فەرهەنگی عوبەید

بڵاوکردنەوە:

گەرمیان حەسەن

نووسەر:

گەرمیان حەسەن

بینراو:

155

بەش:

مێژوو

یەکەم دانیشتووانی سۆمەر بە "عوبەیدییەکان" ناسراون، یەکەمجاریش شوێنەواری ئەم قۆناغە مێژوویە لە گردێک بەناوی گردی عوبەید لە پارێزگای زیقاری باشووری ئێراق دۆزرایەوە. یەکەم گەڕانی سەرەکی لەلایەن "هێنری هۆڵەوە" ئەنجامدرا، کاتێ چەند پارچە گۆزەیەکی گڵینی پەیوەندیدار بە سەردەمەکانی پێش مێژووەوە کۆکردەوە کە بەدەست درووستکرابوو، نەخشی ڕازانەوەکەشی بریتیبوو لە چەند نەخشێکی هەندەسی سادە بە چەند ڕەنگێکی سەوز، قاوەیی، ڕەش و قاوەیی مەیلەو شیری. دواتر لەلایەن "لیوناردۆ ووڵی" توانیان پاشماوەکانیان بدۆزنەوە. شارستانیەتی عوبەید لەو گوندە پەرش و بڵاوانەی بە درێژایی دەشتە لافاوەکانی ڕووباری دیجلە و فورات خەڵک دەستیان بە نیشتەجێبوون کرد، ئەم ژیارە دەکەوێتە چەند کیلۆمەترێک لە ڕۆژئاوای ناسریەوە و شەش کیلۆمەتر لە شاری مێژوویی "ئور"ەوە دوورە. شارستانیەتی عوبەید بە بڵاوبوونەوەی لە باشوور و باکووری ئێراق جیادەکرێتەوە، یەکەم شارستانییەتە لە باکوور و باشوور بڵاوبووەتەوە - سەرەڕای ئەوەی لە بنەڕەتدا ئەم ژیارە باشوورییە. بە یەکەم کۆمەڵگە دەبژێردرێن لە دامەزراندنی ئابووریەکی بەرهەمهێنەر لەسەر بنەمای ستراتیژیەتی جووتیاری میزۆپۆتامیا، ئەم بنەمایەش لەسەری دامەزرابوو لەسەر بنچینەی دانەوێڵە بووە. عوبەید بەرهەمهێنانی لە زۆر بواردا دەرکەوتووە، وەک درووستکردنی دەفری گڵێنەیی ڕەنگاوڕەنگ و ڕازاوە، تایبەتمەندیەکی ئەوەبوو عوبەید گڵەکەیان زۆر گەرم و سوور دەکرەوە. خانووەکانیان چوارگۆشە بووە، ژووری زۆریان هەبوو لە هەمان کاتیشدا هۆڵێکی گەورە لە ناوەڕاستی خانووەکەدا بوونی هەبووە و خانووەکەیان لە گڵ(خشت) درووست دەکرد. باشترین شوێنەواری دێرین بۆ لێکۆڵینەوەی شارستانی سەردەمی عوبەید لە بەشی باشووری دوو ڕووباردا شاری (ئەریدۆ)یە، لە بەشی باکووریشدا (تەپە گەورایە). تەنانەت شوێنەوارەکانی شارستانیەتی عوبەید بە ڕێگای بازرگانی وشکانی دەریایی  گەشتووەتە دەرەوەی ناوچەکە و بڵاوبووە و لەنێوان هەزارەی پێنجەم و چوارەمی پێش زایین گەشەی کرد، و بەسەر ڕووبەرێکی فراواندا بڵاوبووەوە و گەیشتە هەریەک لە سوریا، ئاسیای بچووک، کوردستان، نیمچە دوورگەی عەرەبی، وڵاتانی کەنداوی عەرەبی، ئێران، ئەفغانستان و هیندستان ئەم دووانەی دوایی بەهۆی پەیوەندی بازرگانی و سەوداگەری نێوانیان دۆزراوەتەوە. لێکۆڵینەوەکان ئەوە نیشان دەدات بەردی ئۆبسیدان و بەردی لاپیزلازوردی کەرەستەی خاو و سەدەف و گۆزە و بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی و گەنم و جۆ و بەرهەمە دەریاییەکان، بازرگانی و ئاڵۆگۆڕکراوە، ئەمە یارمەتیدەر بووە لە پڕۆسەی ئاڵوگۆڕی ماددی و کولتووری لە نێوان هەردوولادا. تا ئەوەی توێژەر "کلاریس سۆیشر" باسی لەوە کردووە: عوبەید، ئاوێنەی باڵانوێن و ناسێنەری قۆناغی کۆنترین شتومەک و پیشەسازییە دەستییەکانە.

تەنانەت زیاتر لە ۳۰ شوێنی سەر بە ژیاری عوبەید لە باکووری ڕۆژهەڵاتی نیمچە دوورگەی عەرەبی دۆزراونەتەوە، ئەمەش وایکرد هەندێک وا گریمانە بکەن پەیوەندی لە نێوان ڕۆژهەڵاتی نیمچە دوورگەی عەرەبی و دانیشتوانی باشووری ئێراق هەیە، بەشێک لە گروپە مرۆییەکان کۆچیان کردووە لە ڕۆژهەڵاتی عەرەبستانەوە تا دەشتی لافاوکردەکانی نزیکیان. تا ئەو قۆناغەی شارەکان دەستیان بە دروستبوون کرد لە ئێراقدا هاوکات بوو لەگەڵ نەمانی شارستانیەتی عوبەید لە نیمچە دوورگەی عەرەبیدا، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی گومانی ئەوە بکرێت کە کۆچێکی گەورە لە ئێراق ڕوویداوە کۆتایی هەزارەی چوارەمی پێش زایین. تەنانەت "کلاریس سۆیشر" پێی وایە؛ "خەڵکانی چیا بە پلەی یەک و گروپی کۆچەرە سامییەکان بەرەو باشووری ئێراق کۆچیان کردووە لە ئەنجامی تێکەڵاوبوونی هەردوولا تەرزێکی فەرهەنگی نوێ هاتە کایە دواتر بووەتە دروستبوونی شارستانیەتێکی تەواو جیاواز و کەلتوورێکی نوێیان درووستکرد بە تایبەتمەندییە جیاوازەوەکانەوە لەدەوری یەکتر کۆبوونەوە." ئەمەش بناغەی "سۆمەر"ی لێ هاتە کاتە.

ئەم قۆناغە بەیەکەمین سەردەمی شارستانی دەژمێرێت لە دەشتی ڕافیدەین کە دانیشتووانەکەی زەویەکەیان بە گەنم و جۆ و نیسکیان دەچاند و ڕەوە مانگا و بزن و مەڕیان بەخێو دەکرد و لە ڕووبارەکانەوە ماسییان دەگرت. شێوازی نوێی کشتوکاڵ پەرەی پێدرا و تۆڕێکی یەکگرتووی فراوان لە سەرەتای سەردەمی عوبەیددا درووستکرا ... لە تایبەتمەندیەکی دیاری ئەم فەرهەنگە دەرکەوتنی "مۆری ڕووتەخت" بوو کە نەخشێکی لەسەر هەڵدەکۆڵرا و بەمەبەستی مۆرکردنی کەلوپەلی بازرگانی و پاراستنیان و ناسینەوەی خاوەنەکانیان بەکاردەهات، هەروەها شێوەی مۆرەکە لەسەری وێنەی  ڕووەک و ئاژەڵ و ئەندازەیی هەڵکۆڵرابوو، ئەمە واتایەکی کۆمەڵایەتی و هونەری گرنگیان هەبوو بۆیانز

لە ئەنجامی پەیوەندییەکانیاندا ئەم فەرهەنگە لە جاران فراوانتر و ڕەنگدانەوەی زیاتر بوو، بەو پێیەی کشتوکاڵ شایەتی فراوانبوونی گەورەبوونی لە باشووری میزۆپۆتامیا ڕەخساند، بە پشتبەستن لەسەر سیستەمی ئاودێری و نەک لەسەر باران، کە سیستەمی ئاودێری داهێنانێکە لەلایەن عوبەیدەوە بۆ سیستەمی کشتوکاڵ و ئاودێری لە میزۆپۆتامیا ئەم داهێنانە یەکێکە لەو هۆکارانەی یارمەتی مرۆڤی داوە لەم بەشەی خاکدا نیشتەجێ بێت.

 

قۆناغەکانی سەردەمی عوبەید:

فەرهەنگی عوبەید بەچەندین پەرەسەندنی شارستانییدا تێپەڕیووە تا گەشتووە بە فەرهەنگێکی جیاواز لەوانەی پێشخۆی، بێگومان بۆ ئەمەش بە چەند سەردەمێک جیایان کردووەتەوە ئەمانەش ئەو قۆناغانەن.

 

قۆناغی 0 / هەندێکجار پێی دەوترێت (تەل عویلی) ماوەی نێوان 6500(-5400 پ. ز) بووە، کە قۆناغی پێش عوبەیدە؛ بەپێی ئەوەی لە هەڵکۆڵینەکان لە تەل عویلی دەرکەوتووە.

قۆناغی عوبەیدی 1 / ئەم قۆناغە هەندێکجاریش پێی دەوترێ ئەریدۆ لە نێوان ساڵانی 5400-4700 پ.ز، ئەم قۆناغە درێژ دەبێتەوە، هەروەها قۆناغێکی تایبەتە بۆ باشووری ئێراق لەو شوێنەی ئەمڕۆ تا دەگات بە کەناراوەکانی کەنداوی عەرەبی. ئەم قۆناغە پەیوەندییەکی ڕوون لەگەڵ کەلتووری سامەرا لە باکوور نیشان دەدات و بەیەکەوە گرێیان دەدات. دانیشتووان توانیان دانەوێڵە لە بارودۆخی سەختی وشکە ساڵیدا بچێنن، ئەمەش بەهۆی بەرزی ئاستی ئاوی ژێرزەوی و بەکارهێنانی تەکنیکی ئاودێری لە باشووری ئێراق.

لە عوبەیدی سفر و یەک تەنها مەوداییەکی دیاریکراوی سنووری جوگرافی دەگرتەوە. واتە فەرهەنگەکە تەنها لەناوچەیەکی دیاریکراوبووە.

قۆناغی عوبەیدی 2 / 4500-4800 پ. ز ئەم قۆناغە پەرەسەندنی فراوانی تۆڕی کەناڵی ئاودێری و نیشتەجێبوونە کشتوکاڵییەکان دەردەخات وای بۆ دەچن سەرەتا لە "چۆخەمامی" (4700-4600 پ.ز) پەرەی پێدرابێت. بە خێرایی لە شوێنەکانی دیکەدا بڵاوبووەوە، و نوێنەرایەتی یەکەم هەوڵی بە کۆمەڵ دەکات کە پێویستی بە هەماهەنگی و کاری بە کۆمەڵ هەیە. لەم قۆناغەدا گڵێنەی عوبەید ناوچەیەکی فراوانی لەناو نیشینگە و کۆمەڵگەکاندا بڵاوبووە، ئەمە جیا لەوەی لە ڕووی کشتوکاڵ و دەریاوانی و مەڕوماڵاتداری و بەرهەمی زیادە هەنگاوی گەورەی بڕی. ئەوەی جێی ئاماژەیە فەرهەنگی عوبەید تا قۆناغی دووەمی هێشتا لەناوچەکانی باشووری ئێراقدایە لە قۆناغی سێ و چواردا تەشەنە دەکات بەرەو ناوچەکانی تر بەتایبەت باکوور.

قۆناغی عوبەیدی 3 / ئەم ماوەیە لە نێوان (4500-4000 پ.ز)، ئەم قۆناغە شارنشینییەکی خێرا و فراوانبوونی کەلتووری عوبەید بەرەو ناوچەکانی باکوور نیشان دەدات. بۆ جێگرتنەوەی فەرهەنگی حەلەف. لەم قۆناغەدا چەرخی گڵێنەی دروستکران لەسەر چەرخەکە پارچە قۆڕەکە دادەنرا بەوشێوەی دەیویست فوڕم و شێوەکەی دروست دەکرد. کلەوپەلەکان زۆربوون و لەڕووی نەخش و نیگار کەلوپەلە گڵێنیەکان سادەبوونەوە. شوێنەوار و گلێنەی فەرهەنگی عوبەید بەدرێژایی کەناراوەکانی کەنداوی عەرەبی بڵاوبووەتەوە، ئەمەش بەڵگە و نیشانەی گەشەکردنی سیستەمی بازرگانی ئەم فەرهەنگەیە، کە لە کەناراوەکانی دەریای ناوەڕاستەوە تا دەگاتە دیلمۆن و مەگان (واتا لە بەحرەین تا عومان درێژدەبێتەوە). باسیش لەوە کراوە بەهۆی بازرگانییەوە تا هیندیش چووە. بەڵام لە کۆتایی ئەم قۆناغە ئاستی ئاوی کەنداو کەمی کرد قۆناغی بیابانبوون دەرکەوت بەرەبەرە سەهۆڵبەندان کشان بەرەو ئەو جێگانەی ئێستا لەوێن.

عوبەیدی 4 / لەم قۆناغەدا فەرهەنگی عوبەید جێگەی حەلەف گرتەوە. ئەمە فەرهەنگە بەدەوروبەری و ناوچەکاندا دەستی کرد بەبڵاوبوونەوە. لەڕووی کەرەستە و خشڵ و جوانکاریەوە و گرنگیەکی تایبەتی پێدەدرا. لەڕووی کۆمەڵایەتیەوە هاوشێوەی کۆمەڵگەیەکی دەوڵەتەشار لە ئەریدۆ مامەڵەی دەکرد، ئەوەی عوبەیدی جیاوازکرد فەرهەنگی شارستانیبوونی مرۆڤی خستەسەر پایەیەکی جێگیر بەدوای خۆیدا فەرهەنگی وەرکا دەستی پێکرد، کە قۆناغی درووستبوونی شارە وەکوو ناوەندێکی ڕامیاری.

 

شار لە سەردەمی عوبەید:

سەردەمی فەرهەنگی حەلەف کۆتا قۆناغی نیشتەجێبوونە لە جۆری گوندی بوونە لە ناوچەکەدا، بەڵام عوبەید سەردەمی درووستبوونی شارۆچکە و شارەکان بوو، سەرەتای جۆری شارنشینی لە وڵاتی دوو-ڕووبار و خۆرهەڵاتی نزیک هاتە کایە. کاریگەری شارستانی عوبەید کە لە درووستبوونی شارەکانەوە دەستی پێکرد لە هەموو شارۆچکەکان و ناوچەکاندا وەکوو یەک نەبوو بێگومان ئەمەش بەهۆی جیاوازی ڕێڕەوی گەشەکردن و بچووکبوونەوە لە شارۆچکەکاندا، سەرەڕای ئەوەش سەردەمی عوبەید شایەتی دانانی بناغەکانی شارستانییەت بوو لە میزۆپۆتامیا. ژمارەی دانیشتووان لە کۆتایی سەردەمی عوبەید بەخێرایی دانیشتووان گەشەیان دەکرد و فراوانتر بوون و شارۆچکەکان لە ناوەندی نیشتەجێبوونی گەورە پێکهاتبوون ژمارەی دانیشتووانیان لە نێوان ١٠٠٠ بۆ ١٠ هەزار کەس بوو لەسەر پارچە زەوییەکی زیاتر دەژیان کە ڕووبەرەکەی ١٠ هێکتار بوو، نیشتەجێبوونی گەورە دەستی پێکرد.

بەپێی باوەڕی سۆمەرییەکان باس لەوەکراوە شارئی (ئەریدۆ Eridu) کۆنترین شاری سۆمەر و گەورەترین شوێنی نیشتەجێبوون بوو لە سەردەمی عوبەیددا، هەروەها یەکەم شار بوو کە بوو بە شار لە نزیکەی ساڵی ٥٠٠٠ پێش زایین. بەپێی پشکنینی بەڕێوبەری شوێنەواری ئێراقی ئەنجامی داوە لە ساڵی (1946 بۆ 1949) ئەریدۆ کۆنترین شوێنی نیشتەجێبوون بووە لە خوارووی ئێراقدا لە لیستی پاشاکانی سۆمەردا بووە لە سەردەمی پێش لافاو لە ئەفسانەی سۆمەرییەکان باس لەوە دەکەن کە ئەریدۆ لەلایەن خوداوەندی سۆمەرییەکان "ئینکی" درووست کراوە. ئەریدۆ لە ڕووباری فوراتەوە ئاویان بۆ کێشاوە لە شێوەی کارێز و جۆگەی ئاو، چونکە یەکێک لە خەسڵەتە خراپەکانی شارەکە ئەوەبوو بەرکەوتەی زۆری هەبوو لەگەڵ سرووشتی وشکانی و بیابانی، هەر ئەمە وایکرد زیاتر بەرەو لە ناوچوون بچێت لە سەردەمانی دواتردا.

هەر شارۆچکەیەک بە تۆڕێک گوند دەورە درابوو. لە شارەکانی عوبەیدا پەرستگا لە ناوەڕاست و چەقی شاردا بووە، پاشان ماڵ و خانووەکان بە دەوریدا درووستکراون، ئەمەش پاڵپشت بە بەڵگە شوێنەوارییەکان دۆزراونەتەوە. کۆمەڵگە لە سەردەمی عوبەیددا بەپێی پێگەی کۆمەڵایەتی و ئابووری خەڵک دابەش بوو، چینێکی باڵاتر لە سەرکردەی عەشیرەت هەبوون کە ئەرکی یەکلایی کردنەوەی ناکۆکی و جێبەجێکردنی فەرمانیان هەبوو.

 

دیارترین شوێنەواری عوبەید لە ئێراق:

گردی عوبەید، ئەبوشەهرین (ئەریدۆ)، گردی ئەلعەقیر، گردی ئەسمەر، گردی عویلی، خەفاجییە، سامەڕا، گردی حاجی محەمەد، تەپەگەورا، چۆخەمامی، حەلەف، گردی حەسوونە، گردی ئەرپاچی، نەینەوا، شەنگال، دیالە، مەتارە، نوزی و نەینەوا ... چەندان شوێنی تر.

 

زمان:

شوێنەوارناسی ئێراقی تەها باقر لەم بارەیەوە باسی لەوە کردووە هیچ پاش سەردەمی زمانەکەیان نەماوە، جگە لە چەند کەلتوورێکی کەم لە زمانەکەیان و بنکەیان کە شارەکانی وڵاتی سۆمەر و ئەکەدە و هەندێک وای بۆ دەچن ئەوان خاوەن زمانی نووسینی مێخین.

 

پەرستگاکان:

دەرکەوتنی یەکەم پەرستگای گشتی لە عوبەیدا بووە، بەپێی تەلارسازییەکی هاوشێوە وەکوو ئەوەی لە ناوچەی میزۆپۆتامیا. باو بووە. بە واتایەک یەکەم پەرستگاکان لە میزۆپۆتامیا لە سەردەمی عوبەید درووستکراون، بەتایبەتریش لە شاری ئەریدۆ. تەنانەت مێژوونووس "ئەحمەد ئەمین سەلیم" باسی لەوە کردووە؛ کۆنترین پەرستگا دۆزرابێتەوە لە ئەریدۆ بووە لە شارستانێتی عوبەید بەناوی (پەرستگای سپی). وەکوو باسی لێوە کراوە ئەو خواوەندەی پەرستش کراوە خواوەند "نینخورساگ Nin hur sag" بووە. خەڵک لە چەندین شوێنەوە ڕوویان کردووە لێی بۆ پەرستش. هەروەها پەرستگا لەسەر سەکۆی بەرز درووستکراون بۆ پاراستنیان لە لافاو. بەڵام ئەم دۆخە لە عوبەیدی باکوور جیاوازبووە و سەکۆی نەبووە پەرستگاکان تاکوو ترسی لافاوی لەسەربێ. یەکەم پەرستگاکان لە ژوورێکی بچووکی چوار-سووچە پێکهاتبوون و شوێنەوارێکی خشتی چینداریان لەخۆگرتبوو کە پەیکەری خوداوەندەکانی لەسەر دانرابوو. ژوورەکە مێزی قوربانی و قوربانگاکەی لەخۆگرتبوو، پاشان بینای پەرستگاکان وردە وردە گەشەسەند و چەندین ژووری بچووکی لەخۆگرتووە کە دەوری هۆڵێکی سەرەکی چوارگۆشەی داوە. تەلارسازی پەرستگاکان شاهیدی پێشکەوتنی گەورەی بەخۆیەوە بینی بە سەرنجدان کە هەندێکیان دەگەنە ڕووبەرێکی نزیکەی ٣٠٠ مەتر چوارگۆشە، ئەمەش بە خەمڵاندنی وەکوو ماڵێکی پەرستش یان شوێنی کۆبوونەوە، بۆ پێشوازی کردن لە خەڵک لە بۆنە گشتییەکاندا یان بە هەر بابەتێکی تربێ.

 

گڵێنەسازی

بەکارهێنانی ئەو گڵەی عوبێد بەکاریهێنا ژیارەکانی تر هاوشێوەی ئەو گڵەیان بەکارنەهێنا، چونکە ئەوەی گڵێنەسازی عوبێد کردی تایبەتمەندییەکی ئەوە بوو زۆر سووریان دەکردەوە، کاریگەری لەسەر ڕەنگی نەخشەکان هەبوو. ئەم زۆر گەرم کردنە وایکرد بەدرێژایی هەموو قۆناغەکانی عوبێد ناسینەوەی گڵێنەکانیش ئاسان بێت و بناسرێتەوە. ئەوشتانەی بەزۆری درووستیان دەکرد بریتی بوو لە گڵێنە و دیزە و گۆزە و کوپە و کونە و گۆزەی سیرامیک و پەیکەری قوڕین و مەنجەڵ تەنانەت لە یەکێک لە گۆڕستانەکاندا بەلەمی قوڕین بوونی هەبوو لە گۆڕی ژنێکدا بووە، لەلایەن خەڵکی عوبێدەوە درووستکراون. بەتایبەتی ئەو قاپ و قاچخانەی لە هەر ماڵێکدا بەکاردەهێنرا بە ئاستێکی بەرز بە ڕەنگی زەرد یان سەوزی کاڵ و دیزاینی ئەندازەیی بە ڕەش یان قاوەیی ڕەنگ کراوە. یەکێک لەو شتانەی بەدەگمەن ڕەنگی سووریان لە نەخشەکان بەکارهێناوە، زۆربەی نەخشەکان نەخشی هەندەسی سادەبوونە. هەرچەندە نەخشونیگار جۆری ڕازاندنەوە بەزۆری لە سەردەمی عوبەیدی نوێدا بەکارهاتووە، بەڵام لەسەردەمی نوێی عوبەیدیشدا تەنها ڕووی دەرەوەی دەفرەکان ئەویش زۆر بەکەمی بە نەخش دەڕازێندرانەوە. لە بەردی ئۆبسیدان و کوارتزیش گەلێ دەفر و دەوری بەردین بەجوانی داتاشراوە لە ئەریدۆ دۆزراوەتەوە. خەسڵەتی هەرە دیاری چەرخی عوبەید بەکارهێنانی گڵی تایبەت و گڵێنەسازیەکەیەتی. تەنانەت گڵی تایبەت بۆ درووستکردنی پەیکەر پەرەی پێدرا.

پێشکەوتنی گرنگ لە بواری بیناسازیدا هەبوو، کاتێ بۆ یەکەمجار خشتی قاڵبکراوی سوورکراویان بەکارهێنا بۆ خانوو. ئەمەش دەرخەری ئەوەیە مرۆڤ لەم فەرهەنگەدا درکی بە وردەکاری و تایبەتمەندی زۆر وردکردووە، ئەمەش ئەو وەڵامەمان پێدەڵێت چەند لەڕووی شارستانی و فەرهەنگییەوە ئەم مرۆڤانە هەڵیانداوە جیاوازبن کەرستەی و بەرهەم و کەلتوورێکی باڵا بسازێنن لەناو خۆیاندا لە قۆناغەکانی پێشوودا ئەمە بەدی ناکەی.

 

ئاژەڵداری:

لەڕووی کشتوکاڵەوە زۆر گرنگیان بە "گا" داوە و پەروەردەیان کردووە هەم بۆ جووتکردن (وەردکردن) و لە هەمان کاتدا بەشێکی گەورەی ئابووری بۆ پێکهێناون. گرنگیان داوە بە سەگی "تانجی" بۆ ڕاوکردن و پاسەوانیکردنی ماڵ و کێڵگەکانیان. تەنانەت لە هەندێ گۆڕەکاندا ئەم سەگانەیان دۆزیوەتەوە لەگەڵ مردووە عوبەیدییەکاندا نێژراون ... "وەکوو بۆچوونی خۆم؛ دەکرێ ئەمە داواکاری خودی ئەو کەسەبێ، یاخود دەکرێ لەسەر بنەمای گرنگی ئەو پەیوەندییە بێت هەیانبووە (مرۆڤەکە و سەگەکە) لەلایەن کەسە نزیکەکانی چواردەوریانەوە هەردووکیان لە گۆڕێکدا ناشتووە." لە ڕووی مۆرەکانیشدا وێنەیان نەخشێنراوە ئەمەش دەرخەری ئەوەیە ئەم ئاژەڵە تا چەند سوودی پێیان گەیاندووە و هاوکاریان بووە. لایەنێکی تریان گرنگیدان بووە بە ڕاوکردنی ماسی بە تۆڕ بەهۆی زۆنگ و ڕووبارەکانی دیجلە و فوراتەوە، تەنانەت "دەفری ماسی" دۆزراوەتەوە لە قاپێکدا وەکوو پێشکەش کردن بە خواوەند کە دەکرێ خەڵکەکە چی خواردنێکی خواردووە ئەوەشی پێشکەش بەخواوەند کردووە و یەکێ بووە لە خواردنە دڵخوازەکان. هەریەکە لە بەراز و مەڕ و بزن و مانگاشیان بەخێوکردووە لە بژێوییە سەرەکییەکانی خەڵکی عوبەید بووە.

 

بازرگانی:

میزۆپۆتامیا سەرچاوە سرووشتییەکانی وەک بەردی بیناسازی و دار و کانزاکانی نەبوو، بۆیە خەڵکانی عوبەید پەنایان بۆ ئاڵوگۆڕی دانەوێڵە بردووە بە بەرهەمەکانیان بەو بەرهەمانەی نەیانبووە. ئەوەی ئەم فەرهەنگە جیاواز دەکات خەڵکی عوبەید کاریان لەسەر بەرهەمی زیادەی کێڵگەکانیان یاخود ئابووری کردووە بۆ کاری بازرگانی، ئەمەش کۆمەڵگەیەکی کشتوکاڵی ئابووری دامەزراند. ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە سەردەمی عوبەید گەشەی کرد و لە کەناراوەکانی دەریای ناوەڕاستەوە تا هیند ڕۆیشتووە، لە کەنداوی عەرەیشەوە تا مەگان (عومان) درێژ بووەوە. عوبەیدییەکان یەکەم خەڵکانی میزۆپۆتامیا بوون کە بەلەمیان بەکارهێنا بۆ گەشتکردن بەناو ئاودا و گواستنەوەی کەلوپەل لەسەریان.

 

کۆتایی عوبەید:

فەرهەنگی عوبەید وەکوو شارەزایانی بواری ئارکیۆلۆجی باسیان لێوە کردووە تا 3800-3700 پ.ز بەردەوامی هەبووە. گەورەبوونی کۆمەڵگە و نشینگەکان و پێویستییەکان وایکرد لەم قۆناغە بەدواوە فەرهەنگێکی تر ببێتە جێگرەوی بەناوی فەرهەنگی وەرکا، لێرە بەدواوە مرۆڤ دەست دەکات بە درووستکردنی ناوەندی ڕامیاری و ڕێکخستنی کۆمەڵگە لەلایەنی ئایین و کۆمەڵایەتی و بازرگانی و دانیشتووانی شار ... هتد.

 

سەرچاوەکان: -

١ - دكتور محمت بیومی مهران، تاريخ العراق القديم، دار المعرفة الجامعية، 1990، الاسكندرية، ص 30.

٢ - جان کلود مارغرون، السكان القدماء لبلاد ما بين النهرين وسورية الشمالية، ت؛ سالم سليمان العيسي، منشورات دار علاء الدين، الطبعة الأولى، دمشق، 1999، 63.

٣ - الدكتور عبد القادر عبد الجبار الشيخلي، المدخل الى تاريخ الحضارات القديمة، وزارة التعليم العالي والبحث العلمي جامعة بغداد، 1990، ص 66.

٤ - محمد بیومی مهران، المدن الكبرى في مصر والشرق الأدنى القديم، الجزء الثاني، دار المعرفة الجامعية، الإسكندرية، ص 188.

٥ - صادق ملک شهمیرزادی، بناغەی دێرینەناسی، و؛ وریا قانع، چاپخانەی ڕۆژهەڵات، هەولێر، 2017، ل 357-369.

٦ - کلاریس شۆیسر، ڕۆژهەڵاتی نزیکی کەونارا، و؛ عبدلڕەحیم مەعریفەتی، چاپخانەی ڕۆژهەڵات، هەولێر، ل 26 ل 42-45.

٧ - تەحسین تەها محەمەد، ڕەچەڵەکی کۆمەڵگە ئاڵۆزەکانی باشووری خۆرئاوای ئاسیا، گۆڤاری هەزارمێرد، ژمارە 25 - کانوونی یەکەمی 2004، سلێمانی، ل 122-126.

٨ - تەقی ئەلدەباغ، پێشەکییەک لە زانستی شوێنەوار، و؛ صباح پیرباڵ قصاب، چاپخانەی تەفسیر، هەولێر، 2023، ل 60-67.

٩ -  ئەحمەد ئەمین سەلیم، مێژووی کۆنی میسر و ئێراق، و؛ فەیسەڵ خەلیل، چاپخانەی ڕۆژهەڵات، هەولێر، ل 454.

١٠ - تەها باقر، سەرەتایەک بۆ مێژووی شارستانییە دێرینەکان، و؛ عوسمان عەزیز ئیلاف و ئەفراسیاب ڕەشید کەریم، چاپخانەی تاران، بەرگی 1، 2018، ل 44 ل 98-100.

 

زۆرترین بینراو

developed by Scorpion shield