لەسەر پردەکە

بڵاوکردنەوە:

ئالان محەمەد

نووسەر:

ئالان محەمەد

بینراو:

937

بەش:

وێژە

ناتوانم بڵێم لە هەموو شتێک بێزار و ماندوو بووم، ناشتوانم پێچەوانەی ئەوە بڵێم بەوەی کە خوودی بوونم بە دەوروبەرمەوە بەستراوەتەوە. بەڵێ، ماڵێکی خۆشم هەبوو کە لە دایکمەوە بۆم مابۆوە، خاوەنی کارێکی باش بووم کە بژێوی مانگانەی بۆ دابین دەکردم، لە شارۆچکەیەکی سەلامەت بووم کە دەگمەن دەبیسترا یان دەبینرا تاوانێکی تێدا ڕووبدات. بەڵام هێشتا بەس نەبوون، هێشتا بەس نەبوون و هەستم بە ماندوویەتی دەکرد، وردتر بڵێم تەنیایی. تەواوی خەڵکی شارۆچکەکەم دەناسین، ئەوانیش بە هەمان شێوە، بەڵام تێکەڵاوییەکی ئەوتۆشمان نەبوو. تەنیا لەگەڵ من وانەبوون، لەگەڵ دەوروبەریشیان هەروابوون، ئەمەش سەیر نییە بەوەی کە هەمووی سێ ساڵە جەنگ تەواو بووە و خەڵک لە برینە جەستەیی و دەروونییەکانیان ساڕێژ دەبنەوە. هەر کە جەنگ تەواو بوو ئەوا گەڕامەوە بۆ نیشتیمان، ئای چەندە بۆی تامەزرۆ بووم، خەیاڵات و وێناییەکی زۆرم بۆی هەبوو. هەر کە گەڕامەوە، ئەوا ئەو خەیاڵاتە لەلایان واقیعەوە زللەیەکی بەرکەوت، چونکە ئەوەی چاوەڕێم دەکرد زۆر لەوە جیاواز بوو کە چاوەڕێی منی دەکرد. دوای ئەوەی له بەندەری کوشیا وەستاین، ئەوا لەسەر کەشتییەکە دابەزیم و ڕاستەوخۆ بەرەو وێستگەی شەمەندەفەرەکە بەڕێکەوتم، لەوێشەوە بەرەو شارۆچکەکەم، "کرایسیا". شارۆچکەکە هەروەکو خۆی مابۆوە، وەکو ئەوە وابوو لە ماوەی چەند ساڵی جێهێشتنیم هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهاتبووبێت. خانووەکان خاوەنی هەمان ڕەنگ بوون، هەڵبەتە بەشێکیان بۆیاغەکانیان کاڵ بووبۆوە و کۆن دەردەکەوتن. شەقامەکان وەکو هەمیشە بەتاڵ بوون، ئەو چاڵانەش کە لەوێ و لەوێ بوون و هەمووانیان بێزار دەکرد، ئەوا هەر لە شوێنی خۆیان مابوونەوە، شارەوانی هیچ گرنگییەکیان پێ نەدابوو. باخچەی گشتیش کە لە ڕاستیدا باخچەیەکی بچووک وەکو هەمیشە وەکو گۆڕستان وابوو، درەخت و گیایەکان کە دەبوایە سەوزبووبان ڕەنگێکی خۆڵەمێشی مردوویان گرتبوو. لە کاتێکدا بە جانتایە قورسەکەمەوە کە بە شانمەوە هەڵمگرتبوو، ئەوا بە ناوەندی شارۆچکەکەدا بەرەو ماڵەوە بەڕێ دەکەوتم. کە دەڕۆیشتم، ئەوا هەستم دەکرد چاودێری دەکرێم. لە لای ڕاستم کە دوکانێکی فرۆشتنی نان و کێک بوو، ئەوا شوقەیەک هەبوو کە ژن و مێردێکی پیر تێیدا دەمانەوە، ئەوانم دەناسی بەوەی کە کوڕەکەیان لەگەڵم بوو کاتێک ڕەوانەی سەربازی کراین. لەولاشەوە لە پێشم لەناو شوقەیەکدا پیاوێک هەبوو، تەمەنی نزیکی پەنجا ساڵێک دەبوو، ئەویشم بە هەمان شێوە دەناسی. کوڕێکی هەبوو کە ئەویش لەگەڵمان ناردرایە سەربازی. هەمووان لە پشت پەردەکانی ژوورەوەیان سەیریان دەکردم، هەوڵیان نەدەدا کە خۆیان بشارنەوە یان وابکەن من درکی پێ نەکەم، بەڵکو بە شێوەیەکی دیار له پشت پەنجەرەکانەوە وەستابوون و پەردەکەیان بە نیوەی لادابوو، وا لە منیان دەڕوانی وەکو ئەوەی خێوێک بم. ویستم دەست بەرز بکەمەوە و سڵاو بکەم، بەڵام ڕێک لەو ساتەدا دەنگێک لە مێشکمدا زرنگایەوە.

"برینیان لەوە قووڵتر مەکە، باش دەزانیت کە بۆچی وا بەم شێوەیە سەیرت دەکەن. کە تۆ دەبینن ئەوا کوڕەکانیان بیردێتەوە، ئەوان مردوون و تۆش زیندوویت." دەستم بەرز نەکردەوە، ڕووم کردە ئاڕاستەی شەقامەکە و بێ ئەوەی سەیریان بکەم لەوێ ڕۆیشتم. گەیشتمەوە ماڵەوە، خەریک بوو لە دەرگا بدەم، بەڵام بیرم هاتەوە هیچ کەسێک لە ماڵەوە نییە تاکو چاوەڕێم بکات. تاکە کەسێک کە هەمبوو ئەوا دایکم بوو، ئەویش حەوت مانگ پێش گەڕانەوەم بۆ نیشتیمان کۆچی دوایی کرد. تازە لە سەنگەری ئانشیا بەرەو هێڵەکانی دواوە دەگەڕاینەوە کە پۆستەیەکم بۆ هات، هەواڵی مەرگی دایکم بوو. ئەو کاتەی کە هەواڵەکەم بۆ هات ئەوا ڕێگەم بە خۆم نەدا هیچ کاردانەوەیەکم هەبێت، ئەو ڕاستییەم لە دڵی خۆم قوتدا، نەمتوانی لە کاتێکدا هاوڕێ و هاوکارەکانم لە بەرەکانی جەنگدا وا کۆمەڵکوژ دەکرێن خۆم بە هیچ شتێکی ترەوە سەرقاڵ بکەم، بۆیە نامەکەم هەڵگرت و لەناو باخەڵی دواوەی پانتۆڵەکەم هاویشت. کە هەنگاوم نایە ناو ماڵەکە ئەوا جانتایەکەم فڕێدایە سەر زەوی، بەرەو هۆڵەکە بەڕێکەوتم و لەسەر قەنەفەکە ڕاکشام... دوای ئەمەش کاردانەوەم بۆ هەواڵەکە لە دڵمدا زیندوو کردەوە و... ڕووخام.

بەیانییەکی سارد بوو، هەوری ڕەش بە ئاسمانەوە بوون و سەر زەوی بە تەمومژ داپۆشرابوو. تاکە کەسێک لەو ساتەدا لە دەرەوە بووبێت من بووم، تاکە ڕوحێک بووم لە دەرەوە. بە ناوەندی شارۆچکەکەدا ڕۆیشتم، هیچ شتێک باش نەدەبینرا. شەقامەکان، ڕێگایەکان، خانوو و دوکانەکان... تەم بە باوەشێک هەموو شتێکی بە ڕەنگێکی سپی سارد داپۆشی بوو. سەرەڕای ئەم نادیارییە بە ڕێی خۆم دەزانی، یاخود وا بیرم دەکردەوە کە دەمزانی. زۆری پێ نەچوو خۆم لەسەر پردی شارۆچکەکە بینی، پردێکی چل مەتری ئاسنین بوو لەسەر ڕووبارەکەی نێوان کایهێر و سنۆیر. پردێکی کۆن بوو، تەمەنی بۆ بیست و یەک ساڵ دەگەڕایەوە. نازانم چی وای لێ کردم بەسەر پردەکەدا بڕۆم، بێ ئەوەی خۆشم بمەوێت و بێ ئەوەی بزانم چۆن قاچەکانم بەرەوی چوون. لە کاتێکدا بە ڕێڕەوی تایبەت بە پیادە دەڕۆیشتم، ئەوا سەیری ئاوەکەم دەکرد، ئاوێکی سارد. بۆ ماوەیەک تێیڕامام، دەستم بە ڕەفە ئاسنینییە ژەنگاوییەکە گرت و تەنیا تێیڕامام. لە کاتێکدا سەیری ڕووبارەکەم دەکرد کە وەکو ڕامان لە بەتاڵاییەکی بێ کۆتا وابوو، ئەوا لەپڕ تەواوی ئەو تەنیایی و بێزارییەی لە دڵمدا لە ماوەی ئەم سێ ساڵەدا کەڵەکە بووبوون لە دڵمدا ویستی بێنە دەرەوە، لەپڕ ویستم بکەومە سەر زەمینی ئاسنینی پردەکە و هاوار بکەم، بگریم. ویستم... ویستم... نازانم. قاچەکانم بەسەر ڕەفە ئاسنینەکە بەرز کردنەوە و ڕۆیشتمە ئەودیو، خۆم بە ڕەفەکەوه گرتبوو، ڕووبارەکە لە پێشم بوو، هەستم دەکرد دەیەوێت بەرەو خۆیم ڕاکێشێت و نوقمی خۆیم بکات. لەو بەرزاییەوە ئەگەر لەناو ئەو ئاوە ساردەدا کە پلەی گەرمی نزیک بوو لە بەستن خۆم فڕێدابا، ئەوا لە ماوەی کەمتر لە خوولەکێک کۆتایی بە ژیانم دەهات. بەڵام بیرم لەوانە نەدەکردەوە، ڕاستی بیرم لە هیچ نەدەکردەوە. هزرم وەستابوو، تەنیا دەمویست ئەو ئازارە کۆتایی پێ بێت، ئەو تەنیایی و بێزارییە. خەریک بوو ڕەفەکە بەر بدەم کە لەپڕ نیگام کەوتە لای ڕاستم، شتێک... نەخێر، بەڵکو کەسێکم بینی کە وەکو من لەو دیوی ڕەفە ئاسنینەکە بوو. کچێکی گەنج بوو، پۆشاکێکی تەنکی ڕەشی لەبەردا بوو کە تاکو سەروو ئەژنۆیەکانی دەهات، قژێکی سپی مەیلەو خۆڵەمێشی هەبوو... وە چاوەکانی کە... کە... سەیری کردم، بەو چاوە خەماوییانەی کە هێشتا ناتوانم وەسفی جوانیان بکەم. ویستم دەمم بکەمەوە. "تۆ کێیت؟ لێرە چی دەکەیت؟ بۆچی لەوێ وەستاویت؟" بەڵام هیچم بۆ نەگوترا و ئەو قسانە تەنیا لە مێشکمدا زرینگانەوە. تەنیا سەیرم کرد، ئەویش تەنیا سەیری کردم. چەند ساتێک تێپەڕی، بێدەنگی و هیچی تر. لە لێوارەکە دوورکەوتمەوە و گەڕامەوە سەر ئەو دیوی پردەکە، بەرەو لای ڕۆیشتم. لێی نزیک بوومەوە کە لەپڕ هەناسەیەکی قووڵی هەڵمژی، لە شوێنی خۆم وەستام. دەستی ڕاستم بەرەو شانی برد، پێش ئەوەی دەستم پێی بکەوێت ئەوا خۆی سووڕاند و سەیری کردمەوە. بەڵام چاوەکانی گۆڕان، ئەم جارە خەمیان پێوە دیار نەبوو، بەڵکو گەشانەوە... زەردەخەنەی بۆ کردم.

ئەو زەردەخەنەیە... بیر...م هاتەوە. پێشووتر ئەو زەردەخەنەیەم بینیوە... لە... ل...ە بەرەیەکی شەڕدا. لە ناوەندی گۆڕەپانی شەڕدا بووین کە هێزی دوژمن یەکەی پشتگیری نارد و گەمارۆ دراین، دووچاری شەڕێکی کوشندە بووینەوه، ئەو بەیانییە لە هەردوولا کەسانێکی زۆر مردن... باوکان، کوڕان، برایان. دوای ئەوەی ڕووبەڕوو بوونەوەیەکە زۆری خایاند، ئەوا کشاینەوە هێڵەکانی دواوە، بەڵام پێش ئەوەی بە تەواوی بکشێینەوە ئەوا دوژمن دووبارە هێرشێکی لەپڕی نواند. لە هەر لایەکت ڕووانیبا ئەوا مەرگت دەبینی، هیچ هیوایەک بوونی نەبوو. کەوتبوومە سەر زەوی کە یەکێک هاتە سەرم و بە چەقۆ ویستی بمکووژێت، چەقۆیەکەی لە ملم نزیک کردەوە و خەریک بوو کۆتاییم پێ بێت. ڕێک لەو ساتەدا بۆ چرکەیەک... بۆ ساتێک نیگایەکی خێرام بۆ سەروو گردی لای چەپم برد و شتێکم بینی... زەردەخەنەیەک لە دوورەوە. چەقۆیەکەم کە لە کاتی بەربوونەوە لە لای سەرم کەوتبوو، ئەوا دەستم بەرەوی برد و هەڵمگرت، ڕێک لە گورچیلەی ئەوم چەقاند... دانەیەک، دووان... هەر لێمدا و لێمدا تاکو بینیم ڕوح لە چاوەکانیدا دیار نەما. ئەو ڕۆژە ئەو زەردەخەنەیەم لەبیر کرد کە بۆ چرکە ساتێک بینیم، هەرگیزیش بیرم لێ نەکردەوە... تاکو ئێستا. بەڵێ، ئەمە هەمان زەردەخەنەیە.

"تۆ... کێیت؟" بە دەنگێک کە لەرزینی پێوە دیار بوو لێم پرسی. بێ ئەوەی وەڵامم بداتەوە، ئەوا ڕووی لێوەرگێڕام، دوای ساتێکیش... خۆی فڕێدایە ناو ڕووبارەکە!

ئێستا کە کۆتایی تەمەنمە و لەسەر جێگای مەرگم، ئەوا لە کۆتاییدا زانیم ئەو کچە کێیە. ئەوەی ئەو ڕۆژە بینیم... مەرگ بوو. بەڵێ، لەوە دڵنیام چونکە ئەوەتا جارێکی تر دەبینم و لە تەنیشتم بە ڕوویەکی خەماوییەوە وەستاوە. لە ماوەی ژیانمدا سێ جار بینیم، هەرسێکیشیان لە کاتێکدا بوو کە لە مەرگەوە نزیک بووم. یەکەمیان لە گۆڕەپانی شەڕدا، دووەمیشیان لەسەر پردەکە، سێیەمیشیان ئێستا لە ماڵەکەمدا لە تەنیشت جێگایەکەم. ئەم جارە زەردەخەنەی بۆ نەکردم، تێدەگەم بۆچی. ئەم جارە ڕزگاربوونم نییە، بۆیە خەم لێوەکانی ئەوی گرتووە و ناتوانێت بەرزیان بکاتەوە.

"ئێستا کاتی هاتووە؟" بە کۆخینەوە ئەمەم لێ پرسی، خوێن بە دەممدا هات.

هیچی نەگوت، تەنانەت وشەیەکیش. تەنیا بە دڵتەنگییەوە سەری بەڵێی لەقاند و ماچێکی ناوچاوانی کردم...

زۆرترین بینراو

developed by Scorpion shield