خەلیفەیەکی ئومەوی ژنەکەی کردیە پەندی مێژوو

بڵاوکردنەوە:

ناوەندی پەڕنووس

نووسەر:

گەرمیان حەسەن

بینراو:

447

بەش:

مێژوو

بەنو ئومەیە لە مێژووی ئیسلامیدا جێگە و بایەخی زۆرە، بەڵام بێ ڕووداو و بەسەرهاتی سەیروسەمەرەش نییە، مێژوو بۆمان دەگێڕێتەوە: دوای مردنی معاویەی دووەم خەلیفەی ئومەوی، دەوڵەت لە دۆخێکی ناهەمواردا تێدەپەڕی، چونکە کەسی وەکوو جێگرەوەی بۆ خەلافەت دانەنابوو، بۆ ڕاستکردنەوەی ئەو پشێویە بڕیاردارا بە بەستنی "کۆڕی جابیە". لەوێدا مەڕوانی کوڕی حەکەم هەڵبژێرا لەدوای خۆشی خالدی برای خەلیفەی کۆچکردوو معاویەی دووەم ببێت بە خەلیفە. نەک دەسەڵات گەڕێنرایەوە بۆ خالد، بەڵکو خەلافەت لە ماڵی سۆفیانییەوە گوازرایەوە بۆ ماڵی مەروانی لە پرۆسەیەکی سیاسیدا، ڕەنگە بە یەکەم کودەتا هەژمار بکرێت بەشێوەی ئاشتیانە لە مێژووی ئیسلامیدا. دواتر شەڕ لە نێوان مەروان و زحاکی کوڕی قەیس بە نهێنی داوای بەیعەتیان دەکرد بۆ کوڕی زوبەیر لە ئەنجامدا لەسەر خاکی “مەرج ڕەهیت” شەڕ هەڵگیرسا ٢٠ ڕۆژی خایاند و بە سەرکەوتنی مەروان کوڕی لە ساڵی (٦٤ک) تەواوبوو. ئەم شەڕە ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو لە دامەزراندنی کاروباری دەوڵەتی ئومەوی و سەرکەوتنی بەسەر زحاک و کوشتنی لەگەڵ زۆرێک لە هاوکارەکانی، مەروان بوو بە خەلیفە.

دەورووبەری مەڕوان پێیان باشبوو دایکی خالد (فاختە کچی ئەبی هاشم) بهێنێ، پێشتر هاوسەری یزیدی کوڕی معاویە بوو، ئێستا بێوەژنە. بەمجۆرە دەتوانێ کۆنترۆڵیان بکات و هیچ جۆرە کارێک دژی مەڕوان نەکەن بۆ لە کارخستنی خەلافەت و ئاگاداری جموجوڵیان بێت و سۆزی خالدیش بەدەستبهێنێ بەهۆی ئەوەی دایکی هاوسەرێتی و ئەمیش دەبێتە زڕ باوکی.

خالد و دایکی ڕەزامەندبوون بە مەڕوان، بەڵام دوای ماوەیەک خالد هەستی دەکرد لەناو خەڵکدا بەچاوی کەم سەیر دەکرێ و گاڵتەشی پێدەکرێ تەنانەت ڕۆژێکیان خالد بەگاڵتە بەکەسێک دەڵێ شەرمە بۆ تۆ ئەم کارە دەکەی، کەچی کابرا پێ دەڵێ: کەسێک خەلافەتی لێ زەوتکرابێ و دایکی بەشوودرابێت و خەریکی کیمیا بێ و هیچیشی لێ نەزانی، کاممان عەیبدارین؟ خالدیش قسە لە زمانیدا وشک دەبێ و هیچی پێ ناوترێ. جاروبار گوێی لەم قسە و تانەوتەشەرانە دەبوو، بەڵام بەسەر خۆیدا نەدەهێنا. مەڕوانیش بەردەوام چاوەڕێی دەرفەتێک بوو بۆ ئەوەی لەبەردەم خەڵکدا سووکایەتی پێبکات تا لە چاوی خەڵک بکەوێت و ئەمەش ئەو هەڵەیە بوو کە مەروانی لەناوبرد. ڕۆژێکیان لە کاتێکدا خەلیفە لە کۆڕوکۆبوونەوەیەکدا بوو، خالید  کوڕی یەزید هاتە ژوورەوە و ئەویش لە نێوان دوو ڕیزی ئامادەبوواندا دەڕۆیشت، سڵاوی لە خەلیفە و هاوسەرەکەی دایکی کرد، و بە بێدەنگی مایەوە. مەڕوانیش زەردەخەنەیەکی گاڵتەجاڕانە لەسەر لێوەکانی دەرکەوت، بە پێکەنینەوە وتی: بەخوا تۆ گەمژەیت،ئەی کوڕی "رطبة". خالید چەند ساتێکی پێچوو تا تێگەیشت کە لەبەردەم کێ دا زەلیل کراوە، ڕۆژێک کە بڕیار بوو لەژێردەستی ئەو بن، لەسەرووی ئەوەش دایکیشی بووەتە ژنی، ئەویش هەستی بە پێکەنینە گاڵتەجاڕییەکانی دەوروبەری کرد، دواتر کۆڕەکەی جێهێڵا.

چوو بۆلای دایکی و باسی سووکایەتییەکەی بۆ کرد و وتی:  "تۆ ئەمەت بەسەردا هێنام، ئەمە بۆ تۆ ئاساییە،بەس بۆ من کەمیە" ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمەی لای کەس نەدرکێنێت.

دایکی وتی: لێی گەڕێ جارێتر قسەی وا ناکاتەوە، من بەسم بۆی.

مەڕوان دواتر هاتەوە پرسیاری کرد لێی، ئایا خالد باسی هیچی کرد لات؟

ئەمیش وتی:ئەو زۆر خۆی بەگەورە دادەنێت و هەر حەزناکات هیچ بڵێ سەبارەت بە نێوانتان. بەپێی سەرچاوەکان هەندێکی دەڵێن ئەو شەوە و هەندێکی تر دەڵێن چەند شەوێ دوای ئەو ڕووداوە پاشان نانخواردنی شێوان دەچنە جێگەو دەنوون، ژنەکەی هەڵدەستێ پاش دڵنیابوون لە خەوی مەڕوان لەگەڵ خزمەتکارەکانی سەرین(بالیف)دەخەنە سەر دەمی و دەیخنکێنن ڕۆژی دواتر جاڕ دەدەن خەلیفە مردووە. تەمەتی دەسەڵاتەکەی نەگەشتە ساڵێک. بەمەش تۆڵەی ئەو سوکایەتیەی کردەوە لە کوڕەکەی کرد،بەڵام خالد هەرگیز نەگەشت بە دەسەڵات کە بڕیاربوو دوای مەڕوان ئەو بێت کەچی عەبدولمەلیکی کوڕی مەڕوان دەبێتە جێگرەوەی. خالدیش کاری کیمیاگەریەوە خەریک دەبێت یەکەم کەس بووە لە عەرەب کاری لە زانستی کیمیا کردبێت و کتێبی لە یۆانیەوە وەرگێڕاوە.

 

١- أ.د.فاروق عمر فوزي، الأموية دراسة الأول أسرة حاكمة في الإسلام750-661م/132-41هـ، عمان، دار الشروق، 2009.

٢- هادي العلوي، فصول من تاريخ الاسلام السياسي، شركةF.K.A المحدودة للنشر، نیقوسیا- قبرس، الطبعة2، 1999.

زۆرترین بینراو

developed by Scorpion shield