داڵەکەرخۆرە

بڵاوکردنەوە:

هاوڕێ جەلال

نووسەر:

هاوڕێ جەلال

بینراو:

596

بەش:

زمان

ئەم ناوەی سەرەوە؛ لە ئاکامی هەڵەتێگەیشتنەوە هاتووەتە کایەوە! چونکە ئەم وشەیە؛ ئەم مانایە دەگرێتەوە: (ئەو داڵەی گۆشتی کەر دەخوات!))

ئێ باشە مەگەر داڵ، گۆشتی بەرخ ناخوات؟! بۆچی داڵ دەتوانێت کەر بفڕێنێت؟!

 

ڕاستییە سەیرەکە ئەوەیە؛ ئەم وشەیە بە هەڵە لە وشەی (کەرداڵ، خەرتەل)ەوە زیاد بووە.

لە کاتێکدا ئەو (کەر)ەی لە وشەی کەرداڵدا هەیە بە هیچ جۆرێک مەبەست لە وشەی کەر نییە بە واتای گوێدرێژ!

 

جا با بابەتەکە نەبێتە مەتەڵ و مەتەڵکاریی؛ بە کورتیی پێتان بڵێم؛ وشەی کەر/کەڵ لە زۆرێک لە ناوی گیانداراندا دوو مانای هەیە:

١ - گەورە

٢ - نێر

واتە وشەکانی (خەرتەل، خەرتل، قەرتەل، قەرتل، قەرتاڵ، خەرداڵ، کارتال، کەرتەل، کەرتاڵ، کەرداڵ) بە دڵنیایی تەواوەوە ئەمە پێکهاتەیانە

(کەر، خەر، قەر: کەڵ، گەورە + تەل، تاڵ: داڵ) واتە داڵی گەورە.

جا گریانت بۆ حاڵی زمانی کوردیی دێت؛ دەبینیت؛ وشەی (قەرتاڵ)یان بە وشەیەکی تورکیی زانیوە.

دڵنیابن؛ هەموومان زۆر پێویستمان بە خولێکە بۆ فێربوونی زمانی کوردیی! لەپێش هەمووانەوە خۆم!

 

لە گۆشەی هەندێک وشەی تریشەوە سەیری بکەن. هەر بۆ دڵنیایی زیاتر!

خەرمشک: مشکی گەورە

خەرتا: تا و تووبەرەی گەورە

خەرەنەز خەرەنەز، خەرەنگەز، خەرمەگەز

خەر: گەورە + مەگەز: مەگەس، مێش

ئاخر هەر بۆیە ئەم مەگەزە پێشی دەوترێت (مێشەکەرانە، کەڵمێش، کەرمێش) ئەگەر پێت وا بووە مەبەست لە مێشێکە کە هەر بە گوێدرێژەوە دەنووسێت! ئەو ژمارەیەی لێت داوە یان داخراوە یان لە دەرەوەی بازنەیە!

 

تەنانەت هاتوومەتە سەر ئەو باوەڕەی کە وشەی کەروێشک؛ مەرج نییە واتای (کەرگوێچک) بێت. واتە ئەو گیاندارەی گوێچکەی وەک گوێچکەی کەرە! بۆ دەبێت مانای (گوێ گەورە) نەبێت!

(کەر: کەڵ + وێشک: گوێش، گوێ، گۆش، گوێشگ، گوێچک)

 

با بێینەوە سەر باری بەڕەکە؛ ئەم داڵە بەڕێزە! کۆمەڵێک ناوی تری هەیە؛ وەک:

کەرخور، کەرگەز، کەرگەس (کرکس - فارسی)، سەرگەڕ، قۆرت،...

هەموو ئەم ناوانە؛ گۆڕاوی وشەی (کەر/کەڵ)یان تێدایە.

 

لە زمانی کوردییدا ناوەکانی داڵ و باز و واشە و... تێکەڵ بە یەک کراون.

بۆ نموونە وشەی قۆرت، کۆرت، قورت کە کورتکراوەی (قورتال)ە هەروەها قەرتەلیش بە مانای هەڵۆ لە فەرهەنگەکاندا دانراون

زۆرترین بینراو

developed by Scorpion shield