تۆ کامیانیت؟
بڵاوکردنەوە:
زنار بابەکر
نووسەر:
زنار بابەکر
بینراو:
473
بەش:
وێژە
مرۆڤەکان سرووشتێکی زۆر نەشیاویان هەیە لە ڕووانین و سەرنج بۆ هەندێک لە ڕووداو و بارودۆخەکانی ژیان. کاتێک کە شتێک ڕوودەدات – بەتایبەت شتێکی ناخۆش – ئەگەر ژێرئاگاییانەشبێت ڕاستەوخۆ دەپرسین بۆچی؟ بەڵام لە وەڵامدا، سۆزی هەنووکە دەسەپێنین بێ بیرکردنەوەیەکی قووڵتر و ژیرانەتر لە هۆکاری بنچینەیی بۆ ڕووداوەکە. کێ دەزانێ! لەوانەیە دۆزینەوەی هۆکاری ڕەگوڕیشە سۆزێکی دڵڕەوێن بە تۆ بدات لەبڕی ئەو سۆزە دڵتەزێنە هەنووکەییەی بڕیارەکەت پێی لەسەر دا.
دەتوانم بە نموونەی زۆر سانا ئەمە لە تۆ بگەیەنم؛ ئەگەر تۆ باخەوانیت، یاخود هەر تەنها پەرۆشێکی بەجۆشی ئاسپاییت بۆ بەخێوکردنی گوڵ و ڕووەک، کامەی لەناو هەموو ئەوانەی لە هەر گۆشەیەکی ماڵەکەت داتناوە لە گشتیان ناسکتر و هەمان کات گەشتریشە؟ ئەوەی کە زۆرترین نازی کێشراوە و لە بۆنی دەستوپەنجە ئاوبەخشەکانی تۆی مژیوە. لەوانەیە ساتێک ڕووبدات کە هەر ئاسایی بەلایاندا تێپەڕببیت، دەستێک بە پەلکەکانیدا بهێنیت و ئەویش گوڵێک هەڵبوەرێنێت – ئەگەرچی زۆر بەنەرمونیانی تۆ دەستت لێیدا و ناتوانیت باوەڕبهێنیت کە چۆن هەر وا پەلکەکانی هەڵوەڕی. بەڵام، لەو کاتەی کە تۆ ئەو هەستە ناخۆشەت بۆ درووستدەبێت و دەڵێیت: "ئای خوایە! کە گوڵێکی ناسک و بێتامە،" بیر لەوە ناکەیتەوە کە ئەو لە ناز و پەرۆشی بۆ تۆ ناسکبۆتەوە بە ڕادەیەک کە هەر تەها دەستلێدان و زیانگەیاندنێکی سادە و ساکار، پەلکەکانی هەڵدەوەرێنێت تاکوو نازی زیاتر بکات بەسەر دەستوپەنجە خۆشویستراوەکانی تۆوە.
ئایا هەرگیز بەم شێوەیە بیرت لە ڕووداوێک و حاڵەتێکی هاوشێوە کردۆتەوە؟ بەدەگمەن! مناڵێک کە بەدوای دایکیدا دەگری، بۆچی دەبێت ئەو دایکە بڵێت، "ئاهـ! مناڵێکی چەند بێزارکەر و بەزەعمەتە، خۆ ئازادی لێ زەوتکردووم!" دەی، ئاخر، ئەو مناڵە ئەگەر پەرۆشی دایکی نەبێت و تەنها لە باوەشی دایکیدا هەست بە پارێزراوی نەکات، بۆچی ئەگەر لای من و تۆ یان هەر کەسێکی تریش بێت، دەگری؟ مناڵی داماو لە وابەستە و خۆشەویستی بۆ دایکی بێزارکەربووە و بووە بە ئەرک بەسەرییەوە. کەوابێت، تاوان نییە ئەو دایکە دادوەری ئەوە بکات کە ئەو مناڵە ئازادی لێ زەوت کردووە، لە کاتێکدا کە ئەو زەوتیی ئازادکردنە لە خۆشەویستییەوە سەری هەڵداوە؟ ...
لێرەدا، دوو جۆری مرۆڤ پەیدا دەبێت: ١) ئەوانەی کە بۆیان دەردەکەوێت ئەم زەوتبوونەی ئازادی دڵڕەوێنە بەهۆی ئەوەی کە لە خۆشەویستییەوە سەری هەڵداوە. هەروەها، ٢) ئەوانەی کە بۆیان دەردەکەوێت ئەو خۆشەوسیتییە بووەتە هۆی دڵتەزاندن بەهۆی ئەوەی کە ئازادی لێیان زەوتکردووە.
تۆ لەگەڵ کامیانیت؟ با من زیاتر ڕوونکردنەوەت لەسەر ئەم دوو جۆرە مرۆڤە بۆ بدەم تاکوو بتوانیت بڕیاربدەیت ...
ئەوانەی کە پێیان وایە زەوتبوونی ئازادییەکە دەبێت بە هۆی دڵڕەوێنی، ئەوە ئەو مرۆڤانەن کە خۆشەویستییەکەیان زیاتر دەوێت وەکوو لە ئازادی. بەڵام، ئەوانەی کە پێیان وایە خۆشەویستی بووەتە هۆی زەوتبوونی ئازادی، ئەوە ئازادییان زیاتر دەوێت وەکوو لە خۆشەویستی. مرۆڤ کاتێک کە هەر شتێکی دەوێت – من باس لە شتێک دەکەم کە لە ئاستێکی زۆر باڵادا مرۆڤ دەیخوازێت – ئەوە ئامادەیی ئەوەی دەبێت تا هەموو شتێکی تری بۆ بکات بە قوربانی. جا، ئەو مرۆڤانەی کە وا بیردەکەنەوە ئەو زەوتبوونە ئازادییەی کە لە خۆشەویستییەوە سەری هەڵداوە دڵڕەوێنییان پێدەبەخشێت، ئەوە باکیان بەوە نییە تا ئازادییان بکەن بە قوربانی لەپێناو بەدەستهێنانی خۆشەویستی. لە کاتێکدا، ئەوانەی کە هەست دەکەن ئازادییان زەوتبووە بەهۆی دڵتەزێنیی خۆشەویستی، ئەوە هەنگاو ناگەڕێننە دواوە لە قوربانیکردنی ئەو خۆشەویستییە لەپێناو بەدەستهێنانی ئازادی. کەوابێت، ئێستا پێمبڵێ و بڕیاربدە: تۆ کامیانیت؟
پێویست ناکات کە لە بڕیارداندا هەست بە دوودڵی و گومان بکەیت لەوەی کە نەکات ئاخۆ خاوەن سرووشت و کەسێتییەکی هەڵە و ناڕەوابیت، نەخێر! مەگەر هەموو مرۆڤێک مافی خۆی نییە بەدوای ئەوەدا وێڵبێت کە خۆی دەیەوێت؟ هیچ کەسێک ناتوانێت ئەم مافە لە هیچ کەسی تر بسەنێت و دادوەری ئەوەی بەسەردا بکات کە ئەو شتەی خۆی دەیەوێت، نەگونجاو یاخود نەشیاوبێت؛ هەمووان تەنها خودی خۆمانین کە دەزانین بەڕاستی چیمان دەوێت. ئەوەشی کە تۆ زیاتر لە هەموو شتێکی تر دەتەوێت و دەبینیت کەوتوویتە بارودۆخێکەوە کە ئەم دوو شتە کارلێک لەگەڵ یەکتردا دەکەن و کاتی بڕیاردان هاتووە بۆ قوربانیکردنی یەکێکیان لەپێناو بەدەستهێنانی ئەوەی تریان، ئەوە دەبێت چی بکەیت؟ ئەگەرچی تۆ هەردووکیانت هەردەوێت، بەڵام نکۆڵی لەوەشدا نییە کە یەکێکیان زیاتر لەوەی تریان ... کەوابێت، تۆ چی دەکەیت؟
هەیە کە لەم حاڵەتەدا بەدوای هەردوو کەروێشک دەکەوێت و دەرئەنجام هەردووکی لەدەستدەردەچێت! ئەوانە ساویلکەترین مرۆڤن. کەسی ئاسایی و تەندرووستیش، دەوترێت کە بێگومان دەبێت ئەوە هەڵبژێرێت کە زیاتر دەیەوێت؛ ئەمە بڕیارێکی ژیرانەیە، وانییە؟ دەی ئەو کەسە ئاساییانە ئەوانەن کە لەسەر بنەمایەکی بیرسایی پەیڕەوی ژیان دەکەن و بڕیار لەسەر حاڵەت و ڕووداوەکان دەدەن. بەڵام، هەشە کە لە کاتێکدا هەنگاو دەنێت بۆ هەڵبژاردنی ئەوەی زیاتر دەیەوێت، سۆزێک دەیکێشێتە دواوە و زۆربەی جاریش تەنانەت دەکەوێتە ژێر ڕکێفی ئەو سۆزەوە و دەرەنجام ئەوە هەڵدەبژێرێت کە سەرەتا بڕیاری دابوو کەمترە دەیەوێت. بۆچی؟ چونکە ئەم جۆرە مرۆڤانە بیریان دیوێکی سۆزیاری باڵادەستی بەسەردا هەیە و پێوەرێکی وەکوو "زیاتر ویستن" و "کەمتر ویستن" نایانگرێتەوە بۆ لێکدانەوەی بڕیارەکانیان، بەڵکوو بۆ بڕیاردان لەسەر ئەوەی کە کامەیان دەوێت ئەوە هەمیشە لە کۆتاییدا ئەوەیان هەڵبژاردووە کە سۆزێکی زیاتری پێیان بەخشیوە و دەستەمۆیانی کردووە لەماوەی ڕەوەندی هەنگاونان بۆ بڕیارەکەیان.
من، لەم دێڕە، ئەگەر گوێبیستی کاردانەوە و هەڵوێستەکانت بم لە کاتی خوێندنەوەی داڕشتەی پێشووتر، ئەوە ڕاستەوخۆ دەتوانم بڕیاربدەم کە تۆ کام جۆرەی مرۆڤیت! ... ساویلکەکان، ئاسانن بۆ جیاکردنەوە. ئەوانەشی کە زۆر بەئاسانی دەتوانن بڕیاری ئەوەی بدەن بۆ هەڵبژاردنی ئەوەی کە زیاتر دەیانەوێت، بریتین لە مرۆڤە ژیرمەندەکان. لە کاتێکدا، ئەوانەشی کە ناکۆکییەکی سۆزیاری دەیانگرێتەوە و بە بارودۆخێکدا تێپەردەبن کە لەوانەیە هەڵبژاردە چاوەڕواننەکراوەکەش هەڵبژێرن، ئەوە بریتین لە مرۆڤە سۆزیارەکان. جا، ئیستا ئەگەر تۆ لە مرۆڤە ژیرمەندەکان بیت و ئەمە بخوێنیتەوە، هیچ گومانێک لەوەدا نییە کە مرۆڤە سۆزیارەکان بە ساویلکەتریش دەبینیت لەوەی کە من ناوم بردوون بە "ساویلکەکان!" بەڵام، کەی ژیرمەندی مرۆڤ توانیویەتی سۆز لێکبداتەوە و شیکردنەوەی بۆ بکات؟ کەوابێت، مرۆڤە سۆزیارەکان ناڕەوانین لەوەی کە ژیرمەندان هەرگیز ناتوانن لێیان تێبگەن کە بۆچی زۆرجار بڕیار لەسەر هەڵبژاردە چاوەڕواننەکراوەکان دەدەن ...
تۆ، ئەگەر هەر جۆرە مرۆڤێک بیت و بە هەر بنەما و بنچینەیەک پەیڕەوی بڕیاردان لەسەر حاڵەت و ڕووداوەکانی ژیان بکەیت، ئەوە هەرگیز ناتوانیت بە شێوەیەکی ڕەهایی یەکلایی بکەیتەوە کە کام جۆرەی مرۆڤ هەڵەیە و کامەشی ڕاست ... دەزانیت بۆچی؟ لەبەرئەوەی ئەو بیرکردنەوە و پەیڕەوەی کە جۆرە کەسێک بۆ ژیان هەیەتی و وای لێدەکات بڕیاربدات بۆ هەر شتێک، جیاوازە لەوەی کە کەسێکی تر هەیەتی و بەم شێوەیەش ئەو کەسە مافی ڕەوای خۆی دەبێت کە بڕیار لەسەر شتەکەی تر بدات بەبێ ئەوەی کە دادوەری ڕاست یاخود هەڵەی بەسەردا بکرێت. تۆ ناتوانیت دادوەری بەسەر مرۆڤەکاندا بکەیت بۆ ڕاست و هەڵە لەسەر بنەما و بنچینەی بیرکردنەوەی خودیی خۆت بۆ بڕیاردان، بەڵکوو هەمیشە دەبێت تەواو قووڵبووبیتەوە لە بیرکردنەوەی ئەوان ئینجا دەتوانیت بڕیاربدەیت کە ئاخۆ ڕاستبوون یان هەڵە لە هەر بڕیارێک بۆ ژیانیان. کە دەشوترێت، "خۆت بڕیارەکانی ژیانی خۆت بدە،" هەر لە تێگەیشتن لەمەوە وتراوە چونکە هیچ کەس ئەوەندەی خۆت قووڵنەبۆتەوە لە بیری خۆتدا و مافی ڕەوای نییە بۆ بڕیاردان لەسەر ئەوەی کە کامە ڕاستە و کامەی هەڵە.
مرۆڤێک کە لەسەر بنەمای ژیری دەژیات، وا دەزانێت کە کەسێکی سۆزیار هەمان ئامانج و مەبەستی ئەوی هەیە لە ژیان. بۆیە، وا بیردەکاتەوە کە لە حاڵەتەکان دەبێت وەکوو ئەو ژیرانە بڕیاربدات؛ بێئاگا لەوەی کە مەبەست و ئامانجی مرۆڤی سۆزیار زۆر دوورەپەرێزە لە مرۆڤی ژیرمەند و ئەگەر بە قسەی ئەو بکات ئەوە لەوانەیە ئەوە بەدەستنەهێنێت کە ئامانج و مەبەستی ڕاستەقینەی خۆیەتی بۆ ژیان. لە هەمان کاتیشدا، مرۆڤانی ژیرمەند لە حاڵەتی سەخت و تەنگ بڕیاری وەها توند دەدەن کە ئەگەر مرۆڤێکی سۆزیار ئەوە بکات، لەوانەیە تووشی تێکچوونێکی دەروونی ببێتەوە کە هەر خوا خۆی دەزانێت بۆ ماوەی چەند! دەڵێن، "ئەوە چۆن دەتوانێت بڕیاری وا بدات، خوایە گیان!" ئەوانیش هەر بێئاگا لەوەی کە مرۆڤی ژیرمەند تەنانەت دیوە سۆزیارەکەی بڕیارەکە بە شێوەیەکی کەم نەبێت هەر کاریگەریشی نابێت بەسەرییەوە چونکە ئەو لەپێناو مەبەست و ئامانجی گەورەتری خۆی توانیویەتی ئەو بڕیارە بدات ... دەبینیت؟ هیچ کام لەوانە بە ڕەچاوکردنی خودی خۆیان، بۆ خۆیان، هەڵە نین. کەچی، بە ڕەچاوکردنی ئەویان، بۆ ئەمیان، لە هەڵەش هەڵەترن! ...
ئەوەی تا ئێرە باسم کردووە، تا ڕادەیەکی باش دەتوانێت ئەم دوو جۆرەی مرۆڤ لە تۆ بگەیەنێت؛ ناکرێت نەتوانیت ئێستا بڕیار بدەیت کە ئاخۆ تۆ کامیانیت؟ ... بەڵام، جیا لە دۆزینەوە و زانینی ئەوەی تۆ کامیانیت، ئەوەی بەلای منەوە گرنگتر و جێگەی بایەخی زیاترە بریتییە لە بەخشینی تێڕامان و هەڵسەنگاندنێکی قووڵتر لە بابەتەکە. تۆ، وەرە با مەسەلەی "ڕەوشت" بخەینە ناو بابەتەکەوە ...
چی دەبێت ئەگەر هاتوو بڕیاردان لەسەر یەکیک لە دوو هەڵبژاردەکە، بە ژیانی کەسێکی ترەوە بەسترابوو! واتە، گریمان کە تۆ کەوتوویتە بارودۆخێکەوە بۆ بڕیاردان لەسەر یەکێک لە دوو هەڵبژاردە کە هەڵبژاردنی ئەوەی خۆت دەتەوێت کاریگەری نەرێنی بەسەر کەسی بەرانبەردا هەیە، لە کاتێکدا ڕەتکردنەوەی هەڵبژاردن بۆ ئەوەی کە خۆت کەمتر دەتەوێت کاریگەری ئەرێنی بەسەر کەسی بەرانبەردا هەیە. ئەمە ئەگەر تۆ بیت، چی دەکەیت لەم حاڵەتەدا؟ ... با هەڵسەنگاندن بۆ بڕیارەکە بکەین لەنێوان مرۆڤی ژیرمەند و سۆزیاردا.
مرۆڤی ژیرمەند؛ بیردەکاتەوە و دەڵێت، ئەگەر من مافم هەبێت تا ئەوە هەڵبژێرم کە خۆم زیاتر دەمەوێت، بۆچی دەبێت من مافی خۆم پێشێل بکەم و لەپێناو کەسی بەرانبەردا ئەم هەلە ڕەتبکەمەوە لەپێناو بەدەستهێنانی ئەوەی کە دەمەوێت؟ بەڵام، با تۆ ئەوەش بەدەستبهێنیت کە دەتەوێت، ئایا ژیرانەیە کە تۆ هەڵوێستێکی ناڕەوشتی بنوێنیت و کاریگەرییەکی نەرێنی بەسەر ژیانی کەسی بەرانبەردا جێبهێڵیت؟ دەی، لە هەمان کاتدا، ئەوەش ژیرانە نییە کە تۆ لەپێناو خەمخواردن لە ژیانی کەسی بەرانبەر، ئەوە ڕەتبکەیتەوە کە مافی خۆت بووە تا بەدەستی بهێنیت! کەوابێت، تۆی مرۆڤی ژیرمەند لەم حاڵەتەدا چی دەکەیت؟ ... ئەگەر هاتوو تۆ، بە ژیری خۆت، خۆویستیت هەڵبژارد و باکت بەوە نەبوو کاریگەرییە نەرێنییەکە بەسەر کەسی بەرانبەردا جێبهێڵیت، ئەوە تۆ کەسێکی کە بە "ژیری رەها" پەیڕەوی ژیان دەکەیت. چونکە، لە حاڵەتی لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی کەسیدا، ئەوە بەرژەوەندی خودی خۆت لەسەرووی هەموو کەسێکی ترەوەیە و تەنها خودی خۆتیت کە لە هەموو کەس زیاتر بۆ خۆت دەژیت – هیچ شتێک ناتوانێت مافی ئەوەت لێبسەنێت کە هەمیشە ژیرانە بەرژەوەندیخواز بیت. بەڵام، ئەگەر تۆی ژیرمەند لەم حاڵەتەدا، بەرژەوەندی ژیانی خۆتت ڕەتکردەوە و لایەنە ڕەوشتییەکەت گرت بۆ هەبوونی کاریەگەرییەکی ئەرێنی لەسەر کەسی بەرانبەر، ئەوە دەشێت بوترێت کە تۆ مرۆڤێکی "ژیرمەندی سۆزیاریت." واتە، ئەگەرچی کە هەمیشە ڕەچاوی ژیری دەکەیت بۆ بڕیاردان لەسەر ژیان، بەڵام دیوێکی سۆزیاری لە تۆدا هەیە کە ناهێڵێت لایەنی ڕەوشتی خۆت بۆ دەوروبەر و کۆمەڵگە لەدەست بدەیت.
ئەی، مرۆڤە سۆزیارەکان چی دەکەن؟ پێتوایە ئەوانەی کە بە سۆزی ڕەها پەیڕەوی ژیان دەکەن دەتوانن پشت لە دیوە ڕەوشتییەکە بکەن و کاریگەری نەرێنی بەسەر کەسی بەرانبەردا جێبهێڵن لەپێناو ژیانی خۆیان؟ هەرگیز! بەڵام، هەشە کە تا ڕادەیەکی باش دەسەڵاتی بەسەر سۆزەکانی خۆیدا هەیە و دەتوانێت بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی کەسی، بڕیار بۆ هەڵبژاردنی ئەوە بدات کە خۆی دەیەوێت و ژیری بنوێنێت لە حاڵەتەکەدا؛ ئەوانەش دەشێت بوترێت کە بریتین لە مرۆڤانی "سۆزیاری ژیر." واتە، ئەگەرچی هەمیشە سۆزیارییان ڕەنگدانەوەی خۆی هەیە لە دەروونیان، بەڵام ژیرانەش دەڕووانن بۆ گەیشتن بە ئامانج و مەبسەتەکانی خۆیان لە ژیان.
لەناو هەموو ئەم جۆرە مرۆڤانەدا، مافی ئەوە بە خۆم نادەم کە دادوەری ئەو بکەم ئاخۆ کامەیان خراپ، باش، باشتر یان باشترینە، هەرگیز! کۆمەڵگە پێویستی بە هەر یەکێک لەم جۆرە مرۆڤانە هەیە؛ هەر یەکێک لەم جۆرە مرۆڤانە ئامانج و مەبەستی دیاریکراوی خۆی بۆ ژیان هەیە، کە دڵنیابە بە ڕەچاوکردنی بیرکردنەوە و بنەمایی پەیڕەوی ئەوەی تریان هەڵە و نەشیاوە، بەڵام بەپێی بیروباوەڕی خۆی نکۆڵی ناکرێت لە ڕاستی و درووستی. بۆیە، دەرەنجام هەر یەکێک لەم جۆرە مرۆڤانە کەسایەتییەکی جیاواز درووستدەکات کە کاریگەری و ڕۆڵی خۆی دەگێڕێت لەناو کۆمەڵگە. تۆ ناتوانیت مرۆڤێکی سۆزیار بکەیت بە دادوەر تا لەسەر سۆزی خۆی داد پەیڕەو بکات، هەروەک چۆنیش ناتوانیت مرۆڤێکی ژیرمەند بکەیت بە چاودێر لە دایەنگە تا هەرکات زانی لە ڕادەبەدەری چەشتووە کە نە دەروونیەن و نە جەستەییەن توانای ماوە یەکسەر چی مناڵە لەو ناوە وێڵی بکات. لەوانەیە مرۆڤانی سۆزیاری ژیرمەند بتوانن تەنانەت بگەنە ناو پێگەی ڕامیاریی بەرزیش لە کۆمەڵگە، بەڵام هەرگیز جێگەی ئەو سۆزیارە ڕەهاییانە ناگرنەوە کە ئەگەر دەسەڵاتیان هەبێت دەتوانن چەندەها کاریگەری گەورە و مەزنی خۆبەخشی و فیدایی بەجێبگەیەنن بۆ خزمەتی تاکەکانی کۆمەڵگە. دەشێت ئەوانەش کە بە ژیری ڕەها پەیڕەوی ژیان دەکەن بگەن بە سەرمایە یاخود دەسەڵاتێکی باوەڕپێنەکراو لە جیهاندا، بەڵام ئەوانەش کە بە ژیرییەکی سۆزیاری دەژین بەزۆری بریتین لەوانەی کە ناویان بۆ هەمیشە بە نەمری ماوەتەوە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا ... هیچ کام لەم جۆرە مرۆڤانە ناپێویست و نەشیاو نییە، بەڵکوو نەک هەر یەکیان کاریگەری بێهاوتای خۆی هەیە، تەنانەت هەر جۆرێکیان بەتەواوەتی پەیوەستە بە ژیانی جۆرەکەی تریانەوە.
کەوابێت، دوای ئەوەی کە زانیت تۆ کامیانیت و چۆنیت و چیت دەوێت، هەرگیز دوودڵ مەبە لەوەی کە بە نواندنی ناسنامەی ڕاستەقینەی خۆی کەسایەتی خۆت لە حالەت و بارودۆخە جیاوازەکانی ژیاندا هەڵە و نەشیاوبیت. تەنها هەڵە و نەشیاوییەکی ڕەها کە بوونی هەبێت، ئەوەیە کە تۆ خۆت یەکلایی نەکردبێتەوە چۆنیت و چیت! واتە، بەدوای ناسنامەی خۆتدا نەگەڕابیت و ونبووانە لەسەر ڕووداوەکانی ژیاندا بڕیاربدەیت. هەر کاتێک کە تۆ ئاگاییانە و هۆشیارانە بەپێی جۆری کەسێتی خۆت بڕیارت بۆ ڕووداوەکانی ژیان دا، دڵنیابە کە ئەگەر لە پاشەڕۆژدا پەشیمانیش هەبوو ئەوە لەجیاتی زیان سوودی بۆت هەیە! چونکە، بیرت دێتەوە کە چیت کردووە و لەسەر چ بنەمایەک کردووتە، بۆیە زیاتر ناسنامەی خۆت لە دەرەنجامەکاندا بۆ دەردەکەوێت و فێردەبیت کە بۆ جاری داهاتوو چی بکەیت و چۆن بیت. بەڵام، ئەوانەی کە هەر بڕیارێک دەدەن نە دەزانن بۆ دەیدەن، نە دەزانن بەتەواوەتی چیان دەوێت، بۆچی دەیانەوێت و چۆنیش دەیانەوێت، تەنها کەسانێکن کە لە هەبوونی پەشیمانی پاشەڕۆژدا جگە لە زیان هیچی تر نابینن؛ ئەوانەش هێشتا نازانن چۆن دەژین و بۆچی دەژین.
بابەتی هاوشێوە
زۆرترین بینراو
developed by Scorpion shield