چەقاوەسوو

بڵاوکردنەوە:

هاوڕێ جەلال

نووسەر:

هاوڕێ جەلال

بینراو:

426

بەش:

زمان

لەم ڕۆژانەدا چیرۆکێکی هەڵبەستراو و بێبنەما؛ خراوەتە تەک ئەم وشەیە. ئەو کەسەی ئەم کارەی کردووە؛ ئەگەر دەسەڵات و لایەنێکی خەمخۆر لە زمانی کوردیی هەبووایە؛ دەبوو لەسەر ئەم کارەی سزای بدات و تەبەقەتڕانەی لێ بسەنێت!

من چ دەسەڵاتم نییە و ئاگریش بم؛ پووشێکم پێ ناسووتێت.  بەڵام بۆئەوەی نەبێتە (اضعف الایمان). هەوڵ دەدەین بە قسان و بە زمان بیگۆڕین! هەر نەبێت بۆ مێژوو؛ بێدەنگیی دەشکێنین و گلەیی نەوەی دادێ و خەڵکە ڕۆشنبیرەکە دەڕەوێنینەوە

 

وشەی (چەقاوەسوو)، وشەیەکی ڕەسەنی کوردییە و پەیوەندیی بە نیسکافە و کاپوچینە و کاکاوەوە نییە!

ئاخر کفری زمانە! تۆ پێکهاتە و مانای وشەیەک نەزانیت؛ بێیت دەمی لێ بکوتیت و چیرۆکێکی پێدا دابکوتیت. بۆ نموونە بڵێیت عەلەشیش لە ناو عەلییەکەوە هاتووە کە شیشی فڕۆشتووە. یان بڵێیت وشەی خورما لە (خور و ما)وە هاتووە واتە (خۆر و مانگ). چیرۆکی کابرایەکی ئەستەمبووڵیش، هەر سەر بەم وڕێنە و هاتەران و پاتەرانەیە.

بۆ دڵنیایی تەواوتان. ئەگەر چیرۆکسازی وشەکە بتوانێت. چیرۆکەکە پشتڕاست بکاتەوە و قسەکانی بسەلمێنێت؛ هەموو خوێنەرەکان گەواهیدەر بن. هەرچی داوایەکی هەبێت بۆی جێبەجێ دەکەم.

 

وشەی چەقاوەسوو؛ نە دێوە و نەدرنجە. بەڵکوو زۆر سادە و ساکارە و لە کوردەوارییدا بەو بەردە دەوترێت کە ئاو لووسی کردبێت و سوویبێتیەوە

چەق+ئاو+ە+سوو

لە شەبەکییدا بە (خزەکەمەر) هەیە. واتە بەردی خز و لووس (کەمەر= بەرد، کەڤر)

وشەی چەقاوەسوو، بە مانای گوزارەییش(کینایە، ئیدیۆم)؛ بە کەسێک دەوترێت کە سیوایی هاتبێتەوە. واتە بێشەرم و بێحەیا بێت. (بە منداڵی هاروهاج و بزۆز و لاسار و چوختیی و چەتوون و سەربزێویش وتراوە)

 بۆ دڵنیایی؛ ئەم دەربڕینە لە کوردەوارییدا هەیە: ((دەڵێی بەردی ئاوەسووە))

بەردی ئاوەسوو، ڕێک چەقاوەسووە.

وشەی چەق لە زمانی کوردییدا بە مانای (بەرد) دێت و بە مانای (سەخت، ڕەق)یش ڕۆشتووە.

نموونە:

چەقەن: ڕەقەن، چەقچەق، بەردەڵان

چەق: کەللـەڕەق، چەقەتە

چەق: گۆشتێکی ڕەق، کە ئاسان نەکوڵێت و نەجاورێت.

چەقەساو: ئەو بەردە لووسەی، شتی پێ دەسوون

چەقەتە: گۆشتێک کە هێشتا ڕەق بێت و بە تەواویی نەکوڵابێت(هەڵکزابێت)

بۆچی چەقاوەسوو بە مانای کەسی بێشەرم هاتووە؟

فەلسەفەکەی ئەوەیە؛  بەسەرداشکانەوەی هەر کردارێکی خراپ، مرۆڤ دەخاتە باری ئیحراجییەوە. لەم بارەدا، مرۆڤ کۆمەڵێک گۆڕانکاریی لە دەمووچاویدا ڕوو دەدات. لەوانە؛

سەری دادەگرێت، سەری شۆڕ دەکات (سەرشۆڕ، چاوشۆڕ، ملشۆڕ،..)

ڕووی گرژ دەبێت: لۆچی تێ دەکەوێت

ڕووزەرد دەبێت: ڕەنگی زەرد هەڵدەگەڕێت

ڕووی تەڕ دەبێت: ئارەق دەکاتەوە(ئارەقی شەرمەزاریی)

 

دوور لە ڕووتان؛ ئەگەر کەسێک بێشعوور بێت؛ هیچی پێ نەنگ و شوورەیی نەبێت؛ سڵ و کۆمە لە سەرئەنجامی خراپە ناکات و دەموچاویشی پێی ناشەمزێت و قسەی خەڵکی نائێشێت و پێی تێک ناچێت و بە تانە و سەرکۆنە سەغڵەت نابێت!

بۆ ئەو کەسانە وتراوە: ((ڕووی تەختە، ڕووسەختە: واتە چرچ و لۆچیی تێ ناکەوێت))، ((نە بای دیوە و نە بۆران))، ((لە خۆی ناهێنێت))، ((ڕووقایمە))، ((تەڕ نابێت))، ((چرچ لە ناوچاوانی نییە))، ((پەللووسە، پڵۆسە: ئەمە خۆی لە بنەڕەتدا بە لالووسەکەی جگ دەوترێت))، ((چاو و ڕووقایمە، چاوقایمە))، ((چەقاوەسووە، دەڵێی بەردی ئاوەسووە))، ((هیچ لە خۆی ناگرێت))

شێخ ڕەزا لەم دێڕەدا:

چەرمی ڕووی هێند قایمە، شمشێری میسریی نایبڕێ

گەر بە کەوشی کەی؛ دەمێنێ تا قیامەت نادڕێ

وەسفی ڕوو و ڕوخسار ناکات. بەڵکوو بە کورتیی پێمان دەڵێت (ڕووقایم: بێشەرم)ە!

 

هاوکێش و هاوئاوازی وشەی (چەقاوەسوو)شمان هەیە. وەک:

تاوەسوو: شتێک هەتاو بردبێتی

کەڵەسوو: مێییەیەک کە کەڵ زۆر سواری بوو بێت و هەراسان بووبێت 

چڵکەسوو: شتێک لە چڵکدا سووابێت (چڵک بردبێتی و چڵکەکەی لێ نەبێتەوە)، یان شۆردنێکی کەم کە چڵکەکەی پێوە مابێت

ئاوەسوو: هەر شتێک لە ناو ئاودا مابێتەوە چ دار و چ بەرد و چ شتی تر، کە وای لێ هاتبێت لووس بوو بێت، ئەم وشەیەش بە مرۆڤی بێشەرمیش و ڕووداریش دەوترێت. لە فارسییدا بە (آبساب) هەیە.

 

وشەی چەقاوەسوو، بەم شێوانەش هەیە: (چەقەسوو، چەقەتە، چەقە، چەقەسرۆ، چەقەسۆ، سواو، ئاوەسۆ، چەکەسوو،...).

حەز دەکەم کەمێکیش تیشک بخەمە سەر، ئەو گوزارەیە کە دەڵێت: ((تەڕ نابێت)) یان بە تێنگەیشتن لە مانا و فەلسەفەی دەربڕینەکە. گوزارەکە دەستکاریی کراوە وەک: ((دەڵێی مراوییە تەڕ نابێت))

چونکە مەبەست لەوە نییە کە کابرا بچێتە ناو ئاوەوە یان ئاوی پێدا بکەیت تەڕ نەبێت. ئەمە هیچ فەلسەفەیەکی تێدا نییە!

بەڵکوو ئەمە بە کەسی بێحەیا و بێعار دەوترێت. کە ئارەقی شەرمەزاریی دەرنەکات و ڕووخساری تەڕ نەبێت.

زۆرترین بینراو

developed by Scorpion shield