزەکانی ئەوورپا، بەشێکی زۆر لە ناوچەکانی بەڵقان تەنها بە ناو لە ژێر دەستیدا بوون، هیچ دەسەڵاتێکی ئەوتۆی عوسمانیەکان لەو ناوچانەدا نەمابوو، بۆ نموونە وڵاتێکی وەک سڕبیا تەنها بەناو لەژێر سەروەری دەوڵەتی عوسمانیدا بوو، ئەویش بەوەی ئاڵای عوسمانی لە تەنیشت ئاڵاکەیانەوە هەڵکرابوو، هەرچی دانیشتووانی چیای ڕەشیشە بەهۆی هەڵکەوتەی لەباری جوگرافییان توانیبوویان پارێزگاری لە سەربەخۆ مانەوەی خۆیان بکەن (4، 468-470).
سەرچاوەکان:
۱ - پ. د. جڤری برۆن: پوختەی مێژووی ئەورووپا، وەرگێڕانی: نهاد جلال حبیب اللە، چاپی یەکەم، ۲۰۱۹.
۲ - د. عبدالعزیز سلیمان ئەوار، د. عبدالمجید نەعنەعی: مێژووی هاوچەرخی ئەوروپا – لە شۆڕشی فەڕەنسیەوە تا جەنگی دووەمی جیهانی، وەرگێڕانی: خالید هەرکی، چاپی دووەم، ۲۰۱۹.
۳ - کۆمەڵێک نووسەر: عوسمانییەکان – لە عوسمانی کوڕی ئەرتغولەوە تا سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم، وەرگێڕانی: سەلام عەبدولکەریم، چاپی چوارەم، چاپەمەنی گەنج، سلێمانی، ۲۰۱۳.
٤ - د. محمد سوهەیل تەقوش: عوسمانیەکان – لە دامەزراندنی دەوڵەتەوە تا کودەدا بەسەر خەلافەتدا، وەرگێڕانی: نەریمان خۆشناو و مستەفا سەید مینە، چاپی دووەم، چاپخانەی ڕۆژهەڵاتی هەولێر.
٥- د. محمد سوهەیل تەقوش: پوختەی مێژوویی ئیسلامی، وەرگێڕانی: نهاد جلال حبیب اللە، چاپی یەکەم، دارالفكر-بیروت-لبنان، ۲۰۰۹.
٦ - نۆیل باربەر: فەرمانڕەوایی قۆچی زێڕین – لە سوڵتان سلێمانی قانوونیەوە تا ئەتاتورک، وەرگێڕانی: ڕێبوار کەریم وەلی، چاپی یەکەم، چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە – هەولێر، ۲۰۰۱.
۷ - هـ. ا. ل. فیشەر: مێژووی نوێی ئەوروپا، وەرگێڕانی: شوکر سلێمان و سەروین ئەرجان، چاپی سێیەم، چاپخانەی ڕۆژهەڵات – هەولێر، ۲۰۱٥.
۸ - د. محمد فریدبك المحامي: تاریخ الدولة العلیة العثمانیة، تحقیق: د. ٳحسان حیقي، الطبعة الٲولی، دارالنفاسة، بیروت-لبنان، ۱۹۸۱.
۹ - عمر عبدالعزیز عمر: تاریخ ٲوروبا الحدیث والعناصر ۱۸۱٥-۱۹۱۹، دار المعرفة الجامعیة، الٲسکندریة، مصر، ۲۰۰۰.
بابەتی هاوشێوە
زۆرترین بینراو
developed by Scorpion shield