وتارەکەی ئەسکەندەر

بڵاوکردنەوە:

محمد مجید

نووسەر:

Epic History TV

بینراو:

947

بەش:

مێژوو

 

تێبینی: ئەم بابەتە بە ڤیدیۆی ژێرنووسکراویش لە خوارەوە بەردەستە.

 

له‌ هه‌ڵمه‌تێكی ده‌ ساڵه‌ی ناوازه‌دا، (ئەسکەندەر) و سوپاكه‌ی زۆرینه‌ی جیهانی زانراویان داگیركرد، هه‌ر له‌ میسڕه‌وه‌ تاكو ڕووباری ئیندوس، له‌ ساڵی 324 پ.ز گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ "ئۆپس"، له ‌نزیك به‌غدادی ئێستا، كاتێك (ئەسکەندەر) فه‌رمانی كرد به ‌هه‌ندێك له‌ سه‌ربازه‌ دێرینه‌كانی تا بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ نیشتیمان، به‌ڵام تووڕه‌ له‌و سووكایه‌تیانه‌ به‌ شه‌ره‌فیان، هه‌روه‌ها هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی کلتووری فارسی له‌لایه‌ن (ئەسکەندەر)ـه‌وه‌، سوپاكه‌ی یاخی بوون...

به‌ گوێره‌ی مێژوونووسی دێرین (ئاریانۆس)، (ئەسکەندەر) سێزده‌ له‌ سه‌ركرده‌كانی له‌سێداره‌دا پێش ئه‌وه‌ی ڕووبه‌ڕووی سوپاكه‌ی ببێته‌وه‌. هه‌مان وشه‌كانی (ئەسکەندەر) به‌ وردی نه‌زانراوه‌، به‌ڵام مێژوونووسه‌كانی ئێستا پێیان وایه‌ كه‌ (ئاریانۆس) گه‌وهه‌ری ساتێكی ڕاسته‌قینه‌ی مێژووی تۆمار كردووه‌، كه‌ پشتاوپشت گوازراوه‌ته‌وه‌ له ‌ڕێگه‌ی شایه‌تحاڵه‌وه‌.

"ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌یڵێم ئامانج لێی ئه‌وه‌ نییه كه‌ بتانوه‌ستێنێت له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ نیشتمان. هێنده‌ی من لام گرنگه، ئێوه‌ ده‌توانن بڕۆن بۆ هه‌ركوێیه‌ك بتانه‌وێت. به‌ڵام، ده‌مه‌وێ بزانن كه‌ چۆن ڕه‌فتارتان كردووه‌ به‌رامبه‌ر به‌ من و من چۆن مامه‌ڵه‌م كردووه‌ له‌گه‌ڵ ئێوه‌. ده‌سپێده‌كه‌م به‌وه‌ی كه‌ دروسته‌ ده‌ستی پێبكه‌م، به‌ باوكم، (فیلیپ). كاتێك ئێوه‌ی دۆزیه‌وه‌، ئێوه‌ له‌ جووتیارگه‌لێك زیاتر نه‌بوون، پێستی ئاژه‌ڵتان ده‌پۆشی، چه‌ند سه‌ره‌ مه‌ڕوماڵاتێكتان ده‌له‌وه‌ڕاند له‌سه‌ر لاپاڵی چیاكان و ئێوه‌ نه‌تانده‌توانی به‌رگری له ‌خۆتان بكه‌ن ته‌نانه‌ت به‌رامبه‌ر به‌ دراوسێكانتان. له‌ژێر فه‌رمانڕه‌وایی ئه‌ودا، ده‌ستان كرد به‌ژیانكردن له‌ شاره‌كاندا، به‌ یاسا و کلتووری چاكه‌وه‌، و گۆڕینی له‌ كۆیله‌ بۆ فه‌رمانڕه‌وا به‌سه‌ر هه‌مان ئه‌و به‌ربه‌ریانه‌ی كه‌ خاكه‌كانتانیان تاڵان ده‌كرد. ئه‌و زۆرینه‌ی خاكی "ثره‌یس"ـی داگیركرد و باشترین به‌نده‌ره‌كانی برد بۆ چالاكـكردنی بازرگانی و گه‌شه‌سه‌ندن، و كانه‌كانی بنیاتـنا وه‌كو سه‌رچاوه‌یه‌كی جێگیری كار. "ثیسالیانی"ـیه‌كان؛ ئه‌وان ئێوه‌یان تۆقاندبوو، ده‌ی ئه‌وه‌تا، ئێستا ئێمه‌ فه‌رمانڕه‌واییان ده‌كه‌ین. ئه‌ثینییه‌كان و ثیبییه‌كان، هه‌میشه‌ به‌دوای هه‌ر هه‌لێكدا ده‌گه‌ڕان بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر مه‌قدۆنیا؛ ئێمه‌ داگیریانمان كرد، وه‌كو خۆمیش ڕۆڵێكی بچووكم گێڕا له‌و جه‌نگه‌دا. ئه‌وه‌تا چیتر سه‌رانه‌ وه‌رناگرن له‌ مه‌كدۆنیا به‌ڵام له‌بری ئه‌وه‌ پشت ده‌به‌ستن به‌ ئێمه‌ بۆ پاراستنیان. باوكم ڕۆشت بۆ "پایلۆپۆنی"ـیه‌كان و داگیریانی كرد، پاشان ناسێندرا وه‌كو فه‌رمانده‌ی باڵای هه‌موو یۆنانییه‌كان له‌ هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ی دژی فارسه‌كان، و ئه‌مه‌ ته‌نها شه‌ڕه‌فێك نه‌بوو ته‌نها بۆخۆی به‌ڵكو بۆ هه‌موو مه‌قدۆنیه‌كان بوو. ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ بوو كه‌ (فیلیپ)ـی باوكم كردی بۆ ئێوه‌، له‌خۆیدا كارێكی مه‌زن بوو، به‌ڵام بچووك به ‌به‌راورد به‌وه‌ی ئێوه‌ له‌ منتان ده‌سكه‌وت. من "هێڵیسپۆنت"ـم تێپه‌ڕاند، ته‌نانه‌ت له‌و كاته‌ی كه‌ فارسه‌كان هێشتا فه‌رمانڕه‌وایی ده‌ریایان ده‌كرد. من مه‌رزوبانه‌كانی پاشای مه‌زن (داریۆش)ـم به‌زاند و ئێوه‌م كرده‌ فه‌رمانڕه‌وا به‌سه‌ر "ئایۆنیا، ئیۆلیس، فرجیا و لیدیا،" و به‌ گه‌مارۆ "مایلیته‌س"ـم داگیركرد، و ئه‌ودوای شانشینه‌كان به‌خۆیان خۆیان به‌ده‌سته‌وه‌دا و سامانه‌كانیان بوو به‌ هی ئێوه‌. هه‌موو سه‌روه‌ته‌كانی میسڕ و سایرینی كه‌ به‌بێ شه‌ڕ سه‌ركه‌وتم به‌سه‌ریاندا، ئێستا هی ئێوه‌یه‌. سوریا، فه‌ڵه‌ستین، میزۆپۆتامیا، بابل، هه‌مووی موڵكی ئێوه‌یه. سامانه‌كانی لیدیا، گه‌نجینه‌كانی وڵاتی فارس، گه‌وهه‌ره‌كانی هند و ده‌ریاكانی دیوی ده‌ره‌وه‌. ئێوه‌ ئێستا مه‌رزوبانـن، ئێوه‌ ئێستا ژه‌نه‌ڕاڵن، ئێوه‌ ئێستا سه‌ركرده‌ن. ئه‌ی من چیم هێشته‌وه‌ بۆخۆم جگه‌ له‌م عه‌با‌ مۆره‌ و ئه‌م تاجه‌؟ هیچ شتێك، هیچ پیاوێكتان ناتوانێت په‌نجه‌ درێژكات بۆ سامانه‌كه‌م،جگە لەوەی کە ئەمانه‌تی ئێوه‌یه‌ لای من. جا هه‌ر له ‌بنه‌ڕه‌تدا من چی ده‌كه‌م به‌و سامانانه‌؟ هه‌ر ئه‌وه‌ ده‌خۆم كه‌ ئێوه‌ ده‌یخۆن، و له‌ ئێوه‌ زیاتر پشوو ناده‌م، چه‌ندین جار من پاسه‌وانیی شه‌وم ده‌كرد تاكو ئێوه‌ بتوانن به‌ئارامی بنوون، كێ له‌ ئێوه‌ پێیوایه‌ كه‌ له‌وه‌ زیاتری بۆ من كردووه‌ كه ‌من بۆ ئه‌وم كردووه‌؟ ده‌ ده‌ی. ئه‌گه‌ر ئێوه‌ جێ برینتان پێوه‌یه‌ خۆتان ڕووت بكەنە‌وه‌ و پێمی نیشان بدەن،‌ منیش ئه‌وانه‌ی خۆمتان پێ نیشان ده‌ده‌م. هیچ به‌شێكی جه‌سته‌م نییە – لانی كه‌م به‌شی پێشه‌وه‌م – كه‌ برینێكی پێوه‌‌ نه‌بێت. جه‌سته‌م به‌ ته‌واوه‌تی داپۆشراوه‌ به‌ برین به‌ هه‌موو جۆره‌ چه‌كێك كه‌ بتوانن بیری لێبكه‌نه‌وه‌؛ شمشێر، تیر، به‌رد، كوته‌ك، هه‌مووی له‌پێناو ژیانی ئێوه‌‌، شكۆی ئێوه‌ و سه‌روه‌ته‌كانتان. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا من هێشتا لێره‌م، پێشڕه‌ویتان ده‌كه‌م وه‌كو داگیركاری خاك و ده‌ریا، ڕووباره‌كان، چیاكان و ده‌شته‌كان. ئێمه‌ ئاهه‌نگی زه‌ماوه‌ندمان پێكه‌وه‌ گێڕاوە، زۆرێك له‌ منداڵه‌كانتان ده‌بنه‌ ئامۆزا و خاڵۆزای خۆم. من قه‌رزه‌كانی ئێوه‌م دایه‌وه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی بپرسم چۆن هاتووه‌ته‌ سه‌رتان، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی من به‌باشی پاره‌تان پێ ده‌ده‌م و هه‌موو شارێك تاڵان ده‌كه‌ن كه‌ داگیری ده‌كه‌ین. زۆرتان تاجی ئاڵتوونی ده‌پۆشن، مه‌دالیای بوێری و شه‌ره‌ف كه ‌لەلایه‌ن منه‌وه‌ پێتان دراوه‌. هه‌ركامێكمان كه‌ كوژرابێت – كه ‌ئه‌وه‌ش كۆتاییه‌كی شكۆدارە – به‌به‌رزترین شه‌ره‌فه‌وه‌ به‌ خاكمان سپاردووه‌، زۆرێكیان ئێستا بەنه‌مری وه‌ستاون له‌شێوه‌ی په‌یكه‌ری برۆنز له‌ مه‌قدۆنیا و خێزانه‌كانیان ڕێزیان گیراوه‌ و له‌ باجدان به‌خشراون. له‌ژێر فه‌رمانڕه‌وایی مندا، هیچ پیاوێكمان لێ نه‌كوژراوه‌ له ‌كاتێكدا له‌ دوژمن هه‌ڵبێت. ئێستاش ده‌مویست هه‌ندێكتان بنێرمه‌وه‌ له‌وانه‌ی كه‌ بریندار كراون یان په‌ككه‌وته‌ بوون یان ته‌مه‌نیان گه‌وره‌ بووه‌ تاكو له‌ مه‌قدۆنیا وه‌كو پاڵه‌وان پێشوازیان لێبكرێت، به‌ڵام مادام هه‌مووتان ده‌تانه‌وێت بڕۆن، ده‌ی هه‌مووتان، بڕۆن! بڕۆنه‌وه‌ بۆ نیشتیمان و پێیان بڵێن كه‌ پاشاكه‌تان، (ئەسکەندەر) به‌زێنه‌ری فارسه‌كان، میدییه‌كان، باكترییه‌كان و سیذییه‌كان و ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ ئێستا فه‌رمانڕه‌وایی پارثیانه‌كان (فارسه‌كان)، كۆراسمیانه‌كان و هایره‌كانییه‌كان ده‌كات تاوه‌كو ده‌ریای قه‌زوین. ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ به‌سه‌ر چیای "هیندو-كوش"ـدا سه‌ركه‌وت و ڕووباری "ئۆكسۆس و تانایه‌س"ـی تێپه‌ڕاند، ته‌نانه‌ت ڕووباری "ئیندوس"ـیش؛ یه‌كه‌مین كه‌س كه‌ تێیپه‌ڕێنێت له‌وه‌ته‌ی خودی "دایۆنایسس" خۆیه‌وه‌، من ڕووباری "هایفایسس"ـیشم تێده‌په‌ڕاند ئه‌گه‌ر ئێوه‌ ترسنۆك نه‌بان. ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ سه‌وڵی لێدا تاوه‌كو ده‌ریا مه‌زنه‌كه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای "ئیندوس"ـه‌وه‌. بیابانی "گیدرۆسیا"م بڕی، ئه‌و بیابانه‌ی كه‌ هه‌رگیز هیچ سوپایه‌ك نه‌یبڕیوه، ‌و ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ "كارمینیا"ـی داگیركرد له‌ كاتێكدا كه‌شتیگه‌له‌كه‌م كه‌نداوی فارسی تێپه‌ڕاند. كاتێك كه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ نیشتیمان پێیان بڵێن كه‌ ئه‌و كاته‌ی ئێوه‌ گه‌شتنه‌وه‌ "سوسا،" ئێوه‌ پشتتان لێكرد و گه‌ڕانه‌وه‌ نیشتیمان و ئه‌وتان جێهێشت له‌ژێر به‌زه‌یی هه‌مان ئه‌و بێگانانه‌ی كه‌ داگیرتان كردن. ڕه‌نگه‌ ئه‌م قسانه‌تان هه‌ندێك شكۆدارانه‌ ده‌ركه‌وێت له‌پێش چاوی خه‌ڵكیدا، و شایسته‌ له‌پێش چاوی خودادا، له‌ پێش چاوم ونبن".

 

دوای وتاره‌كه‌ی، سه‌ربازه‌ مه‌قدۆنییه‌كان له‌ (ئەسکەندەر) ده‌پاڕانه‌وه‌ بۆ لێخۆشبوون .كه‌ بووه‌ هۆی ئاشتبوونه‌وه‌یه‌كی پڕسۆز له‌نێوان پادشا و سوپاكه‌یدا.

(ئەسکەندەر) ده‌ستی كرد به‌پلاندانان بۆ داگیركاری زیاتر، به‌ڵام له‌ بابل، دوای كه‌متر له‌ یه‌ك ساڵ، خۆی به‌ده‌سته‌وه‌دا بۆ نه‌خۆشیه‌كی نه‌زانراو و مرد، له‌ ته‌مه‌نی ته‌نها 32 ساڵیدا.

 

ئەم بابەتە وەرگیراوە لە چەناڵێ یوتیوبی (Epic History TV):

https://www.youtube.com/watch?v=RlKJDwViNK

 

زۆرترین بینراو

developed by Scorpion shield