بۆچی زمانەکانمان جیاوازە؟

بڵاوکردنەوە:

ناوەندی پەڕنووس

نووسەر:

سەهەند عەبدوڵڵا

بینراو:

857

بەش:

زمان

لە ناو گشت بوونەوەرانی سەر زەوی ئەوەی کە جیاوازی بەرچاوی درووست کردوە شێوازی پەیوەندیی و ئاخاوتنیانە، و ئەو سیفەتەی تایبەتە بە مرۆڤەکان ئەوەیە کە دەتوانن قسە بکەن. هەتا ئێستاش، هیچ بوونەوەرێکی تر نەدۆزراوەتەوە کە بتوانێ وەکوو مرۆڤ قسە بکات.
زۆربەی زیندەوەران بە دەنگ یان بە ئاماژە لەگەڵ یەکتری دەدوێن. بەڵام، هیچیان توانای قسە کردنیان نییە وەکوو مرۆڤ. لەگەڵ ئەوەی کە سیفەتی قسەکردن تەنها تایبەتە بە مرۆڤ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زمانەکانی قسە کردنمان جیاوازە، بەڵام بۆچی؟ سەرەتا با بزانین کە زمان چییە؟

زمان چییە؟
زمان، بەپێی تێگەیشتنی چەندان کەس پێناسەی کراوە و چەندان پێناسەی جیا جیای هەیە، بەڵام بەناوبانگترینیان ئەمانەن:
١ - زمان هۆکاری سەرەکی ئاخاوتنە لە نێوان مرۆڤەکان کە پێکهاتووە لە وشە، ڕستە، نووسین، خوێندنەوە.
٢ - سیستەمی پەیوەندی کردنی
نێوان مرۆڤەکانە بەپێی شوێن و ناوچە.
٣ - شێوەی قسە کردنی مرۆڤەکانە لە نێوان خۆیاندا.
لەوانەیە پرسیارێ درووست بێت لەلات،  باشە کە هەموو پێناسەکان وەسفی زمان دەکەن کە بەس بۆ مرۆڤەکانە، کەواتە بۆچی لە هەر وڵاتەو زمانێکی تایبەت هەیە؟
پرسیارەکەت زۆر جوانە، ھەندێ توێژینەوە دەڵێن کە زمان پێکهاتووە لە (ناو، کار، ڕستە، نووسین).
بێگومان ئەمانە دەچنە ژێر وەسفی زمان. بەڵام، خودی زمان پێکناهێنن، بۆنموونە زۆر زمان هەیە لە جیهاندا کە هیچ سیستمێکی نووسینی نییە. ئایا دەکرێ بڵێین کە بوونی نییە؟ بێگومان نەخێر.
ناشتوانین بڵێین کە زمان تەنها پێکهاتووە لە وشە، دەتوانی کە فەرھەنگێک (قاموسێک) بهێنیت و گشت وشەکان لەبەربکەیت، بەڵام بەبێ یاسایەک واتایان نابێت. 
بۆیە زمان چەند مەرجێکی هەیە ئەوانیش:
١ - دەنگسازی
٢ - وشەسازی
٣ - ڕستەسازی
٤ - واتاسازی
٥ - پراگماتیکی

ئەمانە مەرجەکانی زمانن و بە کورتی باسیان دەکەین:
١ - (فۆنۆلۆجی) دەنگسازی
دەنگ سازی، ئەو زانستەیە کە لەو  دەنگانە دەکۆڵێتەوە کە مرۆڤەکان درووستی دەکەن بە ئۆرگانەکانی قسە کردن، هەندێ دەنگ هەیە لە هەندێ زماندا کە لە زمانەکانی تردا نییە. بۆنموونە دەنگی (ڤ) لە زمانی کوردیدا هەیە و لە ئینگلیزیدا هەیە و ... هتد، بەڵام لە زمانی عەرەبیدا نییە.
ئەی ئۆرگانەکانی قسە کردن چییە؟
بەکورتی ئەو بەشانەی جەستەیە کە بەکاردێ بۆ قسەکردن (دەنگە ژێیەکان، زمان، سییەکان، قورگ، ... هتد).
٢ - (مۆرفۆلۆجی) وشەسازی
 وشەسازی ئەو زانستەیە کە گرنگی بە یاسای وشەکان دەدات، واتا پێمان دەڵێت کە چۆن و چ دەنگێک گونجاوە کە بەدوای یەکدابێن.
مەبەست لە مۆرفۆلۆجی ئەوەیە کە ناگونجێ دەنگی (ۆ) لە پێش دەنگی (ا) بێت و بە پێچەوانەش کە نموونەی زمانی کوردییە، و ئەم یاسایە بەپێی زمانەکانی تر دەگۆرێت.
٣ - ڕستەسازی (سینتاکس)
ئەو زانستەیە کە وشەکان بەپێی یاسای زمان ڕێزمانی دیاری کراوی خۆی ڕێکدەخات. هەموو زمانێک یاسا و ڕێزمانی دیاری کراوی خۆی هەیە، لەوانەیە کە هەندێ یاسا و ڕێزمانەکان لە نێوان هەندێ
زمان لێک بچن. بەڵام، لە زۆربەی شتا دەبێت ڕێزمانی زمانەکان لەیەک جیاواز بن.
٤ - واتاسازی (سیمانتیکس)
 ئەو زانستەیە، کە گرنگی بە واتای وشەکان دەدات لە نێوان زمانەکان. هەموو زمانەکان وشەیەکی جیاوازیان هەیە بۆ شتێکی دیاریکراو کە لەبەردەستیانە، لەوانەیە هەندێ وشە لە گشت زمانەکان وەکوویەک بێت و هەمان واتای هەبێت، بەڵام ئەوە هۆکارێکە
دواتر باسی دەکەین.
٥ – پراگماتیکی
ئەو بەشەی زانستی زمانە کە گرنگی بە لۆجیکی ڕێکخستنی ڕستەکان دەدات. 
زانیمان کە زمان چییە و مەرجەکانی زمان چییە. بەڵام، وەڵامی پرسیارەکەت وەرنەگرت کە بۆچی زمانەکانمان جیاوازە، وەڵامەکەی وا باسیان دەکەین ئەوەیە کە چەندان هۆکاری جیاجیا هەن کە دەبنە هۆی گۆڕانی زمان:
 

چۆن زمانەکان دەگۆرێن؟
زمانەکان، چەندین هۆکاریان هەیە بۆ گۆڕان و گەورەترین هۆکاری گۆڕانی زمان دابەشبوونە.
مەبەست لە دابەشبوون ئەوەیە کە هەر زمانێک چەندین لقی لێدەبێتەوە و دەبن بە دیالێکت و لەهجە، هەر لەهجە و دیالێکتێک یاسا و وشەی جیاوازتر دەھێنێتە ناو زمانەکە و واتای تازە زیاد دەبێت بۆی. ئەو زیادبوونەی واتای تازە و وشەی تازە لە دیالێکت و لەهجەکان دەبێتە ھۆی درووستبوونی و یاسای تازە. هەر لەهجە و دیالێکتێکی تازە درووستدەبێت کە تەواو جیاوازە لە زمانە بنەڕەتیەکە، بەمەش زمانێکی تازە لەدایک دەبێت.

درووستبوونی یاسا و وشەی تازە گۆڕانکارییەک نییە کە لە شەو و ڕۆژێکدا ڕووبدات، بەڵکوو سەدان و جاری وایە هەزاران ساڵی دەوێت تاوەکوو بە ڕێژەیەکی بەرچاو دیاربێت کە زمانەکە گۆڕاوە. بێگومان ئەم گۆڕانکاریانە لە خۆیانەوە ڕوونادەن و هۆکاری خۆیان هەیە.
 

هۆکارەکانی گۆڕانی زمان
١ - سوانی دەنگەکان
٢ - تێکەڵ کردنی وشەکان
٣ - بەکارهێنانی واتای جیاواز بۆ هەمان وشە
٤ - وشەگۆڕکێی زمانەکان
٥ - داگیرکردن
٦ - زیادکردنی یاسای نوێ
٧ - زمانی باوان

ئەم هۆکارانە هەر یەکەیان گاریگەریەکی هەیە لە گۆڕانی زمانەکان و هەر یەکەشیان بە ڕێژەیەک گاریگەری هەیە.

١ - سوانی دەنگەکان
هەندێ جار دەنگێک لە وشەیەکدا دەگۆرێت کە دەبێتە هۆی درووستبوونی وشەیەکی تازە لەناو زمانەکەدا، لەوانەیە تەنها دەنگێکی تر لەجیاتی دەنگەکە بەکاربھێنرێت. بۆنموونە وشەی (لۆجیک) گۆڕاوە بە وشەی (لۆژیک) و دەنگی (ج) گۆڕاوە بە دەنگی (ژ).

٢ - وشە تێکەڵ کردن
تێکەڵ کردنی وشەکان، گاریگەریەکی مامناوەندی هەیە لەسەر گۆڕانکاری لە زمانەکاندا، هەندێ جار وشەکان یەکدەگرن و وشەیەکی تازە پێکدەهێنن کە پێشتر لە زمانەکەدا بوونی نەبووە.
بۆ نموونە لە کوردیدا دوو وشەی (وەها) لەگەڵ (دێم) یەکیان گرتووە و بوون بە وشەی (وایەم).
لە زمانی عەرەبیدا دوو وشەی (العقبا) لەگەڵ وشەی (لک) یەکیان گرتووە و بوون بە وشەی (عقبالک)،
و چەندەها نموونای ترمان هەیە لە ناو زمانەکانی تر.


٣ - بەکارهێنانی واتای جیاواز بۆ هەمان وشە.
لە زۆربەی زمانەکاندا ئەم شتە بەکاردێت، کە وشەیەک بەکاردەهێندرێت کە واتا بنەڕەتیەکەی خۆی ناگەیەنێت و مەبەستی تری لەپشتە. 
بۆنموونە لە زمانی کوردیدا کە مناڵێک هاروهاجی دەکات پێی دەڵێن دانیشە، لەگەڵ ئەوەی کە مەبەستەکە لەوەیە کە ئەو شتەی دەیکەی مەیکە و مەبەستەکە لەوە نییە کە دابنیشێت.

٤ - وشە گۆرکێ
مەبەست لە وشە گۆڕکێ لەنێوان زمانەکاندا لەوەیە، کە هەندێ وشە لە زمانێکدا مانایەکی ھەیە، کە دەگات بە زمانەکانی تر ھەمان واتا هەمان وشە بەکاردەهێندرێت.
زۆربەی ئەو وشانەی کە بەم شێوازەن ئەو وشانەن کە تازە دادەهێنرێن و بە جیهاندا بڵاودەبنەوە. بۆ نموونە وشەی مۆبایل کە داھێنراوی تازەیە و لە گشت زمانەکاندا وەکوو یەک بەکاردەهێندرێت و هەمان واتای هەیە.


٥ - داگیرکردن
داگیرکردن، یەکێکە لە ھۆکارە سەرەکییەکانی گۆڕانی زمانەکان کە لایەنی داگیرکەر، داگیرکراوەکە ناچار دەکات کە زمانی داگیرکەرەکە بەکاربهێنێت.
نموونەمان گەلێک زۆرە لەسەر ئەو هۆکارە وەکوو ئەوەی کە ئینگلیزەکان زۆربەی جیهانیان داگیر کردبوو، و زۆربەی ناوچەکانیان ناچار دەکرد کە زمانی ئینگلیزی بەکاربهێنن، کە هۆکاری بەهێزی زمانی ئینگلیزییە لە گشت جیهاندا.
یان کە فەڕەنگییەکان وڵاتانی مەغریب و جەزائیر و ئەوانی تریان داگیر کربوو و مەرجی مانەوە لە ژیانیان فێربوونی زمانی فەڕەنگی بوو.

٦ - زیاد کردنی یاسای نوێ
هەندێ جار مرۆڤەکان شتێک زیاد دەکەن بۆ زمانەکەیان بەبێ ئەوەی هەستی پێ بکەن، ئەمەش دەبیتە هۆی درووستبوونی لەهجەی نوێ لە زمانەکاندا. بۆنموونە لە زمانی عەرەبیدا بۆ پرسیار کردن پیتێکی (ش) زیاد دەکەنە سەر وشەیەک وەک (شناکل) واتا چی بخۆین. لەگەڵ ئەوەی لە گشت یاساکانی زمانی عەرەبیدا شتێ بوونی نییە بە ناوی (ش)ی پرسیار. بەڵام، زیاد کراوە لە قسەی ڕۆژانە بەکاردێت.


٧ - زمانی باوان
زمانی باوان بەو زمانانە دەوترێت کە پێشوو تر بەکارهێندراون و ئەو زمانانەی کە ئێستا هەیە لەوانەوە وەرگیراون، ئەوەش یەکێکە لەو هۆکارانەی کە زۆرێک لە وشەکانی هەندێ زمان لەیەک دەچن.

زمانەکان بەپێی کات گۆڕانکاریان بەسەردادێت، و ئەوەش شتێکی ئاساییە. زمان کە گۆڕانکاری بەسەردا نەیەت ئەوە بە زمانێکی مردوو ھەژمار دەکرێت و بوونی نامێنێت بەپێی کات. زمانە مردووەکانی سەردەمانی پێشوو هیچ بەڵگەیەکیان نەدەبوو، کە بڕگە نووسراوەکانیان نەبووایە کە ئێستا لە مۆزەخانەکاندا هەیە. و تاکە
بەڵگەی بوونیان ئەو نوسینانەن، چونکە گشت کەسەکان کە قسەیان بەو زمانانە کردووە مردوون و کاتێکی زۆر زۆر بەسەر بەکارھێنانیاندا تێپەڕیوە.

سەرەنجام، لەم ڕاپۆرتەدا سێ خاڵی گرنگمان بەدی کردن کە ئەمانەن:
١ - زمانەکان دەگۆڕێن، و کە نەگۆڕێن دەمرن.
٢ - گۆڕانکاری لە زمانەکان وشە و لەهجە و دیالێکتی تازە درووست دەکات، کە پەرەدەسەنن بۆ درووستبوونی زمانی تازە.
٣ - زمانە تازەکان هەندێ سیفەت و وشەی زمانە باوانەکانیان دەهێڵنەوە کە هەیانبووە لە پێشوودا.
 

سەرچاوەکان
١ - چیرۆکی زمانی مرۆڤ (پرۆفیسۆر جۆن مک وۆرتەر)
٢ - پەرتووکی (زانستی زمان) ٢٠١٦
٣ - پەرتووکی (بنچینەکانی زمان) ٢٠٠٦
٤ - گۆگڵ
٥ - ماڵپەڕی ئۆکسفۆرد
٦ - ماڵپەڕی مەریەم

زۆرترین بینراو

developed by Scorpion shield