بەخێربێن بۆ ناوەندی پەڕنووس
بڵاوکردنەوە:
ناوەندی پەڕنووس
نووسەر:
زنار بابەکر
بینراو:
2637
بەش:
ئاشنایی
ناوەندی پەڕنووس (Nawendî Pernûs) بریتییە لە ناوەندێکی هۆشیاری و خۆبەخشی، بە ئامانجی هۆشیارکردنەوەی تاک و هەروەها بوژاندنەوەی هەستی زانستخوازی لەناو کۆمەڵگەی کوردی.
بەر لە زانست و زانیاری، ئەوەی کە گرنگتر و لەپێشترە بریتییە لە حەز و خولیا بۆ فێربوون و زانخوازی. بۆیە، ناوەندی پەڕنووس لەڕێگەی کار و بەرهەمەکانییەوە هەوڵدەدات کە تاکەکانی کۆمەڵگە – بەتایبەت نەوەی نوێ و لاوی تازەپێگەیشتوو – لەسەر بنەمایەک پەروەدە بکات تا هەمیشە پاڵنەر و هاندەرێکی ناوەکییان بەرەو ڕووی فێربووندا هەبێت و بیروهۆشیان کراوەبێت.
ئەو ڕێگە و نەخشانەی کە ناوەندی پەڕنووس دەیگرێتەبەر لەپێناو بەدیهێنانی ئامانجەکان، یەکەمینیان بریتییە لە نووسین و بەکارهێنانی هێزی نەمر و دوانەهاتووی پێنووس. ئەم نووسینانەش، دەکرێت هەر یەکێک لە شێواز و جۆرە جیاوازەکانی نووسین بگرێتەوە، ئازادانە بەپێی هونەر و توانستەکانی نووسەر، خۆی. دواتر، دەکرێت هەر ڕێگەیەکی تری شیاو بە کار بهێنرێت کە بتوانێت وەکو هاندەرێک لەپێناو بڵاوکردنەوەی ئەو نووسینانە و بەرجەستەکردنی کاریگەرییەکانیان کارابێت. بۆ نموونە، پێشکەشکردنێکی دەنگی لەلایەن خوێنەرێکەوە، تاکوو هەر کەسێک کە نەیتوانی بە هەر هۆکارێک نووسینەکە بخوێنێتەوە ئەوە گوێ بۆ ئەو تۆمارە دەنگییە بگرێت. یاخود، گرتەیەکی ناساندن، ڕوونکردنەوە و شیکاری، یان ئەوەتە درێژەدان بە باس و ناوەڕۆکەکەی لەپێناو گەیاندنی باشتر و هەروەها زیاتربەخشینی زانست و زانیاری. هەروەها، جگە لەمانەش، دەکرێت گرتەیەکی ژێرنووسکراوی وەرگێڕدراو هەبێت، کە لەگەڵ باس و ناوەڕۆکی نووسینەکەدا گونجاوبێت بێ گوێدانە ئەوەی لە هەر زمانێکەوە وەرگیرابێت. بەڵام، ئەمانە و هەر ڕێگەیەکی تریش لاوەکییە، ئەوەی کە لە هەمووی گرنگترە و بنچینەییە بریتییە لە نووسینێکی جوان، ناوازە، ڕەوان و ڕێکوپێک.
ئەندامانی پەڕنووس، بەزۆری، بریتییە لە لاوی ڕۆشنبیر و تێگەیشتوو کە هەر یەکێکیان خاوەن بەهرە و توانایەکی بێهاوتایە لە بوار و کارامەی خۆیدا، کە بە کاری دەهێنن و پێشکەشی دەکەن بە هەر یەکێک لەو شێوازانەی کە ناوەندی پەڕنووس دەیگرێتەبەر بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکەی. زۆرینە، بریتییە لە نووسەر و لە بواری کارامەی خۆیدا دەنووسێت. ئەوەی تر، وەرگێڕە و هەر بابەتێکی خوازراو کە بە پێویستی دادەنێت و دەزانێت کە کۆمەڵگە سوودی لێدەبینێت، وەریدەگێڕیت. لە هەمان کاتدا، بەشێکی تریان بریتین لە شارەزا لە کاری دیزاین و دەستکاریکردنی گرتەی ڤیدیۆیی و هەروەها کاری ژێرنووسی. جگە لەمانەش، دەکرێت هەر ئەندامێک، هەر کارێکی تر بەهەر شێوازێک ئەنجام بدات تەنها ئەگەر ڕاستەوخۆ ئەو کارە لەگەڵ ئامانجی ناوەندی پەڕنووسدا هاوگونجاوبێت، یان ئەوەتا بە نا-ڕاستەوخۆ هاوکاری کارەکانی هەر ئەندامەکانی تربێت.
ناوەندی پەڕنووس، هەمیشە، دەرگەی بەڕووی هەر کەسێکدا کراوەیە کە خوازیارە خۆبەخشبێت و لەم ئەرکە پیرۆزەی بڵاوکردنەوەی هۆشیاریدا هاوکارمان بێت. ئەگەر تۆ، خاوەن هەر بەهرە و توانایەکیت کە دەزانیت دەتوانێت سوودمان پێبگەیەنێت، هەروەها خاوەن هەستێکی خۆبەخشی و پاڵنەرێکیت بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵگە بەو دروشمەی کە ناوەندی پەڕنووس بەرز ڕایدەگرێت، ئەوا هەر کات و ساتێک بێت تۆ دەتوانیت پەیوەندیمان پێوە بکەیت و دەستمان بگریت لەسەر ئەو ڕێگەیەی کە گرتوومانەبەر بۆ بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگەکەمان و هەروەها خۆشمان بەهەمان شێوە! هیچ کام لە ئێمە، نایاب نییە و گشتمان کەموکوڕی خۆمان هەر هەیە، بەڵام، لانیکەم توانای خزمەتکردنمان بەڕێگەیەک هەیە و پڕبەتوانا پشتی یەکتر دەگرین و هەوڵدەدەین بۆ ناوەندی پەڕنووس بەیەکەوە. گشتمان، ئامانجی دیاریکراوی خۆمان لە ژیاندا هەیە، پەیامی تایبەتی خۆمان بۆ کۆمەڵگە پێیە و هەروەها بەهرەی خۆمان هەیە بۆ دەرخستن لەم کۆمەڵگەیە، بۆیە هەموو بەیەکەوە کاردەکەین و گەشە بە ناوەندی پەڕنووس دەدەین بەهیوای ئەوەی کە هاوکارمان بێت لەپێناو بەدیهێنانی ئەو ئامانجەی کە بۆی دەژین.
لە ڕابردوودا، ناوەندی پەڕنووس بە ئاستەنگی و بارودۆخی نالەباردا تێپەڕبووە و بە زۆر حاڵەتی ڕووخێنەردا ڕۆیشتووە. بەڵام، هەمیشە لەڕێگەی ئەندامانی دڵسۆز و خۆبەخشەوە هەستاوەتەوە سەر پێ و دووبارە دەستی بە کارکردن کردۆتەوە. ئێستاش، ئەمڕۆ، بە بەرگێکی تەواو جیاواز و شێوەیەکی ترەوە خۆی دەردەخاتەوە. گشت کار و بەرهەمێکی ناوەندی پەڕنووس، لەمەودوا، لەڕێگەی ئەم ماڵپەرەی خۆیەوە بڵاودەکرێتەوە، کە ئەمەش بەرەوپێشچوونێکی زۆرباش و ناوازەیە تاکوو گشت بابەتێکی نووسراو بۆ هەمیشە بەزیندوویی بهێڵدرێتەوە. هەروەها، ئەو بەشانەش کە کار و بەرهەمی تیادا بڵاودەکرێتەوە، هەروەک لە ڕووکاری ماڵپەرەکەدا دەبینرێت، بریتین لە بەشەکانی زانست، فەلسەفە، کۆمەڵایەتی، تەندروستی، وێژە، هونەر هەروەها ئاشنایی.
بەشی زانست، هەموو لقە جۆراوجۆرەکانی زانست دەگرێتەوە، وەک کیمیا، فیزیا، زیندەوەرزانی، جیۆلۆجی، شوێنەرناسی، گەردوونناسی، دەروونناسی، هتد. هەر بابەتێک کە سەر بە هەر یەکێک لە لقە زانستییەکان بێت، ئەوا لەم بەشەدا بڵاودەکرێتەوە. دواتر، بەشی فەلسەفە، هەموو بوارەکان و هەروەها جۆر و شێوەکانی فەلسەفە جیاوازەکان دەگرێتەوە لە هەموو ڕووەکانی ژیانەوە. گرنگ نییە کە فەلسەفەکە هی کام فەیلەسوف، کام ژیر و دانا، کام زانا، کام سەدە و سەردەمە، کام خاک و نەتەوە، یاخود کام ئایین و ڕێبازەیە، ئەوەی کە فەلسەفە بێت لەم بەشەدا بڵاودەکرێتەوە. بەشی کۆمەڵایەتی هەر بابەتێک دەگرێتەوە کە پەیوەست بێت بە ژیانی تاک و کۆمەڵگەوە، ئینجا لە هەر چین و ئاستێک یاخود هەر ڕوویەکی ژیانەوە. لە بەشی تەندرووستیشدا، بابەت لەسەر زانیاری گشتی تەندرووستی و هەروەها بە هەمان شێوە ئەو شێواز و ڕاییکارییانەش بڵاودەکرێتەوە کە ڕێنماییمان پێدەدات لەسەر بەکارهێنان و سوودوەرگرتنی ئەو زانیارییانە لە ژیانی ڕۆژانەمانەوە. ئینجا، بەشی وێژە، هەموو بابەتێکی وێژەیی و ئەدەبی بە هەموو شەقڵ و شێوەکانی دەگرێتەوە. بەڵام، ئاشنایی، بەشێکی تازەیە کە ئەگەر هەر بابەتێک لەبارەی ناساندن و ئاشناکردنی هەر کەسایەتییەک یاخود لایەنێکی دیاریکراو بێت، ئەوا تێیدا بڵاودەکرێتەوە. کەسایەتییەکان دەکرێت زانا، دانا و فەیلەسوف، داهێنەر و دۆزەرەوە، هونەرمەند، نووسەر، وێنەکێش، شانۆکار، یاخود هەر شارەزاییەکی تر بێت، یان ئەوەتە دەکرێت لایەنێک بێت کە ئەو جۆرە کەسایەتییە هەمەجۆرانە لەخۆبگرێت. هۆکاری جیاکردنەوەی ئەم بەشە بریتی بوو لەوەی کە کەسایەتی هەیە لە چەندەها بواری ژیاندا شارەزا و کارامەیە، ئێمەش ناتوانین کە بابەتەکەیمان بڵاوکردەوە لەخۆمانەوە پەیوەست و سنورداری بکەین بە هیچ کامێک لە بەشەکانەوە، بۆیە، بەشێکی تایبەتمان دانا بۆ هەر نووسینێک لەبارەی ئەو کەسایەتی و لایەنانەوە. نموونەش بۆ هەر نووسینێک کە ئەم بەشە بگرێتەوە، بریتییە لە خودی ئەم بابەتەی کە نووسراوە بۆ ئاشناکردن و ناساندنی ناوەندی پەڕنووس! ئەم جۆرە نووسینە، بەشی ئاشنایی دەگرێتەوە.
دەستکاریکردن: زیادکردنی بەش.
(١٦/٧/٢٠٢٢)
بەشەکانی (ڕامیاری، مێژوو و زمان) ئێستا بۆ ماڵپەڕی پەڕنووس زیادکراوە و هەوڵدەدرێت لەم بوارانەشدا بابەت پێشکەش بکرێت. بەشی ڕامیاری، هەر بابەتێک دەگرێتەوە کە دەکرێت لێکۆڵینەوە، بیرۆکە و تێڕوانین، هەڵسەنگاندن، هەروەها پێشبینی بێت بۆ هەر باس و خواسێکی ڕامیاری خۆجێیی و جیهانی. بەشی مێژوو، هەموو ئەو بابەتانە دەگرێتەوە کە باس و ڕوونکردنەوە لەسەر ڕووداو و بارودۆخە جۆربەجۆرەکانی ڕابردوو پێشکەش دەکەن. هەروەها، بەشی زمان، بەتایبەت بۆ ئەو بابەتە دیاریکراوانە دانراوە کە لەبارەی زمانەوە دەدوێن، چ جا زمانی کوردی یاخود زمانەکانی تر بێت.
دەستکاریکردن: ڕوونکردنەوەیەک لەسەر شێوازی کارکردنی ناوەند بۆ بڵاوکردنەوەی بابەت.
(٢٧/٩/٢٠٢٢)
هەر بابەتێک کە لە پەڕنووس بڵاودەکرێتەوە، ئەوەی کە خاوەنی بابەتەکەیە و لێی بەرپرسیارە، تەنها و تەنها ئامادەکاری بابەتەکە خۆیەتی. ئینجا، چ وەرگێڕ بێت یاخود نووسەر. هەر بابەتێک کە لە پەڕنووس بڵاودەکرێتەوە، هەرگیز ئەو بابەتە نابێت بە موڵک و ماڵی پەڕنووس بە هیچ شێوەیەک (بە ناوی خودی نووسەر/وەرگێڕ، خۆی، بڵاودەکرێتەوە). پەڕنووس، دەتوانین بڵێین کە تەنها مەیدان و ڕووتەختەکە بۆ هەر کەسێک کە بابەت ئامادە دەکات و پێشکەشی دەکات. ئەگەر هاتوو هەر تێبینییەک، ڕەخنەیەک، پرسیارێک یاخود هەر شتێک لەسەر هەر بابەتێکی دیاریکراو هاتبوو لەلایەن هەر خوێنەرێک، ئەوە ئەو کەسەی کە پێویستە لەسەری تا وەڵامبداتەوە تەنها و تەنها بریتییە لە خودی ئامادەکاری بابەت (نووسەر/وەرگێڕ)، بۆخۆی. پێویستە، ئەوە زۆر ڕوونبێت کە هەرگیز سەرنج و تێڕوانینی هیچ کام لە ئەندامان (نووسەر و وەرگێڕان) بۆ هەر بابەتێکی دیاریکراو، نابێت بە سەرنج و تێڕوانینی ڕەهایی تەواو بۆ ناوەندی پەڕنووس بۆ ئەو بابەتە بەشێوەیەکی گشتی! نەخێر. ناوەندی پەڕنووس، بە هیچ تێڕوانین و ڕوانگەیەکی دیاریکراوەوە نەبەستراوە، هەروەها هەرگیز هیچ پێوەرێکی نییە بۆ نووسین و وەرگێڕانی بابەتەکان. هەر ئەندامێک، بەتەواوەتی ئازادە لەوەی کە دەستی خۆی واڵا بکات و بە هەر شێوەیەک بیەوێت بەو شێوەیە بابەتەکەی بنووسێت! بەڵام، دەبێت ئەوەش زۆر ڕوونبێت کە دوای بڵاوکردنەوەی بابەتەکە، ئەوەی کە بەرپرسیارە لە هەموو شتێک کە ئاڕاستەی ئەو بابەتە دەکرێت ئەوە تەنها و تەنها ئامادەکاری بابەتەکە خۆیەتی. هەروەها، چ کاردانەوەیەکی بۆ دەگەڕێتەوە و بە بابەتێکی بەهێز لای خوێنەر وەردەگیردرێت یاخود بابەتێکی سست و لاواز، ئەوەش هەر خاڵێکی گرنگە کە دەبێت هەمیشە ڕەچاوبکرێت.
زۆر ئاساییە، ئەگەر بابەتێکی دیاریکراو، چەندین ئەندام نووسینی لەسەر پێشکەش کردبێت. بە هەمان شێوەش زۆر ئاساییە، ئەگەر ئەو نووسینانەی لەسەر هەر بابەتێکی دیاریکراو ئەندامان پێشکەشیان کردووە، پاڵپشت و پشتڕاستکەرەوەی بیرۆکەی یەکتر بن، یاخود بەپێچەوانەوە دژی یەکتریش بن. لە کۆتاییدا، هەر ئەندامێک، لە ناوەندی پەڕنووس، ڕۆڵێکی سەربەخۆ دەگێڕێت لە پێشکەشکردنی بابەت، و کاتێک کە هەر خوێنەرێکیش بابەتەکان دەخوێنێتەوە لە بەشە هەمەجۆرەکاندا ئەوە زۆر گرنگە تێبینی ئەوە بکات کە کێ بابەتەکە دەنووسێت؟ ئایا ئەو ئەندامەی کە بابەتەکەی ئامادەکردووە، تۆی خوێنەر یەکێک لەوانەی کە پاڵپشتی دەکەیت و شوێن دەستی نووسینی دەکەویت؟ ئایا ئەو ئەندامەی کە بابەتەکەی پێشکەش کردووە، تۆی خوێنەر دەتوانیت بزانیت بابەتەکانی بەگشتی چییە و هیچ شتێکی تر هەیە کە پێشووتر لەسەر ئەو بابەتە دیاریکراوە ئامادەیکردبێت و تەواوکەریبێت؟ لێرەدا، تۆی خوێنەر، دەبێت بزانیت کام بابەت هی کام نووسەرەیە و شوێنی کامیان دەکەویت.
لەم حاڵەتەدا، دەکرێت ئەندامان ململانێیەکیان لەنێواندا درووستبێت لەسەر بابەتێکی دیاریکراو، کە ئەوەش زۆر ئاساییە و یەکێکە لە ئامانجە سەرەکییەکانی ناوەند تا ئەندامان (کە کەسانی لێهاتوو و شارەزان) بە دەستی نووسینیان بکەونە وەڵامدانەوە و پرسیارکردن لە یەکتر بە بابەت تا خوێنەران ئەوپەڕی چێژببینن لە ناوەند! لە هەمان کاتیشدا، خوێنەران هەر یەکەی پاڵپشتی خۆیان بۆ ئەندامان دەربڕن لەسەر هەر پرس و ڕایەک کە لە بابەتێکی دیاریکراوی خۆیان پێشکەشیان کردووە تا زیاتر هاندەریان بن.
پەڕنووس هیچ پێوەرێکی دیاریکراوی بۆ نووسین نییە! دەستی نووسین، لێرە لە پەڕنووس، بەتەواوەتی ئازادە. بەڵام، ئەوەش دەبێت زۆر بەڕوونی ڕەچاو بکرێت کە ئەوەی لەسەر هەر بابەتێکی دیاریکراو بە وەڵام دێت، تەنها و تەنها خودی ئامادەکار خۆیەتی، و دەبێت بە هەر شێوەیەک بێت وەڵامی هەموو شتێک بداتەوە ئەگینا وەکو ئەندام لە پەڕنووس ناتوانێت بەردەوامبێت. واتە، تەنها بڵاوکردنەوەی بابەت و وێڵکردنی قبوڵ ناکرێت، بەڵکوو پێویستە ئاگاداربێت کە چ تێبینییەک، رەخنەیەک، پرسیارێک یاخود هەر سەرنجێک لەسەر بابەتەکەی دێت و ئەویش وەکوو ئەندامێکی چالاک وەڵام و وتەی خۆی بۆ هەبێت.
دەستکاریکردن: ڕوونکردنەوەیەک لەسەر شێوازی نووسینی بابەت بۆ بڵاوکردنەوە لە ماڵپەڕ.
(١/٥/٢٠٢٣)
شێواز و ڕەوتی نووسین، شتێکی ئەوەندە سادە و ساکار نییە تاکوو هەر کەسێک بە خواست و ویستی خۆی بێ گوێ دانە هیچ یاسا و ڕێسا و بنەمایەک لەخۆیەوە بنووسێت! تا چەند ناوەڕۆکی بابەتی نووسراو گرنگی و پێویستی خۆی هەبێت، لە تۆمارکردنی زانست و زانیاری، یان ئافراندنی بارودۆخ و حاڵەتێکی ڕامان و سەرنجی قووڵ بۆ خوێنەر، زۆر لەوەش زیاتر؛ شێوازی نووسین، پێگەی تایبەتی خۆی هەیە لە داڕشتنی وتار و نووسینی سەرجەم زانستەکاندا، تەنانەت خودی داهێنان و نوێگەریش بۆ زمانەکە.
ئێمە وەک ناوەندی پەڕنووس، هۆشیاری بە نووسەران و وەرگێڕان دەدەین تا بەتەواوەتی ڕەچاوی بنەما و شێوازی نووسینی بابەتەکەی خۆیان بکەن. ئەمەش، چۆن؟ هەر ئەندامێک کاتێک کە بابەتێک دەنووسێت، پێوەرێکی دیاریکراوی لە نووسینەکەیدا هەبێت. ئایا دەکرێت من لە بابەتێکی زانستیدا هەرچی شێوەزاری جۆربەجۆرە بەکاریبهێنم و هیچ کەس تێنەگات من چیم نووسیوە؟ ئاساییە ئەگەر بابەتێکی زانستی بە شێوەزارێکی دیاریکراو نووسرابێت، بەڵام ئەویش بە ڕەچاوکردنێکی تەواو لە بنەماکانی ڕێنووس و ڕێزمان لەو شێوەزارەدا. ئاخر، ناکرێت بۆ نموونە تۆ بابەتێکت لەسەر باسوخواسێکی بیری فەلسەفی یان بیردۆزێکی زانستی و چەمکێکی ڕامیاری هەبێت، بەڵام بە زمانێکی زۆر بازاڕی و بێ گوێ دان بە ڕێنووس و ڕێزمان پێشکەشی بکەیت. کەوابێت، مەبەستی ناوەندی پەڕنووس لێرەدا ئەمەیە: شتەکان بەپێی پێوەر و بنەماکان، نەک لەخۆوە بنووسرێن.
زمانی کوردی خاوەن هیچ شێوازێکی ڕەها نییە بۆ نووسین، بەڵکوو کۆمەڵێک پێوەر هەن کە لەلایەن زۆرینەی هەرە زۆری زمانەوانانی کوردەوە دانراون. ناوەندی پەڕنووس ئەو پێوەرانە بە چەند خاڵێک دەخاتە ڕوو – ئەو پێوەرانە تایبەتن بە شێوەزاری کرمانجی ناوەندی. بابەتێکی تایبەتمان ئامادەکردووە لەژێر ناونیشانی "هەندێک ڕێنمایی بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی درووست بنووسین." تا، هەر کەسێک کە وەکوو ئێمە لە قۆناغی فێربوونی ڕێنووسی درووستی زمانی کوردی دایە، بتوانێت سوودیان لێ وەربگرێت. ئەم بابەتە لەلایەن (هاوڕێ جەلال)ەوە ئامادەکراوە بۆ ئەندامان – بە سوپاس و پێزانینەوە – لەسەر بنەما و بنچینەی ئەو خاڵانەی کە بە پێوەرمەند دادەنرێن بۆ ڕێنووسی درووستی زمانی کوردی.
تکایە، ئاگاداربن لەوەی کە ناوەندی پەڕنووس بە هیچ شێوەیەک مەبەستی لەوە نییە کە هیچ شێوازێکی تری نووسینی قبوڵ نەبێت و ڕەتی بکاتەوە، نەخێر! بەڵکوو وەک ئەرکێکی مێژوویی و مافی زمانەکەمان کە بەسەرمانەوەیە، ئەو خاڵانە پێشنیاز دەکەین، تا لەسەریان ڕابێین و پێڕەویان بکەین. دەرگای گفتوگۆکردن لەسەر ئەم بابەتەش دانەخراوە و هەمووان دەتوانن گفتوگۆی لەسەر بکەن و هەڵیبسەنگێنن. ئەوەی کە گرنگبێت ئەوەیە کە ناوەندی پەڕنووس بێگومان ڕێگە بە بڵاوکردنەوەی بابەت دەدات بە هەر شێواز و ڕەوتێکی نووسین، تا ئەوکاتەی کە نووسەری بابەت بزانێت کە چۆن دەنووسێت و هۆکاری دیاریکراوی خۆی هەبێت لەوەی کە چۆن دەنووسێت، نەک لەخۆیەوە بێ گوێ دانە هیچ بنەما و بنچینەیەک بنووسێت.
تکامان وایە هەر نووسەر و وەرگێڕێک وشیاربێت و لەخۆوە نەنووسێت، بەڵکوو خۆی بە بەرپرسیار بزانێت بەرانبەر زمانەکەی. با ئەوە بزانین، زمان پایە و بنچینەی یەکەمی نووسینە. هەرکات بنچینەکەمان پتەو نەبێت، هەر ماڵێکی لەسەر بنیات بنێین لەرزۆک دەبێت!
بابەتی هاوشێوە
زۆرترین بینراو
developed by Scorpion shield