جوان

بڵاوکردنەوە:

هاوڕێ جەلال

نووسەر:

هاوڕێ جەلال

بینراو:

329

بەش:

زمان

وشەی جوان، لە بنەمادا مانای شۆخ، شەنگ یان (جمال)ی عەرەبیی و (beauty)ی ئینگلیزیی نەداوە!
بەڵکوو مانای (بەچکە، بێچوو)ی هەبووە. 
بێگومان دەزانن، گیاندارەکان بە بێچوویی؛ جوان و لەبەردڵان و شیرینن.
ئەمە تاکە وشە نییە کە واتای ئێستا و کۆنی جیاواز بێت. بەڵکوو سەدان وشەی لەو چەشنە هەن. نموونە:
شەکراو: قەنداو
شەکراو: شیرینیی 
وشەی جوان، لە بنەمادا هەمان وشەی (جڤان، زڤان، سیڤان، زیڤان، ژیڤان، ژڤان)ە کە بە بێچووی سەرجەم گیانداران دەوترێت. هەروەها بە باڵندە و ئاژەڵی بچووکیش دەوترێت.
هەر ئەم وشەیەیە، کە بە بێچووی ئەسپ دەوترێت و بەم شێوانە هەیە: (جوان، جوانە، جوانوو، جانیی، جەهنیی، چەهنوو، جەهنوو، جەنیی، جەعنیی، جوانیی، جوانێ، جەنوو، جۆنیی، جانیی، جانیک، جانوو، جانووک، جانە، جویانیی،....)
هەر ئەم وشەیەشە کە بە شێوەکانی: جوانە، جوانوو بە گۆلک (بێچووی گا) دەوترێت.
بە داخەوە لە نەزانیی، وشەی جوانەگا، بە مانای کەڵەگا بە کار دەهێنرێت (لە کورمانجیی سەروودا) بێئاگا لەوەی کە وشەی جوان ڕەگەزی دیاریی نەکراوە و وشەی (گا)ش دوولایەنە. واتە هەم مێیە و هەمیش نێر!
دەکرێت وشەی (جوان)، بۆ گۆلکێکی هەراش و پێگەیشتوو بە کار بهێنرێت.
هەروەک جەوان، جوان بۆ نەوەی مرۆڤیش دەوترێت.
جوانەمەرگ: منداڵێک لە تەمەنی جوانیی و تەمەنی گوڵاندا مردبێت.
جواناو ڕشتن: ئارەقەی سەرەمەرگی جەوان
جانیک، جانک و جوانمێر(جوامێر)
جەوان، جوان: منداڵێک تەمەنی لە نێوان 11-18 ساڵیدا بێت. (نەوجەوان)یش منداڵێکە لە سەرەتای جەوانییدا بێت و تازە پێی نابێتە تەمەنی جەوانییەوە.
واتە جوان، جیایە لە نۆجوان. هەروەک پیر و نەوپیریش جودان. نەوپیر کەسێکە تازە چووبێتە تەمەنی پەنجا ساڵییەوە یان تەمەنی لە پەنجاکاندا بێت.
زۆربەی ئەو ناوانەی لە وەچەی مرۆڤ نراون، بۆ بەچی ڕووەک و ئاژەڵیش وتراون؛ وەک: (کۆرپە، چیل، کوڕ، ساوا، تووڵ، ....)

وشەی (عازەب)یش کە بە گەنج دەوترێت. لە بنەمادا لە هەمان وشەی (عازەب: زیبکە)ەوە هاتووە. هەروەک وشەی (جوانکە)، کە بە زیپکە دەوترێت و لە وشەی (جوان: هەرزەکار)ەوە هاتووە و مەبەست لەوەیە: کەسێکە کە زیپکەی گەنجیی لێی دەرکەوتووە و پێگەیشتووە.

وشەی عازەب، گۆڕاوی (ئازەب)ە
ئا: پێشگر + زەب: زیب، زەپ، زیپک، زیبکە (شتی بەل و بەرجەستە و ڕەپ)
بە شێوەکانی (زەوە، زەو، ژۆ،...)ش هەیە. وەک:
جوانەژۆ، جوانەزووە: زیبکە، جوانکە
وشەی ئازەب گۆڕاویشە بۆ یاز، وازە
یاز: زیبکە
وازە: زیبکەی ڕووی منداڵ

 

زۆرترین بینراو

developed by Scorpion shield