نەورۆز لە ئاوێنەی مێژوودا

بڵاوکردنەوە:

ئاریان ئومێد

نووسەر:

ئاریان ئومێد

بینراو:

490

بەش:

مێژوو

کاتێک دەمانەوێ سەبارەت بە ڕەگ و ڕیشەی جەژنی نەورۆز بدوێین، بۆچوون گەلێکی زۆرو جیاواز دێنە سەر ڕێگەمان. بەشێکی گێڕانەوەکان بەشێوەی ئەفسانەن، هەڵبەت زۆربەی کات ئەفسانەش لە بنچینەدا ڕووداوێکی ڕاستەقینەی لە پشتەوەیە، بەڵام لە نەبوونی نووسین و تۆماردا هەمیشە ڕووداوەکان لە شێوەی گۆرانی و چیرۆکی بەر ئاگرداندا دەگوازرێنەوەو ئاوێنەی هونەرو ئایین و کولتووری خەڵکانی ئەو ناوچەیە دەبن.

سروشتی ئەفسانەش بە جۆرێکە، شێوەیەکی جیاواز لە ڕووداوە بنەڕەتییەکە وەردەگرێت و لەوە زیاتری دەخرێتەسەر کە لە بنچینەدا ڕوویداوە. ئەمەش بۆ نەورۆز هەم خاڵێکی ئەرێنییە، هەم نەرێنی. ئەرێنی لەو ڕووەوە کە دەرخەری ئەوەیە جەژنەکە مێژووییەکی زۆر دێرینی هەیەو ڕەگ و ڕیشەی بە نیشتمانی کوردەواریدا ڕۆچووەو دەکرێ بۆ پێش هاتنەکایەی نووسین بگەڕێتەوە.

نەرێنیش لەو ڕووەوە کە مێژووەکەی نادیارەو ناتوانین بە ئاسانی سەرەتای سەرهەڵدانی جەژنەکە دیاریبکەین. بەڵام ئەوەی کە ڕوون و بەرچاوە بەپێی زۆرینەی گێڕانەوە و لێکدانەوە جیاوازەکان، دەرکەوتن و دەستپێکی ئەم جەژنە لە خاک و نیشتمانی کوردانەوە سەرچاوە دەگرێت.

بەشێک له توێژەران هاتنەکایەی ئەم جەژنە دەبەستنەوە بە گێڕانەوەیەکی ئەفسانەیی سۆمەرییەوە، بەپێی ئەفسانەکە (تەمووز)ی کوڕە خواوەند، کاتێک لە ژێر سێبەری داری (ئەریدا)ی گەورەدا کە سێبەرەکەی هەموو جیهانی داپۆشیووە، مەڕ دەلەوەڕێنێ، (ئیشتار)ی ژنە خواوەندی ئەوین و خۆشەویستی چاوی پێی دەکەوێ و ئاشقی تەمووز دەبێت، بەڵام هێندە ناخایەنێ کە تەمووز لە ڕاوە بەرازدا دەمرێ و دەچێتە دۆزەخ کە لە ژێردەستی (ئەرشکیگال)ی خوشکی ئیشتاردایە. ئیشتار بۆ ساڕێژکردنی برینەکانی تەمووز و گێڕانەوەی بۆ ژیان، بەنهێنی بە حەوت دەرگای دۆزەخدا دەچێتە خوارەوە، بەڵام کە ئەرشکیگالی خوشکی پێی دەزانێ، زۆر توڕەدەبێ و فەرمانی زیندانیکردنی دەردەکات. کاتێک ئیشتار لە زینداندایە، پیت و فەڕ لەسەر زەوی نامێنێ و دارو درەختەکان بەرناگرن و ئاژەڵەکان جوت نابن و ژن و پیاو لێک نزیک نابنەوەو ئەوین و خۆشەویستی لەسەر زەوی دەپێچرێتەوەو قات و قڕی بڵاودەبێتەوە.

خوداکان کە دەبینن قوربانییەکان کەم بوونەتەوە، پەژارە دایاندەگرێ و فەرمان بە ئەرشکیگال دەکەن خوشکەکەی ئازاد بکات، بەڵام ئیشتار ڕازی نابێت بەبێ تەمووز لە زیندان بێتە دەرەوە، ئەوانیش داواکەی قبوڵ دەکەن و ئیشتار لەگەڵ تەمووزی ئەوینداریدا حەوت دەرگای دۆزەخ دەبڕن و دەگەڕێنەوە بۆ سەر زەوی. دووبارە زەوی دەبوژێتەوەو ئەوین و خۆشەویستی تین دەسێنێ و ژیان ئاسایی دەبێتەوە.

خەڵکی بابل باوەڕێکی قوڵییان بە ڕۆژی گەڕانەوەی ئیشتار هەبووە و ڕۆژێک لەساڵ بۆ مردنی تەمووز پرسەیان گرتووە و ڕۆژی دواتریش بۆ گەڕانەوەی ئیشتار و تەمووز ئاهەنگییان گێڕاوە.

بەم پێوەرەش ڕۆژانی زیندانیکردنی ئیشتار زستان و وەرزی سەرمایەو ئازادبوونیشی هاتنی بەهارو ژیانەوی سروشتە (١).

بەشێکی تر لە توێژەران نەورۆز دەبەستنەوە بە ڕووداوی کاوەو زووحاک (ئەژدی هاک)، کە پێدەچێ ڕووداوێکی مێژوویی بوبێ و دواتر گۆڕابێ بۆ ئەفسانە. هەڵبەت لێرەشدا بۆچوونی جیاواز هەیە لەمەڕ شوێن و کاتی ڕووداوەکەو چۆنیەتی ڕوودانی. بەپێی یەکێک لە بۆچوونەکان بنەڕەتی چیرۆکی کاوەو زووحاک دەگەڕێتەوە بۆ شاری بابل، ئەودەمەی حاکمێکی بەڕەگەز سامی بەناوی زووحاک، لەپاش نەمرود قەڵایەکی لە ناوچەی سۆمەرو بابل بنیادناوەو دەستی بە کوشتاری گەنجانی دانیشتووانە ڕەسەنەکان کردووە کە سۆمەرییەکانن و نەتەوەیەکی جیاواز لە ڕەگەزی سامین.

هەڵبەت بەهۆی هاوسنووری سامییەکان بەخاکی سۆمەرەوە، شتێکی نامۆ نییە ئەگەر ئەم گێڕانەوەیە بەشێک لە ڕاستی تێدابێت و سامییەکان توانیبێتیان حوکمڕانی و داگیرکاری لە خاکی سۆمەردا بکەن (٢). بەشێکی تری بۆچوونەکان بەتایبەت بۆچوونی نووسەرە موسڵمانەکانی سەدەکانی ناوەڕاست لەوانە تەبەری و مەسعودی و فیردەوسی، بەو ئاڕاستەیەن کاوە پینەدۆز یان ئاسنگەرێکی هەژاری ئەسفەهانی بووەو لەدژی زووحاک ڕابەرایەتی شۆڕشێکی کردووە و زووحاکی دەستگیرکردووە و ڕادەستی فەرەیدوونی کردووە، ئەویش لە چیای دەماوەند بەندی کردووە. کاوە لەم شۆڕشەدا ئاڵایەکی لە پێست دروستکراوی بەرز کردووەتەوە کە دواتر بووە بە سیمبولی شۆڕشەکە. گێڕانەوەکان بەو جۆرەن کە ئاڵاکە لەلای پاشایانی ساسانی پارێزراو بووە تا لە جەنگی قادسییە (٦٣٧ز) دەکەوێتە دەستی سەرکردەیەکی عەرەب.

بەڵام لێکۆڵینەوە نوێیەکان ئەم گێڕانەوەیە بە ناڕاست و هەڵبەستراو دەزانن و پێیانوایە بابەتی کاوەی پاڵەوان و ئاڵاکەی بەشێکی بنەڕەتی نەبووە لە ئەفسانەی دێرینی نەورۆز و داهێنراوێکی سەردەمی ساسانییەکانە، لە ئاڤێستا بە زاراوەی (گاووس دەرشفتە) هاتووە کە بە واتای ئاڵایەک دێت کە لە پێستی گا دروستکراوە یان وێنەی گای لەسەربووە، ئاڵاکە زیاتر مەبەست لێی ئاڵای پاشایان بووە نەک ئاڵای کەسێکی هەژاری شۆڕشگێڕ کە لە پاشا یاخیبووە (٣).

بۆچوونێکی دیکە هەیە کە پێیوایە زووحاک (ئەژدی هاک) حاکمێکی ناوچەیی هۆزی (مانایی) بووە کە ملی بۆ دەسەڵاتی توندوتیژی ئاشوورییە سامییەکان کەچ کردووە و بەرەنگاری نەکردوون. خەڵکیش لەم هەڵوێستەی ناڕازیبوون و لە ساڵی (٧١٦ پ.ز) ڕاپەڕینێکیان لەدژی بەرپاکردووە کە تێیدا ئەژدی هاک کوژراوە. ڕاپەڕینەکان دژی ئاشوور درێژەی دەبێ و نزیک بە سەدەیەک پاش ڕاپەڕینەکەی هۆزی مانایی، دانیشتووانی ناوچەکە جارێکی ترو بەشێوەیەکی فراوانتر دژی ئاشوورییەکان ڕادەپەڕن و لە ناوچەکە وەدەریان دەنێن، بەوەشەوە ناوەستن تا ئەوەی سوپای ماد بە سەرکردایەتی کەیخەسرەو لە ساڵی (٦١٤ پ.ز) لە ڕووباری دیجلە دەپەڕنەوە و سوپای ئاشوور تووشی شکستێکی گەورە دەکەن و دەستبەسەر شاری (ئاشوور)دا دەگرن کە یەکێک لە شوێنە هەرە پیرۆزەکانی ئاشوورییەکان بوو، بەمەش ورەی ئاشوورییەکان بەتەواوی دەڕوخێت، پاشان سوپای ماد بە هاوبەشی لەگەڵ سوپای بابلدا لە ساڵی (٦١٣ پ.ز) گەمارۆی نەینەوای پایتەختی ئاشوور دەدەن و دوای بەرەنگارییەکی سەخت لە ساڵی (٦١٢ پ.ز) شارەکە دەگرن و کۆتایی بە دەسەڵاتە ستەمکارو توندوتیژەکەی ئاشوور دەهێنن. دوورنیە هەر ئەم ڕاپەڕین و جەنگانەی مادەکان بێت لەدژی ئاشوور، کە فیردەوسی بەناوی شەڕی فەرەیدوون دژی زووحاک لە شاهنامەدا نووسیویەتییەوە (٤).

ئەمانەو زۆر گێڕانەوەی مێژوویی و ئەفسانەیی دیکەش دەربارەی بنچینەو ڕەگ و ڕیشەی نەورۆز هەیە کە لێرەدا دەرفەت نابێ لەسەر هەموویان بووەستین، بەڵام ئەوەی بۆمان بەرچاوە و شایەنی تێڕامانە ئەوەیە کە زۆربەی چیرۆکەکان یان ڕاستەوخۆ لە نێوو خاکی ئەمڕۆی کوردستاندا ڕوویداوە، یانیش لە خاکە نزیکەکانی چواردەوری، کە ڕۆژگارێک ئەوانیش بەشێک لە خاکی کوردستان بوون.

زۆری و جیاوازی چیرۆکەکان دەرخەری ئەو ڕاستیەن کە نەورۆز جەژنێکی هێندە کەوناراو دێرینە کە ناتوانین سەرەتاو بنچینەکەی بە یەک ڕووداوی مێژووییەوە ببەستینەوە، بەڵام بە لێکۆڵینەوە لە سروشت و شێوازی جەژنەکە دەگەینە ئەو باوەڕەی لانەی یەکەمینی ئەم جەژنە کوێستانە سەرکەشەکانی زاگرۆسە لە کوردستان، چونکە لە لایەک ڕاستەوخۆ دەکەوێتە باکووری پێدەشتە فراوانەکانی دۆڵی دوو ڕووبار کە بەوەش نزیکترین زنجیرەی کوێستانیە لە شارستانییەتە مەزنەکانی ناوچەکەوە، هەروەها لە لایەکی تریش سروشتی ساردو تووشی وەرزی زستان لە کوێستانەکانی زاگرۆس ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە هاتنی بەهار بۆ دانیشتووانی ئەم ناوچەیە چەندە پڕ بایەخ و گرنگ بووە. هەرچی ئاگریشە بۆ دانیشتووانی چیاکان پێویستیەکی بنەڕەتی بووە بۆ مانەوە لەژیاندا، بۆیە هیچ سەیر نیە ئەگەر بەرزو پیرۆز لەو توخمەیان ڕووانیبێت و ڕێزیان گرتبێ تا ئەوەی بۆتە هێمای ئەم جەژنەو وەک مژدەی دەستپێکی ژیانێکی نوێ و وەرزی کشتوکاڵ و بەروبووم ناساندوویانە. ئەمە جگە لەوەی کە بۆ ناوچەیەکی شاخاوی کە هاتووچۆ تێیدا ئاسان نیە، باشترین هێمای گەیاندنی هەواڵ و پێشهاتەکان کردنەوەی ئاگر بووە لەسەر بەرزایی و لوتکەی چیاکان، هەر بۆیە لە ئێوارەی نەورۆزدا لەسەر لوتکەی چیاو بەرزاییەکان بە بڵێسەی ئاگر مژدەی هاتنی وەرزی بەهارو ساڵی نوێیان بە یەکتری داوە.

 

نووسینی: ئاریان ئومێد حەمەتاڵ

 

سەرچاوە و پەراوێزەکان: -

(١) تەیفور: بنچینەی میتۆلۆژیای نەورۆز، گۆڤاری گزینگ، ژمارە ۳، (سوید، ۱۹۹٤)، ل ٥.

(٢) عەبدولخالق سەرسام: ئەو کاتانەی ئێراق هەمووی کوردستان بوو، چاپی یەکەم، چاپخانەی منارە، (هەولێر، ۲۰۰٥)، ل ۳۷-۳۹.

(٣) پ.د.زرار سدیق: نەورۆزی کوردستان لە ئەفسانەوە بۆ مێژوو، چاپخانەی زانکۆی سەڵاحەدین، (هەولێر، ۲۰۱۷)، ل ۳٤-۳٥.

(٤) فازڵ ئوسولیان: نەورۆز ئەفسانە نییە ڕووداوێکی مێژووییە، (سوید، ۲۰۱۸)، ل ٧-٨.

زۆرترین بینراو

developed by Scorpion shield