جینۆساید چییە؟

بڵاوکردنەوە:

شادی غەفوور

نووسەر:

شادی غەفور

بینراو:

656

بەش:

کۆمەڵایەتی

جینۆساید بە لەناوبردنی کۆمەڵێک خەڵک یان دەستەیەک دەوترێت لەلایەن وڵاتێک یان پارتێکی دەسەڵاتدارەوە لەناوبرابن و ھەوڵی کوشتنیان درابێت. زۆربەی جار کۆمەڵکوژی ھۆکاری: (ئایینی، نەتەوەیی، ڕامیاری، یان بیری ڕەگەزپەرستانە)ی لەدواوەیە، وەک لەناوبردنی ئەرمەنیەکان لە لایەن عوسمانیەکانەوە، یاخود کیمیا بارانی ھەڵەبجە لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە.
کرداری جینۆساید، بە تاوانێکی نێودەوڵەتی ناسراوە لە ساڵی (١٩٤٨)دا نەتەوەیەکگرتووەکان پێناسی بۆ داناوە و لەسەری ڕێککەوتوون کە جینۆساید چییە.
جینۆساید لە ڕووی یاساوە چۆن لێی ئەڕوانرێت:
بە گوێرەی بڕگەکانی مافی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنجامدانی جینۆساید تاوانە، ئەنجامدەر و هاوکاران لە ئەنجامدانی پرۆسەی جینۆسایددا تاوانباری نێودەوڵەتین و هیچ وڵاتێك ناتوانێت بیانگرێتە خۆی و سزای مردنیان بەسەردا سەپێنراوە لە دادگای نەتەوەیەکگرتووەکان لە شاری لاهای لە هۆڵەندا.

چەند جۆرێک جینۆسایدمان ھەیە:
١- جینۆسایدی جەستەیی: بریتیە لە کوشتن و لەناوبردنی تاکەکانی کۆمەڵگا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆ وەک: (گولەبارانکردن، زیندەبەچاڵکردن، شوێنبزرکردن، لەسێدارەدان، بەکارھێنانی چەکی کۆمەڵکوژی) بۆ نموونە: کیمیابارانی هەڵەبجە و گوندو لادێکانی کوردستان لە لایەن ڕژێمی بەعسەوە و بەکارھێنانی چەکی ژەهراوی و فسفۆر دژ بە گەلی کورد و زیندەبەچاڵکردنی کورد لە بیابانەکانی ڕۆژئاوای عێراق و کوشتن و لەناوبردنی گەنجە کوردە فەیلیەکان، هەروەها بۆردومانکردنی شاری قەڵادزێ، ئەمانە دیارترین جۆری پاکتاوکردنی جەستەیین دژ بە گەلی کورد لەعێراق. 
٢- جینۆسایدی بایەلۆژی: ئەم جۆرەیان بریتیە لە ڕێگرتن لە وەچە خستنەوە و زۆربوون و گەشەسەندنی کۆمەڵە مرۆڤێکی یەک ڕەگەز (بەتەنها بەس مێ یان نێر ) یان بەھۆی نەزۆککردن و لە باربردنی ئافرەتەکان و خەساندنی پیاوان و لێک جیاکردنەوەی ژن و پیاو بۆ ماوەیەکی درێژ. ئەم تاوانە لە شاڵاوەکانی ئەنفال لە ساڵی (١٩٨٨)دا لەکوردستان پەیڕەوکراوە، بە تایبەتی لە مەڵبەندەکانی کۆکردنەوەی ئەنفالکراوەکان لەکاتی جیاکردنەوەی پیاوەکان لە ژنەکان.
٣- جینۆسایدی کولتوری: قەدەغەکردنی زمانی خۆت و شێواندنی مێژوو و کولتوری کۆمەڵە مرۆڤیک و سڕینەوی شوێنەواری شارستانی و مێژووی دەگرێتەوە، لە وێرانکردن و شێواندنی شوێنە دێرینەکان، لەوانە ڕووخاندنی مزگەوت و کڵێسا و قەڵا دێرینەکان و پەیکەرەکان، کە ناسنامەی مێژوویی دانیشتوانی ناوچەکەن. جینۆساییدی کولتوری لە زۆر شوێنی جیھاندا پەیڕەو دەکرێت وەک لە تورکیاو ئێران و عێراق و سوریا دەرھەق بە گەلی کورد دەکرێت، هەروەها لەباکوری ئەفریقا دژ بە ئەمازیغەکان، لە سودان دژبە دانیشتوانی دارفور و لە میانمار  دژبە موسڵمانەکانی  ئەو وڵاتە دەکرێت… ھتد.
٤- جینۆسایدی ئابووری: بریتیە لە برسیکردنی دانیشتوان لە ڕێگای تەختکردنی کێڵگە کشتووکاڵیەکانیانەوە و لەناوبردنی سەرچاوە ئاویەکانیان و ڕێگا گرتن لە کارکردن بۆ بژێوی ژیان و لەناوبردنی ھۆکارەکانی بەرھەمھێنانی کۆمەڵە خەڵکێک. ئەم جۆرەیان وەکو جۆرەکانی تر زۆر بە ئاشکراو ڕوونی لە کوردستان بەرچاو دەکەوێت، زیاتر لە (٤٥٠٠) چوار ھەزار و پێنج سەد لادێو گوندی کوردستان  لەگەڵ زەوی تەختکران.

بۆ قۆناغەکانی کۆمەڵکوژی (١٠) دە قۆناغمان هەیە، لە ساڵی (١٩٩٦)دا، گرێگۆری ستانتۆن لێپرسراوی «چاودێری کۆمەڵکوژی» نووسراوێکی کورتی پێشکەش کرد بە وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان بە ناویشانی «ھەشت قۆناغەکەی کۆمەڵکوژی»، بەڵام لەساڵی (٢٠١٠) دوو قۆناغی دیکەشی بۆ زیاد کرد:
١- قۆناغی پۆلێن کردن 
٢- قۆناغی نیشانەکردن
٣- قۆناغی لەمرۆڤایەتی خستن
٤- قۆناغی ڕێکخستن 
٥- قۆناغی جەمسەرگیری 
٦- قۆناغی ئامادەکردن 
٧- قۆناغی بنبڕکردن
٨- قۆناغی ڕەتکردنەوە
٩- قۆناغی جیاکاری کردن 
١٠- قۆناغی چەوساندنەوە 

لیستی جینۆسایدەکان لە مێژووی نوێدا:
- جینۆسایدی مەغۆلەکان دژی قەوقاس و خوراسان و عێراق و شام.
- جینۆسایدی داکۆتا و جۆن کۆربین لە ئەمریکا دژی هیندە سوورەکان.
- جینۆسایدی سەفەوی و عوسمانیەکان دژ بە نەتەوەکانی ژێردەستیان، وەک جینۆسایدی دانیشتوانی قەڵای دمدم لەلایەن شا عەباسی سەفەویەوە لە سەرەتای سەدەی حەڤدە، هەروەها جینۆسایندی ئەرمەنیەکان لەلایەن عوسمانیەکانەوە لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیست.
- جینۆسایدی ئاسیای یەکەم لە سەدەی هەژدە لەلایەن ژاپۆن.
- جینۆسایدی جەنگی یەکەم و دووەمی جیهانی و کۆمەڵکوژی جولەکەکان لەلایەن نازیەکانەوە کە ناسراوە بە هۆلۆکۆست.
- جینۆسایدی دەرسیم لە باکووری کوردستان لە لایەن تورکیای کەمالیەوە.
- جینۆسایدی گەلی کورد لە باشووری کوردستان لەلایەن ڕژێمەکانی عێراقەوە. 
 

کۆی گشتی کوژراوانی سڤیل بە جینۆساید (١.٣) ملیار مرۆڤە، هەرچەندە ئەم داتایە تەواو دروست نییە چونکە نەتوانراوە تەواوی کوژراوانی جەنگ بخەمڵێندرێت. تاوانی جینۆساید لە کاتی جەنگدا ڕوودەدات چ جەنگی ناوخۆ یاخود دەرەکی بێت کە زۆربەی هەرەزۆری قوربانیەکانیش هاوڵاتیانی سڤیل(مەدەنی)ن.

زۆرترین بینراو

developed by Scorpion shield