چیرۆکی ڕاستەقینە: ژیانی ڕەبەنە شێتەکە (ڕاسپۆتین) .

بڵاوکردنەوە:

ئیسرا دزەیی

نووسەر:

ئیسرا دزەیی

بینراو:

1268

بەش:

وێژە

هـەر لەسەر ژیاننامەی خانەوادەی رۆمانۆڤ ئەمجارە تیشك دەخەینە سەر کەسایەتیەکی دیار و ئاڵۆز کە پەیوەندییەکی ئەوتۆ لەگەڵ خانەوادەی رۆمانۆڤ ئەمی بەستبۆوە، کە بە ڕەبەنە شێتەکە ناسرابوو.

 

ڕاسپۆتین کێیە؟

گریگۆری راسپۆتین یەکێکە لە کەسایەتییە ئاڵۆز و پڕ نهێنییەکانی مێژوو، ڕاسپۆتین لە گوندی بچووکی سیبیریای پۆکرۆڤسکۆی لەدایکبووە لە ساڵی ١٨٦٩، تاکە برایە لە حەوت براکەی کە لە قۆناغی منداڵییەکی زوو لە ژیاندا ماوەتەوە و تێیپەراندووە.

راسپۆتین نەچووە بەر خوێندن تا گەورە بوو هەر نەخوێندەوار بوو، وە لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا هاوسەرگیری کرد و بەرەو ژیانێکی نهێنی و دابڕاو لە ناوچەکانی سیبیریا بەڕێکەوت.

بەڵام لە ساڵی ١٨٩٧ کاتێک لە شارەکە هەڵهات بۆ ئەوەی لە سزای خۆی ڕزگاری بێت بەهۆی تۆمەتبارکردنی بە دزینی ئەسپێک، دوای ئەوە ماوەیەک لە خانەقای چیای ئۆرال بەسەر دەبات، دەستی بە زنجیرەیەک گەشتی ئایینی کرد، کە ڕەنگە بردبێتی بۆ چیای ئاثۆس، هەروەها بۆ یۆنان کە ناوەندی ژیانی خانەقای ئۆرثۆدۆکسی  ڕۆژهەڵاتە (ئەمیش یەکێکە لە دووەم گەورەترین کڵێسای مەسیحییەکان).

تا سەرەتای سەدەی بیستەم، ڕاسپۆتین ناوبانگێکی وەک مامۆستایەکی ڕۆحی، یان پیاوانی ئایینی پەرەی سەندبوو، کە هێزە ئەفسوناوییەکانی دەیانتوانی نەخۆشییە جەستەیی و ڕۆحییەکان چارەسەر بکەن.

سەفەرەکانی لە کۆتاییدا بردیان بۆ سانت پترسبۆرگ، لەوێ ڕاسپۆتین سەرکردەکانی کڵێسای ناوچەکەی سەرسام کرد، کە دوای ئەوە پشتگیری دوو شازادەی مۆنتینیگرۆی بەدەستهێنا، کە هەردوو شازادەکە هاوسەرگیریان لەگەڵ شانشینی ڕۆمانۆڤ کردبوو.

بۆیە ئەو دوو خوشکە شازادەیە ڕاسپۆتینیان بە ئیمپراتۆر نیکۆلاسی دووەم و ئەلێکساندرای هاوسەری ناساند (قەیسەری ڕووسیا و خێزانەکەی)، ئەوانیش داوایان لێکرد نزای چاکبوونەوە بکات بۆ ئەلێکسی کوڕەکەیان کە تووشی نەخۆشی هیمۆفیلیا بوو (ئەمیش بریتییە لە تێکچوونی خوێن بۆ کرداری مەیین کە رێگەخۆشکەرە بۆ خوێنبەربوون).

بوونی ڕەبەنەکە ئازاری کوڕەکەی شای کەم کردەوە و خوێنبەربوونی ڕاگرت، لەبەرئەوە ئیمپراتۆر بە تەواوی قایل بوو کە ڕاسپۆتین تاکە کەسە کە دەتوانێت چارەسەری نەخۆشی کوڕەکەی بکات و کاریگەرییەکەی لەسەر بنەماڵەی شاهانە بە خێرایی گەشەی کرد.

لەم نێوەندەدا دوای ماوەیێ چەند قسە و باسێك لەسەر ڕەفتارە قێزەونەکانی ڕاسپۆتین لە سەرانسەری سانت پترسبۆرگدا بڵاوبووەوە کە سەرخۆش دەبوو، چووە سەر کاری لەشفرۆشی، وە ڕاپۆرتی زۆر کرا لەسەری.

کڵێسای ئۆرثۆدۆکسی ڕووسیا دژایەتی ڕاسپۆتینی کرد و ئەو هەواڵە گەشتە لای ئیمپراتۆر نیکۆڵاس بەڵام سەرەڕای ئەوەش، نیکۆلاس ڕەتیکردەوە ڕاسپۆتین لە دەرباری شاهانەی خۆی دەربکات و بە سەرۆکوەزیرانی گوت: "پێم باشە دە ڕاسپۆتینم هەبێت نەک یەکێک لە حاڵەتە هیستریکییەکانی ئیمپراتۆرەکە".

دۆخەکە تا ساڵی ١٩١٥ خراپتر بوو، کاتێک نیکۆلاس سانت پترسبۆرگی بەجێهێشت بۆ ئەوەی لە جەنگی جیهانی یەکەمدا سەرکردایەتی سوپای ڕووسیا بکات. ئەلێکساندرای هاوسەری لە غیابی هاوسەرەکەیدا پێشەنگی گرت و جێگای گرتەوە و مافی بە ڕاسپۆتین دا کە هاوڕێکانی خۆی وەک وەکو قەشە دەست نیشانبکات بۆ کڵێسا و پۆستەکانی دیکەی ویلایەتەکە وەرگرن و دەست تێوەردەن .

بۆیە دوای ئەوە کۆمەڵێک ئاغا و پیاو ماقول و خانەدانەکان، هەستیان بەوە کرد کە ڕاسپۆتین مەترسییەکی گەورە لەسەر دەسەڵاتی پاشایەتی دروست دەکات، پیلانی تیرۆرکردنی ڕاسپۆتینیان دانا.

میری سانت پترسبۆرگ، فیلیکس یوسوپۆڤ، پیلانی داڕشت بۆ کوشتنی ڕاسپۆتینی ڕەبەن و بانگهێشتی کرد بۆ ئاهەنگێکی گوایە لە کۆشکەکەیدا، بە گوتەی یەکێک لە پیلانگێڕەکان لەوێ کێکێکی بە سیانیدیان پێشکەش کرد (سیانید یان توخمی سیانید: تێکەڵەیەکی کیمیایی سپی کریستاڵییە پێکهاتووە لە کاربۆن و نایترۆجین)، بەڵام ڕاسپۆتین زەردەخەنەی کرد کاتێک شیرینییەکەی قووتدا بەبێ ئەوەی تێکچوون لە ڕووخساری دەربخات، وە بۆ ئەوەی شتەکان خێراتر بکەن و زوو کاری تێبکرێت، ژەهرێکیشی ڕشتە ناو پەرداخێک مەی و پێیدا تا بیخواتەوە، كاتێك ژەهرەكە كاریگەری نەما، چەند گوللەیەكیان لێدا و تەرمەكەیان فڕێداوەتە ناو ڕووبارێكی بەستووەوە.

دەوترێت هەرچەندە قاپێک سیانید و ژەهری ناو مەی و پێنج فیشەک نەیتوانیوە بیکوژێت، بەڵام بە خنکان لە ڕووبارەکەدا گیانی لەدەستداوە. وە ڕاسپۆتین هێشتا لە ژیاندا بوو کاتێک لە ڕووباری بەستووی مالایا نێڤکا ڕاکێشرا، لە بەرەبەیانی زووی ٣٠ی کانوونی دووەم بوو کە کوژرا... بەڵام کوشتنی ڕاسپۆتین ئیمپراتۆریەتی ڕووسیای ڕزگار نەکرد. سێ ڕۆژی خایاند تا تەرمەکەی لەلای پۆلیس دۆزرایەوە، ڕاپۆرتی پشکنینی جەستەش هیچ شوێنەوارێکی ژەهر لەسەر جەستەی نەدۆزیەوە!

ئەفسانەکان باس لەوە دەکەن کە ڕاسپۆتین لە نامەیەکدا کە بۆ ئیمپراتۆر نیکۆلاسی ناردووە، ئاماژەی بەوە داوە کە لە کانوونی دووەمی ١٩١٦دا، پێشبینی مردنی دەکات، کە تێیدا دەڵێت: “هەست دەکەم پێش سەرەتای مانگی یەک کۆچی دوایی دەکەم... ئەگەر پەیوەندیی ئێمە بووبێت کە بووە هۆی مردنم، ئەوا هیچ کام لە منداڵەکانت زیاتر لە دوو ساڵ لە ژیاندا نامێنێتەوە."

(ئەمەش واتا ڕاسپۆتین پێشبینی کردبوو ئەگەر بە دەستی ئەندامێکی بنەماڵەی ئیمپراتۆر بمرێت ئەوا هیچ کام لە ڕۆمانۆڤەکان زیاتر لە دوو ساڵ لە ژیاندا نامێننەوە). وە پێشبینیەکەشی ڕاست دەرچوو، چونکە ڕاسپۆتین لەلایەن زاوای ئیمپراتۆر و ئامۆزای ئیمپراتۆر کوژرا، هەر بۆیە دوای کەمتر لە دوو ساڵ، ڕۆمانۆڤەکانیش کوژران...

... راسپۆتین هەروەک لە ژیانیدا وەک نهێنییەک لە مردنیدا دەمێنێتەوە، ئایا ڕەبەنێکی هەڵە تێگەیشتوو بوو کە بەدوای ڕۆحانیەتدا دەگەڕا، وەک چۆن زۆرێک لە ڕووسەکانی ئێستا پێیان وایە؟ یان پیاوێکی فێڵباز بوو کە ئیمپراتۆریەتێکی هێنایە خوارەوە؟

زۆرترین بینراو

developed by Scorpion shield