کولێرەیە سەموون!

بڵاوکردنەوە:

هاوڕێ جەلال

نووسەر:

هاوڕێ جەلال

بینراو:

496

بەش:

زمان

یەکەم کار و کەسابەت کە کردوومە سەموون‌فڕۆشتن بووە، پێم وایە تەمەنم هەشت یان نۆ ساڵ بوو، گوێنییەکی شەکریان پێ دام کە ناوەکەی نایلۆن بوو، گوێنییەکە لە خۆم گەورەتر بوو، چونکە منداڵێکی بوودەڵە و لاغر بووم. ئەستێرە بە ئاسمانەوە بوو، لەگەڵ برایەکی هاوپیشەم دەچووین بۆ ناوبازار بۆ سەموونخانە (تەنیا ناوبازاڕ سەموونخانەی لێ بوو) بۆ کڕینی سەموون و فڕۆشتنەوەی لە کۆڵانەکاندا.

جا هاوارکردنەکانم زیاتر لە هاواری فریاکەوتن و پاڕانەوە و لاڵانەوە و کڕووزانەوە دەچوو، ڕەنگە زۆرێک کە سەموونیان لێ کڕیوم لە بەزەیی تڵیسانەوە بووبێت!

بە کورتیی ئێرە چیرۆکی من نییە و چیرۆکی وشەی سەموونە. تەنیا ئەوەندە دەڵێم، چێخۆف گوتەنیی: ((لە منداڵیمدا، منداڵییم بە خۆمەوە نەبینیوە!))

بیرم دێت، یەکێک لە شۆخییەکانی کاتی سەموون‌فڕۆشتن ئەوەبوو دەمانوت: ((کولێرەیە سەموون)) یان ((کارەبایە سەموون))

وا بزانم کولێرەیە سەموون بوو بە ڕاست!

 

بە داخەوە وشەی سەموون، وەک دەیان وشەی تر، چیرۆکێکیان بۆ هۆنیوەتەوە. کە ئەمەیە:

((تا ساڵانی چلەکانی سەدەی رابردوو لە عێراق سەموون خواردنێک نەبوو خەڵک بیخوات و زۆر بەکەمی لە بازاڕەکان دەبیندرا.  سەموون لە پەنجاکانی سەدەی رابردوو لە عێراق بڵاوبووە . ئەو کاتەی لە وڵاتی ئەرمینیا شەڕ روویدا و خەڵکێکی زۆری خەڵکی ئەرمینیا کۆچیان کرد بۆ عێراق و سەموون یەکێکە لە خواردنە باوەکان لە ئەرمینیا . یەکەم کەس کە فڕنی سەموونی دانا لە عێراق کەسێکی ئەرمەنی بوو بە ناوی (سیمون) لەناوچەی باب ئەل ئاغا لە شاری بەغدا. و خەڵکی بەغدا ناوی بەرھەمەکەیان لەناوی کەسەکە وەرگرت کە سیمۆن بوو ، بە تێپەڕبوونی رۆژگار ناوەکە بووە سەموون و تا ئێستاش ئەم ناوە ھەر ماوە لەناو خەڵکی .))

 

بە درۆی ئەمان بێت، سەموون، لە پەنجاکانی سەدەی ڕابردووەوە لە عێراق بڵاوبووەتەوە. دەی سەیر بکەن، (جەمیل سائیب) لە کتێبی (لە خەوما) کە ساڵی 1925 نووسراوە، ئاماژەی بە سەموون داوە کە وەک توێشووی ڕێ پێیان بووە:

((...چایێکمان لێ نا، قاوەیەکمان پێ کان چونکە بەڕێی ئاسن هاتبووین هێشتا سەموون و بکسمد و پەنیر و ماستی بەغدا و خەیار و پورتقالی باقووبە و قەیسی و سێوی شارەبانمان تەڕوبر پێ هەبوو...))

هەروەها (بێخود)ی هۆنەر، ساڵی 1945 لە هۆنراوەیەکیدا بۆ کۆچی دوایی کچێکی شێخ عوسمانی بیارە، وتوویەتی:

...لەناو فڕنی دەروونا وەک سەموون بۆچی نەبرژێ دڵ

لە کوورەی سینەدا تاکەی نەبێ جەرگیش بە بوریانیی...

 

ئەگەر پێشیان بڵێیت بۆچی لە هەندێک وڵاتی تری عەرەبیی پێی دەوترێت (صامولي)؟ بۆ ئەوەش درۆیان ئامادەیە و دەڵێن دەگەڕێتەوە بۆ وشەی (صومالي)ەوە هاتووە، چونکە سەرەتا وەستای ئەو جۆرە نانە سۆماڵی بوون!

 

سەموون، دەمێکە لەناو کوردەوارییدا ناسراوە و هەیە و هەبووە. و درووستیان کردووە. کە بە جۆرێک نانی خڕی ناوەڕاست کون وتراوە. باوترین ناویشی (کلۆر) بووە. کە مانای ناوبۆش دەدات. واتە لە کۆندا سەموون وەکوو موهرە و ئەڵقە، ناوەڕاستەکە بۆش بووە. واتە لە پێشدا سەموون بەم جۆرەی ئێستا نەبووە و وەکوو ئەلقە خڕ و ناوبۆش بووە. وشەی (سەموونە: مۆرە، موهرە)ش لە وشەی (سەموون)ەوە داکەوتووە، چونکە سەموونە شێوەی وەکوو سەموون وایە!

بۆیە بەندە پێم وایە، نەتەوەکانی تر لە کوردەوە سەموونیان ناسیوە و پێشم وایە، وشەکە لە (سمەن، سمت، سۆمە)ەوە هاتووە بە مانای (قولێر، کون)!

سمین، سمتین، سمان: کونکردن

لە هەندێک شوێنی کوردستان، وشەی کولۆر، کلۆر بووە بە ناوی شیرینیی پاقلاوە و کولیچە! وشەی کولیچە، کولینچە و چۆرەکیش جێگۆڕکێی یەکن و واتای کولێرەی گچکە دەدەن . وشەی (کوکلێر، کولێرە)ش لە وشەی (کلۆر، کولۆر)ەوە هاتووە.

 

سەموون، لە کۆندا زۆر دەمایەوە و بۆ چەند ڕۆژێک هەڵدەگیرا، وەک هەندێک جۆری تری نان نەبووە کە بۆ ڕۆژی تر هەڵبگیرێت.  بۆیە لە زمانی کوردییدا، پێشی وتراوە: قەواخ، نانێ کارتی، نانێ کارتوو، نانێ سار، نانێ کەڤن، قەرت کەڤن، نانێ دۆین، نانێ زوها، نانێ بەیات، نانێ کتوت، نانێ کەون، نانەکۆنا، نانێ کوسپ، کانێ کفکۆ،

 

چەند ئاماژەیەکی کورت:

لە زمانی کوردییدا بە گشتیی، هەموو خواردنێکی لە هەویر درووستکراو و برژێنراو، پێی دەوترێت نان.

واتە سەموون و پاقلاوە و کێک و...چی و چی لە زمانی کوردییدا نانن!

بۆیە سەرتان نەسووڕمێت کە بۆچی لە فەرهەنگەکاندا نووسراوە:

کاک: کێک، جۆرێک نانی شیرینە

شەکرلەمە: جۆرێک نانی زۆر ناسک و شیرینە

ئەگەر ناوی هەموو جۆرەکانی نان کۆبکرێتەوە، کە ئەگەر نەڵێم هەزاران ناوە، ئەوا سەدان ناوە و بە پێناسەکانیانەوە کتێبێکی بەرگ‌ئەستووریان لێ دەردەچێت

بەوە مەخەڵەتێن کە وشەی سەموون بە صەموون دەردەبڕین و بەمە وا بزانن وشەکە عەرەبییە و بڵێن پیتی صادمان نییە. دەی خۆ وشەی سەگ لە جڵفەی کوردییدا دەکرێت بە صەگ و وشەی سابوونیش دەکەین بە صابوون.

جا بۆیە هەمیشە زمانی کوردیی بە دایکی زمانەکانی تر دەبینم. فەرموون لە وشەی سابوونەوە سەیر بکەن

لە عەرەبییدا: صابون

لە ئینگلیزییدا: soap

لە ئیسپانییدا Jabón

لە فەڕەنسییدا: savon

لە تایلاندییدا: سەبوو สบู่

.......

ئەگەر لە زمانەکانی تردا بۆ ڕیشەی وشەی صابون بگەڕێیت و بزانیت لە چییەوە هاتووە و نەیەیتەوە بۆ زمانی کوردیی، دەبێت بیخولێنیتەوە!

چونکە وشەی سابوون دەگەڕێتەوە بۆ زمانی کوردیی. ئاخر لە ناوی گیای (سپۆن)ەوە هاتووە کە پێشی دەوترێت (ئەسپۆن، ئەسپۆند...) ڕەگی گیای سپۆنیان هاڕیوە و جلیان پێی شۆردووە و ئاو بێنە و دەست بشۆ!

وەکوو هێمن فەرموویەتی:

رۆژگار هاڕیومی وەک ئەسپۆنی ورد

هێز و توانای لێبڕیوم دەردە‌کورد

 

 

 

زۆرترین بینراو

developed by Scorpion shield