شێوازی دەسەڵاتەکان و دەستوور لە دەوڵەتی فیدڕاڵیدا
بڵاوکردنەوە:
شادی غەفوور
نووسەر:
شادی غەفوور
بینراو:
238
بەش:
ڕامیاری
دەسەڵاتی یاسادانان و دەسەڵاتی دادوەری
لە دوای باسکردنی دەسەڵاتی جێبەجێ کردن باس لەدەسەڵاتی یاسادانان و دەسەڵاتی دادوەری دەکەم کە سەر بەهەمان بابەتی دەسەڵاتەکان و دەستوورە لە دەوڵەتی فیدڕاڵیدا، لە دەوڵەتی فیدڕاڵی و هەرێمەکاندا، دەسەڵاتی یاسادانان بریتییە لە دەسەڵاتی دانان و گۆڕینی یاسا و درووستکردنی یاسا دەبێت دەسەڵاتی یاسادانان سەربەخۆبێت و دەسەڵاتی جێبەجێکردن و دادوەری تێکەڵ نەکرێت، لەزۆربەی ئەو وڵاتانەی بەدەست سیاسەتی خراپەوە دەناڵێنن و دیکتاتۆریەت تێیاندا بڵاوە دەسەڵاتی جێبەجێکردن دەست لە دەسەڵاتی یاسادانان وەردەدات و لە بەرژەوەندی خۆیان یاسادادەنێن.
دەسەڵاتی یاسادانان لە دەوڵەتی فیدڕاڵی ئێراقدا بەپێی دەستووری ساڵی ٢٠٠٥ ماددەی ٤٨ دەڵێت دەسەڵاتی یاسادانانی ئیتیحادی پێکدێت لە ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی ئیتیحادی. پاشان تایبەتمەندیەکانی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی ئیتیحادی لە دەستووردا ئاماژەی پێکراوە بەپێی ماددەکانی (٤٩،٦٠،٦١،٦٥)، ئەنجومەنی نوێنەران پێکدێت لە ژمارەیەک ئەندام بەڕێژەی یەک کورسی بۆ هەر سەد هەزار هاوڵاتیەک لە هاوڵاتیانی ئێراقی کە نوێنەرایەتی گەلی ئێراق دەکەن بەتەواوی هەڵدەبژێردرێن لەڕێگەی دەنگدانێکی گشتی نهێنی راستەوخۆ و لەم بوارەشدا ڕەچاوی پێکهاتەکانی گەلی ئێراق دەکرێت. هەروەها لە پاڵێوراوان بۆ ئەندامێتی ئەنجومەنی نوێنەران مەرجە کەئێراقی بێت و شایستەی تەواوی هەبێت. هەروەها خاڵێکی زۆر گرنگ ئەوەیە کە ڕێگەپێدراو نییە کە ئەندامێتی ئەنجومەنی نوێنەران کۆبکرێتەوە لەگەڵ هەرکارێکی تر یان پۆستێکی فەرمی دیکە. ماددە ٦٠ گرنگی بەم بابەتە داوە کە لە پەرلەماندا پڕۆژەیاساکان لەلایەن سەرۆک کۆمار و ئەنجومەنی وەزیرانەوە پێشکەش دەکرێت، و پێشنیاری یاساکان لەلایەن ١٠ ئەندام لە ئەنجومەنی نوێنەرانەوە یاخود لەلایەن یەکێک لە لیژنە تایبەتمەندەکانەوە دەکرێت. هەروەها ئەنجومەنی نوێنەران تایبەتمەندە بەم کارانە: لە گرنگترین کاری دانانی یاسا فیدڕاڵیەکانە هەروەها چاودێریکردنی ئەدای دەسەڵاتی جێبەجێکردن، هەڵژاردنی سەرۆک کۆمار و ڕێکخستنی کرداری راستاندن لەسەر پەیماننامەو ڕێکەوتننامە نێودەوڵەتەکان کە بە یاسایەک کە بەزۆرینەی دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران پەسەند دەکرێت. و ڕەزامەندی نیشاندەدات لەسەر دامەزاندنی هەریەکە لە سەرۆک و ئەندامانی دادگای پێداچونەوەی فیدڕاڵی و سەرۆکی داواکاری گشتی و سەرۆکی دەستەی سەرپەرشتیاری دادوەریی و زۆر کاری تری تایبەت بە ئەنجومەنی نوێنەران لە دەستووری ئێراقی باسی لێوەکراوە.
دەمەوێت لێرەدا ئاماژە بە خاڵێکی گرنگ بکەم کە دەسەڵاتی یاسادانان لە ئێراق لەهەردوو ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی فیدرالی پێکدێت، هەرچەندە ئەنجومەنی فیدرالی تاکو ئێستا بەگوێرەی ماددەی 65ی دەستوور پێکنەهێنراوە و دەسەڵاتی یاسادانانی ئێراق نوێنەرایەتی هەموو گەلی ئێراق دەکات بە کوردستانیشەوە، بەڵام پەرلەمانی کوردستان، دەستووری ئێراق تەنها دانی پێداناوە بەڵام بە گوێرەی دەستووری ئێراقی دروست نەبووە، پەرلەمانی کوردستان لەیەک ئەنجومەن پێک دێت کە بەتەنها نوێنەرایەتی کوردستان دەکات. دەسەڵاتی دادوەری لە دەوڵەتی فیدڕاڵیدا لە دەستووری ئێراقیدا لە ماددە ٨٧ تاوەکو ماددە ٩٤ باس لە دەسەڵاتی دادوەری دەکات لە ئێراقدا، لە ماددە ٨٧ی دەستووری ئێراقیدا دەڵێت دەسەڵاتی دادوەری دەسەڵاتێکی سەربەخۆیە و دادگاکان بەڕێوە دەبات بە جیاوازی جۆر و پلەکانیان و حوکمەکانیان بەگوێرەی یاسا دەردەکەن. هەروەها ئێمە وەک دەزانین دەسەڵاتی دادوەریی ئەو بەشەیە لە دەوڵەتدا کە بەرپرسە لە تەفسیرکردنی فەرمی بۆ ئەو یاسایانەی کە پەرلەمان دەریدەکات و حکومەتیش هەڵدەستێ بە جێبەجێی کردنی، دادوەرەکان لە ئێراق بەپێی دەستوور سەربەخۆن و هیچ دەسەڵاتێک لەسەریانەوە نیە جگەلە یاسا نەبێت و ڕێگە پێدراو نیە هیچ دەسەڵاتێک دەستوەر بداتە دادگا و کاروبارەکانی دادپەروەریەوە. لە ماددە ٨٩ باس لە پێکهاتەی دەسەڵاتی دادوەری دەکات کە دەستوور هۆکارێکە بۆ زانیاری تەواو سەبارەت بە هەر دەسەڵاتێک لە دەوڵەتدا کە دەڵێت، دەسەڵاتی دادوەری فیدڕاڵی لە ئەنجومەنی باڵای دادوەری و دادگای باڵای فیدڕاڵی و دادگای پێداچونەوەی فیدڕاڵی و دەزگای داواکاری گشتی و دەستەی سەرپەرشتیاری دادوەری و دادگا فیدڕاڵیەکانی تر پێکدێت کە بەگوێرەی یاسا ڕێکدەخرێن. ئەنجومەنی باڵای دادوەری لە ئێراق کاروباری دامەزراوەکانی دادوەری بەڕێوە دەبات یاساش شێوازەکانی پێکهاتن و تایبەتمەندیەکانی و بنەماکانی بەڕێوەچوونی کاروبارەکانی ڕێکدەخات. کۆمەڵە دەسەڵاتێک هەیە کە خۆی بەڕێوەی دەبات ئەویش بریتیەلە بەڕێوبردنی کاروباری دادوەری و سەرپەرشتی کردنی قەزای فیدڕاڵی.
لەگەڵ پاڵاوتنی سەرۆک و ئەندامانی دادگای پێداچونەوەی فیدڕاڵی و سەرۆکی داواکاری گشتی و سەرۆکی دەستەی سەرپەرشتیاری دادوەریی و پاشان خستنە بەردەستی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ ڕەزامەندی نیشاندان لەسەر دامەزراندنیان. پێشنیارکردنی پڕۆژەی بوجەی ساڵانەی دەسەڵاتی دادوەری فیدڕاڵی و خستنە بەردەم ئەنجومەنی نوێنەران بۆ ڕازامەندی نیشاندان لەسەری. دادگای باڵای فیدڕاڵی کە سەر بەدەسەڵاتی دادوەریە بریتیە لە دەستەیەکی دادوەری سەربەخۆ لە ڕووی دارای و کارگێریەوە، هەروەها ئەندامانی دادگای باڵای فیدراڵی لە شارەزای یاسای و فیقهی ئیسلامی و دادوەر پێکدێت. کاری سەرەکی دادگای باڵا بریتیە لەچاودێری دەستووری بوونی ڕێساو یاسا بەرکارەکان و تەفسیر کردنی دەقەکانی دەستوور لە هەر ناڕوونیەک. ئەوەی جێگەی سەرنجە لە ئێراق بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵی بەپێی ماددە ٩٤ی دەستووری ئێراقی یەکلاکەرەوە و بنبڕە و دەبێت دەبێت هەموو دەسەڵاتەکان پێوەی پابەندبن.
بابەتی هاوشێوە
زۆرترین بینراو
developed by Scorpion shield