توندوتیژیی خێزانی چییە؟

بڵاوکردنەوە:

شادی غەفوور

نووسەر:

شادی غەفوور

بینراو:

417

بەش:

کۆمەڵایەتی

دەستدرێژیی خێزانی توندوتیژی یان دەستدرێژییەکە لەلایەن کەسێکەوە بەرانبەر بە کەسێکی تر ئەنجام دەدرێت لە ژینگە و ڕێکەوتێکی ناوخۆییدا کە خێزانێک بەیەکەوە دەیان بەستێتەوە وەک (لە ھاوسەرگیری یان پێکەوەژیان). توندوتیژیی خێزانی توندوتیژی بەرانبەر بە منداڵ، دایک و باوک، هاوسەر، خوشک و برا یان کەسە بەتەمەنەکانیش دەگرێتەوە. لەژێر ڕۆشنایی یاسای بەرەنگار بوونەوەی توندوتیژیی خێزانی لە کوردستان-عێراق. بەپێی ماددەی یەکەم، بڕگەی سێیەم، ئەم پێناسەیە بۆ توندوتیژی کراوە: هەموو كردارێک یان وتەیەک یان هەڕەشەكردن پێیان لەسەر بنچینەی جۆری كۆمەڵایەتی لە چوارچێوەی پەیوەندییە خێزانییەكاندا كە بنیات نراوە لەسەر بنچینەی هاوسەرگیری ‌و خزمایەتی تاكوو پلە چوار و ئەوەی خراوەتە پاڵ خێزان بە یاسا كە دەشێت زیان بگەیەنێت لەڕووی جەستەیی‌ و سێكسی‌، دەروونی‌، داماڵینی مافەكان‌ و ئازادییەكان.

 

توندوتیژی خێزانی چەند جۆر و شێوازێکی ھەیە:

وەک (جەستەیی، زارەکی، سۆزداری، دارایی، ئایینی و سێکسی) و توندوتیژیی سێکسی وەک (زۆرملێیی، لاقەکردنی ھاوسەرگیری، دەستدرێژیی جەستەیی، خنکاندن، لێدان، خەتەنەکردنی ئافرەتان، ھێرشی ئەسیدی "تێزاب" کە دەرئەنجامەکەی شێواندنی ڕووخسار و مردنە کە زیاتر بەرانبەر بە ئافرەت دەکرێت.) کوشتنی خێزانی، (بەردبارانکردن، سوتاندنی بووک، کوشتن لەبەر ناموس، کوشتن بە بیانووی نەگونجان) دەگرێتەوە. هەروەها، ناچاركردنی مناڵان لەسەر كاركردن‌ و سواڵکردن و وازهێنان لە خوێندن، یەکێکی ترە لە جۆرەکانی توندوتیژی خێزانی. لەسەر ئاستی جیھاندا، قوربانییەکانی توندوتیژیی خێزانی بەشێوەیەکی بەرچاو ئافرەتن و ئافرەتان دووچاری شێوازێکی سەختتری توندوتیژی دەبنەوە، هۆکارەکەشی بۆ لاوازی و هەستیاری ئافرەتەکان دەگەڕێتەوە. لە ھەندێک وڵاتدا، توندوتیژیی خێزانی بە ئاسایی تەماشا دەکرێت و ڕێگەپێدراوە بەپێی یاسا بەتایبەتی لەو کاتانەی کە ناپاکی ڕوودەدات یان لەژێر ناوی نەگونجان توندوتیژی دەروونی دەرهەق بە ئافرەتان دەکرێت. هەروەها، لێکۆڵینەوەکان دەریان خستووە کە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ ھەیە لەنێوان ئاستی یەکسانیی ڕەگەزی (یەکسانیی نێوان ژن و پیاو بەگشتی) ئەو وڵاتانەی ئاستی یەکسانیی ڕەگەزیی کەمتریان ھەیە خاوەنی ڕێژەیەکی بەرزتری توندوتیژیی خێزانین چونکە لایەنێک توشی جیاوازی و بێ دەسەڵاتی دەبێتەوە.

 

ڕێگرییەکان لە توندوتیژی چین؟

یەکێکە لەو گرفتانەی کە لە ئێستادا لە کۆمەڵگەی خۆماندا ھەستی پێدەکەین. دەبێت کار بکەین بۆ ڕێگەگرتن لە گەشەکردنی بۆ ئەمەش چەند چارەسەرێک ھەیە: -

١ - ڕۆشنبیرکردنی تاکی کۆمەڵگە بە شێوەیەک کە ھەر لە منداڵیەوە خۆشەویستی و ڕێزگرتنی کەسەکان ببێتە بنەمایەک بۆ داھاتووی.

٢ - تاک لە کاتی کێشە پەنابەرێتە بەر گفتوگۆکردن و دووربکەوێتەوە لە شەڕانگێزی .

٣ - دوورکەوتنەوە لەو بابەتانەی شەڕانگێزی تێدایە، چونکە حەز بۆ شەڕ و تاوان زیاد دەکەن .

٤ - تاکەکان شارەزای یاساییان لەسەر بابەتەکانی توندوتیژی ھەبێت و دڵنیابن کە سزا هەیە بۆیان.

 

– ياساى ژمارە (8)ـى ساڵی 2011

ياساى بەرەنگاربوونەوەی خێزان لە توندوتیژیمان هەیە کە لە کوردستان-عێراق دەرچووە و کاری پێدەکرێت. توندوتیژی خێزانی دیاردەیەكی نەرێنییە پێچەوانەی بنەماکانی شەریعەتە ئاسمانییەكان ‌و مافەكانی مرۆڤە و لەبەرئەوەی خێزان بنچینەی كۆمەڵگایە و لەپێناو پاراستنی لە هەڵوەشانەوە و پارێزگاری تاكەكانی‌ و وەرگرتنی ڕای یاسایی بۆ سەلامەتی ‌و سەقامگیری‌ و قەدەغەكردنی توندوتیژی خێزانی بەڕێگەی خۆپاراستن بەر لە ڕوودانی و گەڕان بەدوای چارەسەری چاكسازی و چارەسەركردن لەدوای ڕوودانی بۆیە ئەم یاسایە دانراوە. سەرەڕای ئەوەی کە لە کوردستان یاسای تایبەت هەیە سەبارەت بە توندوتیژی بەڵام تا ئێستا بەردەوام ڕۆژانە دەبیستین کە باردۆخی خەڵکی دوور نییە لە توندوتیژی و زۆرلێکردن یەکێکە لە هۆکارە هەرە باوەکان خراپی بارودۆخی ئابووری خەڵکی کوردستانە کە وا دەکات تاکەکان بەردەوام لەژێرفشاردابن و نەتوانن هەست بە ئاسوودەیی بکەن باری دەروونیان تێک بچێت و پەنابەرنە بەردەم شەڕانگێزی و توندوتیژی.

 

زۆرترین بینراو

developed by Scorpion shield