هەولێرنامە یان ڕووی دادنامەی ئەدیابن

بڵاوکردنەوە:

ئوسامە حەسیب

نووسەر:

ئوسامە حەسيب

بینراو:

566

بەش:

مێژوو

هەولێرنامە یان ڕووی دادنامەی ئەدیابن
 
هەولێرنامە، نامیلکەیەکی مێژووییە کە لە ساڵەکانی (٥٤۰-٥٦۹)ـی زایینی مشیخازە (Mi Ixazeh) قەشەی گەورەی هەولێر و دەرووبەری نووسیویەتی. پیگۆلۆسکایا مێژووزانی ناوداری ڕووسی،  وتارێکی لەسەر ئەو نامیلکەیە نووسیوە کە لە کتێبی (شهرهای ایران در روزگار پارتیان و ساسانیان)دا لە لاپەڕەی ۱۹۹-۲۰٤ بڵاوی کردۆتەوە. ئەو کتێبە، گرینگە باسی زۆربەی شارەکانی وەک: هەولێر، کەرکوک، شنگال، داقووق، گردیان، حەران، نەسیبەین، تیسفوون، دیاربەکر(ئامەد)، دیالە، شارەزوور، شیروان، بێستوون، هەمەدان، تاقی بوستان، ئازەربایجان، موسڵ، نەهاوەند، میان فارقین، حەلەوان، ئادسە، ئەرزەرووم، ئامێدی دەکات. جگە لەوەش باسی زۆربەی چۆم و ڕووبارەکان و تەنانەت کەژ و کۆی کوردستان دەکات. کاتێ باسی چیای سەفین دێتە گۆرێ، بە چیای (سۆفەن) ناوی دەبا. هەولێر، گەورەترین شاری دەڤەری ئەدیابنە بووە. لە ساڵەکانی (٥٤۰-٥٦۹)ـی زایینی مەزنە پیاوێکی ئایینی بەناوی مشیخازە کە سەرۆکی کاروباری ئایینی ناوچەکە بووە، نامیلکەیەکی سەبارەت بە بارودۆخی مێژوویی هەرێمەکە نوسیووە، کە ئێستا تەنها نوسخەیەکی لە دەستدایە کە ئەویش سەرەتاکەی نەماوە.
ئەو نامیلکەیە مێژووییە لەلایەن گەورە قەشەی هەولێر بەناوی پینهاسەوە پارێزراوە کە باسی بارودۆخی مێژوویی، کۆمەڵایەتی و ئایینی وێندەرێ دەکا. وەک لە دەقی هەولێرنامە دەردەکەوێ، گۆیا مشیخازە کەڵکی لە کتێبێک وەرگرتووە کە ئابێڵ ناوێک لە دەوروبەری ساڵی ٤۱۰ز نووسیویەتی کە بە داخەوە ئێستا دەقەکەی ئابێڵ لە دەستدانیە. نوسەری هەولێرنامە، لە زۆر جێگە پشتی بە نوسراوەکەی ئابێڵ بەستووە وەک سەرچاوە باسی دەکات. جگە لەوە لە بەڵگە گەل و سەرچاوەکانی کڵێساشی کەڵکی وەرگرتووە. نووسراوە بێ سەروشوێنەکەی ئابێڵ و هەولێرنامەی مشیخازە مێژووی دێرینی ئەدیابنە و بارودۆخی کڵێسا و فەرهەنگ و بواری سیاسی سەردەمی پارتی و ساسانیەکان نیشان دەدەن. ئەگەر چی هەتا ئێستا هێندێ مێژووناس و مێژوونوس ناوەرۆکی هەولێرنامەیان لێک داوەتەوە، و هەرکەس بە بۆچوونی خۆی هەڵی سەنگاندووە، بەڵام مێژووزان پیترۆس پیێ وایە ناوەرۆکی نامیلکەکە جێگەی قسە و باسە و دەبێ بەوردی سەیری بکرێ. پیترۆس، پیێ سەیرە کە نووسەر چۆن توانیوێتی وا بە وردی باسی هەولێری سەدەی شەشەمی زایین بکا و دەپرسێ ئاخۆ مشیخازە ئەو هەموو زانیاریەی لە کوێ هێناوە؟ چونکە، لە سەرچاوەگەل و دەساوێزی تردا بە دەگمەن شتی وا هەیە. هەر لەو بارەیەوە زاخائۆ مێژووناسێکە کە بە سەرسورماویەوە باسی هەولێرنامە دەکا و دەنوسێ: نووسەری هەولێرنامە بە شانازی و شکۆیەکی کەم وێنە باسی سەر زەوی ئەدیابنەی زێدی دەکا، هەروەها بە کۆنترین مەکۆی ئایینی مەسیحی لە ڕۆژهەڵات لە قەڵەمی دەدا. بەڵام، سەرەڕای ئەوەش هەولێرنامە لەڕووی مێژووییەوە جێگای باوەڕ و متمانەیە.
بەشی یەکەمی هەولێرنامە، بەناوی مامۆستا(بێڵ)ـە کە گرینگی تایبەتی هەیە. بێڵ نزیکەی دوو سەدە پێش نووسەری هەولێرنامە، لە دەورووبەری ساڵی ۳٥۱ز ژیاوە. نووسەری هەولێرنامە دەنوسێ: نەوەکانی وی لە ساڵی (۳٥۱)ز دا کەوتنە بەر عەزیەت و ئازار و ئەشکەنجە هێشتا هەر مابوون و زیندووبون. پێدەچی نامیلکەکە لە ٤۱۰ زایینیدا نوسرابی. هەر لەو ساڵەدا مارۆت ناوێکی خەڵکی میافارقین نامیلکەیەکی سەبارەت بە ڕووداوەکانی کۆتایی سەدەی یەکەم و سەرەتای سەدەی دووەم تا سەدەی پێنجەمی زایینی نوسیووە. ئەو بەشەی هەولێرنامە کە کورتە مێژوویەکی ناوچەکەیە و باسی مەزنە پیاوان و سەرۆکانی هەرێم و بنەماڵەی پارتی و ئەشکانی لە دەوری ساسانیدا دەکات جێگای باوەڕ و متمانەیە. ئەگەر چی پێدەچی لە هەولێرنامەدا هەندەک هەڵە هەبی، بەڵام بە گشتی زۆر جێگەی وای هەیە دەبێ باوەڕی پێ بکرێ.
زائاخۆی مێژووزان و مێژوونووس، لەسەر ئەو باوەڕەیە کە یەکێک لە بەشە هەرە جیێ باوەڕەکانی هەولێرنامە، ئەو بەشەیە کە باسی مردنی قەشەی گەورەی هەولێر لە ساڵی ۳۱٦ز دەکا. هەروەها، ڕوونی دەکاتەوە کە مارابای چۆن گەراوەتەوە هەولێر و ئینجا باسی جوڵانەوەی ساڵەکانی ٥٤۰-٥٥۱ز دەکات. هەولێرنامە، هەروەها باسی دەورانی پاشایەتی ئەشکانی و جەنگی ئەردەوانی پێنجەم لەگەڵ ماکرین قەڕاڵی ڕۆم لە ساڵەکانی ۳۱۷-۳۱۸ز دەکات و ئینجا دەپڕژێتە سەر ڕووخانی ئیمپراتۆری ئەشکانی و هاتنە سەر دەسەڵاتی بنەماڵەی ساسانی لە ۲۷ی نیسانی ۲۲٤ز. هەولێرنامە لە بەشێکی دیکەدا باسی بەربەرەکانێی موغان لەگەڵ پەرەسەندنی مەسیحییەت دەکات و دەنوسێ: پگرئەسپ، فەرمانڕەوای هەولێر مەسیحییەکانی لانەوازی کرد و دەستی دلۆڤانی بەسەرداکێشان و لە کوشت و بڕین ڕزگاری کردن و زۆربەیانی لە ڕەز و ڕەزستانی خۆی جێوار کرد و کاری دانێ. بەڵام، پاش مردنی پگرئەسپ فەرمانڕەوایی کەوتە دەست فیرووزتەم شاپوور و سەرلەنوێ عەزیەت و ئازاری مەسیحییەکانی ژیاندەوە. هەولێرنامە باسی پەرەسەندنی بەربڵاوی ئایینی مەسیحییەت و فەرهەنگی سوریایی لە وڵاتی ئەدیابنە لە سەردەمی پارتیەکان دەکات.
بەشێکی ئەو زانیاریانەی دەبێ لە نوسراوەکەی ئەبێڵ وەرگرتبێ. ئایینی مەسیحییەت لەو ناوچەیەدا بەهۆی فەرهەنگ و خەت و زمانی سوریایی پەرەی سەندووە. ئەگەر چی هێندێ مێژوونووس ڕەخنە لە هەولێرنامە و کەرکوک نامە دەگرن، بەڵام سەرەڕای ئەوەش ئەو دوو نوسراوە هێندێ زانیاری دەگمەنیان تێدایە کە کەمتر باسیان کراوە و پێناچێ ساختە و دەستکرد و درۆ بن. لە هەردوو نوسراودا باسی کوشت و کوشتاری مەسیحییەکان کراوە پێناچێ درۆ بن. سەرەڕای ئەوەش مێژوونووسان حەقیانە بە دڕدۆنگیەوە ڕاستیەکان بدۆزنەوە. ئەوەی مشیخازە لە هەولێرنامە باسی دەکا، پیشاندەری بارودۆخی کۆمەڵایەتی و ژیانی خەڵک و گەورە پیاوانە لە سەردەمی پارتی و ساسانیدا، ناکرێ بڵێین نووسەر بە ئەنقەست ئەو باسەی کردبێ. هەولێرنامە بە زمانێکی سادە و ساکار و خۆماڵی نووسراوە بارودۆخی ژیانی کۆمەڵگای ئەو سەردەمە نیشان دەدا.

 

سەرچاوەکان:
۱ - کورد لە دەقە کۆنەکانی مێژوودا نوسینی ئەحمەد شەریفی.
۲ - زمانی ئایینی کورد نوسینی سەلام ناوخۆش.

زۆرترین بینراو

developed by Scorpion shield