باڵندەیەک بووم؛ تا بووم بە باڵندەیەک

بڵاوکردنەوە:

زنار بابەکر

نووسەر:

زنار بابەکر

بینراو:

137

بەش:

وێژە

باڵندەیەک بووم، سادەوساکار، لە ماڵێکی خامۆشومات. چی هەبوو گرنگتر لە بینینەوەی ئەو ڕۆشناییەی هەڵدێ لە کزەی بەیانییان؟ دەمخوێند سەنگین بە چریکە و جووکەی جوان جوان! ...

دایم دانم هەر خۆی دەهات، دەستێ هەبوو لە بانم کە پێیم دەهاند. سەرمام نەدی لەوەتەی هەڵیان گرتم، نە گەرمایەک کە پێی تەنگ بم.

ژیان هەر ئەمە بوو، تەنیا خەمم شەوکردن بوو. تا ڕۆژێکیان هاتی بە لام، وتت چییە ئەوە بۆ لەم قەفەسە گیربووی؟ نایەی بۆ لام؟ ...

منیش ترسام. تۆ چی دەکەیت! من باشم، بەڵام. چ قەفەسێک؟ من نایبینم. بۆچی بچووک؟ باڵ پەرشێنم؟ ها، ئەوەتا، دەی سەیرمکە، جوانم بە لات؟ دەنگم؛ گوێگرە ...

من خۆم دەنواند، بۆ تۆی نەوباو، تا ببینیت ئەبمە سەوداو! بەڵام نەکەیت، دەست درێژ نەکەی، پەلاماری جێگەم نەدەی.

خۆشم دەوێیت، بەڵام ترسم، ڕێگەم نادا لێشت پرسم! دەمپارێزی گەر بچرووسم؟ یان هەر لامیت کە دەترووسکم؟ ...

توانام نەبوو، بێچارە بووم. من بچووک و وردوبرد بووم. دەستت هێنا بۆ گرتنم، هەڵت گرتم، لە ماڵت بردم. بۆ کوێ دەڕۆیت؟ وام لێمەکە، پەڕەکانم نەرمە و زیان لێی مەدە.

ئەی باڵندەی بەندی نفرە، ها وەرە دەی بفڕە! ئەو دارودرەخت و گژوگیا سەبزە، هەر بۆ ئەوە هەیە تا بڵێن مەبزە؟ بۆنی دەکەیت ئەو نەفەسە؟ ئەی دەیبیستی؟ وەک تۆ دەتخوێند لەو قەفەسە.

دڵم ڕاوکی بوو، خۆ دەترسام، بەڵام چەن سەیر بوو ئەو دنیایەی وا لێی تاسام! خۆی هەڵی دام تاکوو بێ چار، باڵم بگرم بۆ یەکەم جار. پێی دەوتم: دەی ئێستاکە، باڵ پەرشکە و پیشانمبە! ئەی دەیبیستی تۆ، وانییە؟ ئەو چریوانەی نەتدەزانی بوونی هەیە! بیخوێنەوە بە چریکەی خۆت، ئاخۆ کام باڵندەی دێ بۆت.

نەمدەزانی هەست بە چی بکەم؟ ئەو خۆشییەی پێی شاد کردبووم، یان ئەو قەفەسەی لێی بەند ببووم؟ دەتوت تازە لەدایکبووم! دنیا نەدیو و وەک جووچک بووم.

خۆم دایەوە ناو باوەشی، لەپی دەستی گەرم و خوەشی. سەرم دەنا بەژێر پەنجەی، هەروەک بژێری سوپاسی ڕەنجەی. لەناکاوێ وتی تەواو! با بڕۆینەوە، درەنگە بۆ ماڵ ...

تێ نەگەیشتم مەبەستی چی بوو؟ ماڵێ تری بۆم چنی بوو؟ یانیش دەمبەی بۆو قەفەسە؟ کە پێمت وت تەنگ نەفەسە؟ چۆن دەمگێڕی بەو هەوەسە! ...

چۆن منت برد بە بێ چارە، هەر ئاواهیش منت کرد بە بێدارە. ئاخر، بۆچی لە خامۆشیی بەندیی ژینم منت دەرکرد، کە گڕی ئازادییت هەر تەنیا بۆ یەک جار لە دڵم بەرکرد؟ ...

من نازانم، ئێستا چۆن بم؟ تۆم خۆشبوێ بۆ ئەو ساتەی کەس پێی نەدام جگە لە تۆ؟ یان کینەم بێ بۆ ئەو ماڵەی داڵدەی دابووم تا هاتی تۆ؟ دنیا لای من هەر قەفەس بوو، بەڵێ بچووک، بەس خۆ بەس بوو! ...

 ئێستا بۆچی باڵ پەرشێنم؟ کە شوێن نەبوو تاکوو بفڕم یا پەڕ شێنم! ... چی بخوێنم؟ ئاوازی تازە دۆزراو، یانیش بیکەم بە ئاوەزی لە خۆ زڕاو! ... چەن سەرمایە! ساردوسڕیم لە سەر مایە. لە کاتێکیش گڕەی جۆشی دڵ کە وایە، خۆشی لێ هەڵگرتووم و خۆشی سڵ داوە کە هۆشی نایە. هەم سەرمامە و هەمیش گەرما، بێجەو هیچ کەشێکی جێخەو نایا بەسەرما ...

دادم نادا ئەو دانەشی پێمی دەدەن، نەک هەر شەوان ئێستا ڕۆژیش ئاهم دەبەن. هەر ئەو کزەی چاوەڕێی بووم بەیانیان، بوو بەو چزەی ئاوەژێی بووم من بە نیان.

باڵندەیەکم، سادە و ساکار، لە ماڵێکی خامۆش و مات، چی هەیە گرنگتر لە بینینەوەی ئەو ڕۆشنایەی هەڵدێ بەیانیان؟ دەخوێنم سەنگین، بە چریکە و جووکەی جوان جوان ...

باڵندەیەک بووم کە هەرچەن بەند، بەڵام دنیا هەر ئەو بەندییە بوو و من (بە) ئازادی دەمخوێند. دواییش هەر باڵندە و هەمیش هەر بەند، بەڵام دنیا چیتر ئەو بەندییە نەبوو و من (بۆ) ئازادی دەخوێند.

هێشتاش دەخوێنم سەنگین، بەڵام چیتر لە شانازی بەو قەفەسە نا کە پێم وابوو وەک بەهەشتە، بەڵکوو زانیم کە چیم پێ دەکرێ ئەگەر هاتوو دەرچم لەم جێیە زشتە.

چریکەم؛ بەڵێ، هەر جوان. بەڵام جوانی جاران لە خەیاڵێکی خام و نافام، چۆن هاوتایە لەگەڵ جوانی خاران بە ڕەیاڵێکی خەم و پڕ زام. چاوەڕێم تا خۆر هەڵبێ، چیتر بۆ ڕۆژێ تر نا تا دانم بە دەنووک بدرێ، بەڵکوو تەنها تا دەستێ بێ دانم بە دڵ بگرێ.

 

٢٤/٧/٢٠٢٤

زۆرترین بینراو

developed by Scorpion shield