دەرمان و هەوجاڕ

بڵاوکردنەوە:

هاوڕێ جەلال

نووسەر:

هاوڕێ جەلال

بینراو:

1068

بەش:

زمان

ئەم ناونیشانەی سەرەوە؛ هەرچەند بە ڕووکەش لە دەستەواژەی (حوشتر و حەمام) دەچێت!

بەڵام دڵنیا بن، ئەمیان وا نییە و ئەو دووانە سەروساختیان لەگەڵ یەک هەیە!

دەزانم لاتان پێکەنیناوییە کە دەڵێم؛ هەوجاڕ لە بنەمادا مانای (بیبەری تیژ دەدات) بەڵام ڕاستییە!

دیارە دەڵێن؛ جا ئەمەش چ پێوەندییەکی نێوان هەوجاڕ و دەرمان ڕوون دەکاتەوە؟

ئەگەر تاقەتتان هەیە؛ لەمەپاش بیخوێننەوە، تێدەگەن!

 

وشەی دەرمان، سەرەتا بە هەموو شتێکی هاڕدراو و وردکراو وتراوە. بۆ نموونە؛ بە چای تۆز و وردکراو وتراوە (دەرمانچا). هەربۆیەش لە زمانی کوردییدا بە بارووتیش وتراوە دەرمان.

وشەی (powder)، کە خەڵک بۆدرەشی پێ دەڵێن. لە وشەی (بارووت)ەوە هاتووە کە هەردوو مانای تۆز دەدەن. هەمان وشەشە کە (برنووت)ی لێ درووست بووە. کە مەبەست لە تووتنێکە کرابێت بە تۆز و لە ڕێی لووتەوە هەڵبمژرێت.

هەندێک زمانەوان؛ بە هەڵە وایان زانیوە وشەکە تورکییە و لە وشەی بورون (لووت)ەوە هاتووە. هەرنەبا بیانوتایە لە (برناخ)ی کوردییەوە هاتووە، بە مانای (لووت) خۆشتر بوو، هەرچەند هەڵەیە!

چای بارووتیی: چای تۆز، چای زۆر ورد

لە مەبەست دوورنەکەومەوە، وشەی دەرمانیش وەک وشەی بارووت وایە. بە مانای هاڕاوە و تۆز دێت. سەرەتا به هاڕاوەی وشکی گوڵ و گیا و تۆو و بەری دارودرەخت وتراوە. ئەویش بۆ ((چێشت))

واتە بە هەموو تۆزێکی ئەندامیی و ڕووەکیی کە بخرێتە ناو چێشتەوە دەوترێت دەرمان.

دەی ئاخر بۆیە وشەی بەهارات و بیبەر بەرانبەری وشەی داڕوو (دەڕوو، دەرمان) دێنەوە.

وشەی دەرمان خۆی گۆڕاوی (دەروان، دەروە، داڕوو)ە بە لای منەوە پیتی (ر) لە وشەکەدا زیادەیە و چووەتە سەری. دەنا  وشەکە هەمان وشەی (داو، دەوا)ە. واتە وشەی (داوودەرمان) لەو وشە دووانییانەیە کە هەردووبەشەکەی یەک واتایان هەیە، هاوشێوەی پێوقەدەم، پاکوخاوێن، میهناز، وشکوبرینگ...

وشەی دەوات، دەوێت(مرەکەب)یش لەم وشەیەوە هاتووە.

 

بابەتەکە هەروا سانا نییە.

ئەوجا وشەی (داو، دەوا) لەچییەوە هاتووە؟

 

وشەکە سەرەتا پێشگری (ئە)ی پێوە بووە

(ئەدوا، ئەدەوا)

وشەی (ئەدوا) جێگۆڕکێی کردووە و لە عەرەبییدا بووە بە دواء

وەک ئاسۆ - ضوء

 

بۆچی دەڵێم وشەکە لە کوردییەوە چووەتە ناو زمانی عەرەبیی؟ قاوەم بۆ نەگرتووەتەوە؛ بەڵکوو دەزانم وشەی ئەدوا هەمان وشەی (ئەزوا، ئیسوە، ئیسوەت، ئیسیوەت، ئیسیوێت، ئیسۆت)ە. کە مەبەست لە (بیبەر)ە. بە واتای (بەهارات)یش هاتووە. بەڵام ڕاستییەکەی بە مانای (بیبەری ڕەش، سیاوئاڵەت)دێت. (سیاو، ئیساو، سەود، سەوز، سەوزە، ئەسوەد، سیا) لە زمانی کوردییدا مانای (ڕەش)ە. وشەی (اسود)ی عەرەبیی لە زمانی کوردییەوە ڕۆشتووە.

بۆ زانیارییتان زۆربەی ناوی ڕەنگەکانی زمانی عەرەبیی؛ بناوانەکەی زمانی کوردییە! ئەوە باسێکی دورودرێژی دەوێت و بەشی خۆشی لێی دواوم.

 

هەر بۆ زانیاریی، وشەی (بیبەر)ی کوردیی و (فلفل)ی عەرەبیی و (Pfeffer)ی ئەڵمانیی و (pepper)ی ئینگلیزیی و.... هاوڕیشەن

 

ئایا بیرتان چوو، یان باش سەرنجتان نەدا کە نووسیومە؛ بیبەر و بەهارات لە زمانی کوردییدا هاوواتای وشەی (دەرمان)ن.

بۆ نموونە سەیری فەرهەنگەکان کەن، ئەم بەرابەرییە دەبینن:

دەرمان، دەرمانک، دەرمانگەرم: ئیسوەت، ئاڵەت

 

جا هەر ئەم وشەی ئەدوا(بەهارات)ەیە کە وشەی

(ئەدەوات، ئەدوا، ئەدات، ئادات)ی لێ درووست بووە بە واتای کەرەستە! کە خۆی سەرەتا مەبەست لە (کەرەستەی چێشت) بووە

هەروەها هەمان وشەی (ئاڵەت: بەهارات، بیبەر)ە کە وشەی

وشەی (ئالەت، ئالات)ی لێ درووست بووە بە واتای کەرەستە، ئامێر!

 

دەی هەر هەمان وشەی (هەوجهار، هیچهار)ە کە واتای بیبەری هار، دەرمانگەرم (حار: توند، گەرم) دەدات.

لەمەوە وشەی (هەوجێ، هاجە: حاجەت، پێویستیی)ی داکەوتووە.

 

وشەی (هەوجاڕ) کە بە (ئاموور، هالەت: کەرەستەی جووت) ڕۆشتووە، خۆی لە بنەڕەتدا واتای (ئاموور: ئامێر، ئالەت، کەرەستە، ئەمراز، ئەوزار، پەوزار، ئەبزار، ئەمراز، مراز) دەدات. واتە دەکرێت بە هەموو ئامێرێک بوترێت هەوجاڕ. کە ئەمەش لە وشەی هەوجهار (بیبەری توند، بیبەری گەرم)ەوە هاتووە.

جا ئەوەش بزانن؛ وشەی (حار)ی عەرەبیی لە وشەی (هار، هەل)ی کودییەوە هاتووە کە واتای (توند، گەرم، خێرا) دەدات.

کابرا بە هەلەهەل هات: کابرا بەپەلەپەل هات

هەروەک وشەی گوڕ کە واتای توند و خێرا و گەرمیش دەدات. یان وشەی تین و توند کە لەیەکەوە هاتوون.

هەروەها وشەی (ئاج، هاج)ی کوردیی. بنەمای وشەی (عجول)ە. هەردوویان لە وشەی دووانیی (هاروهاج)دا هەن.

 

بڕوا دەکەن یان نا، پیازی عەواڵان!

زۆرترین بینراو

developed by Scorpion shield