تەڵاق (طلاق)
بڵاوکردنەوە:
شانیا عبدالجبار
نووسەر:
شانیا عبدالجبار
بینراو:
1611
بەش:
کۆمەڵایەتی
بێگومان خێزان ناوەندێکی بنەڕەتیی و بەھێزی کۆمەڵایەتی و سیاسییە، بەو مانایەی کە خێزان بڕبڕەی پشتی ھەر کۆمەڵگەیەکە وە بوونی گرفت و کێشە لە خێزاندا شتێکی "سروشتی"یە. دەتوانم بڵێم ئەمە پێش شۆڕشی تەکنەلۆجیا و زانیاری، بەڵام لەدوای شۆڕشی تەکنەلۆجیا و زانیاری ئەو کێشانە پەرەی سەند و دەبینین کە ڕۆژ بە ڕۆژ ئەم کێشە کۆمەڵایەتییانە لە پەرەسەندندایە. وە لە ئێستادا کە خێزانەکان ھەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان دەدەن، بۆ چارەسەرکردنی پەنا بۆ تاڵترین دیاردەی کۆمەڵایەتی دەبەن ئەویش تەڵاقە.
دەتوانم بڵێم تەڵاق وەک کێشەیەکی زەقی کۆمەڵایەتی دەبینرێت وە بەردەوام ساڵ لە دوای ساڵ ڕێژەکەی ڕوو لە زیادبوونە.
لەبەر ئەوە تەڵاق واتا: "کۆتاییھێنان بە ژیانی ھاوسەرگیری بە شێوەیەکی ڕاشکاو کە شەرع و یاسا دەلالەتی لەسەر دەکەن، بەبێ بەستنەوە بە داڕشتنێکی دیاریکراو یان زمانێکی دیاریکراو بەکەوتنی، لەلایەن پیاو یان ئافرەتەکە یان ھەردووکیان یاخود لەلایەن دادگا"
جۆرەکانی تەڵاق
١. طلاق رجعي (گەڕانەوە).
٢. طلاق بائن (لێکدابڕان)؛ کە دوو جۆرە:
ئـ. طلاق بائن بینونە صغری.
ب. طلاق بائن بینونە کبری.
١. طلاق رجعي: ئەو تەڵاقەیە کە پیاو بۆ جارێک یان دوو جار ژنەکەی تەڵاق دەدات، بەڵام لەم جۆرەدا پیاوەکە دەتوانێت ژنەکە بگەڕێنێتەوە لە ماوەیەکی دیاریکراودا بەبێ گرێبەست و مارەیی تازە وە بەڕەزامەندیی ژنەکە بەڵام تەڵاقێکی دەکەوێت و پیاوەکە دوو تەڵاقی دەمێنێتەوە.
٢. طلاق بائن (لێکدابڕان)
ئـ. طلاق بائن بینونە صغری: ئەو تەڵاقەیە پێش گواستنەوە یان دوای گواستنەوە ڕوودەدات. لەم جۆرەیاندا پیاو دەتوانێت ژنەکەی بگەڕێنێتەوە بەڵام بە گرێبەست و مارەیی تازە لە کاتی "عدە" یان دوای عدەش مادام لە زیمەی پیاوەکەی تردا نییە.
ب. طلاق بائن بینونە کبری: ئەگەر پیاوەکە لە سێ دانیشتنی جیاجیادا ژنەکەی تەڵاق دا ھیچ تەڵاقێکی نامێنێ، لەم حاڵەتەشدا بۆی نییە ھاوسەرگیری لەگەڵ ھەمان ئافرەتدا بکاتەوە. تەنھا لە حاڵەتێکدا نەبێت کە ئەویش شووکردنەوەی ئافرەتەکەیە بە پیاوێکی تر، بەڵام ئەبێ ھاوسەرگیرییەکی "ڕاستەقینەیی" بێت دواتر پیاوی ژنەکە بمرێ یان پیاوەکە لە ژنەکە جیابێتەوە، ئەوکاتە پیاوەکە دەتوانێت بە گرێبەست و مارەیی تازە بیگەڕێنێتەوە.
ئایا چۆن سێ تەڵاق بە یەکجاری دەکەوێت؟
دەبێت پیاوەکە دوور لە توڕەیی و بە ئاگایی تەواوەوە سێ جار تەڵاقەکە بخوات، ھەر جارێک ماوەیەک ھەبێ لە نێوانیدا وە دەبێت پیاوەکە سوور بێت لەسەر تەڵاق دانەکە و بڵێت: "تەڵاقم دایت" بە شێوەیەکی (فعل ماضي) بێت، ئەگەر تەڵاقەکە گوزارشت نەبوو بۆ ڕابردوو بەڵکو گوزارشت بوو بۆ داھاتوو وەک بڵێت: "تەڵاقت دەدەم"، لەم حاڵەتەدا تەڵاقەکە ناکەوێت بەڵکو دەبێت بە بەڵێندان بە تەڵاقدان.
لەبەرئەوە بە تێگەیشتنە سنوردارەکەی خۆم لەم بارەیەوە، تەڵاق لەنێوان ژن و مێرددا سێ جارە، بەڵام لە تێڕوانینە گشتییە کوردەوارییەکەدا کە بەرگی کلتوری بەسەردا زاڵکراوە، پیاوەکە سێ جار بە ژنەکە دەڵێت: "تەڵاقم دایت"، زۆر جار بەوە وێنا دەکرێ کە پیاوەکە سێ بەرد لە دەستی ھاوژینەکەی دەنێت و کۆتاییدێت. ژنەکە دەنێرێتەوە ماڵی کەسوکاری. لە تێگەیشتنە باوەکەدا، بەھۆی پیاوسالاری زمانی گشتیی کۆمەڵگاوە، کردەکە ھەڵوێستێکە پیاو بەرامبەر ژن دەیگرێتە بەر.
لەواقعی ئێستای ھەرێمدا خۆشبەختانە تەڵاقدانی نەریتیی تەنھا کردارێکی ڕەمزییە، چونکە ئێستا ژنانیش دەتوانن داوای تەڵاق بکەن و ھیچ تەڵاقدانێک بەبێ بڕیاری دادگاکان ناچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
بابەتی هاوشێوە
زۆرترین بینراو
developed by Scorpion shield