دیپلۆماسیی پەرلەمانی

بڵاوکردنەوە:

فەرەیدون دڵشاد

نووسەر:

فەریدوون دڵشاد

بینراو:

350

بەش:

ڕامیاری

پێشەکی

لەڕووی ڕوواڵەتەوە، هەموو یەکەیەکی نێودەوڵەتی یەکەمین ئامرازی ڕاگەیاندراو و ئاشکرای خۆی لەپێناو سیاسەت کردن و هێنانە دی ئامانج و بەرژەوەندییە دەرەکییەکانی ئامرازی دیپلۆماسییەتە. دیپلۆماسی گۆڕانی  بەسەردا هات بەهۆی دیاردەی بەجیهانیبوون، ئەمەش وای كرد پرسەکانیش گۆڕانیان بەسەردا بێ. بۆیه، چەند جۆرێكی دیپلۆماسی هاتنە ئاراوه كه به دیپلۆماسی نوێ دادەندرێن، وەک دیپلۆماسی كەلتووری، دیپلۆماسی ئابووری، دیپلۆماسیی پەرلەمانی، ... هتد.

دیپلۆماسیی پەرلەمانی بریتییه له هێنانە ئارای ڕایەڵەیەک لە پەیوەندی لەگەڵ پەرلەمانەکانی دنیا. ئەمڕۆ، دنیا لە هەموو ساتێكی تر لەبارتره بۆ دیپلۆماسیی پەرلەمانی، چونكه بەهۆی بەجیهانیبوونی پرسەکانی ئاسایش، سەربازی، ئابووری و سیاسی، هەموو وڵاتێک یان هەرێمێک کە گەورەبێت یان بچووک بەیەکەوە بەستراونەتەوە.

 

دیپلۆماسیی پەرلەمانی

دەتوانین بڵێین جۆرەکانی دیپلۆماسی لەدوای جەنگی دووەمی جیهان؛ کۆتایی هاتنی جەنگی سارد و لەناوچوونی جیهانی دووجەمسەری؛ پەیدابوونی چالاکییە نوێیەکان وەک دەزگا نادەوڵەتییەکان و هەرێمە نادەوڵەتییەکان، هەموو ئەم گۆڕانکارییانە وایان کرد کە جۆری دیپلۆماسی نوێ دەربکەون لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا لە شێوەی (دیپلۆماسیی پەرلەمانی، دیپلۆماسی ئابووری، دیپلۆماسی کەلتووری، پارادپلۆماسی ... هتد). لەڕووی مێژووییەوە، پەرەسەندنی چەمکی  دیپلۆماسیی پەرلەمانی لە کۆتایی سەدەی نۆزدەیەم دەستی پێکرد و تا سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو درێژەی هەبوو. ئەم قۆناغە چەندین دیمەن و بەشی جیهانیبوونی بەخۆیەوە بینیوە، کە بوو بە هەوێنی سەرهەڵدانی ژمارەیەک ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کە تۆوی دیپلۆماسییەتی پەرلەمانی تێیاندا گەشەی کرد. یەکێک لە دیارترین ئەو ڕێکخراوانە (یەکێتی نێوان پەرلەمانی نێودەوڵەتی) بوو کە لە ماوەی ساڵی 1889دا وەک یەکەم ڕێکخراوی دانوستانی فرەلایەنی نێودەوڵەت درووستبوو. چەندین کۆڕی نێودەوڵەتی هاوپێچی ئەو ڕێکخراوە بوون کە پێشەکییان بۆ دیارترین ڕووداو لە مێژووی دیپلۆماسی نێودەوڵەتی پێکهێنا، کە بریتی بوون لە کۆنفڕانسی ڤێرسەیلس (Treaty of Versailles 1919)، کە بووە هۆی سەرهەڵدانی کۆمەڵەی نەتەوەکان دوای جەنگی جیهانی یەکەم.

ئەم کۆنفڕانسە بووە هۆی درووستبوونی گۆانکاری لە ڕۆڵی ئەکتەرە دیپلۆماسییەکان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، بە جۆرێک دیپلۆماسی دوولایەنی که بە دیپلۆماسی فەرمی ناسراوە گۆڕا بۆ دیپلۆماسی فرەلایەن؛ ئەمەش بواری دا بە ئەکتەرە نادەوڵەتییەکان تا چالاکتر لە بواری دیپلۆماسی کاربکەن. لەلایەکی ترەوە، دەرگەی بۆ پەرلەمان کردەوە بۆ فراوانکردنی دەستێوەردان و بەشداریکردنیان لە سیاسەتی دەرەوەدا، لە بەرانبەر زیادبوونی بەرژەوەندی پەرلەمانتاران لە دیپلۆماسی نێودەوڵەتیدا.

 

پێناسەی دیپلۆماسیی پەرلەمانی

دەکرێت بەم شێوەیە پێناسەی دیپلۆماسیی پەرلەمانی بکەین: (ئەو دیپلۆماسییەیە کە ئەندامانی پەرلەمان و لیژنە پەرلەمانییەکان پەیڕەوی دەکەن. ئامانجی ئەم جۆرەی دیپلۆماسی بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان و ڕوونکردنەوەی دۆسیەکانە، هەروەها بۆ ڕاکێشانی ڕای گشتی گەلان و جیهانە بۆئەوەی سەرنجیان بۆ پرسێکی دەوڵەتەکەی خۆیان ڕابکێشن.)

 

تایبەتمەندییەکانی دیپلۆماسییەتی پەرلەمانی

لەم ڕۆژگارەی ئەمڕۆدا، دیپلۆماسییەتی پەرلەمانی جۆرێکە لە دەسەڵاتی نەرم کە لەلایەن دەوڵەت و دامودەزگاکانەوە (پەرلەمان) بەکاردێت بۆ گەیشتن بە ئامانجە خوازراوەکانیان. دیپلۆماسیی پەرلەمانی چەندین تایبەتمەندی گرنگی هەیە کە لەخوارەوە ئاماژەیان پێدەدەین: -

1) دیموکراسی: نوێنەرانی دەسەڵاتی یاسادانان دەتوانن بەئازادی و سەربەخۆ تێڕوانینی وڵاتەکەیان ڕوون بکەنەوە. لە هەمان کاتیشدا، پڕۆسەیەکی گونجاوە لەگەڵ کردارە دیپلۆماسییەکانی حکومەتدا.

2) تایبەتمەندیی گشتی: ئامانج و ڕۆڵەکانی دیپلۆماسییەتی پەرلەمانی گشتییە و نهێنی نییە، بۆیە لەڕێگەی قسە و کردەوەکانی ئەندامانی ئەنجومەنی یاسادانان لە ئاستی دەرەکیدا دەپێورێت و چاودێری دەکرێت. چونکە، دیپلۆماسییەتی پەرلەمانی دیپلۆماسییەتێکی ئاشکرا کراوە، دەتوانین بزانین کێ ڕاستەوخۆ بەرپرسیارە لە چالاکییە دیپلۆماسییەکان؛ ئایا لەسەر بنەمای کردار یان کاردانەوە دەبێت؟ هەروەها دەتوانین مەبەستەکان، ئامانجەکان، بەرژەوەندییەکان و جێگرەوەکانی بەردەست بزانین.

3) هەمەچەشنی و جیاوازی: چالاکییەکانی دیپلۆماسییەتی پەرلەمانی لە چەندین ناوچەدا درێژ دەبێتەوە کە کاریگەری لەسەر دەوڵەت و کۆمەڵگەکانی جیهان هەیە. لە چەند ڕوویەکەوە ڕۆڵی هەیە، لەوانە: کەلتووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابووری کە دیپلۆماسییەتی پەرلەمانی کاردەکات بۆ خستنەڕووی بەها و بنەماکانی هاوبەش بۆ گەلانی جیهان. بە ڕەچاوکردنی هەموو خاڵە جیاوازەکانی بینین لەکاتی ناونیشانکردنی کێشە هاوبەشەکان، لەخۆگرتنی چەندین کێشەی جیهانی هاوچەرخ وەک: کێشەی مافی مرۆڤ، پەرەپێدان، ژینگە، ئاسایش، تیرۆر، قەیرانی سیاسی و ئابووری.

4) تایبەتمەندیی ئامانجی: دیپلۆماسییەتی پەرلەمانی ئامانجی ڕاگەیاندن لەسەر ئاستی دەوڵەت دەگرێتەوە، ئامانجیشی لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی ڕاگەیاند. هەروەها، ڕەفتار، سەرچاوە، هێزی دەسەڵاتی یاسادانان و ڕێکخراوە پەرلەمانییە نێودەوڵەتییەکان خزمەتی ئەو ئامانجانە دەکەن کە لەسەر بنەمای میتۆدی داڕێژراون. پەرلەمان میکانیزم و ئامراز و جێگرەوەی هەیە بۆ ئەوەی بەکاربهێنرێت بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی دیپلۆماسییەتی پەرلەمانی.

5) تایبەتمەندیی فەرمی: دیپلۆماسییەتی پەرلەمان چالاکییەکی فەرمییە کە لەلایەن نوێنەرانی ئەنجومەنی یاسادانانەوە ئەنجام دەدرێت. ئەم ڕەفتارانە لەسەر بنەمای دەسەڵاتە دەستوورییەکان و پەیڕەوی یاساییە کە ئەنجومەنی یاسادانان لەسەری دامەزراوە. بۆیە، شاندەکانی پەرلەمان بەفەرمی نوێنەرایەتی دەوڵەت دەکەن بۆ قسەکردن لەسەر ناوی دەوڵەتەکان لە بواری دەرەکیدا، هەندێک جاریش بەناوی سەرکردایەتی باڵای دەوڵەتەوە قسە دەکەن.

 

سوودەكانی دیپلۆماسی پەڕلەمانی

دیپلۆماسیی پەرلەمانی کۆمەڵێک سوودی هەیە كه پەرلەمان وەکوو دەزگایەکی فەرمی دەتوانێت سوودیان لێ وەربگرێ بۆ باشتر كردنی ئاستی دیپلۆماسی لە هەموو وڵات: -

1) بەدەزگاییکردنی كاری دیپلۆماسی: دیپلۆماسی لەڕێگەی دەزگاوە دەبێتە هۆی ئەوەی کە دەوڵەت لە دیپلۆماسی کەسیی (شەخسی) ڕزگاری بێت.  دیپلۆماسی کەسی بریتییه له چالاکبوونی کەسێک لە بواری  دیپلۆماسیدا، هەمیشە پشتبەستن به دیپلۆماسی کەسی بواری دیپلۆماسی بەرتەسک دەکاتەوە. واته، بە نەمانی ئەو کەسە بۆشایی و لاوازی درووست دەبێت، بۆیه دەزگا دەتوانێت لەڕێگەی پڕۆسەوە سوود له توانای کەسەکان ببینێ  بەبێ ئەوەی ببێتە گیرۆدی دەستی کەسەکان.

2) بەنیشتیمانیکردنی دیپلۆماسی: ئەم جۆرە دیپلۆماسییە دەبێتە هۆی ئەوەی کە نوێنەرانی دەوڵەت لە جێگەی ئەوەی نوێنەرایەتی حیزب یان چینێکی دیاریکراوی کۆمەڵگە بکەن، دەبنە نوێنەری گەل و نیشتیمان. ئامانجە نیشتیمانییەکان لەپێش ئامانجە تاکەکەسییەکان دادەنێن، ئەمەش وا دەکات گەل ببێتە خاوەن نوێنەری ڕاستەقینەی خۆی.

4( پەرلەمان له هەرکوێی دنیای ئەمڕۆ لەگەڵ کۆمەڵێک بواردا کاردەکات، كه بوارەکان ناوخۆیی نین، وەک (مافەکانی مرۆڤ، ژینگه، ئاسایش، وزه، بازرگانی، تەندرووستی، خوێندن). هەتا بێ، زیاتر و زیاتر جیهانی دەبن و گەشە و قەیرانەکان له جێگەیەکەوە پەیوەستە بە جێگەیەکی ترەوە.

5) گەشەپێدانی کەلتووری دیپلۆماسی: دیپلۆماسیی پەرلەمانی زیاتر ڕوونترە؛ وەک دەزانرێت كە دیپلۆماسییەت هەمیشە به بڕێكی زۆر له نهێنی بەرێوەدەچێت، بەڵام دیپلۆماسیی پەرلەمانی ناتوانرێت هێنده بەنهێنی ئەنجام بدرێت، و ڕوونبوونی یارمەتی دەوڵەمەندبوون و لەهەمان کاتدا زەمینە دەسازێنێ بۆئەوەی زانیاری و كاری بیردۆزی لەسەر ئەنجام بدرێت.

 

لە کۆتاییدا، دەتوانم ئەوە بڵێم کە دیپلۆماسیی پەرلەمانی جۆرێکی نوێیە لە دیپلۆماسی کە ڕێگە خۆش دەکات بۆ ئەکتەرەکانی تر تا چالاکتر لەم بوارەدا بەشداری بکەن. پەیوەندییەکانیان لەگەڵ دەوڵەتە زلهێزەکاندا بەهێز بکەن بۆئەوەی لە بارودۆخە سەختەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی هەرەشە نوێیەکانی سەر ئاستی نێودەوڵەتی یارمەتیان بدەن و هاوکاریان بکەن.

 

زۆرترین بینراو

developed by Scorpion shield