ئەنجومەنی ئاسایش؛ ئەو ڕێکخراوەی ئەرکی پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی پێسپێردراوە

بڵاوکردنەوە:

سۆنیا مەحموود

نووسەر:

سۆنیا محمود

بینراو:

353

بەش:

ڕامیاری

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە (٦) دەزگای سەرەکی پێک دێت، لە ناویشیاندا ئەنجومەنی ئاسایش یەکێکە لەو شەش دەزگا سەرەکییە، کە لەلایەن ئەو ڕێکخراوەوە دامەزراوە. ئەنجومەنەکە، لە ساڵی (١٩٤٥)، بەپێی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان دروستبووە. ئەنجومەنی ئاسایش، یەکەمین دانیشتنی خۆی لە "چەرچ ھاوس،" لە بەرواری (١٧-١-١٩٤٦) ئەنجامدا. ھەرچەندە، یەکەم دانیشتن لە چەرچ ھاوس ئەنجامدرا، بەڵام، چەرچ ھاوس نەبوو بە بارەگای سەرەکی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ھەمیشە. بەڵکو، بارەگا و دانیشتنی ئەنجومەنەکە بۆ چەندان ناوچە گواسترایەوە و گۆڕانی بەسەردا ھاتووە. تەنانەت، دانیشتنی لە وڵاتی ئەسیوبیا لە ناوچەی "ئەدیس ئەبابای" ئەو وڵاتە ئەنجامداوە. وە لە شاری "جنێڤی" سویسرا و شاری "پەنەما،" تەنانەت لە "پاریسی" پایتەختی فەڕەنساش کۆبوونەتەوە. بارەگای سەرەکی ئەنجومەنی ئاسایش، لە ئێستادا، لە وڵاتی "نیۆرکی" وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە.

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەرپرسیارێتی سەرەکی پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی بە ئەنجومەنی ئاسایش بەخشیوە. ئەو ئەنجومەنە چەند ئەرکێکی ھەیە و ھەوڵی بەدیھێنانی چەند مەبەستێک دەدات کە بریتین لە:

- پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی لەژێر پەیڕەو و بنەماکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە بە ئەرکی سەرەکی ئەم دەزگایە دادەنرێت.

- ھەروەھا بۆ پەرەپێدانی پەیوەندی دۆستانە لەنێوان گەلان.

- ھاوکاریکردن لە چارەسەرکردنی کێشە و ناکۆکییە نێودەوڵەتییەکان.

- ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ.

ئەنجومەنی ئاسایش ئامانجی چارەسەرکردنی ناکۆکی نێودەوڵەتییە بەشێوەیەکی ئاشتیانە بەپێی بەشی شەشەمی بەیاننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە دەسەڵات دەدات بە ئەنجومەنەکە تا داوای چارەسەری ناکۆکییەکان بکات لە ڕێگەی دانوستان، ناوبژیوانی، یان ڕێگەی ئاشتیانەی دیکە. لە ئەگەری شکستهێنان لەوەدا، بەشی حەوتەم، دەسەڵات دەدات بە ئەنجومەنی ئاسایش تا ڕێگای دیکە بگرێتەبەر، وەک سەپاندنی سزا یان ڕێگەدان بە بەکارهێنانی هێز بۆ "پاراستن یان گەڕاندنەوەی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی." واتا، ئەنجومەن دەتوانێت لە هەندێک حاڵەتدا ڕێگە بدات بە بەکارهێنانی هێزی سەربازی لەلایەن هاوپەیمانییەکی وڵاتانی ئەندامەوە یان لەلایەن ڕێکخراوێک. ئەمەش، تەنیا کاتێک دەتوانرێت وەک دوا ڕێگا ئەنجام بدرێت کە هەموو ڕێگەیەکی ئاشتیانە بۆ یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکە تەواو بووبێت و ئەنجامی نەبووبێت، یان دوای ئەوەی هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاشتی، پێشێلکردنی ئاشتی یان کردەوەیەکی شەڕانگێزی بوونی هەبێت. ئەنجومەنی ئاسایش دەسەڵاتێکی بەرفراوانی ھەیە، سەرپەرشتی ھێزی چەکداری نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات، و پاش دەرکردنی بڕیارەکان جێبەجێیان دەکات، دەوڵەتانی ئەندامیش ناچار دەکات بە جێبەجێکردنیان. ئەنجومەنی ئاسایش، بەوە لە دەزگاکانی دیکەی نەتەوە یەکگرتووەکان جیا دەکرێتەوە، لە کاتێکدا دەزگاکانی دیکە تەنھا ئامۆژگاری دەدەن بە حوکمەت و دەوڵەتە ئەندامەکان، بەڵام، ئەنجومەنی ئاسایش بڕیار دەردەکات و دەوڵەتانیش ناچار دەکات کە پێوەی پابەندبن بەپێی ئەو پەیمانەی لەسەری ڕێککەوتوون.

وڵاتانی ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایش (١٥) ئەندامن. تا ئێستا، سێ جار گۆڕانکاری لە ژمارەی ئەندامانی ئەو ئەنجومەنەدا کراوە. ساڵی (١٩٦٥)، جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان هەموارکرایەوە و ئەندامانی کاتی لە شەش وڵاتەوە بۆ (١٠) وڵات زیادکرا. لە هەموارکردنەوەیەکی دیکە لە بەیاننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی (١٩٦٥)دا، ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەن بۆ (١٥) ئەندامی ئەنجومەن زیادکرا، کە، لە پێنج ئەندامی ھەمیشەیی و دە ئەندامی کاتی پێکدێت. ئەندامە ھەمیشەییەکان لە ھەریەک لە (چین، فەرەنسا، فیدراسیۆنی ڕووسیا، بەریتانیا و ئەمریکا) پێکدێن، کە بە "پێنج ئەندامە ھەمیشەییەکەی ئەنجومەنی ئاسایش" ناسراون. لەناو ئەندامە هەمیشەییەکاندا، لە ساڵی (١٩٧١) کورسیی نوێنەرایەتی (چین)ـیان لە کۆماری چین (تایوان) وەرگرتەوە و دایان بە کۆماری گەلی چین. فیدراسیۆنی ڕووسیاش، لە ساڵی (١٩٩١) شوێنی یەکێتی سۆڤیەتی گرتەوە. (١٠) ئەندامە کاتییەکەی ئەنجومەن ساڵانە لەلایەن ئەنجومەنی گشتییەوە بۆ ماوەی دوو ساڵ هەڵدەبژێردرێن و پێنجیان ساڵانە خانەنشین دەبن. شایەنی باسە تەنھا پێنج ئەندامە ھەمیشەییەکە مافی ڤیتۆیان ھەیە. دە ئەندامە کاتییەکە مافی ڤیتۆیان پێنادرێت. ئەو ساڵانەی یەکێتی سۆڤیەت کورسییەکەی بەدەستەوە بوو، زۆرترین بەکارهێنەری ڤیتۆ بووە و لە دوای دامەزراندنی ئەنجومەنەکەوە ڕێگری لە سەد بڕیارنامە و زیاتریش کردووە. دوای ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەت لە ساڵی (١٩٩١) بەولاوە، ئەمەریکا زیاترین سودی لە مافی ڤیتۆ بینیوە. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە پلەی دووەمدایە. لەدوای ڕووخانی دیواری بەرلین لە ساڵی (١٩٩٨) تا کۆتایی ساڵی (٢٠٠٤)، ئەمەریکا نۆزدە جار مافی ڤیتۆکردنی لە ئەنجومەنی ئاسایشدا بەکارهێناوە. هه‌روه‌ها، له‌ دوای ساڵی (١٩٩١)، ئەمەریکا سیانزە جار مافی ڤیتۆکردنی بەکار هێناوە کە (١١)جاریان پەیوەست بە پرسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئیسرائیل بووە، و یەک جار بۆ پرسی بۆسنیا و جارێکیش بۆ هێرشی ئەمەریکا بۆسەر پەنەما بەکاری هێناوە. دوایین جار لە ساڵی (٢٠٢٠)دا، ڤیتۆی بەکارهێناوە بۆ ڕەتکردنەوەی بڕیارنامەیەک کە داوای لێپێچینەوە و چاکسازی و یەکخستنەوەی ئەو کەسانە دەکات کە سەرقاڵی چالاکییەکانی پەیوەست بە تیرۆرن. بەکارهێنانی ڤیتۆ لەلایەن چینەوە لەم ساڵانەی دواییدا بەرزبووەتەوە. لە بەرامبەردا فەرەنسا و بەریتانیا لە ساڵی (١٩٨٩)ەوە دەسەڵاتی ڤیتۆیان بەکارنەهێناوە. شایەنی باسە ئەگەر کێشەیەکی گرنگ بخرێتە بەردەم ئەنجومەنی ئاسایش، بۆ جێبەجێکردنی پێویستە (٩) وڵات لە (١٥) وڵاتی ئەندام ڕەزامەندی دەربڕن لەسەری. بە مەرجێک ھیچ کام لە پێنج ئەندامە ھەمیشەییەکە ڤیتۆی نەکات.

سەبارەت بەو وڵاتانەی کە ئەندامن لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەڵام، ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایش نین، کە زیاتر لە ٥٠ دەوڵەتی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایش نین. دەوڵەتێک کە ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکانە، بەڵام، ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایش نییە، دەتوانێت بەبێ دەنگدان بەشداری لە گفتوگۆکانیدا بکات. کاتێک ئەنجومەن پێی وایە بەرژەوەندییەکانی ئەو وڵاتە کاریگەری لەسەرە، هەردوو لایەنی ئەندام و ئەوەشی ئەندام نییە لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەگەر لایەنی ناکۆکییەک بن کە لەلایەن ئەنجومەنەوە تاوتوێ دەکرێت، دەتوانن بانگهێشت بکرێن بۆ بەشداریکردن، بەبێ دەنگدان، لە گفتوگۆکانی ئەنجومەندا.

 

زۆرترین بینراو

developed by Scorpion shield