هیوا

بڵاوکردنەوە:

زنار بابەکر

نووسەر:

زنار بابەکر

بینراو:

371

بەش:

وێژە

"هەرگیز نابێت خۆت بۆ نائومێدی بەدەستەوە بدەیت. لێگەڕێ بەسەر ڕێچکەی خۆتدا بخلیسکێیتە خوارەوە و ئیتر تۆش خۆت بۆ بچووكترین نیهادەکانت بەدەستەوە دەدەیت. لە تاریکیترین ساتەکانی ژیاندا، هیوا شتێکە کە دەتوانیت بە خۆتی ببەخشیت؛ ئەمەیە واتای هێزی ناوەکی." – یەکێک لە وتەکانی مامە (ئایرۆ)، ناسراو بە ئەژدیهاکەی خۆرئاوا، لە زنجیرەی ئەنیمی ئاڤەتاردا کاتێک کە ئامۆژگاری برازاکەی دەکرد لەوپەڕی بێهیوایی و ونکردنی ڕێچکەی خۆیدا.

 

مرۆڤ لە ژیان، لە هەر حاڵەت و ئاستێک، بە هەر شێوە و ڕێگەیەک؛ لەپێناو هەر ئامانج و مەبەستێکدا، تەنیا ئەوکاتە خۆی لەدەست دەدات کە خۆی بۆ نائومێدی بەدەستەوە دەدات. ئاواتەکانمان پێناسەی ناسنامەی خودیی هەر یەکێک لە ئێمەن و جیامان دەکەنەوە لە ئەوانی تر. هەوڵدان و تێکۆشان؛ هەنگاونان بەرەو خەون و ئاواتەکان بریتییە لەو ئەزموونەی کە لەڕێگەیەوە پێناس و ناسنامەی ڕاستەقینەی خۆت لە ژیان دەدۆزیتەوە، ئەمەیە کە پێی دەوترێت ڕەوەندی خۆدۆزینەوەی هەر یەکێکمان. من بەڕاستی کێم؟ چۆنم؟ بۆچی ئاوام؟ وەڵامی هەریەک لەمانە بە یەک لە قۆناغەکانی خۆدۆزینەوەی مرۆڤ بەستراوەتەوە. ئەگەر تۆ بەڕاستی بتەوێت ناسنامەی خۆت بدۆزیتەوە و بەدوای ڕۆشنبوونەوەیەکی ناوەکی و ڕۆحی خۆتدا وێڵبووبیت، ئەوە هەرگیز نابێت تەنها بۆ چرکە ساتێکیش لە گەڕان بەدوای خەون و ئاواتەکانت بوەستیت. بەڵام، ئەگەر هاتوو من بەهۆی شکستخواردن و نالەباری حاڵم لەم ئەزموونە خۆدۆزینەوەی ژیاندا خۆم بۆ نائومێدی و بێهیوایی بەدەستەوە دا لە ڕەشبینی و دڵتەنگیم بەهۆی ئەوەی کە ئاستەنگییەک هەیە و ڕێگریم لێدەکات لە گەیشتن پێیاندا، ئەوە من نەوەکوو هەر تەنیا نەمتوانیوە ئەزموونەکەم تەواو بکەم و خۆم بدۆزمەوە بەڵکوو تەنانەت خودی خۆشم هەر لەدەستداوە ڕێک لەو کاتەدا ... چونکە، مرۆڤ کە ئامانج و مەبەستی خۆی وێڵکرد بە دەستبەرداربوونی خەون و ئاواتەکانی، ئیتر چ هۆکارێک بۆ بوونی ئەو کەسە هەیە؟ واتە، تۆ ئەگەر لەپێناو ئەو بوون و ژیانەی کە هەتە هیچ هۆکارێکی دیاریکراوت نەبێت پەیوەست بە خەون و ئاواتەکانت تا مەبەست و ئامانجێک بۆ خۆت دابنێیت، ئیتر چ جیاوازیت دەبێت لەگەڵ کەسێکی تر کە بوونی نییە، بۆیە هۆکاریشی نییە و نە مەبەست و ئامانجیش، نە هیچ خەون و ئاواتێکیش. کەوابێت، ئەوسا تۆ وەک وایە کە هەر بوونت نەبێت و خۆت لەدەستدابێت. سەرەڕای ئەوەش، ئەگەر تەنانەت تۆ هێشتاش ئامانج و مەبەستی خۆت لەدەست نەدابێت، بەڵام لە حاڵەتێکبیت کە هیچ ئومێد و هیوایەکت بە خەون و ئاواتەکانت نەبێت؛ ئەوسا، پێتوایە کە دەتوانیت چ گۆڕانکارییەک لە ژیاندا درووست بکەیت و، دووبارە، چ جیاوازییەکت دەبێت لەگەڵ نەبوویەک کە هەروەکوو تۆ نەگۆڕە بە نەبوونی هەر کاریگەرییەک بەسەر ژیان؟ هیچ! ... بزانە، کە مردن و تیاچوون تەنها بە وەستانی ترپەکانی دڵ نەبەستراوەتەوە، بەڵکوو دەکرێت بەزیندووییش مرۆڤ هەر بمرێت کاتێک کە خۆی بەدەستەوە دەدات بۆ نائومێدی و دەرستبەرداربوون لە گەیشتن بە خەون و ئاواتەکانی ژیان.

ئەگەر تەنانەت هەموو دەرگە و دەرچەیەک داخرابێت؛ چوار پەلیشت بەسترابێت لە هەستانە سەر پێ و هەنگاونان بەرەو پێش، تۆ تەنیا بە دڵ کۆڵ مەدە و بەردەوامبە، چاوەکانت دابخە و خەونی پێوە ببینە کە چۆنە کاتێک کە پێی گەیشتوویت و بەڕاستی بەدەستت هێناوە ... پێشت وانەبێت کە ئەمە کارێکی ئاسانە یان بێکەڵکە و هیچ گۆڕانکارییەک درووست ناکات! تەنیا ئەوانەی کە دەروونیان ئەوەندە بەهێز و خۆڕاگرە کە بتوانن بەرگەی هەموو تەنگەتاوێکی ناخۆشییەکان و تاریکی ژیان بگرن، دەتوانن هێشتاش بە جۆرێک لە جۆرەکان بەم شێوەیە هیوایەکی بەردەوامبوون و هەستانەوە سەر پێ ببەخشنەوە بە خۆیان بە خەیاڵکردن لەڕێگەی تامەزرۆیی و پەرۆشیی دڵیان بۆ گەشتن بە ئاواتەکانیان. وردە وردەش، هەر بەپێی کات، دڵیان لەگەڵ هەر ترپەیەک چۆڕێک لە هێز و توانا بە گیانیان دەبەخشێتەوە بۆ بووژانەوە و هەستان بە درووستکردنی گۆڕانکارییەک هەر لەپێناو شکاندنی تینووێتی خودی ئەو تامەزرۆییەی دڵیان. کەوابێت، دەبینیت کە هەموو شتەکە چۆن لە دڵی خۆتەوە سەرهەڵدەدات، هەر لە ئەمیشەوە دەبوژێتەوە و بەردەوام دەبێت؟ ئەمەیە سەرچاوە و کڕۆکی هێزی ناوەکی لەوانەی کە هێشتاش زیندوون و بوونی خۆیان، بۆ خودی خۆیان، سەلماندووە.

دەوترێت کە هەر شتێک مرۆڤ بتوانێت وێنا و خەیاڵی بکات لە هزری خۆیدا، ئەوە گومان لەوەشدا نییە کە دەتوانێت بەدی بهێنێت لە ڕاستەقینەدا. سەرەڕای هەموو ئاستەنگی و ڕێگرییەکیش، کاتێک کە تۆ توانای ئەوەت دەبێت هەموو ئەو ناکۆکییانە بەلاوە بنێیت و ساتێک خەیاڵ بە خەون و ئاواتەکانتەوە بکەیت تەنانەت بە شێوازێک کە ڕوویداوە و هەر ئێستا لەم چرکە ساتەشدا بەدیهاتووە، پێتوایە چ هێزێکی دەرەکی توانای ئەوەی دەبێت کە ناخی تۆ دابمرکێنێت و بیڕووخێنێت؟ مەگەر، لەو ساتە، تەنها چاوکرانەوەت لەدوای خەیاڵەکە بەس نییە تا پاڵت نێت بەرەو کارکردن لەسەر مەبەست و ئامانجی خۆت؟ بۆیە، من دەڵێم کە هەمیشە ئەوەی کە دەتەوێت تەنها وا دابنێت کە چاوەڕێی تۆ دەکات، ئیتر هەر هەنگاوێکی ژیانت نیهادییانە خۆی ڕێبەریت دەکات و تەنانەت ئەگەر سەرجەم دەرگە و دەرچەیەکیش داخرابێت، هەر خودی نیهادەکانی خۆت بەرەو کلیل و کردنەوەی قفڵەکان ڕێبەریت دەکات.

 

زۆرترین بینراو

developed by Scorpion shield