بۆچی ئایین و پەرستگاکان گرنگ و کاریگەرن؟

بڵاوکردنەوە:

ناوەندی پەڕنووس

نووسەر:

ئاوارە عبداللە گەڵاڵەیی

بینراو:

325

بەش:

کۆمەڵایەتی

پێشگووتار: ئەم وتارە لە ڕۆشنایی ئەزموونی تاکەکەسی خۆمەوە نووسراوە.

 

  ساڵی (2012)، لەناکاو خۆمم وەک پەناهەندەیەک لە ئۆروپادا بینییەوە. وڵاتی ئیتاڵیا، سەرەتای هەستکردنم بوو بە پەناهەندەیەکی بێماڵ زۆرینەی ئەو ڕۆژانەی لە ئیتاڵیا بەسەرم برد، لەسەر شەقامەکان خەوتم. پاش ماوەیەک، هێندە شەکەت و ماندوبووم، بەزەیم بەخۆمدا دەهاتەوە.

شەوێک لەبەر قاپی کڵێسایەک خەوتم، بۆ بەیانییەکەی خۆمم لە ژوورێکی پاکوخاوێن دا بینییەوە. بێئاگابووم لەوەی، ئەندامانی ڕێکخراوی (کاریتاس)ی سەر بە ڤاتیکان، منیان بۆ ئەم جێگایە هێناوە. دیارە بە دەستەبەرە یا ڕەنگە بە ئەمبۆڵانس. هەرچۆنێک بێت جەستە ماندووەکەم لە مردنێکی حەتمی ڕزگاری بوو. لەوێ ناویان نووسیم، داوایان لێکردم فۆڕمێک پڕبکەمەوە، وەک پەناهەندەیەکی نوێ ڕۆژانە خواردن و خواردنەوەم پێ‌بدەن نازانم بۆچی هەستم بە ئاسودەیی دەکرد، بەڵام دڵنیام ڕاکردنم لە ئازاری پەناهەندەیی وایلێکردم هانا بۆ دەرگای ئەو ڕێکخراوە ئایینیە ببەم.

 

ماوەی هەفتەیەک سکونایی بە لەش و ڕۆحمدا هات. شەوان سەردانی کڵێسام دەکرد. گوێم لە مۆسیقای سەدەی ناوەندی ئۆروپا (Medieval music) دەگرت. لە تەنیش پیرەمێردی بەساڵاچوودا دادەنیشتم. پیتزای ئیتاڵیم دەخوارد. بەتایبەت ئەو جۆرانەی، کە بەشێوازی نەریتی ئیتاڵی درووست دەکرێن. بەڵام، بە درێژایی ماوەیەی پەناهەندەییم، مەست نەبووم. هەرگیز ڕۆژێک سەردانی باڕێکم نەکرد. تامی پێکێک شەرابم نەکرد.

لە مارکێتەکانی ئۆروپا، زۆر بە ئاسانی و بە نرخێکی هەرزان دەتوانی خواردنەوە کهولییەکان بکڕیت. نازانم بۆچی چێژی خواردنەوەم نەکرد، بۆ ماوەیەک هەستم بە مەستی نەکرد. مەستی، ساتەوەختی دابڕانە لە ژیانێکی پڕ لە ئازار و ناڕەحەتی. دۆخێکە مرۆڤ دەبێتە ئەو بوونەی، کە لە جەوهەریدا وێناکراوە. بەشێکی زۆر لە تاریکایی سۆپەرئیگۆی دەردەکەوێت. دەروونی ئاوەڵادەبێت.

 

ڕۆژێک لە ڕۆژان، لە پڕ لە شاری ڕۆما، لوتم تەقی بەڕووی چەند کوردێکی سەرەڕۆ. لە پاشان زانیم لەوێش لە ئۆروپا، مووچەخۆری حزبین. ئەوانەی بە بندیوار ناسراون هێندە بێهیواکەر و ڕوخێنەر بوون، نەمدەزانی چۆن لە دەستیان قوتارم بێت، بەناچاری ئیتاڵیام بەجێهێشت. بەم جۆرە لە دەرفەتی بەدەستهێنانی ئیقامەی مانەوەی ئیتاڵیا بێبەش بووم.

 

هەرچۆنێک بێت تێگەیشتم کە ئایین و دامەزراوە دینییەکان، چەندە ڕۆڵێکی کاریگەریان هەیە لە ناو کۆمەڵگاکاندا. بە ئەندازەیەک، هەمیشە دەرگایان لەسەر پشتە بۆ کۆمەک و هاوکاری. ئەگەرچی ئەم ئامێزە بەبێ مەبەست نییە، بەڵام هێشتا کاریگەرن، بەتایبەت لە بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی و ڕێکخستنی سۆڵیدارێتی دا.

زۆرترین بینراو

developed by Scorpion shield