بەخشین

بڵاوکردنەوە:

ناوەندی پەڕنووس

نووسەر:

ئاوارە عبداللە گەڵاڵەیی

بینراو:

387

بەش:

وێژە

لە دوای کۆتایهاتنی وەرزی کارکردن لە بەڕێوەبەرایەتی بانقەکە، یەک هەفتە بۆ پشوو دەڕوات بۆ دەرەوەی شارۆچکەکە و سەرێک لە گوندەکەیان دەدات. هەر ئەو ڕۆژە بڕیاردەدات تەواوی پشووی هەفتەکەی لەو گوندەدا بەسەربەرێت.

سەر لە بەیانی ڕۆژێکی نوێ، لەگەڵ گزنگی بەیان بەئاگاهات و هێندەی نەبرد خۆی ئامادەکرد بۆ گەشتەکەی. ئەو گوندەی کە بڕیاربوو سەردانی بکات، لە ماوەی بیست ساڵی تەمەنی ڕابردووی، سەردانی نەکردبوو. ئەمە دووەم سەردانییەتی، پاش ئەوەی لە تەمەنی پانزدە ساڵی‌دا لەگەڵ دایکوباوکی و سەرجەم ئەندامانی خێزانەکەی، سەردانی ئەو گوندەیان کردبوو. ئێستا کە چەند ساڵێک تێدەپەڕێت بەسەر مەرگی دایکوباوکی‌دا، خێزانە دڵخۆش و بەختەوەرەکەی جاران تەنیا بۆتە یادەوەریی، بە دەستپێکی ئەنجام‌دانی ئەم گەشتە، ڕەنگە خۆشی و شادی ڕۆژانی زوو وەک شنەی شەماڵ جەستە ماندووەکەی بحەوێنێتەوە.

مامۆستا هیوا، یەکێکە لە کارمەندە هەرە دڵسۆز و چالاکەکانی بەڕێوەبەرایەتی بانکی تایبەتی گەشەپێدان. ئەو بانکەی مامۆستا هیوا کاری تێدادەکات، سەر بە کەرتی تایبەتە و لە ڕێگای چەند کۆمپانیایەکی بازرگانییەوه بۆ گەشەپێدانی زیاتری بواری وەبەرهێنانیان، دامەزراوە. بانکی تایبەتی گەشەپێدان، بە تایبەت پارە بەو خاوەن کارانە دەدات، کە لەلایەن کۆمپانیا گەورەکانی بواری بازرگانی پشتیوانی دەکرێن، هەموو کەسێک سەربەخۆ و ئازادانە ناتوانێت سودمەندبێت لە قەرزی بانکەکە.

دوای ئەوەی مامۆستا هیوا بۆ ماوەی پێنج ساڵ وەکو کارمەندی بواری پەروەردەی کۆمەڵایەتی لە قوتابخانەیەکدا وانەی دەوتەوە، لە ئەنجامی دەرفەتێکی نوێ، کە لەلایەن بانکی تایبەتی گەشەپێدان بۆی ڕەخسابوو، توانیبووی هەلی کارکردن لەو بانکەدا بەدەست‌بهێنێت.

هەرچەندە بەشی ژمێریاری لە زانکۆی نیشتیمانی خوێندبوو، وەک حەزێکی بۆ بواری پەروەردەی کۆمەڵایەتی، بڕیاریدابوو بە گرێبەست لەو قوتابخانەیەدا وانە بە قوتابیان بڵێتەوە. مامۆستا هیوا زۆر بە توانابوو لە وانەی ئابووریدا و باوەڕی بە ئەوە هەبوو کە هەموو گەل و دەوڵەتێک لەم جیهانەدا، لە ڕێگای ئابوورییەوە دەتوانێت ببێته دەوڵەتێکی خاوەن هێز و توانا. بەردەوام دروشمی: (دەستکەوتی ئابووری گرنگترین پێداویستی مرۆییە) لە وانەکانیدا دووبارە دەکردەوە! بە تەواوی باوەڕی لەسەر ڕاستی ماددە و پارە و پاشەکەوتی دارایی بونیادنابوو! پارە، بەشێکی زۆری تێڕوانینەکانی داگیرکردبوو. سەرنجی لە هەر شتێک بدایە بە دووباردا دەیبینی! بارێک لە ڕووی (پێکهاتەی ئەو شتە چییە؟) بارێکی تر لە ڕووی نرخەوە (ئەو شتە چەندە پارە دەکا؟) ئەمە بەشێک بوو لە تێڕوانینی مامۆستا هیوا بۆ ژیان.

لە ڕووی کار و تێکۆشان و هەوڵ و ماندوبونەوە، بە ڕادەیەکی باش جێگای متمانەی دۆستەکانی بوو! لە بانکی تایبەتی گەشەپێدان، بەشێکی زۆر لە ڕایکردنی کاروبارەکان، کەوتبووە سەرشانی مامۆستا هیوا. دڵسۆزی و خەمخۆری بۆ ئەرکەکەی، کردبووی بە پایەیەک لەو پایانەی بانکەکەی لەسەر بوونیادنراوە! هەرچۆنێک بێت خودی مامۆستا هیوا خاوەنی پێگەیەکی کۆمەڵایەتی بەهێزیش بوو. کە بەهۆی کارەکەیەوە بەدەستی هێنابوو. جگە لەمە جێگای متمانەی خاوەن کار و کۆمپانیاکانی بواری بازرگانیش بوو! هەرچەندە کارمەندێکی ئاسایی بانکێکی تایبەت بوو، لەلای بەشێکی زۆر لە خەڵکی شارۆچکەکە، سەنگوقورسایی هەبوو هێندەی بەڕێوەبەری بانکەکە، تەنانەت هێندەی سەرۆکی شارەوانی شارۆچکەکەش!

مامۆستا هیوا، هیوای دەخواست ڕۆژێک بتوانێت تەواوی فەرمانگەکانی ئەو ناوچەیە بخاتە ژێر ڕکێفی خۆی، تا بتوانێت لە ڕێی ژیر و ئەزموونی خۆی، کەموکوڕی و ناتەواوی و گەندەڵی و بەفیڕۆدانەکان چارەسەر بکات. وەلێ ئەمە تەنیا لە خەونێک دەچوو، پڕبوو لە خەیاڵی ڕەنگاوڕەنگ.

لە شارۆچکەکەدا هەفتەی یەک جار  ئۆتومبێل بەرەو سنوری گوندەکەیان بەڕێ دەکەوت. مامۆستا هیوا چونکە تیڕوانینێکی ئابوورییانەی هەبوو، هەتا خودا حەزکات کەسێکی کەمخەرجی و دەستپێوەگربوو. با بەڕاشکاوی بڵێین کە کەسێکی "ڕەزیل" بوو! وشەی ڕەزیل لە زمانی ئاوخاتنی تورکی‌دا واتایەکی قێزەونی هەیە! لە زمانی ئاخاوتنی کوردیدا وێنایە بۆ کەسێک دەستنوقاوبێت، لە ماڵ و دارایی دا بەخشندە نەبێت، هەر لە خەمی پاشەکەوت و کۆکردنەوەی ساماندا بێت! بەم شێوازە "ڕەزیلی" لە ژیانی مامۆستا هیوادا لە هەموو بوارکاندا ڕەنگی دابوویەوە!

لە تێرمیناڵی شارۆچکەکە چاوەڕێی ئەوەبوو کە هەرچی زووە بەرەو گوندەکەیان بەڕێ بکەوێت. پاش ماوەی یەک کاتژمێر چاوەڕوانی، لەگەڵ چەند سەرنشینێکدا سواری ئەو ئۆتومبێلە بوون، کە بڕیارە بەرەو سنوری گوندەکەیان بڕوات. جگە لە مامۆستا هیوا، ئەوانیتر بۆ جێگای تر سەفەریان دەکرد، بەڵام لەسەر ڕێگای گوندی "بەهاران"بوون. هەر یەکێک لە سەرنشینەکان لە شوێن و جێگای مەبەستی خۆی مۆڵەتی دابەزینیان خواست و مامۆستا هیوا بە تەنیا مایەوە. ئەویش پاش قەیرێکی تر گەیشتە سنوری گوندی بەهاران.

دەمی ئێوارە لە ساتەوەختی زەردەپەڕدا گوندی بەهاران دیمەنێکی چێژبەخشی هەبوو. شنەی شەماڵی ئێوارە گژوگیا و چڵوپۆپی داربەڕووەکانی دەلاواندەوە. «داربەڕوو» ڕەمزی خۆڕاگرییە! هێندە بەقوڵی ڕەگی بە زەویدا ڕۆدەچێت، دەبێتە هێمای خۆڕاگری و مانەوە و نەسرەوتن. لەبەر ئەوەی بەسروشتی و بۆ سروشتیش ژیان دەکات، هەرگیز باکی بەهیچ زیندەوەرێک نییە سوپاسگوزاری بێت. هێندەی بەهێزی و خۆڕاگرییەکەی، بەخشندە و میهرەبانیشە.

لە گوندی بەهاراندا جۆرێکی تری درەخت هەیە، بە «وێوڵ» ناسراوە. وێوڵ، لە ئەژدادی درەختی بەڕووە و ڕەقتر و پتەوترە! لە کاتی گەشە و باڵاکردنیش‌دا بە ستونی بە ئاسماندا دەچێت. بەگشتی سروشتی گوندی بەهاران ئاوێتەیە لەگەڵ ڕووەک و گیاندارانی بێباک لە ژیاندا. بێباکییەک بۆتە پێناسەی سروشتی دڵڕفێنی گوندەکە.

مامۆستا هیوا سەرنجی لە چیا و دۆڵەکان دەدا، بەجۆرێک دەتگووت لە تابلۆیەکی هونەریی ڕادەمێنێت. لەسەر گابەردێک دانیشت، پڕ بە سییەکانی هەوای سازگاری هەڵمژی، هەستێکی سەیر دایگرت! چی دەبوو هەر ئەو کاتەی کە بۆ یەکەمجار و لە تەمەنی پانزدە ساڵی‌دا، کاتێک سەردانی گوندی بەهارانی کردبوو نەگەڕێتەوە بۆ ناو ژیانی جەنجاڵ و پڕ لەسەر ئێشەی شارۆچکەکە؟! هەستی بە دڵتەنگی دەکرد! ڕەنگە بە تەنیا لەم دێیەدا نەیتوانیایە درێژە بەژیان بدات! ئەی ئەوەنییە سروشتی ژیان لە گوندەکەدا سەلمێنەری زیندوییەتی ژیانەو چالاکی و گەشە و نشونما، بەبێ بوونی خواست و مەبەست بوونی هەیە؟! کەواتە ئەوە ئێمەی مرۆڤین کە ناتوانین ڕێگای ژیانێکی دروست و شایستە هەڵبژێرین! ئێمەی مرۆڤ سروشتی ژیانمان شێواوە و لەدوای چەندین پڕۆسەی گۆڕانکاری، کەوتوینەتە ناو ژیانێکی جەنجاڵ و پڕ لە تەنگژیی و خەم و ئازار!

بۆ ماوەیەک بەبێ دەنگی لەسەر گابەردەکە مایەوە. دەتگووت شتێک خەیاڵی بردووە و بڕستی لێ بڕیوە. حەزی نەدەکرد لە جێگای خۆی ببزوێ. دەمەو ئێوارە ساتەوەختی زەردەپەڕ چاوەکانی کردەوە و لە خۆرئاوابوونی ڕوانی. خۆرێک بە بارستاییەکی گەورەی گڕاوی خەریکە ئاوادەبێت. وەک ئاژەڵێکی کێوی خۆی ڕاکێشا و هەناسەیەکی قوڵی هەڵمژی و لە چواردەوری خۆی ڕوانی. بەکاوەخۆ دەستی کرد بە جوڵە و هەنگاونان. بۆ کوێ؟ خۆ گوندی بەهاران لەمێژە چۆڵکراوە و بۆتە کوێرە دێ! بەڵام سروشتە جوان و زیندووەکەی، لە پاشەڕۆ و کاولکارییەکانی مرۆڤ ڕزگاری بووە. سروشتێک بەبێ مەبەست و خواست بواری بۆ زیندەوەران خۆشکردووە گەشە و نشونما بکەن. دارستانی چڕ، کانیاوی سازگار، ئاسمانێکی شینی پڕ لە ئەستێرە و کەشوهەوایەکی شادیبەخش. دارستان دەبەخشێت بەبێ ئەوەی مەبەستێکی هەبێت. کانیاوەکان شەو و ڕۆژ ئاوێکی ڕوون و خاوێن دەبەخشن بەبێ مەبەست. هەمووشتێک لە گوندی بەهاراندا یەک سیفەتی هاوبەش کۆیان دەکاتەوە: تەنها بەخشین!

هیچ شتێک سەرقاڵی کۆکردنەوە و پاشەکەوت نییە! ئاژەڵەکان ئەوەندە خواردن دەخۆن کە تێریان بکات. درەختەکان بە تایبەت داربەڕووە خۆڕاگرەکان، هێندە بە قوڵی ڕەگیان بە ناخی زەویدا ڕۆچووە، ساڵەهای ساڵە باکیان بە باراناویش نییە! ئەگەر ئەو ساڵەش وشکەساڵیش بێت، ئەوان لە سەرچاوەی ژێر زەویدا خۆراک و ئاو وەردەگرن. بەو جۆرە ژیان ئاوێزانی بەخشندەییەکە، وێنەی نەبێت!

مامۆستا هیوا دڵتەنگییەک بیر و هۆشی دادەگرێت! پەرێشان دەبێت کە هێندە ڕەزیل و دەستنوقاوە، تەنانەت بیری چووە کە خۆراک لەگەڵ خۆیدا بهێنێت، تەنیا فریای کیسەخەوێک کەوتووە، ئەویش زۆر کەڵکی نەماوە و کۆن بووە، باشترە فڕێبدرێ و ئەویش ببێتە پاشەڕۆ!

شەوگاری تار زوو تێپەڕی و لەگەڵ کەوتنی گزنگی بەیان، مامۆستا هیوا بەئاگاهات. بە لەشێکی قورسەوە چووە سەر کانیاوەکە و دەست و دەموچاوی شۆرد. بەبێ ئەوەی سوپاسگوزاربێت یاخود بڕێک پارە بدات بە کانیاوەکە، لە بەرامبەر بەخشینی ئاوەسازگارەکەی. دەم و لوتی پاککردەوە و مشتێک ئاوی لە زاری وەردا و پاشەڕۆکەی ناو زاری فڕێدایە ناو کانیاوەکە! کانیاوەکە هەرزوو پاشەڕۆ پیسەکەی ناوزاری مامۆستا هیوای گێژداو لەگەڵ خۆی بردی و خوڕەی شەپۆلی ئاوێکی سازگار و پاکوخاوێن، جێگای گرتەوە!

ئێستا دەبێت ژەمی بەرچایی بخوات! بیریکەوتەوە کە هیچ خواردنێکی لەگەڵ خۆیدا نەهێناوە! ناچار ناو دار و دەوەن کەوتوو کەوتە ڕنینەوەی مزرەسێو و هەڵوژەی ترش و قۆغ و قەیسی. دوبارە بۆ دەستکەوتنی ئەم خواردنانە، هیچ بەخشیشێکی نەدا و بەبێ بەرامبەر لە درەختەکانی گوندەکە دەستی کەوت.

گوندی بەهاران، زیندو جوان و ڕازاوە ژیاێکی هێمن و ئارام و پڕ لە بەخشندەی سروشت باڵی بەسەردا کێشابوو. ئەوە بۆ ماوەی ۱۰ساڵ دەبێت دەستی مرۆڤی لێدوورە و ژیانە سروشتییەکەی جارانی بۆ گەڕاوەتەوە. ژیانێک کە سەوداگەری و کەڵەکەکردنی داهات و دەستکەوت، بوونی نییە جگە لە بەخشین. هەمووشتێک لە ناو گوندی بەهاراندا تەنیا یەک ئەرکی لەسەرشانە: تەنها بەخشین!

بەم شێوەیە لە گودەکەدا ژیانی مامۆستا هیوا پێنایە ڕۆژی سێهەم و لە ئێوەرەی چوارەم ڕۆژی گەشتەکەیدا دوبارە گەڕایەوە سەر گابەردەکە و هەناسەیەکی قوڵی هەڵکێشا و کەمێک سەری خۆی حەوادا، وەک ئەو ڕۆژانەی کە بۆ ڕاهێنانی "یۆگا" دەڕۆیشت بۆ هۆڵە تایبەتەکەی نزیک ماڵی خۆیان. دەستی بە "تێڕامان" کردو هەوڵیدا بیرکردنەوە "نەرێنییەکان"ی ڕابگرێت و مێشک و هەست و ڕوحی بۆ بۆشایی ژیان ئاواڵا بکات. زۆرجار بیری بۆلای کار و پیشەکەی دەڕۆیشت. کارمەندەکانی هاوپیشەکەی دەهاتە پێشچاو کە چۆن ئەو هەموو ڕێز و حورمەتەی هەیە لەلایان؛ چونکە کارمەندێکی چالاک و پڕ ئەزموونە. بیری لە ئەنجوومەنی شارەوانی شارۆچکەکە کردەوە، کە چۆن لەلای ئەوانیش سەنگوقورسایی هەیە. بیری لە زۆر شتی تر دەکردەوە، لە مەلا و پیاوانی ئاییندار کە ڕێزی دەگرن. لەو کچە تازەلاوانەی کە حەزیان لە ماڵ و حاڵ و دەستکەوت و پارەکانییەتی. بەبیریداهات ڕۆژێک فێرخوازێکی کۆلێژی کارگێڕی و ئابووریی لە بانقەکە پێیگووت:
 - دایکم زۆر سەرسامی تۆیە! بەردەوام لەلای باوکم باسی تۆ دەکات! منیش هەروەک دایکم سەرسامم بە تۆ! دەتوانیت بۆ ئەم ئێوارەیە لە "کافێ سام"ی ناوچەی ئەندازیاران، لەسەر شەرەفی بنەماڵەکەم ئامادەی ئێوارە خوانێک بیت؟

ئەو ئێوارەیە مامۆستا هیوا داواکارییەکەی ئەو خانەوادەیە بەجێدەهێنێت، هەرزوو بۆی دەردەکەوێت کە کەوتۆتە داوی خۆشەویستی ئەو کیژۆڵە هەرزەکارەوە! کەمێک شەرم دایدەگرێ، بەڵام زۆر گوێ‌ی پێنادات.
 لەگەڵ "ڕۆشنا"ی کچی دکتۆر ئازادی پسپۆڕی مێشک و دەمار، دەکەوێتە ناو پەیوەندییەکی سۆزداریی و چەند جارێک لەسەر خواستی هەردوولا ژووان دەگرن! ڕۆژێک مامۆستا هیوا بڕیاردەدات کۆتایی بەم باسە بهێنێت. لە کۆتاهەمین شەوی ژووانیاندا، مامۆستا هیوا ئەوە بەبیری ڕۆشنا دەهێنێتەوە، کە ناتوانن بەم جۆرە بەردەوامبن و پێویستە هەر یەکێکیان ڕێگای خۆی بگرێتەبەر! ڕۆشنای دکتۆر ئازاد، بە حەسرەت و دڵێکی پەڕ لە گریانەوە ژووانەکە بەجێدەهێڵێت و دەڕووات. هەرگیزا و هەرگیز بۆ جارێکی تر مامۆستا هیوا نابینێتەوە. ئەو شەوە چەندین یادەوەریی مێشکی مامۆستا هیوا داگیردەکات. توانای نامێنێت و هەڵدەستێتە سەرپێ و بەرەو کیسەخەوەکەی دەڕوات.

بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە بە چیا سەرکەشەکەی، کە کەوتۆتە بەشی باکوری گوندی بەهاران، بەپێ تا سەر دووندی چیاکە سەردەکەوێت. لەوێ پشوویەک دەدات، دەستدەکات بە تێڕامان، بە حەسرەتی ئەوەی بگات بە کەشف و شهود. هەرچەندی کرد نەیتوانی باوەڕبهێنێت کە دەتوانێت وەک مرۆڤێکی "قەلەندەر" لەم گوندەدا تا کۆتایی، ژیان بەسەر بەرێت. تازە ناشتوانێت بڕواتەوە بۆ ناو ژیانە جەنجاڵ و شێواوەکەی پێشووی. بەڕاستی ساتێکی دڵتەنگ و ئازاربەخشە! لە هەردوو بارودۆخەکە بووە! نازانێت دوای کامیان بکەوێت: ژیانی ناو گوندی بەهاران یا ژیانی پڕ لە تەنگژیی و خۆگونجاندن لەگەڵ ناڕێکییەکانی ژیان! دەتوانین ناوی بنێین "بەدبەختی"! یان ڕەنگە سەرەتایەکی نوێ بێت.

لەسەرخۆ لە بەرزایی چیاکە هاتە خوارەوە بۆ ناو ئاوایی و کیسەخەوەکەی کۆکردەوە و دای بە شانیدا. ڕووە و ڕێگا ناهەمووارەکە، کە دەیگەیاندەوە بە شارۆچکە کە، کەوتە ڕێ. لە ڕێگادا گەلێک ئۆتۆمبێل لە ڕێی وەستان، تا کەمێک نزیکی بکەنەوە. گوێی بەهیچیان نەدا و بەردەوام بوو لە پێ ڕۆیشتن. هەرچۆنێک بێت پاش چەند ڕۆژێک، مامۆستا هیوا گەیشتەوە شارۆچکەکە و ڕووە و ماڵ هەنگاوی نا.

لە بانقی تایبەتی گەشەپێدان، هەموو کارمەندەکان بە خودی بەڕێوەبەری بانقەکەشەوە چەند جارێک چووبونە بەردەم ماڵی مامۆستا هیوا بۆ سۆڕاغکردن. پاش دە ڕۆژ لە چۆڵبوونی شوێنی کارەکەی مامۆستا هیوا، بۆ شاییەکی گەورە لەناو بانقەکەدا دروست ببو. مامەڵەیەکی زۆری بەڵێندەران و بازرگانان لەسەر شانی کارمەندەکانی بانقەکە کەڵەکە ببو! تەنیا کەسێکی وەک مامۆستا هیوا دەیتوانی باری قورسی کارمەندەکان سووک بکات، ئەویش دیارنییەو ماوەی بیست ڕۆژە نەگەڕاوەتەوە بۆ سەرکارەکەی!

حاجی ئەحمەدی بەڕێوەبەری بانقی تایبەتی گەشەپێدان، هەرچۆنێک بێت ڕۆژێک لەسەر دەرگای حەوشەی ماڵی مامۆستا هیواوە خۆی هەڵدایە ژوورەوە و ڕاستەوڕاست بەرەو نووسینگە تایبەتەکەی هەنگاوی نا! لەسەرخۆ پاڵێکی بە دەرگاکەوە ناو، چووە ژوورەوە! ژوورێکی هێمن و خامۆش، هیچ ئاسەوارێکی مامۆستا هیوا بەدی نەدەکرا. بەرەو مێزەکە ڕۆیشت و زەرفی نامەیەک دانرابوو، کە بەدەستنووسی مامۆستا هیوا لەسەری نووسرابوو: دواوەسێت! بگات بەدەستی بەڕێز (حاجی ئەحمەدی دڵپاک). حاجی نامەکەی کردەوە و دەستیکرد بە خوێندنەوەی:

  ((کاک حاجی، ئێستا کە بەڕێزتان ئەم نامەیە دەخوێننەوە ئەوە نیشانەی ئەوەیە کە ئیتر بۆ هەتا هەتایە بەخزمەت بەڕێزتان ناگەمەوە! بەهەر حاڵ، دو داواکاریم پێشنیارکردووە، تکاکارم لە بەڕێزتان لێم وەربگرە، تا هیچ نەبێت بتوانم لەم ڕێگایەوە پەیامێک بۆ خەڵکی شارۆچکەکە بەجێبهێڵم.
 یەکەم: لەلای منەوە بەڕێزتان ئازاد و سەرپشکن لە شێوازی بەخشینی تەواوی ماڵ و سەروەت و سامانەکەم، بە شێوازێکی دادپەروەرانە! من خاوەنی هیچ شتێک نیم و بێبەریم لە هەموو ئەو دەستکەوتانەی، کە ساڵەهای ساڵە لە ئەنجامی پاشەکەوتەوە بەدەستم هێناوە! بۆیە تۆی بەڕێزم بۆ ئەم کارە هەڵبژارد، لەبەر ئەوەیە کە بەڕێزتان خوداناسن و خودای خۆتان بە ڕاستگۆیی دەناسن. باوەڕم پێتە کە دەتوانیت بە دادپەروەرانە بەخشینەکەم بەجێبهێنیت. خودا یار و یاوەرتان بێت، لە ڕەحم و بەخشندەی خۆی بێبەشتان نەکات.))  «کوڕی بچوکی خۆتان: هیوا»

حاجی ئەحمەد نامەکەی لەگەڵ خۆی برد و دەرگای ژوورەکەی پێوەدا. حاجی شتێکی لەبیرچوو! خاڵی دووەمی نامەکە! خاڵی دووەم بەلای حاجی ئەحمەدەوە زۆر جێگای بایەخ نەبوو! بەڵام هەرچۆنێک بێت لەلای "مامۆستا هیوا" بێسنور جێگای بایەخ و گرنگی پێدان بوو. مامۆستا هیوا لە ڕێگای پارچە شیعرێکەوه ئاماژەی بە خاڵی کۆتایی نامەکە دابوو. شیعرێک، کە هەرگیز هیچ کەسێک حەز بەنووسینی ناکات، جگە لە مامۆستا هیوا! ئەو شەوە کاتێک شیعرەکەی نووسی، بۆ دواجار ماڵئاوایی کردوو ڕۆیشت. بۆ یەکەمین جار بوو لە ژیانیدا بەو شێوازە هەست بە خۆشی و ئاسودەیی بکات؛ هێمنی و ئارامی ژیانی ڕۆشن بکاتەوە.

[ئەو مرۆڤێک بوو
 لە ژیانیدا هیچ شتێکی نەبوو
 تەنانەت دایک و باوکیش
 ئەو نە ماڵی دونیا
 نە منداڵی نەبوو
 تەنانەت خێزانیشی نەبوو
 بەخت و چانسیشی نەبوو
 یادەوەری و هاوڕێ و هاودەمیشی نەبوو
 ئەو هێندە تەنیا بوو
 کە بەڕێگادا دەڕۆیشت سێبەریشی نەبوو
 نە دین و دینار
 نە گەنجی و جوانی
 نە دۆست نە دوژمنی نەبوو
 تەنها یەک شتی هەبوو
 دڵێکی پاک و بەخشندە
 ئەو جگە لەم دڵە خاوەنی هیچ شتێکی تر نەبوو]


 

زۆرترین بینراو

developed by Scorpion shield