شێوازی دەسەڵاتەکان و دەستور لە دەوڵەتی فیدڕاڵیدا

بڵاوکردنەوە:

شادی غەفوور

نووسەر:

شادی غەفوور

بینراو:

402

بەش:

ڕامیاری

لە دەوڵەتی فیدڕاڵیدا دوانەیی دەسەڵاتەکان بوونیان هەیە. دەوڵەتی فیدڕاڵی، لەسەر بنەمایەکی یاسایی دامەزراوە کە دەستوور دیاری دەکات، دەستوور لە دەوڵەتی فیدڕاڵیدا دەسەڵاتەکان دیاری دەکات و ئامرازی سەربەخۆی خۆجێیی و دەسەڵاتی ناوەند دیاری دەکات. دەستوور، ئاماژە بە لێکجیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان دەکات، و دەسەڵاتەکان دیاری دەکات لە دەوڵەتدا و لە سەرووی هەموو یاسا و ڕێسایەکەوەیە. بێگومان یەکەم گەرەنتی بوونی دەوڵەتی فیدڕاڵی، دەستوورێکی نوسراوە.

هەر بۆ بەرچاو ڕوونی دوو جۆر دەستوورمان هەیە: دەستووری نوسراو و نەنوسراو. دەستووری نوسراو وەک: دەستووری عێراق. دەستووری نەنوسراو وەک: دەستووری بەریتانیا.

بەڵام بۆ بوونی دەوڵەتی فیدڕاڵی دەبێت دەستوورەکەمان نوسراوبێت. دەستوور، گرنگە لە دەوڵەتی فیدڕاڵیدا لەبەر ئەوەی پەیوەندیی نێوان دەسەڵاتی هەرێمەکان و دەوڵەتی فیدڕاڵی ڕێکدەخات. دەبێت دەستوور ڕوون و ئاشکرا بێت، ئەم خاڵەش لەگەڵ دەستووری نوسراودا یەکدەگرێتەوە.

لە دەوڵەتی فیدڕاڵیدا دوانەیی دەستوور بوونی ھەیە، لەگەڵ ئەوەشدا دوانەیی دەسەڵاتی جێبەجێكردن  یاسادانان و دادوەریە. دوانەیی دەسەڵاتی جێبەجێکردن، واتا دەسەڵاتی جێبەجێکردنی هەرێمەکان و دەوڵەتی فیدڕاڵی بەجیا بوونیان هەیە. دەسەڵاتی جێبەجێکردن، بەگوێرەی شێوازەکانی حوکمڕانی گۆڕانی بەسەردادێت. دەسەڵاتی جێبەجێکردن لە سەرۆک و حکومەتی فیدڕاڵی پێکدێت ئەو دەسەڵاتە سەرپەرشتی تەواوی دەوڵەتی فیدڕاڵی دەکات. هەروەها، کاروبارەکانی ئەو دەسەڵاتە بریتییە لە (بەستنی پەیماننامەکان، ئاڵوگۆڕی نوێنەری دیپلۆماسی سیاسی، کاروبارەکانی بازرگانی و ڕاگەیاندنی شەڕ و ئاشتی). لە ماددەی (٦٦) ی دەستووری ئێراق دەڵێت: "دەسەڵاتی جێبەجێکردنی فیدڕاڵی، پێکدێت لە سەرۆک کۆمار و ئەنجومەنی وەزیران، بەگوێرەی دەستوور و یاسا دەسەڵاتەکانی خۆیان بەڕێوە دەبەن." دەسەڵاتی جێبەجێکردن، پێویستە سەرپەرشتی هەرێم و پارێزگاکان بکات. هەروەها، لەسەر سەرۆک کۆمار و ئەنجومەنی وەزیرانە بە ئەرکی خۆیان هەڵبستن کە کارەکانیان لە ڕێگەی دەستوورە وە بۆ دیاری کراوە. هەروەها، بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی حکومەتی فیدڕاڵی سێ ڕێگا هەیە:

١ - ڕێگای بەڕێوبردنی ڕاستەخۆ، لەو ڕێگایەدا حکومەتی فیدڕاڵی بەڕێوبەرایەتی تایبەتی خۆی لەناو هەرێمەکە درووست دەکات. بەڵام، ئەو بەڕێوبەرایەتییە ملکەچی حکومەتی فیدڕاڵیە و سەربەخۆیە لە هەرێمەکان.

٢ - بەڕێوبردنی ناڕاستەوخۆ، لەو ڕێگایەدا هەرێمەکان چالاکی بەڕێوەبردن جێبەجێدەکەن. بەڵام، لەژێر چاودێری حکومەتی فیدڕاڵی.

٣ - بریتییە لە ڕێگای بەڕێوبردنی تێکەڵ، ئەو ڕێگایە کۆکراوەی هەردووک ڕێگای پێشترە، کە ئەم ڕێگایە دانراوە لەسەر بنەمای دابەشکردنی ئەرکی جێبەجێکردنی یاسا و بڕیارەکانی فیدڕاڵی. دەسەڵاتی جێبەجێکردن هەڵدەستێت بە دەرکردنی بڕیار و ڕێنمای بۆ ئاسان جێبەجێ کردنی یاساکان.

 

تێبینی/ ئەم بابەتە تەواوکەرەکەی ماوە کە پێکدێت لە دەسەڵاتی یاسادانان و دادوەری لە دەوڵەتی فیدڕاڵیدا.

زۆرترین بینراو

developed by Scorpion shield