خۆراکی کوردی لە نووسینی کوردناسەکاندا
بڵاوکردنەوە:
ئاریان ئومێد
نووسەر:
ئاریان ئومێد
بینراو:
230
بەش:
مێژوو
خۆراکی کوردی لە نووسینی کوردناسەکاندا
خۆراکی کوردی یەک لەو ڕەهەندە سەرەکی و گرنگانەیە کە بووەتە جێگەی سەرنجی گەڕیدەو کوردناسە ئەوروپییەکان. هەر یەک لەو کەسانە بەپێی ئەو بەرکەوتنەی لەگەڵ کۆمەڵگەی کوردی هەیبووە قسەی لەسەر خۆراکی کورد کردووەو لێی دواوە. ئێمە لێرەدا هەوڵدەدەین لە دوو تەوەری سەرەکیدا لەبارەی خۆراکی کوردییەوە بدوێین:
یەکەم: خۆراکە باوەکان:
یەکێک لەو خۆراکە گشتی و گرنگانەی کە تێکڕای کۆمەڵگەی کوردی و بەتایبەتتر چینی گشتی و ئاسایی وەک سەرچاوەی سەرەکی خۆراک پشتیان پێبەستووە، ئەو نانە بووە کە لە دانەوێڵەی گەنم و جۆ کە سەرچاوەی سەرەکی خواردنی مرۆڤی کورد بووە، بەرهەم هاتووە. گەڕیدە (پیترۆ دێلا ڤالێ) کە لەسەرەتای سەدەی حەڤدەدا هاتوەتە کوردستان و چووەتە ناوچەی قەسری شیرین، ئاماژە بە نانی کوردی دەکات کە کوردەکان لە ئاردی گەنم ئامادەی دەکەن، پێدەچێ جۆری ئەو نانە هەر ئەو نانە (تیری)یە بێت کە ئەمڕۆ هەیە، پیترۆ دەڵێت ئەو نانە برژاوەی کورد زۆر لەنانی ئێرانی بەتامترە. هاوشانی نان، بەرهەمە ئاژەڵییەکان سەرچاوەیەکی گرنگی خۆراکی کۆمەڵگەی کوردی بووە، ڕەنگە بەشێکی ئەو گرنگییەش پەیوەندی بەوەوە هەبوبێت کە بەروبومی ئاژەڵی زیاتر لە بەرهەمێکی لێ دروستکراوەو پێخۆرێکی هەمە ڕەنگ و فرە چێژ بووە. (مینتیشا شڤیڵی) باس لەیەکێک لەو خواردنە سەرەکیانەی کورد دەکات کە لەبەرهەمی سپیایی ئاژەڵەوە دروستکراوە کە ئەویش پەنیری وشکەوەکراو (کەشک)ـە، (٣، ٨٥-٨٦). هەروەها ویگرام ئاماژە بە بابەتێکی سەرنجڕاکێشتر دەکات کە ئەویش خواردنی گۆشتی بزنی کێوییە لە لایەن کوردەکانەوە (١، ٥٥٧)، واتە مرۆڤی کورد لەبابەتی بەرهەمە ئاژەڵییەکاندا تەنها پشتی بە ئاژەڵە ماڵییەکان نەبەستووە و سودی لە ئاژەڵە کێوییەکانیش بینیووە بەتایبەت بۆ بەرهەمی گۆشت.
بەروبوومی ئاژەڵی بەهۆی گرنگییەکەیەوە لەلایەن زۆرێک لە گەڕیدەو کوردناسانەوە ئاماژەی پێکراوە، لەوانە (کارڵ مای) کە ئاماژە بەوە دەکات لە کۆمەڵگەی کوردیدا بە ڕێژەیەکی زۆر پشت بە بەرهەمی مەڕو ماڵات دەبەسترێ بۆ گۆشت و شیرەکەی کە دوو سەرچاوەی گرنگی خۆراکین، بەتایبەت گۆشتی گیسک و بەرخی تازە پێگەیشتووی ناسک کە لەلای کوردەکان لە خۆراکە هەرە تایبەت و بەچێژەکانن و لەسەر خوانەکانیان بە ڕێژەیەکی زۆر دەبینرێت، بەلای (هێنری بێندەر)یشەوە کوردەکان کارامەن لە بەرهەمهێنانی چەندین بەروبومی جیاواز لە سپیایی ئاژەڵ، هێنری ئاماژە بەوە دەکات ژنانی کورد شیری مەڕ و بزن و مانگا لە قاپی ئاسندا دەکەنە ماست و کەرەشی لێ دروست دەکەن، (٣، ٨٣-٨٤).
دووەم: خوانی میوانداری لەلای کوردان:
زۆربەی ئەو گەڕیدانەی ڕۆژگارێک ڕێیان کەوتوەتە کوردستان یەکێک لەو تایبەتمەندیانەی کۆمەڵگەی کوردی کە پێی سەرسام بوون نەریتی میوانداری بووە. ئەوەی زۆرتر مایەی سەرنجە ئەم نەریتە تەنها لە خیزانە دەوڵەمەندەکاندا قەتیس نەبووە، بەڵکوو هەموو چینێکی کۆمەڵگە بە ئەندازەی توانای ئابووریی خۆی هەوڵیداوە باشترین خزمەت بە میوانەکەی بکات و باشترین خواردنەکانی بخاتە بەردەست. مێجەرسۆن کە لە سەرەتای سەدەی بیستدا هاتوەتە کوردستان، لەم بارەیەوە باسی میوانداری گوندێکی بچوکی کوردی دەکات کە خەڵکەکەی هەژار و کەم دەرامەتبوون بەڵام بەهەموو توانایانەوە هەوڵیانداوە باشترین خزمەت بە میوانەکەیان بکەن و باشترین خواردنیان پێشکەش بکەن کە گۆشتی مریشک بووە (٥، ٦٣).
(جەیمس ڕیچ) کە لە ساڵی (١٨٢٠)دا سەردانی کوردستان دەکات، لە دیوانی مەحمود پاشادی باباندا میوان بووە، بەمجۆرە وەسفی ئەو خوانی بەیانییە دەکات کە لەگەڵ میردا خواردویەتی: "سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، لەسەر بانگهێشتی میر، سەعات دە، لەگەڵ میر، ناشتامان کرد، بەڵام زۆرتر لە نانی ئێوارە دەچوو وەک لە نانی بەیانی، چونکە هەموو جۆرە گۆشتێکی وشک و تەڕ و هەمەجۆر خواردەمەنیتریشی تێدابوو، کە لە خۆرهەڵاتدا باوە، لەوانە: ئەوەی پێی دەڵێن (بریانی). خواردنەکانیشیان لەسەر شێوەی فارسییانە ڕازاندبووەوە، کە ئەوەندەی تر لێهاتوویی کوردانەی جوان کردبوو، چونکە خواردنەکە لەهەموو ئەو جۆرە خواردنانە بەتامتر بوون کە لە بەغداد و لەهەر کاتێکدا خواردبێتم."، ڕیچ لەم بارەیەوە زیاتر دەدوێ و ئاماژە بەوە دەکات لە خوانەکاندا گرنگیەی زۆر بە خواردنەوەی (دۆ) دراوە، بە جۆرێک کە خزمەتکارێک بەتایبەت لەتەنیشتی میرەوە دانیشتووە و ئیشی تەنها ئەوەبووە دۆ پێشکەشی میر بکات، ڕیچ باس لەوەش دەکات کە ئەو دۆیەی پێشکەش کراوە فەریکە هەڵوژەی تێکراوە، بەو هۆیەشەوە تامێکی یەکجار زۆر ترشی هەبووەو ئاوی لە چاوی ئەو کەسە هێناوە کە خواردویەتیەوە، وەک دەردەکەوێت ڕیچ کەیفی بەو خواردنەوەیە نەهاتووەو پێی ڕانەهاتووە، بەڵام وەک دیارە لەلای میرو هاوەڵەکانی چێژێکی تایبەتی هەبووە (٤، ١٢٩-١٣٠).
ویگرام باس لەوە دەکات خواردنی کوردە مەسیحییەکان جیاوازیەکی ئەوتۆی لەگەڵ خواردنی موسڵمانەکان نییە، تەنها ئەوە نەبێ موسڵمانەکان گۆشتی بەراز ناخۆن، هانسنیش باس لەوە دەکات کە خێزانێکی کورد میوانداریان کردووەو چێشتی (یاپراخ)یان بۆ لێناوە و زۆری بەدڵ بووە، هەروەها باسی ماستاو یان دۆی کردووە کەوا لەناو کاسەیەکی گەورەدا پێشکەش دەکرێت، هەروەها کەبابیشی بەدڵ بووە و بە هەمبەرگر شوبهاندوویەتی کەوا ڕاستەوخۆ لەسەر ئاگر دەیبرژێنن، (هەی) بابەتێکی سەرنجڕاکێش دەگێڕێتەوە ئەویش ئەو جۆرە خواردنانەیە لە ئاهەنگەکاندا بۆ خەڵکی پلەوپایە بەرز ساز دەکرێت، کە ئەمانەن: لەشی بەرخێکی گەورەی لێنراو بە برنج و کشمیش و بەهارات ئاخنراوە، دوای ئەوەش سینییەکی گەورەی پڕ گوێزی کوڵاو بە هەنگوین، هەروەها یەک یان دوو سینی برنجی بەڕۆن لێنراو، کە پارچەی هێلکەو ماست و میوەی لەسەر دادەنرێت، بەڵام ئەم نەریتە زیاتر لەناو ئەو ناوچە کوردیانەدا باوە کە لە ناوچە عەرەبییەکانەوە نزیکن، واتە پێدەچێت ئاوێتەبونێکی نەریت و جۆری خۆراک لەم دەڤەرانەدا بەپێی کات سەری هەڵدابێت (١، ٥٥٨-٥٥٩).
هەی وایبینیووە کە خواردنی سەرەکی جوتیاری کورد لە نانی گەنم و مێوژ و سەوزەو ماست و ساوەر پێکدێت، کەوا بریتییە لە گەنمی کوڵاو و کوتراو، لەجیاتی برنج پێشكەش دەکرێت و بەچێژیشە. هەروەها بەلایەوە بەرچاییش لە شیرو ماست و پەنیر پێکدێت، هەرچی ناوچە بەرزەکانیشە دۆشاو یان ئاوی ترێ لە نێو هەژارەکاندا شوێنی گەلێک جۆری خواردن دەگرێتەوە، ئەوانەشی بەڕوو خۆراکی سەرەکییانە، بەڕوو دەهاڕن و ئارد و نانی ڕەشی لێ دروست دەکەن، شەراب و مەی خواردنەوە لەناو کورداندا باو نییە، بەڵکوو ئەوەی جێی گرتووەتەوە، زیاتر دۆ و شەربەت یان دۆشاوی ترێیە (١، ٥٦٠).
هەر سەبارەت بە خواردنەوە کوردییەکان هەریەک لە ڕیچ و مێجەرسۆن باسیان لە گرنگی دۆو ماستاو کردووە لەلای کوردان، سۆن (دۆ) بە شەرابی نەتەوەیی کورد دادەنێت، (هەی)یش باسی ماستاو یان (دۆ)ی کردووە کە بە خواردنەوەی سەرەکی و پەسەندی خەڵکی کوردستانی دادەنێت، بەگشتی باسی چۆنیەتی دروستکردنی ماستی کردووە، هەروەها چۆن لەماست دۆ و کەرە بەرهەم دەهێنرێت، ئەمە سەرەڕای باسکردنی جیاوازی دۆ و ماستاو بەوردی، بەڵام ئاماژە بەوەش دەکات کە کوردەکان دۆ پێشکەشی میوانی پایە بەرز ناکەن بەڵکوو ماستاوی پێشکەش دەکەن کە شایەنترە (٣، ١٠٣).
(ئیدمۆنس)یش لە یاداشتەکانیدا ئاماژە بەوە دەکات کاتێک سەردانی گوندی چوارتای کردووە لە دەڤەری شارباژێڕ، لە لایەن ئاغای گوندەکەوە پێشوازی لێکراوەو فەریکە گوێز و بادام و ترێی ترشی نەگەیشتوو (بەرسیلە)و دەفری پڕ لە شیری تازەو ماستاویان پێشکەش کردوون (٢، ١٣٩)، ئەمەش لە لایەک نەریتێکی جوانی میوانداری نیشاندەدات، لە لایەکی دیکەش دەوڵەمەندی ناوچە شاخاوییەکانی کوردستان بە میوەو بەرهەمی ڕووەکی هەمەجۆر نیشاندەدات.
سەرچاوەکان:
١- بەدرخان سندی: کۆمەڵگەی کوردەواری لە دیدی ڕۆژهەڵات ناسیدا، وەرگێڕانی: د. ئیسماعیل ئیبراهیم سەعید، چاپی یەکەم، چاپخانەی خانی، (دهۆک، ٢٠٠٨).
٢- سیسیل جۆن ئیدمۆندس: کورد تورک عەرەب، وەرگێڕانی: حامید گەوهەری، چاپی دووەم، (هەولێر، ٢٠٠٤).
٣- کامەران محەمەد: کوردناسی و مێژووی ژیانی ڕۆژانە، چاپی یەکەم، چاپخانەی کارۆ، (سلێمانی، ٢٠٢١).
٤- کلودیوس جەیمس ریچ: گەشتنامەی ریچ بۆ کوردستان، وەرگێڕانی: محەمەد حەمە باقی، چاپی چوارەم، چاپخانەی خانی، (دهۆک، ٢٠١٢).
٥- مەیجەر سۆن: گەشتێک بۆ میسۆپۆتامیا و کوردستان لەبەرگی نادیاردا، وەرگێڕانی: مینە، چاپی یەکەم، (٢٠١٨).
بابەتی هاوشێوە
زۆرترین بینراو
developed by Scorpion shield