گرنگی کەرتی گەشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستان
بڵاوکردنەوە:
مستەفا مەقسوود گەردی
نووسەر:
مستەفا مەقسوود گەردی
بینراو:
759
بەش:
کۆمەڵایەتی
مێژووی سەرهەڵدان و گەشەسەندنی زاراوەی گەشتوکال دەگەرێتەوە بۆ سەرەتاکانی سەدەی بیست و یەک، گەشتوکاڵ یاخود گەشتیاری کشتوکاڵی بە زمانی سادە بریتییە لە گۆڕەپانێکی کشوکاڵی، کە گەشتیاران یاخود کڕیاران ڕاستەوخۆ سەردانی شوێنە کشوکاڵییەکان دەکەن بۆ کڕینی بەرهەمە کشوکاڵییەکان، بەگشتی واتا هەردوو کەرتی کشوکاڵی و گەشتیاری بەیەکەوە گرێدەدات، بەبێ هەبوونی ناوەندێک بۆ بەیەکەوە بەستنەوەی گەشتیاری و خاوەن کێڵگەکان، یاخود کریار و فرۆشیار.
لە ڕووی هونەریەوە، دەکرێت گەشتوکاڵ وەک فۆرمێک لە فۆرمەکانی بازرگانی پێناسە بکەین، بە مەبەستی سەرنجڕاکیشانی گەشتیار بۆ کێڵگە کشتوکاڵییەکان و کارگەکانی بەرهەمهێنانی بەروبوومی کشتوکاڵی، کە لێرەدا مەبەستمان ئەوەیە کە تەواوی فۆرمە جیاوازەکانی کەرتی کشتوکاڵ بگرێتەوە، وەک کیڵگەکانی بەرهەمهێنانی بەرهەمەکانی سپیایی و کێڵگەی پەلەوەر و ئاژەڵان، و زەوییە کشتوکاڵییەکانی وەک بەرهەمهێنانی سەوزایی و میوە، و گەنم و جۆ و دەرە، هتد. بێگومان ئەم جۆرە کڕیارانی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان دەتوانن وەک گەشتێک سەردانی ناوچە کشتوکاڵییەکان بکەن، بۆ دەستەبەرکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان.
بە شێوەیەکی گشتی ئەم کەرتە، واتە کەرتی گەشتوکاڵ، گرنگیەکی زۆری هەیە لە وڵاتانی رۆژئاوا، و وڵاتانی ڕۆژئاوای ئاسیا بۆتە هۆکارێکی گرنگ بۆ دەستکەوتنی سەرمایە و هەمەچەشنکردنی سەرچاوەی داهات.
هەرێمی کوردستان و کەرتی گەشتوكاڵ
بێگومان هەرێمی کوردستان هەر لە سەرەتای مێژووی مرۆڤایەتی بە لانکە و بنەچەی مرۆڤایەتی و کەرتی کشتوکاڵی دادەندرێت بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان، یەکەمین لادێ کە کشتوكاڵی لێکرابێت لە هەرێمی کوردستان بووە، کە دەگەرێتەوە بۆ ١١ هەزار ساڵ پ.ز.
هەروەها لە ٧ هەزار ساڵ پ.ز. کەرستەی کشتوکاڵی لە خاکی هەرێم دۆزراوەتەوە، ئەمانەش ئەمە دەردەخەن، کە خاکی کوردستان خاوەنی سرووشتێکی ناوازە و زەوییەکی بەپیتی کشتوکاڵی بووە، هەروەها بەپێی ئامارەکان کوردستان خاوەنی ١٧ ملیۆن هێکتار زەوەیە، ساڵانە بە نزیکەی ٧ ملیۆن هێکتار زەوەی دادەچێندرێت، بە بەرهەمە کشتوکاڵییەکان وەک، کێلگەکانی سەوزایی و میوە، و زەوییە داچێندراوەکانی بە گەنم و جۆ. هەروەها لە هەرێمی کوردستان پێنج سەرچاوەی ئاوی گرنگە بوونی هەیە، وەک ئاوی باران و ژێر زەوی و سەر زەوی و پۆد و بەنداوەکان و ڕووبارەکان. هەروەها کوردستان بەگشتی خاوەنی سامانێکی زۆری ئاژەڵە، و ژینگە و کەشەکەی لەبارە بۆ بەخێوکردنی هەموو جۆرە پەلەوەر و ئاژەڵێک.
هەموو ئەوانەی سەرەوە کە باسمان کرد دەبنە هۆکارێکی گرنگ، بۆ ئەوەی گرنگی بە کەرتی گەشتوکاڵ بدرێت، کە ئەمەش کاریگەریەکی زۆری دەبێت لەسەر بوژانەوەی ژێرخانی ئابووری و هەمەچەشنکردنی سەرچاوەی ئابووری هەرێم.
بێگومان هەروەک لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا، بەهۆی هەبوونی ئەم پێگە جوگرافی و سرووشتیەی هەرێم هەیەتی بەدەر نییە لەم جۆرە سەرچاوە ئابووریە، هەرێم دەتوانێت لە ڕێگای گرنگیدان بەم کەرتە یاخود بەم جۆرە ئابوورییە، بەشێکی پێداویستییەکانی پڕبکاتەوە چونکە هەروەک باسمان کرد کەش و هەوای هەرێم لەبارە بۆ ئەم جۆرە کەرتە بۆ ئەوەی هانی گەشتیارە کشتوکاڵییەکان بدات سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن. لە نزیکەوە سەیری بەرهەمهێنانی بەروبوومە کشتوكاڵییەکان بکەن، حکومەتی هەرێم بەهۆی کەش و هەوای لەباری هەرێمی کوردستان دەتوانێت لە هەرچوار پارێزگاکەی گرنگی بەم کەرتە بدات، چونکە گرنگیدان بەم کەرتە دەبێتە هەنگاوێکی گرنگ و کاریگەر بۆ بوژانەوەی دێهاتەکان، یاخود دەبێتە هۆکارێکی تر بۆ ئەوەی جووتیاران لە کاتی پێگەیشتنی بەرهەمەکانیان بەبێ هیچ زەرەر و زیانێک بەرهەمە کشتوکاڵییەکانیان ساخ بکەنەوە.
بەگشتی پێویستە هەرێمی کوردستان برە بودجەیەکی تەرخان بکات بۆ ئەم کەرتە، بۆنموونە لە کابینەکانی٧ و ٨، حکومەتی هەرێمی کوردستان بری بودجەی تەرخانکراو بۆ کەرتی کشتوکاڵ ٪٢ە. بەڵام لەگەڵ دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بری تەرخان کراو بۆ کەرتی کشتوکاڵ بۆ ٪ ٤ بەرزکرایەوە. بەڵام پێویستە بڕی تەرخانکراوی بودجە بۆ کەرتی کشتوکاڵ زیاتربێت، چونکە بەپێی بنەما و بڕیارەکانی یۆنامی دەبێت بڕی تەرخانکراوی بودجە بۆ کەرتی کشوکاڵ نابێت لە ٪١٠ کەمتر بێت لە وڵاتانی جیهاندا.
سوودەکانی گەشتوکاڵ لەڕووی ئابووری: -
1. گەشتوكاڵ دەبێتە هۆی درووستبوونی ڕێرەو و سەرچاوەیەکی نوێ داهات.
2. گەشتوکاڵ هەلێکی زێرین دەرەخسێنێت، بۆ تێکەڵکردنی لایەنە ئەرێنییەکانی گەشتیاری و کشتوکاڵی بۆ دەستخستنی کۆمەڵێک قازانجی دارایی و کۆمەڵایەتی بۆ گەشتیاران و خاوەن کێڵگەکان.
3. گەشتوکاڵ بەبەردەوامی دەرفەت دەرەخسێنێت بە خاوەن کێڵگەکان بۆ دەستخستنی داهات و بەبازارکردنی ڕاستەوخۆی بەرهەمەکان بۆ بەکاربەران.
4. کەرتی گەشتیاری بوژانەوەی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت، بە زیادکردنی ڕێژەی گشتیاران بۆ دێهات و ناوچە کشتوکاڵییەکان.
5. گەشتوکاڵ بەبەردەوامی دەبێتە هۆکارێک بۆ پاراستن و زیادکردنی زەوییە کشتوکاڵییەکان.
6. فرە ڕەنگکردنی چالاکییە بازرگانییەکانی جووتیاران.
7. دابینکردنی داهاتێکی جێگیر.
8. گەشتوکاڵ هەلی خوێندن و دەرفەتی کار دەرەخسێنێت بۆ تاکەکانی کۆمەڵگە لە بواری کشتوکاڵی و گەشتیاری بخوێنن و کاربکەن.
9. گەشتوکاڵ دەبێتە هۆکارێک بۆ زیادکردنی باجی ناوەخۆ.
10. دەبێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی وڵاتان پەرەبدەن بە کارگەکانی بەرهەمهێنانی تایبەت بە کشتوکاڵ و بەرهەمە سپیاییەکان و پەلەوەر.
11. دەبێتە هۆی چالاککردن و بەکارخستنی چالاکی گەشتیاری کشتوکاڵی.
12. دەبێتە هۆی سەرنجڕاکێشانی گەشتیاران تا سەردانی کوردستان بکەن.
13. بەهێزکردنی ئابووری و بوژانەوەی دێهاتەکان و دەستخستنی هەلی کار.
چۆن بتوانین گرنگی بەم کەرتە بدەین: -
1. لەڕێگەی دابینکردنی پاڵپشتی دارایی بۆ جووتیاران پەرەی زیاتر بەم کەرتە بدەین، حکومەت دەتوانێت قەرزی کورتخایەن و درێژخایەن بدات بە جوتیاران.
2. هاندانی هاووڵاتیان بۆ ئاوەدانکردنەوەی دێهاتەکان.
3. گەیاندنی خزمەتگوزارییەکان بۆ کێڵگە و زەوییە کشتوکاڵییەکان وەک دابینکردنی ئاو و کارەبای بەردەوام، و قیرتاوکردنی شەقامەکان.
4. تەرخانکردنی بانکێکی تایبەت بەم کەرتە.
5. بەستنەوەی کار و چالاکییەکانی ئەم کەرتە بە جیهانی دەرەوە و ناوەخۆ، بۆ ئەوەی سەرنجی گەشتیاران بۆ هەرێمی کورستان ڕابکێشن.
6. زیادکردنی باج یاخود قەدەغەکردنی بەرهەمە هاوردەکراوەکان بۆ هەرێم.
بابەتی هاوشێوە
زۆرترین بینراو
developed by Scorpion shield