پەرتووکخانە بەناوبانگەکان لە شارستانیەتی ئیسلامی
بڵاوکردنەوە:
ئاریان ئومێد
نووسەر:
چرا یاسین
بینراو:
1306
بەش:
مێژوو
شارستانیەت بریتییە لە کۆمەڵێک دەستکەوت کە مرۆڤ بە دەستیھێناون لە بواری ھزر و ڕۆشنبیریی و ئاوەدانکاری و ھونەر و دەستکەوتی زانستیی لە ڕێگای دروستبوونی کۆمەڵێک گۆڕانکاری ئەرێنی لە ناوچەیەکی دیاریکراودا، کە تێهەڵکێش بە یەكتر و بە بنەماکانی نێو کۆمەڵگا دەبن و دەبێتە ھۆی سەقامگیریی ئابووری و بەرەوپێشچوونی ڕێگاکانی زیادکردنی داھات و گەشەکردنی، لە ئەنجامدا دەبێتە ھۆی بووژانەوەی ژینگەی مرۆڤ.
مێژووی مرۆڤایەتی چەندین شارستانیەت لەخۆ دەگرێت، کە ھەر یەکێکیان تایبەتن بە گەل و نەتەوەیەکی جیاواز، لە سەرەتادا دروستبوون و دواتر قۆناغ بە قۆناغ گەشەی کردووە، و زۆرجار دەکرێ دیاردە شارستانیەتەکانیش لەنێوان گەلاندا ئاڵوگۆڕیان پێکرابێت بە لێوەرگرتن و کارتێکردن.
شارستانیەتی ئیسلامییش یەکێکە لەو شارستانیەتە گەورە و فراوانانە کە مێژوو بە خۆیەوە دیوە، ئاینی پیرۆزی ئیسلام ئەو ئاینەیە کە ھەر لە سەرەتای سەرھەڵدانیەوە ھەمیشە ھانی خەڵکی داوە لەسەر خوێندن و نووسین. بۆیە دەبینین ھەر لە ماوەی حوکمی ئیسلامدا، ھەر زوو شارستانییەتێکی گەورە دروستدەبێت کە دەبێتە خاوەنی فەرھەنگێکی دەوڵەمەند و خاوەن چەند تایبەتمەندییەکی جیاواز و تایبەت، کە بە چەندین قۆناغی جیاوازدا تێپەڕ دەبێت، وە ھەروەھا چەندین زانای گەورە و ناوداری وەک (فارابی، ئیبن سینا، خەواریزمی، ئیدریسی.. ھتد) تێدا ھەڵدەکەوێت، کە دەبنە سەر مەشق و پێشەنگ لە داھێنان و دەستکەوتی جۆراوجۆر لە زانستە جیاوازەکانی وەک (بیرکاری، پزیشکی، ئەندازیاری، فەلسەفە، گەردوونناسی، جوگرافیا، سروشتزانی، جوڵەزانی، زیندەوەرزانی..ھتد)، کە گەیشتە پلەیەکی ئەوەندە بەرز کە بووە ھۆی کارکردنە سەر شارستانیەتەکانی تری دوای خۆیان و فاکتەرێک*ی سەرەکی بەرەوپێش بردنیان بوون.
کاربەدەستان و بەڕێوبەرانی وڵات لە چاخە ئیسلامییەکاندا گرنگییەکی زۆریان بە زانست و زانایان، داھێنان و دۆزینەوە، نووسینی پەرتووک، هەروەها کاری وەرگێڕان داوە. پەرتووکخانەکان لە شارستانیەتی ئیسلامیدا دوو جۆری سەرەکی بوون: (پەرتووکخانە گشتییەکان و پەرتووکخانە تایبەتییەکان).
پەرتووکخانە گشتییەکان لە لایەن خەلیفە و ئەمیرەکان و زانا دەوڵەمەندەکانەوە بنیاد دەنران و بینای تایبەتیان بۆ دروستدەکرا کە زۆر جار دەکران بە ھاوپێچی مزگەوتەکان و قوتابخانە گەورەکان، پەرتووکخانە گشتییەکان چەندین فەرمانبەریان ھەبووە کە هەمیشە لێپرسراوێکیان ھەبووە، کە یەکێک بووە لە ناسراوترین زانایانی سەردەمی خۆی، ھەروەھا کەسانێک ھەبوون کە پەرتووکیان دەدا بە خوێنەران و وەرگێریشی تێدابوو کە پەرتووکە نا عەرەبیەکانیان وەردەگێڕایە سەر زمانی عەرەبی.
پەرتووکخانە تایبەتەکانیش ژمارەیان زۆر زۆر بوو، کە لە ھەموو شار و شارۆچکەیەکی ڕۆژھەڵات و ڕۆژئاوای جیھانی ئیسلامیدا بڵاوبوون، بە دەگمەن زانا ھەبووە کە پەرتووکخانەیەکی تایبەتی نەبووبێت.
پەرتووکخانە گشتییەکان
یەکەم: پەرتووکخانەی ئومەوییەکان لە ئەندەلوس
کاتێ سەیری مێژووی موسڵمانان دەکەین لە ئەندەلوسدا، دەبینین پەرتووک و پەرتووکخانەکان ڕۆڵێکی سەرەکییان گێڕاوە لە پێشکەوتن و بەرەوپێشبردنی ژیانی خەڵکیدا، بایەخێکی زۆری پێدراوە کە (مقدسی) لە وەسفی ھەندێ پەرتووکخانەکاندا دەڵێت:
"پەرتووکخانەکان باخچەیان تێدابوو، ئاو بە ناوەڕاستیدا دەڕۆیشت و دابەشی چەندان ژوور کرابوون کە ھەر ژوورێک بابەت و سەرچاوەی زانستیان تێدابوو وە ناو ژوورەکانیش فەرشی سووری لێ ڕاخرابوو."
ئیبن حەزمی ئەندەلوسی لە وەسفی پەرتووکخانەی ئومەوی ئەندەلوسدا نووسیویەتی:
"ئەم پەرتووکخانەیە یەکجار گەورە و بەربڵاوبوو، بە تایبەت لە دەورانی حوکمی خەلیفە (موستەنسر)دا زیاتر فراوان کرا و بە تەنیا ناوی ئەو نووسەرانەی کە پەرتووکیان ھەبوو لەم پەرتووکخانەیەدا لە ٢٢٠٠ کاغەزدا ناوەکانیان جێی ببویەوە، کە ئەمەش بەڵگەی گەورەیی پەرتووکخانەکان، بە گرنگیپێدانی فەرمانڕەواکان بووە بە زانست و زانیاریی، ئەگەر باس لە گەورەیی پەرتووکخانەکانی تر بکەین، ئەوا تەنیا لە یەک پەرتووکخانەدا کە لەلایەن خەلیفە (موستەنسر)ەوە دروستکرا، زیاتر لە ٤٠٠ ھەزار پەرتووکی تێدا بوو لە ھەموو زانستە جۆراوجۆرەکاندا، ئەمە جیا لەوەی کە لە شاری قورتوبە نزیکەی ٢٧ پەرتووکخانەی تایبەت بە منداڵان ھەبوو."
دووەم: پەرتووکخانەی خەلیفە فاتمیەکان لە قاھیرە
ئەم پەرتووکخانەیە زۆر سەرسوڕھێنەربووە، چەندین پەرتووکی نایابی لە خۆ گرتبوو، ژمارەی پەرتووکەکانی وەک زۆرێک لە مێژوونووسان دەڵێن دەگەیشتە ٢ ملیۆن پەرتووک، لەگەڵ ئەمەشدا "المقریزی" بۆ ئەوە دەچێت کە ملیۆنێک و نزیکەی ٦٠٠ ھەزار پەرتووک بووبێت.
سێیەم : بیت الحکمە
مێژووی دامەزراندنی (بیت الحکمە) دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی خەلافەتی عەباسی لە شاری بەغدادی پایتەختی دەوڵەتی عەباسی ،خەلیفە (ھارون الرەشید) بە دامەزرێنەری ڕاستەقینەی بیت حکمە دادەنرێت دواتریش خەلیفە (مأمون) زیاتر گرنگی پێدا و بەھێزی کرد و گەیشتە لوتکە، لە ماوەی فەرمانرەوایەتییەکەیدا کە نزیکەی بیست ساڵ دەبوو، بایەخێکی زۆری بە فەرھەنگی ئیسلامی دا، ھەروەھا ھەوڵێکی زۆریدا کە لە پاڵ دەوڵەمەندکردنی گەنجینەی زانستی ئیسلامی، زانستی بیانیش کۆبکاتەوە، بۆیە فەرمانی کرد بە کڕینی پەرتووکە یۆنانییەکان لە ئاسیای بچووک.
ئەم پەرتووکخانەیە بە گەورەترین ناوەندی زانستیی دادەنرێت لە مێژووی ئیسلامیدا، زیاتر لە زانکۆیەک یەکەم پەرتووکخانە و بە یەکەم زانکۆی ئیسلامیی دادەنرێت، ئەمەش لەبەر ئەوەی زانایان بۆ خوێندنەوە و نووسین تێیدا کۆدەبوونەوە لە زانستە جیاوازەکانی وەک پزیشکی، فەلسەفە.. ھتد، وە ھەروەھا بەھۆی ھەمەڕەنگی سەرچاوەکانی و گرانبەھایی سەرچاوەکانی، مێژوونووسان بیت حکمە بە زانکۆیەکی گەورە دادەنێن و پەرتووکخانەکەشی بەشێکی بیت حکمە بوو .
چوارەم: پەرتووکخانەی دار الحکمە
ئەم پەرتووکخانەیە لە قاھیرە بوو، "حاکم بأمراللە"ی خەلیفەی فاتمی دروستیکرد، لە (١٠ی جەماددی دووەمی ٣٩٥ک) کرایەوە، ئەوەندە پەرتووکی تێدا کۆکردەوە کە ھیچ پاشایەکی پێش ئەو بەو جۆرە کۆینەکردبوویەوە، بە شێوەیەک کە ٤٠ کۆگای لە خۆ دەگرت ھەر یەک لەو خیزانانەش زیاد لە ھەزار پەرتووکی تێدابووە.
پێنجەم: پەرتووکخانەی الحکم
ئەم پەرتووکخانەیە ھی کاربەدەستێکی ئومەوی بوو لە ئەندەلوس، لەوپەڕی گەورەیی و فراوانیدا بووە و ژمارەی پەرتووکەکانی وەک ئاماژەی پێ دەکرێ دەگەیشتە ٤٠٠-٦٠٠ ھەزار بەرگە پەرتووک، ئەم پەرتووکخانەیە چەندین پێڕستی ورد و ڕێکخراوی ھەبوو لە نێویشیدا پێرستی تایبەت بە دیوانەکانی شیعری لە پەرتووکخانەکە دەگەیشتە ٤٤ بەرگ.
شەشەم: پەرتووکخانەی بنی عمار
ئەم پەرتووکخانەیە لە تەرابلوس بوو، نموونەی گەورەیی و مەزنی بووە، بە چەندەھا خەتخۆش و نووسەرەوەی تێدا بووە کە پەرتووکیان لەبەر دەگرتەوە و دەیانکرد بە دەستنووس، و ئەم نووسەرەوانە ببوون بە دوو بەش، لە شەو و ڕۆژدا دەگۆران تاوەکو کاری لەبەرگرتنەوەی پەرتووک نەوەستێت.
پەرتووکخانە تایبەتەکان
یەکەم: پەرتووکخانەی "الفتح بن خاقان"
پەرتووکخانەیەکی زۆر فراوان بووە، کاری کۆکردنەوەی پەرتووکەکانی سپێردراوە بە پیاوێکی ھەرە باشی سەردەمی خۆی لە ئەدەب و زانستدا بە ناوی (علی بن یحیی المنجم)، بە تایبەت لە بواری مەعریفە و حیکمەتدا کە لە ھیچ پەرتووکخانەیەکی دیکەدا ھاوشێوەی نەبوو.
دووەم: پەرتووکخانەی "إبن الخشاب"
لە ساڵی (٥٦٧ک) مردووە، یەکێک بووە لە زاناترین کەسایەتییەکان لە نەحوودا و ھەروەھا لە بوارەکانی فەرموودە و مەنتیق و فەلسەفەشدا، زۆر خولیای پەرتووک و کۆکردنەوەیان بووە.
سێیەم: پەرتووکخانەی "جمال الدین القفطي"
لە ساڵی (٦٤٦ک) مردووە، پەرتووکانێکی ئەوەندە زۆری کۆکردبوویەوە، بە جۆرێک لە شوێنە دوورەکانەوە بۆیان دەھێنا، خۆشەویستیەکی زۆری ھەبوو بۆ پەرتووک و کۆکردنەوەی پەرتووک و ژیانی خۆی تەرخان کردبوو بۆ ئەو بوارە، تەنانەت ژنیشی نەھێنا تاوەکو ماڵ و منداڵ سەرقاڵی نەکەن.
چوارەم: پەرتووکخانەی "الموفق بن المطران الديمشقي"
لە ساڵی (٥٨٧ک) مردووە، ھیممەتێکی* گەورەی ھەبووە لە کۆکردنەوەی پەرتووکدا، کاتێک کۆچی دوایی کرد لە دۆڵابەکانیدا نزیکەی دە ھەزار پەرتووکی لە بواری پزیشکی و بوارەکانی دیکەدا ھەبوو. لە خزمەتیدا سێ نووسەر ھەبوون کە بەردەوام پەرتووکیان بۆی دەنووسییەوە و ئەویش لە بەرامبەردا مووچە و ڕۆزی پێدەدان.
پێنجەم: پەرتووکخانەی "بنو جرادە العلماء"
ئەم پەرتووکخانەیەش لە شاری حەلەب بووە، کە خاوەنەکەی ناوی (أبو الحسین بن ابی جرادە) بوو، لە ساڵی (٥٤٨ک) مردووە. بە خەتی خۆی سێ دۆڵابی لە پەرتووکە نایابەکان بۆ خۆی نووسییەوە و ھەروەھا دۆڵابێکی بۆ باوکی و دانەیەکی دیکەشی بۆ کوڕەکانی نووسیبوویەوە.
لە نووسینی ئەم بابەتە، و ئەو سەرچاوانەی سوودم لێیان وەرگرتووە بۆ دیاریکردنی پەرتووکخانەکان بریتین لە:
یەکەم: مێژووی دەوڵەتی عەباسی، لە نووسینی د. کامەران علی فتح اللە ٢٠١٩ / چاپخانەی رۆژھەڵات.
دووەم: پزیشکی و پزیشکێنی لە شارستانیەتی ئیسلامیدا، لە نووسینی جیھاد نوری تۆفیق ٢٠١٧/ ھەولێر.
سێیەم: ڕۆڵی زانایانی موسڵمان لە پێشکەوتنە زانستیەکاندا، لە نووسینی د. کاوە فەرەج سەعدون ٢٠٠٧/ سلێمانی.
چوارەم: مێژووی گەلانی موسڵمان، لە نووسینی کارل برۆکلمان/ وەرگێرانی عومەر عەلی غەفوور ٢٠١٧/ تاران.
بابەتی هاوشێوە
زۆرترین بینراو
developed by Scorpion shield