تارا

بڵاوکردنەوە:

هاوڕێ جەلال

نووسەر:

هاوڕێ جەلال

بینراو:

326

بەش:

زمان

ئەم وشەیە، لە هەندێک فەرهەنگدا بە هەڵە پێناسەی بۆ کراوە. بۆ نموونە خاڵ و هەنبانەبۆرینە بە سەرپۆشی بووک مانایان کردووە.

بەڵکوو تارا، بە قوماشی سوور (ئاڵ، واڵ)دەوترێت، بۆ نموونە کەوای سووری پادشایان، هەر تارایە. هەر وەک ئەو کەوا سوورەیە کە لە بەری بابانۆئێلدا هەیە! کە نیشانەی عەبای ئیبلیسە. (ئیبلیس خۆی بە پاشا دادەنێت)

دیارە لەم گوزارەیەشدا: ((کەوا سووری بەر لەشکر))

پاشا دەگرێتەوە، کە پێشڕەوی سپایە

پەردە و تارای سوور بەرن بۆ ئەمیر

بڵێن پاش کوشتار، هێشتا تۆی دڵگیر

پیرەمێرد

ناڵێم تارا سەرپۆشی بووک نییە، بەڵکوو دەڵێم: بە هەر قوماشێکی سوور دەوترێت تارا. بۆ نموونە ئەو پەردەیەی دەدرا بە کەژاوەی بووکدا و ڕەنگی سوور بوو، پێی دەوترا تارا (ڕووتەخت). وشەی (تاراج) کە لە وشەی دووانیی تەختوتاراجدا هەیە، لەمەوە هاتووە. هەروەها ئەو پەردە سوورەی کە بووک و زاوا دەچوونە ناوی هەر تارایە. بۆیە دەڵێم: ڕەنگە شەوی سوور لەمەوە داکەوتبێت. ئەو سەرپۆشە سوورەی کە بووک بە سەریدا دەدات هەر تارایە. کە پێشی وتراوە (دیواخ، دووریی). وشەی تارا و دووریی، گۆڕاوی یەکترن.

دیواخ پێم وایە لە (دیوا: دیبا)وە هاتووە.

لە پێناسەی (دووریی)ڕا دیارە کە هەر تایبەت بە بووک نەبووە:

دووری: تەنراوێکی تەنکی کونکونە ئافرەتان بەسەریانیدا دەدەن. ل465 (ف. کوردستان)

هەر ئەم وشەیە شێوەیەکی تری هەیە، کە ئەویش (تەرگە، تەڕگ)ە. کە جاران بە کۆڵوانە(چارۆکە)ی سووری ئافرەت وتراوە. هەر هەمان وشە بە زارای بووکیش وتراوە.

((شیققەی فەلەکولئەتلەس وئەستوونەیی زەڕین

بێ بیکە بە تارای سەر و تەرگەی خەز و واڵا)) (نالیی)

وشەی تار گۆڕاوی (چار)ە و وشەی (تەرگە) گۆڕاوی (چارک، چارکە، چارەکە، چارۆکەیە)

چارشێو: ڕووبەند، چاری ڕوو، تاری ڕوو، تارای ڕوو

چارچەڤ، چەرچەف، چارشەڤ: چارشێوی نوێن

واتە چارشەڤ گۆڕاوی چارشەف، چارشێوە

وشەی چار، کورتکراوەی (چوار)ە. مەبەستیش لێی. هەر قوماشێکی چوارلۆیی(چوارقەدیی) یان چوارلۆییە

شۆ واتای لۆ، لۆنە، توێ، تیک دەدات.

ئاخر بۆیە لە بەرانبەر وشەی (چهارقد) لە ف. کاوە، ئەم وشانە دانراوە: چادر، چارک، چارۆکە، چارشێو، عەبا، هیزار،...

واتە تارا، سەرەتا بە ڕووبەندی سوور(خێلیی) وتراوە. کە ئافرەتان لە ڕوویان بەستووە.

هەر ئەم وشەی دووریی(تارا)یە بە جلی بووک وتراوە و گۆڕاویشە بۆ زارا. کە دیسان ئەم زارایە بووەتەوە بە (هیزار) بە واتای ڕووبەندی بووک.

((سلێمانیی دەڵێی بووکە و تارای زیوینی پۆشیوە)) (پیرەمێرد)

خۆی تارای بووک ڕەنگی سوور بووە. بەڵام پیرەمێرد، دەیچوێنێت بە تارای سپی کە لە کولتوری نەتەوەی تردا هەیە. بە داخەوە کولتوورە بێگانەکە؛ جێی بە کولتووری خۆمان لێژ کردووە و بە دەگمەن نەبێت؛ لە هەندێک شوێن؛ دەنا بووک لە جێی ئەوەی بە دابی کوردەواریی؛ تارای بووک بە ڕەنگی سوور بپۆشێت. بە ڕەنگی سپی دەیپۆشێت.

زۆرترین بینراو

developed by Scorpion shield