هەست بە لاشەی زەوی دەکەم

بڵاوکردنەوە:

ناوەندی پەڕنووس

نووسەر:

زەینەب موحەممەد موحەممەد تەها

بینراو:

304

بەش:

وێژە

دەستێک جلی کۆن و پینەکراوی لەبەردابوو، سەر و ڕیشی بەتەواوی سپی ببوو، کڵاوێکی بازنەیی لەسەربوو، دەمامکی بەستبوو، کە سەرنجم دا کۆکەیەکی کرد؛ وا دیاربوو نەخۆشبێت. جار جارە لەسەر کورسییەک دادەنیشت، یانیش سینییە شیرینییەکەی هەڵدەگرد و لەمسەر بۆ ئەوسەری شەقامەکە دەڕۆیشت و دەگەڕایەوە. هەرچەندە، باران بەلێزمە دەباری و هیچ کەسێکی ئەوتۆ لە بازاڕدا نەبوو، بەڵام کۆڵی نەدەدا. سەرەڕای ئەمانە، دەستەکانی دەلەرزین. چەند جارێک بەخراپی دەکۆکی، هەستم بە لیرخەی سینگی دەکرد کە چۆن لەتاو ئازار بەئەستەم هەناسەی دەدا. سینییە پاقلاوەکەی لەدەست کەوتە خوارەوە، دۆخی پەشێوبوو. کەوتە سەرئەژنۆ، بەخێرایی خۆم گەیاندە لای. دەستم خستە سەر شانەکانی، هەرچەندە باران بەلێزمە دەباری بەڵام ماوەی چوار کاتژمێر لەژێر چەترێکی خراپ و شکاودا بۆ فرۆشتنی شیرینییەکانی وەستابوو.

ئەو چەند کەسەی بەوێدا تێدەپەڕین هیچ کامیان هەستیان بەوە نەدەکرد مرۆڤێک لێرە کەوتووە و دۆخی خراپە، هەرچەند هاوارم دەکرد و داوای یارمەتیم دەکرد بەڵام بێسوود بوو. تەلەفۆنەکەم دەرهێنا، بەخێرایی پەیوەندیم بە ئوتومبێلی فریاکەوتنەوە کرد وەڵامیان نەدەدایەوە. چەندین جار دووبارەم کردەوە بێ سوودبوو؛ توڕە و نائومێدبووم، تەلەفۆنەکەم خستەوە گیرفانم. ڕامکردە بەردەم فرۆشگاکانی تر لە پەنجەرە و لە دەرگەکانم دەدا، بێسوود بوو هیچ کەس وەڵامی نەدەدامەوە، سەرجەمیان سەرقاڵی کاری خۆیان بوون. یەکێکیان بە کۆمپیوتەرەکەی یاری عەتاری دەکرد، ئەوی تر کڕیاری بەڕێدەکرد. لەولاوە کەسێک پەیتا پەیتا پارەکانی نێودەستی دەژماردەوە، لەلایەکی ترەوە خەریکی ڕابواردن و کات بەسەربردن بوون.

گەڕامەوە لای پیرەمێردەکە، جەستەم خووسابوو لە ئاودا، کەشوهەوا تا دەهات سەختتر دەبوو. پیرەمێردەکەم دا بەکۆڵمدا و بەرەو ئوتومبێلەکەم ڕۆشتین. هەرچۆنێک بوو، خۆمان گەیاندە ناوی، هەستم دەکرد بەئەستەم هەناسە دەدات؛ خۆشحاڵبووم کە هێشتا زیندووە. گەیشتینە بەردەم نەخۆشخانەکە، بەپەلە چوومە ژوورەوە و بانگی پەرستارەکانم کرد. بردیانە ژووری پشکنین. هێشتا، پزیشک نەهاتبوو، لە ڕێڕەوەکەدا چاوەڕێ بووین. نیو کاتژمێر تێپەڕی و هەواڵی هاتنی پزیشک لە گۆڕێدا نەبوو. نەخۆشخانەکە چەند نەخۆشێکی تریشی لێبوو، هەریەکەیان گیرۆدەی دەردی خۆیان بوون، مات و سارد لێی دانیشتبوون، دەیانڕوانییە نینۆکی خۆیان. بێزاربووم لە دۆخەکە، ئارامیم لەبەربڕا و هاوارمکرد: لەکوێن؟ بۆچی بەوشێوەیەن؟ خێراکەن یارمەتیمان بدەن ئەگینا دەمرێت! وەلێ، سوودی نەبوو. تێنەدەگەیشتم بابەتەکە چییە، دووبارە گەڕامەوە لای و لەتەنیشتی دانیشتم، هەوڵمدا هیچ نەبێت گەرم دایپۆشم. پاش کاتژمێرێک، پزیشکەکە هات. چوومە بەردەمی و لێی پاڕامەوە کە بەزوویی یارمەتیمان بدات، بە ساردییەکەوە سەرێکی لەقاند و بانگیکردین بۆ ژووری پشکنین. زۆر بەخاوی چەند پشکنینێکی بۆ کرد و دەرمانی بۆ نووسی. نرخی دەرمانەکان زۆر زیاتربوون لەوەی پێشبینیم دەکرد، وتی: "چونکە باوکمە کێشە نییە، نرخی کەمتر وەردەگرم!". سەراسیمە بووم، لەخۆمم دەپرسی چۆن دەکرێت ئەم پیرەمێرد و پزیشکە باوک و کوڕ بن؟! چۆن توانیوێتی لە دۆخێکی وادا تەنیای بکات. خۆ، ئەگەر نەمگەیاندبایەتە نەخۆشخانە، ئەگەری هەبوو بمرێت. کاتێک بە هۆڵەکەدا تێپەڕدەبووین، پەرستار و نەخۆش هەریەک بە چاوێکی جیاواز و سیمایەکی کەم بایەخەوە لێیان دەڕووانین.

بە ساردییەکەوە بێئەوەی گوێ بە تانە و قسە بێماناکانیان بدەم، گەڕاینەوە ناو ئوتومبێلەکە. نەمدەویست بەتەنیا جێی بهێڵم، بردمەوە ماڵەکەی خۆم، لەسەر قەنەفەکان پاڵم خست و هەوای هۆڵەکەم گەرم کرد، بەتانییەکم بەنیوەیی پێدا دا. هەرچۆنێک بێت، لە ئینتەرنێتەوە هەوڵمدا شۆربایەکی تەندرووستی بۆ ئامادە بکەم. کاتێک بەخەبەر هات، دۆخی باشتربوو؛ چوومە لایەوە و شۆرباکەم پێیدا. پاش ئەوەی بەتەواوی هەستم کرد باشبووە، لێی چوومە پێشەوە و کەوتمە پرسیارکردن لەوەی: بۆچی کوڕەکەی پزیشکە و لە هەمان کاتدا لەگەڵیدا خراپە؟ ڕووخساری مۆنکردەوە، چەندین جار پرسیم، تاکوو وەڵامم بداتەوە. ڕازی نەبوو. زەنگی تەلەفۆنەکە هات، چووم وەڵام بدەمەوە. کارمەندی گەیاندن بوو، پێی وتم تا بەردەرگرکە بچم؛ بە ئاماژە بە پیرەمێردەکەم وت دەگەڕێمەوە. پاش دە خولەک، گەڕامەوە ژوورەوە. ئەوەی سەیربوو ئەوی لێنەبوو، هەموو ژوورەکان گەڕام؛ بێسوود بوو. چوومەوە هۆڵەکە، بەتانییەکە بە قەدکراوی لەسەر قەنەفەکە بوو. تیانووس و پێنووسەکانیش لەسەر مێزەکە، هەموو شت ڕێکوپێک بوو. بە شێوەیەکی سەیر هەستم دەکرد کزەبایەکی سارد لە پەنجەرەکەوە دێتە ژوورەوە، چووم و دامخست وەک ئەوەی لەوێوە ڕۆشتبێت. بیرم بۆ ئەوە دەچوو بە پرسیارەکانم بێزارم کردبێت، بەدڵتەنگییەوە گەڕامەوە هۆڵەکە.

زۆر پەشیمانبووم لەوەی بێزارم کردبوو، بەخۆمم دەوت، "کوڕە یەکجار یارمەتی مرۆڤێکت دا، بێزارت کرد و لەدەستت هەڵهات." لەسەر قەنەفەکە پاڵم دایەوە، لەپڕ چاوم چووە سەر ئەو کاغەزەی لە تەنیشت شووشەی مۆمەکەوە دانرابوو؛ بەخێرایی چنگم خست، بە خەتێکی ناتۆخ و ناڕێک نوسرابوو: (زۆر سوپاست دەکەم ڕۆڵەکەم، هەرگیز دڵتەنگی ئەوە نەبیت کە پرسیاری زۆرت لە من کردبێت. تەنیا دەمەوێت وەڵامی ئەو پرسیارانەی نێو سەرت بدەمەوە. من باوکی ئەو پزیشکەی نەخۆشخانەکە نیم، ئەویش کوڕی من نییە. هەژار و دەستکورت و بێتواناش نیم، کە کارم دەکرد. ئەمڕۆ ویستم بزانیت یارمەتیدانی مرۆڤەکان چەند خاو و خۆپەرستانەیە! بەڵام، خۆشبەختانە، تۆ تاکە مرۆڤی خاوەن هەستبووی بەسەر ئەو شەقامانەوە، خوات لەگەڵ).

 

زۆرترین بینراو

developed by Scorpion shield