دەستنووسێکی ئارەزوومەندانە (١٤/٧/٢٠٢٠)؛ چۆڕێ مەرەکەبی دڵم دوای شادبوونەوە بە پەڕاوەکانم.
بڵاوکردنەوە:
زنار بابەکر
نووسەر:
زنار بابەکر
بینراو:
458
بەش:
وێژە
هەموو مرۆڤێک، ڕۆمی فەرمووی، "نرخی خۆی بەوە دیاری دەکات کە بەدوایدا دەگەڕێت." هەر خۆشی، لە وتەیەکی تردا: "ئەو شتەی کە بەدوایدا دەگەڕێیت، خۆی بۆت دەگەڕێت!" ...
گەردوون، هەروەک شەمسی مامۆستای ڕۆمی فەرمووی، "بوونەوەرێکی زۆر بێهاوتایە! هەموو کەسێک و هەموو شتێک بەیەکەوە بەستراوەتەوە بە چەند ژێیەکی ونەوە،" بێ گوێدان بە هیچ کات و هیچ شوێنێکەوە ...
پێت وانەبێت کە ئەمانەی ئەم دوو مامۆستا و فێرخوازەی ئەوین و ئەوینداری باسی دەکەن لەبارەی ژیانەوە، هەر تەنیا ڕەوانبێژییەکی هونەری سادە و سانابێت، هیچی تر – خاڵی لە هەر بنەما و بنچینەیەکی زانستی یاخود پایەیەکی ژیربێژی. نەخێر! چونکە ئەم وتە و ڕێنماییانە هەریەکی دەقێکی پوخت و هەمان کات بنیتانراوی قووڵ و بێپایانە لە ڕاستی و نهێنییە هەرە ڕەهاکانی گەردوون.
سەختە باوەڕکردن بەوەی کە قووڵترین و سەنگینترین بوارەکان لە زانستی سەردەمدا – ئەوانەی کە هەر تازە مرۆڤایەتی تەکنەلۆژی پێویستی بەردەست دەکەوێت بۆ دەستکردن بە لێکۆڵینەوە تێیاندا – لە ڕاستیدا، تەنها بواری زانستیین کە بتوانن فەلسەفە و ژیربێژییەکەی ڕۆمی و شەمس لێکبدەنەوە لەم وتە زێڕ و زیونییانەدا. باوەڕ دەکەیت ئەگەر بڵێم، تەنها فیزیای کوانتەم – ئەو بیردۆزە زانستییەی کە وا خەریکە بیردۆزە مەزنەکەی ئاینشتاین بەلاوە دەخات لە ڕێژەییدا – دەتوانێت ناوەڕۆک و کڕۆکی ئەم وتانەت بۆ دەربهێنێت کە تا ئەمڕۆش لای زۆرینە هەر تەنها لە چەند دەستەواژەیەکی هۆنەری هیچی تر نییە؟ ...
لە کوانتەمدا، شتێک هەیە ناوی دەبەن بە "کوانتەم هۆڵۆگرام،" یاخود، دەتوانیت هەروەکوو دامەزرێنەری ئەم بیردۆزە، ماکس پلانک، تەنها بەسادەیی ناوی ببەین بە "بوار." دەڵێن، بوارێک هەیە، کە، هەموو تەنۆلکەیەک لە سەرانسەری گەردوون بەیەکەوە دەبەستێتەوە بێ گوێدانە هیچ کاتێک – چ لە ڕابردوو، ئێستا یان داهاتوو – یاخود هیچ شوێنێک. ئەمە، وتەی سەر زاری من نییە! بەڵکوو، بیردۆزێکە کە ئەمڕۆ وا خەریکە باڵدەکێشێت بەسەر دنیای ژیانی هەموو مرۆڤایەتیدا، بە بنەما و بنچینەیی زانستی و هەروەها پشتگیری چەندەها لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی زانایان لەماوەی یەک سەدە زیاتری بەرەوپێشچوونی.
من و تۆ لە چی پێکهاتووین؟ لە بنەڕەتێکی ورد و گەردیلەییدا، تەنها تەنۆلکە و هیچی تر؛ هەروەک هەموو شتێکی تر کە بوونی هەیە لە سەرانسەری گەردوون. کەوابێت، ئەوەی کە شەمس دەڵێت، "هەموو کەسێک و هەموو شتێک لە گەردووندا بەیەکەوە بەستراوەتەوە،" جیاوازی چییە لەوەی کە لە کوانتەمدا دەوترێت، "بوارێک هەیە هەموو تەنۆلکەیەک لە گەردووندا بەیەکەوە دەبەستێتەوە؟" بەڵام، بریا شتەکە هەر وا ئاسایی با و بمانتوانیبا بڵێین کە ڕێککەوتە. کەچی، دەبینین شەمس زۆر بەوردی وتوویەتی کە "لەڕێگەی چەند ژێیەکی ونەوە" بەیەکەوە بەستراونەتەوە ... تۆ دەزانیت ئەو بوارە کوانتەمییە چییە و چۆنە کە هەموو تەنۆلکەیەکی بەیەکەوە بەستۆتەوە؟ ڕێک وەکوو ئەوەی کە شەمس وەسفی دەکات! تۆڕێکی وزەیی ون و نادیارە کە هەروەکوو چەند دەزوویەک یاخود ژێیەک لە هەر تەنۆلکەیەکەوە درێژبۆتەوە بۆ تەنۆلکەیەکی تر و بە سەرانسەری گەردووندا پەرش و بڵاوبۆتەوە. ئاخر، نازانم کە تۆ چی لە زانستی سەردەم و کوانتەم دەزانیت، بەڵام یەک سەدە لەمەوبەر کە بیردۆزی کوانتەم ڕەتکرایەوە، لەبەرئەوەبوو کە هیچ زانایەک باوەڕی بە بوارێکی لەم شێوەیە نەبوو تا بوونی هەبێت لە گەردووندا. کەچی، هەر لەم چەند دەییەی ڕابردوو کە لەڕێگەی بەرەوپێشچوونی تەکنەلۆژی توانرێ ئەگەری بوونی بوارێکی لەم شێوەیە بسەلمێنرێت، دووبارە بیردۆزی کوانتەم نەک هەر بووژایەوە و زیندووبۆوە بەڵکوو تا ئەمڕۆ ئەوەندە کاری لەسەر دەکرێت بە پەرەپێدان و گەشەسەندان کە وا خەریکی سەرجەم بوارێکی تری فیزایی بەلاوە دەنێت. ئێستا، دەتەوێت پێمبڵێیت کە ئەوەی شەمسی تەبرێزی وتوویەتی بەم وردییەوە لەسەر ڕاستییەک کە ماوەی یەک سەدەی خایەندووە بۆ سەلماندن و پشتڕاستکردنەوەی لای سەرجەم زانایانی دنیا، هەر تەنها ڕێکەوت بووە و مەبەستێکی دیاریکراوی لە وتنی ئەمە نەبووە؟ ... دەشێت من بڵێم کە شەمسی تەبرێزی بیردۆزەوانێکی کوانتەم بووە تەنانەت بە چەندەها ساڵ بەر لە دامەزراندنی بیردۆزی کوانتەمیش؟ ... نەخێر، ناشێت من بڵێم کە "بیردۆزەوانێکی کوانتەم بووە،" بەڵام بۆچی ناتوانم بڵێم کە "خاوەن هەمان بیرۆکەی بیردۆزەکەی کوانتەم بووە؟" ... وەرە، با ساتێک بیر لە سرووشتی ئەم ژێیە ونبووانە بکەینەوە تاکوو پێتبڵێم کە دەتوانم یاخود ناتوانم ...
کە لە کوانتەمدا دەڵێن بوارێک هەموو تەنۆلکەیەکی بەیەکەوە بەستۆتەوە، واتای ئەوە دەگەیەنێت کە زانیاری لەسەر بارودۆخ، حاڵەت، کات و هەروەها شوێن و هەر شتێکی ترکە لە هەر تەنۆلکەیەکدا بوونی هەیە، دەتوانرێت و دەکرێت بگوازرێتەوە بەناو ئەم بوارەدا بۆ هەر تەنۆلکەیەکی تر ئینجا لە هەر کوێیەکبێت یاخود هەر شوێنێک. تەنها، یەک مەرج هەیە! ئەویش ئەوەیە کە ئەو دوو تەنۆلکەیەیەی کە هەر زانیارییەکیان لەنێواندا دەگوازرێتەوە، دەبێت کەوتبنە حاڵەتێکەوە کە هەر لە کوانتەمدا ناودەبرێت بە (Entanglement)، یاخود بە کوردی دەتوانین ناوی ببەین بە "لێک ئاڵان." لەم باری لێک ئاڵانەدا، ئەو بوارە ون و نادیارەی کە بەشێوەی ژێ و دەزوو هەیە لەنێوان دوو تەنۆلکەکەدا، دەکەوێتە پلەیەکی لەرینەوەی هاوتا و یەک لە هەردوو جەمسەری ژێیەکەدا و دەرەنجام ڕێڕەوی ئەو ژێیە دەکرێتەوە تا هەر زانیارییەک کە هەیە بگوازرێتەوە لەنێوان هەردووکیاندا. بەم شێوەیە، ئەگەر ئەم حاڵەت و بارە ڕوویدا، ئەوە هەر یەک لەم دوو تەنۆلکەیە هەر شتێک لەنێوانیان بوونی هەیە ڕاستەوخۆ دەتوانرێت و دەکرێت بگوازرێتەوە بۆ ئەوەی تریان، ئینجا بێ گوێدانە ئەوەی کە هەر یەک لەم تەنۆلکانە لە هەر شوێنێکی گەردوون یاخود هەر خاڵێکی کاتیی گەردوون لە ڕابردوو، ئێستا یان داهاتوو. ئینجا، هەر مەرج نییە ئەمە تەنیا لەنێوان دوو تەنۆلکەدا بێت، بەڵکوو زۆر ئاسایی بە چەندەها و چەندەها و چەندەهای تریش بێت هەر لەگەڵ یەک و لە یەک ساتدا.
جا، ئێستا، با بپرسم: ماکس پلانک بیرۆکەی بیردۆزی کوانتەمی لەکوێوە بۆ هات؟ ... بۆ هەر پلانک، با بەشێوەیەکی گشتی بپرسم، کە، دەکرێت هەر بیرۆکەیەک بۆ هەر کەسێک لەکوێوە هاتبێت؟ ...
گومان لەوەدا نییە، کە ئێمە خاوەن هزرێکی سەربەخۆی خۆمانین تا ڕادەیەک، کە، دەتوانین بیرۆکەی خۆمان درووست بکەین و پێشکەش بکەین. بەڵام، ئەی ئەو بوارە ژێدارەی بیردۆزی کوانتەم کە بە هەموو گەردووندا پەرش و بڵاوبۆتەوە، ناڵێت کە هەموومان هەر بەیەکەوە بەستراوینیتەوە؟ ئایا، ئەمە پێکبەسترانەوەیە هزریشمان ناگرێتەوە لە گواستنەوە یان وەرگرتنی بیرۆکەکاندا؟ چی دەبێت، ئەگەر هاتوو هزری دوو کەس کەوتە بارێکی لێک ئاڵاوییەوە لە ژێیە ونبووەکانی نێوانیانیانەوە و توانرا لەو ساتەدا سەرجەم زانیارییەک ئاڵوگۆڕ بکرێت لە نێوانیاندا؟ خۆ، بیرۆکەکە دێتە هزرت، تۆ چۆن بتوانیت بڕیاردەری ئەوە بیت کە ئاخۆ ئەم بیرۆکەیە لە خودی هزری خۆتەوە سەری هەڵداوە یاخود بۆت هاتووە؟ ئینجا، مەگەر هەر بیردۆزەکەی کوانتەم نییە دەڵێت دەکرێت ئەم لێک ئاڵانە لە هەر خاڵێکی گەردوونبێت بۆ هەر خاڵێکی تر، بێ گوێدانەی ئەوەی جەمسەرێکی ئەو لێک ئاڵانە لە ڕابردووبێت و ئەوەی تریشیان لە داهاتوو؟ کەوابێت، پێمبڵێ ئایا دەکرێت ئەو بیرۆکەیەی کە بۆ ماکس پلانک هات و وای کرد بیردۆزی کوانتەم دابمەزرێنێت، هەمان بیرۆکە نەبووبێت کە بۆ شەمسی تەبرێزی ڕۆیشتبێت تاکوو بڵێت، "هەموو کەسێک و هەموو شتێک بەیەکەوە بەستراوەتەوە بە چەند ژێیەکی ونەوە؟" ... ئەگەر وابێت، بۆچی من ناتوانم بڵێم کە هەردوو ماکس پلانک و شەمسی تەبرێزی "خاوەن هەمان بیرۆکەی بیردۆزەکەی کوانتەم بوون؟"
بیرۆکە بنچینەییەکان؛ هەمیشە دێن و دەڕۆن و ئاڵوگۆڕ دەبن، هیچ جیاوازییەک درووست ناکات ئەگەر بە زمانێکی جیاواز دەرببڕدرێت لە شوێنێکی جیاواز، یاخود تەنانەت کات و سەردەمێکی تری جیاواز. یەکێک ناوی دەبات بە بوارێکی گەردوونی، یەکێکی تر بە کوانتەم هۆڵۆگرام، یەکی تریش بە ژێی ون و نادیار. مادام بوونی ئەم ڕاستییە خۆی بیرۆکەیەکە، ئیتر هەر خۆی بوونی خۆی جێگیرکردووە لەناو خۆیدا و دەگوازرێتەوە بۆ هەر دوو هزرێک کە دەکەوێتە بارێکی لێک ئاڵاوی لەگەڵیدا. جا، با لێرەدا وتەیەکی گەوهەریی نیکۆلا تێسلات بۆ بخەمەڕوو، کە دەڵێت: "کڕۆکێک هەیە کە هەمووان هێز و سرووشی لێ وەردەگرین لە گەردووندا." تۆ پێمبڵێ! پێت وایە کە تێسلا لەم وتەیەیدا باسی چی دەکات؟ ...
تەنیا دوای دۆزینەوەی ئەم ڕاستییە لەڕێگەی بەدواداچوون و تێڕامان لە بیردۆزی کوانتەم، دەستم کرد بەگەڕان بەدوای پرس و وەڵامە فەلسەفییەکانی مێژوودا. ئینجا، بۆم دەرکەوت کە لە هەموو سەردەمێکدا، هەمیشە هەمان بیرۆکەی بنچینەیی هاوناوەڕۆکی بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکان بوونی هەبووە، تەنیا بەشێوەیەکی جیاواز دەربڕدراوە کە هاوتا بووە لەگەڵ بارودۆخی ژیانی کۆمەڵگەی مرۆڤەکان لەو سەردەمە دیاریکراوەدا. ئەمەش، بە هەوڵ و کۆششی بیرمەندان و زانا و دانایان لە ڕامان بەدوای دۆزینەوەی ڕاستییەکانی ژیان و بنەماکانی گەردوون. پاشان، دەربڕین و بڵاوکردنەوەیان بەناو کۆمەڵە جیاوازەکانی مرۆڤایەتی سەرەتا لەڕێگەی ئایین، پاشان فەلسەفە، هەروەها ئەمڕۆش زانست.
درکردن بەمە ڕۆشناییەکی زۆر دەبەخشێت بۆ فراوانکردنی بیر و هزری هەر مرۆڤێک. بەڵام، سوودی ئەم درکە چییە ئەگەر نەتوانرێت بۆ ژیانی ڕاستەقینە بەکاربهێنرێت. پێت وایە، بۆچی شەمسی مامۆستا ئەمەی فێری فێرخوازەکەی خۆی، ڕۆمی، کردووە و ئەمیش لەدوای خۆی هەر فێری ئێمەی دەکاتەوە؟ ئایا فێرکارییەکان هەر تەنها بۆ ئەوەن کە بێسوود بهێڵرێنەوە بێ ئەوەی کاریان پێ بکرێت لە ژیاندا؟ بۆچی ڕۆمی دەڵێت، "ئەو شتەی کە بەدوایدا دەگەڕێیت، خۆی بەدواتدا دەگەڕێت،" ئەگەر مەبەستی لەوە نەبێت کاتێک کە ژێکەی نێوان تۆ و ئەو شتەی دەتەوێت دەکەوێتە بارێکی لێک ئاڵاوییەوە ئیتر خۆی وردە وردە دەست دەکات بە دەرکەوتن و بوون بە ڕاستی لە ژیانتدا؟ ئەمانەت ئەم بیرمەند و دانایانە باسی دەکەن، ئەوە نییە کە پێتبڵێن تۆ دەتوانیت چی بەدەست بهێنیت و چی بکەیت لە ژیان؛ ئەمان لەم شتانە بوونەوە! بەڵکوو، گەیشتوون بەوەی کە دەڵێن، "نرخی خۆت بەوە دیاری دەکەیت کە بەدوایدا دەگەرێیت." واتە، گەیشتوون بە ئاستێک کە باوەڕیان وایە، ئیتر، تۆ تا چەند بەرزتر و گەورەتر و پاکتر بڕووانیت، ئەوەندە بەها و نرخی خۆت بەرزتر و گەورەتر و پاکتر دەکەیتەوە هەر کە لەڕێگەی ڕامانەوە دەکەویتە بارێکی لێک ئاڵاوی لەگەڵییەوە و ئەویش بەرزت دەکاتەوە و گەورەت دەکات و پاکت دەکاتەوە.
دەزانیت؟ کە هەر دوای ئاماژەدان بە ژێیە ونەکان، شەمس چی دەفەرمووێت لە وتەکەیت؟ "دڵی هیچ کەسێک مەشکێنە؛ بەکەم لە خۆت لاوازتر مەڕووانە." دەزانیت بۆچی؟ چونکە ئەگەر هزر و دڵ و دەروونی تۆ بە هەر تاکە کەسێکی تر بەسترابێتەوە و کەوتبوونە بارێکی لێک ئاڵاوییەوە تا دڵی هەر کەسێک بشکێنیت یان بەکەمتر لە خۆت لێی بڕووانیت، ئەوە پێت وانییە کە لە ڕاستیدا تۆ هەر تەنها دڵی خۆت شکاندووە و بەکەمتر لە خۆت ڕووانیوە؟ چونکە، هەر ئەو بیرۆکە، ورزە و هێزەی تۆ بەناو ژێیەکاندا بەڕێت کرد، پاشان دەگەڕێتەوە بۆ خۆت و کار لە خۆت دەکاتەوە؛ ئەمەشیان، ئەوەیە کە ناو دەبرێت بە "یاسای زێڕین" لە سەرجەم ئایینە جۆراوجۆرەکاندا و بەشێوەیەک باو و گشتگیرتر ناودەبرێت بە "کارما" لە دنیای سەردەمدا.
زۆرترین بینراو
developed by Scorpion shield