خانمی دادپەروەری؛ ئەو پەیکەرەی بووە بە نیشانە و هێمای دادپەروەری

بڵاوکردنەوە:

سۆنیا مەحموود

نووسەر:

سۆنیا محمود

بینراو:

1535

بەش:

ڕامیاری

سەرەتا، بە پێویستی دەزانم بە ئاخاوتنێکی کەم باس لە دادپەروەری بکەین. لە سادەترین ناساندن و پێناسەکردنی دادپەروەریدا دەڵێین، دادپەروەری بریتییە لە بێلایەنى لەکاتى دادگاییکردندا، هەروەها تێڕوانینێکى مرۆڤانەیە بۆ ئەو ژینگەیەى هەر تاکێک تیایدا دەژى. دادپەروەرى پێچەوانەى ستەم و توندڕەوییە، کە ئامانج لێى یەکسانى و هاوسەنگی و دەستدرێژینەکردن و پاراستنى بەرژەوەندییەکانى تاک و کۆمەڵگایە.

هێمای دادپەروەری لە زۆرینەی وڵاتانی جیھان بریتییە لە پەیکەری خانمێک. ئەو پەیکەرەیە کە خانمێک چـاوی بەستراوە و دەستێکی شمشێرە وە دەستێکی دیکەشی تەرازوویەکە. لە زۆربەی دەزگا دادوەرییەکانی وڵاتان بوونی ھەیە و وەک ئاکار نیشانەی دادپەروەریی لێی دەڕوانرێت. دەگوترێت کە تەنھا پەیکەرێکی سەرنجڕاکێش نییە بەڵکو بیرخەرەوەی بیرۆکە و بەھاکانە کە بنچینەی یاسان.

دادپەروەری، یەکێکە لەو گەورەیانەی ئیمپڕاتۆر ئۆگستۆس لە کتێبی (Clipeus Virtutis)ی خۆیدا باسی لێوە دەکات. چەمکی خاتوونی دادپەروەری زۆر کۆنە، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی کۆنی یۆنانی و میسری. (تێمس)ی خواوەندی یۆنانی کە نوێنەرایەتی ڕێسا و یاسا و دادپەروەری دەکرد . لە کاتێکدا میسرییەکان مەعتیان ھەبووە، کە نیشانەی ڕاستی و ڕێکوپێکی بوو لەو کۆمەڵگایە دێرینەدا. بەڵام، دەگوترێت دروستترین بەراورد کە بکرێت ئەوەیە کە مێژوو و سەرھەڵدانی ئەم پەیکەرە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ڕۆمانییەکان. خاتوونی دادپەروەری لە کەسایەتیکردنی دادپەروەری لە هونەری ڕۆمانی کۆندا سەرچاوەی گرتووە کە بە Iustitia یان Justitia ناسراوە، کە هاوتای خواوەندی یۆنانی دایکە.

لەلای ڕۆمانییەکان و لە سەردەمی فرەخوایی، یەکێک لە خواکانیان کە خوای دادپەروەرییە، ئەم پەیکەرەیان دروست کردووە، بۆ خانمێک بە ناوی (جەستیتیا). ئەم خانمە خواوەندی یاسا و دادپەروەرییە و پەیکەرەکەش نوێنەرایەتی خواوەندی ڕۆمانی دەکات. دواتر ئەم ئەفسانەیە گوازراوەتەوە بۆ هەموو جیهان و ناوی خانمی دادپەوەریی لێ نرا. ھەرچەندە پێی دەگوترا خواوەندێک کە پەرستگا و مەزارگەی تایبەت بەخۆی ھەیە لە ڕۆما. بەڵام  لەسەرەتادا وەک کەسایەتیەکی ھێماداری ھونەری سەیردەکرا، نەک وەک خواوەندێکی ڕاستەقینە کە گرنگیەکی ئایینی ھەبێت. کاری هونەری و  وێناکردنی پەیکەری (Lady Justice)، چ لە شێوەی تابلۆ، پەیکەر، ئاڵا یان پەیکەری کانزا، لە سەرانسەری جیهاندا دەبینرێت. ئەگەر لە ئەمریکای باکوور یان باشوور، ئەوروپا، ئەفریقا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، باشوور و ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و ئوسترالیا بیت، بە ئەگەرێکی زۆرەوە پەیکەری خاتوونی داد لە دادگاکان، فەرمانگەکانی یاسا و دامەزراوە پەروەردەییە یاساییەکان دەبینیت.

خاتوونی دادپەروەری و ئەو پەیکەرانەی لە سەرەتادا لە بارەیەوە دروست کرابوون چاوی کراوە بوو نەبەسترابووەوە. بەڵام دواتر لە لایەن ئەڵمانیەکانەوە چاوی بەسترایەوە. بەڵگەش بۆ ئەوەی کە لە سەرەتادا چاوی نەبەستراوەتەوە ئەوەیە کە تا ئەم ساتەش لە سەرەوەی دادگای بەیلی کۆن لە لەندەن پەیکەرێکی ‏(Lady Justices) ھەیە کە چاوەکانی نەبەستراوەتەوە و لە سەردەمی کۆندا دروست کراوە. لە سەدەی (١٦)ەوە زۆر جار بە چاوی بەستراو وێنای کراوە. چاوبەستەکە لە بنەڕەتدا زیادکردنێکی تەنزئامێز بوو کە مەبەست لێی نیشاندانی دادپەروەری بوو، وەک کوێرێک بەرامبەر بەو نادادپەروەرییەی کە پێش ئەو بەڕێوەدەچوو و بوونی ھەبووە. بەڵام بە تێپەڕبوونی کات لێکدانەوەی بۆ کراوەتەوە و ئێستا تێگەیشتوون کە نوێنەرایەتی بێلایەنی دەکات، ئەو ئایدیایەی کە دەبێ دادپەروەری بەبێ ڕەچاوکردنی سامان جێبەجێ بکرێت، دەسەڵات، یان پێگەیەکی تر. خانمە چاوبەستەکەی دادپەروەری بۆ یەکەم جار بە چاوی بەستراو لەلایەن پەیکەرتاشی ڕێنسانس هانس جینگ لە ساڵی (١٥٣٤) ناسێنرا.

دەربارەی ناوەکەی چەندین ڕا بوونی ھەیە. بە ناوی جۆراوجۆرەوە ناسراوە و دەگوترێت (٣) ناوی ھەیە کە بریتیین لە:

1. خانمی داد.

2. نیشانەی دادپەروەری.

3. دادپەروەری بۆ نابینایان.

بەڵام، بەربڵاوترین ناو کە زۆربەی یاساناسان لە سەری کۆکن (خانمی داد)ە.

ھەروەک لە سەرەتادا باسمان کرد ئەو ھێماو نیشانانەی ئەو پەیکەرەی پێ دەناسرێتەوە بریتین لە چاوی بەستراو، تەرازوو هەروەها شمشێر.

 

ھێمای چاوی بەستراو

چاوی بەستراو بە مانای بێلایەنی دێت. ئاماژەیە بۆ ئەوەی سەرجەم تاوانباران لەبەردەم یاسا یەکسانن. جیاوازی لە نێوانیان ناکرێ بە جیاوازی ڕەنگ، ڕەگەز، ئایین، پێگەی کۆمەڵایەتی. نابینایە لە ئاست سەرجەم ئەو جیاوازیانەدا

ھەروەک لە وڵاتانی عەرەبی قاعیدەیەک بوونی ھەیە کە دەڵێن  ((القانون أعمى))، بۆ ئەوەی لە کۆتایدا ئەنجامێک مسۆگەر بکرێت کە دادپەروەرانە بێت.

 

ھێمای تەرازوو

لە دەستی چەپیدا تەرازوویەک ھەیە، کە ئاماژەییە بۆ گەڕاندنەوەی ماف بە دەقی قانوونی بۆ خاوەن ماف بەپێی ئەو زیانەی لە ئەنجامی ڕوودانی ڕووداوێک بەری کەوتووە یاخود تاوانێک کە لەبەرامبەری کراوە. ھەرکەسێکیش بە ئەندازەی ئەو بەڵگانەی کە پێشکەش بە دادگای دەکات لەدوای تحقیق کردن بە تەرازووی داد بڕیار لە بەرژەوەندی ئەو دەدرێت.

 

ھێمای شمشێر

لە دەستی ڕاستیدا شمشێرێک بوونی ھەیە. کە ئاماژەیە بۆ ((العقوبة الرادعة)) بۆ تاوانباران. جێبەجێکردنی سزا بە شمشێر نیشانە و مەبەستی ئەوەیە کە دادپەروەری بە شێوەی خێرا و کۆتاییە. ئەو شمشێرەی کە خاتوونی دادپەروەری هەڵیگرتووە بۆ پێشخستنی ئەو چەمکە دروستکراوە کە دادپەروەری دەتوانێت خێرا و کۆتایی بێت، شمشێرەکان هێمای مێژوویی دەسەڵاتن. ئەو شمشێرەی کە لە دەستی ڕاستیدایە لە خوار تەرازووەکەوە گرتویەتی. ئەمەش مەبەست لێی ئەوەیە، کە ھەمیشە پشکنین بۆ بەڵگە پێشکەش کراوەکان و پەسەند کردنیان لە لایەن دادگاوە یاسایین، بە بەردەوامیش لەپێش جێبەجێکردنی سزاوە دێن. ئەوەندەی و بینیومانە و زانیومانە لە  شمشێردا ھەر یەک سەر بوونی ھەیە. بەڵام، لە بەشێک لەو پەیکەرانەی کە دروست کراون شمشێرەکە دوو سەری ھەیە، ئەمەش ئاماژەییە بۆ ئەوەی دەتوانێت ھەردوو لایەنی داوەکە ببڕێت.

 

سەبارەت بە ڕەگەزی ئەم پەیکەرە کە ئاخۆ بۆ چی ئافرەت بووە نەوەک پیاو.

تەبعەن ئەم باسە بووەتە جێگەی مشتومڕ و قسە و باسێکی زۆر و چەندین ڕای جیا بوونی ھەیە. ھەندێک لایەن دەیگەڕێننەوە بۆ فەلسەفەیەکی ڕەگەزی چونکە، ئافرەت منداڵ دەخاتەوە و ئەمەش بە مانای بەردەوامی دێت. لایەنێکی تر پێیان وایە کە وشەی ((عدالة)) لە بنەڕەتدا مێیە، ھەر بۆیەش ئەم پەیکەرە دەبێت ئافرەت بێت. لایەنێکی تریش پێیان وایە دادپەروەری پێویستی بە ڕەحم ھەیە و دڵی ئافرەتیش میھرەبانترە لە پیاو، کەواتە دەبێت پەیکەری دادپەروەری ئافرەت بێت.

 

بە پێویستی دەزانم لەگەڵ باس کردن و ناساندنی ئەم پەیکەرە ئاشنا ببین بە ھەبوون و وجودی ئەم پەیکەرە لە ھەرێمی کوردستان.

ھاوشێوەی وڵاتانی جیھان لەبەردەم دەزگا دادوەریەکان ئەم پەیکەرە لە ھەرێمی کوردستانیش بوونی ھەیە. لەبەردەم وەزارەتی داد، بەڵام بەداخەوە وەزارەتی داد پەیکەری خانمی دادپەروەری شێواندووە، کە پەیکەرێکی جیھانییە  ئاماژەیە بۆ دادپەروەری. لەجیاتی شمشێری لە دەست بێت کتابێکی لە دەستە. ھەروەک پارێزەر و یاساناس ھەروەھا کاندیدی سەربەخۆ  بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار (ئومێد پاڵانی) لە لێدوانێکیدا دەڵێت: "یاسا بەبێ بوونی هێز جگە لە ئامۆژگاری هیچ نییە، یاسا دەبێت ھێزی لەگەڵ بێت بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری دادگا." وە ئەم پەیکەرانە چاویان کراوەتەوە کە دەبوایە چاویان ببەسترێت. بۆیە دەبێت لابدرێت و پەیکەری ھاوشێوەی ستاندارتی جیھانی لە جێگە دابنرێت.

زۆرترین بینراو

developed by Scorpion shield