مێژووی مافیا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا

بڵاوکردنەوە:

بینەر موحەممەد ڕەسووڵ

نووسەر:

بینەر موحەممەد ڕەسووڵ

بینراو:

554

بەش:

مێژوو

مافیای ئیتاڵی-ئەمەریکی

لە سەرەتای ساڵانی 1800، مافیاکانی دوورگەی سیسلی دامەزران و جێگیربوون؛ بەناوبانگترین و دەسەڵاتدارترینیان مافیای (لا کۆسا نۆسترا)ـن. بەشێکی ئەندامانی ئەم دەستەی مافیای سیسیلی، کۆچیان کرد بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لەنیوەی ساڵانی 1800 و سەرەتای 1900ـەکان. پاش جێگیربوونیان لە ئەمەریکا، سەرەتای دەرکەوتنیان لە دەسەڵاتی مافیادا لە ساڵانی 1800 لە نیو ئۆرلینز، و 1920 بەدواوە لە نیویۆڕک بوو. مافیا ئیتاڵییەکان لە ئەمەریکا پەیوەندی ڕاستەوخۆیان بە لا کۆسا نۆسترا لە ئیتاڵیا و گرۆ مافیاکانی تری وەک (جولەکەکان، ئایرلاندییەکان...) هەیە.

 

 

 

لە سەرەتای ساڵانی 1920، زۆر بە بەهێزی دەرکەوتن لە شارەکانی نیویۆڕک و شیکاگۆ. کۆنتڕۆڵی بازرگانی ماددەی هۆشبەر، کحول، قومار و پیشەسازیان کردبوو. لەم ساڵانەدا، زۆرترین چالاکی مافیای ئیتاڵی لە نیویۆڕک بوو. دوو دامەزراوەی سەرەکی مافیایی هەبوون؛ یەکێکیان جۆ ماسێریا سەرکردەیان بوو و ئەوی تریان سەلڤاتۆر مارانزانۆ. لەماوەی ئەم ساڵانەدا، شەڕێکی خوێناوی بەرپابوو لەنێوان دوو گەورەترین دامەزراوەی مافیایی ئیتاڵی لە شاری نیویۆڕک کە بە "جەنگی کاستێلامێرێس" ناسراوە. لە شیکاگۆ، جۆنی تۆریۆ مافیایەکی دەسەڵاتدار بوو و ئێل کاپۆن خوێندکاری ئەو بوو، دواتر میراتی مافیاییەکەی بۆ ئەو جێهێشت. لەکی لوچیانۆ پێش ئەوەی بێتە ناو دەسەڵاتی مافیای ئیتاڵییەوە لە شاری نیویۆڕک، لە سیسلییەوە هات و سەرەتا دەستی بە کارکردن کرد لەگەڵ مافیا و بازرگانی جولەکە (ئارنۆڵد ڕۆثستین). ڕۆثستین، لوچیانۆی فێری زۆر شت کرد تا دواتر بوو بە سەرکردەی داهاتووی مافیای ئیتاڵی و دامەزرێنەر و ڕێکخەری مافیا لە ئەمەریکا و بەتایبەت شاری نیویۆڕک.

 

 

 

دوای چەندین ساڵ لە شەڕێکی خوێناوی لەنێوان ماسێریا و مارانزانۆ، مارانزانۆ ڕێککەوتنێکی نهێنی لەگەڵ لوچیانۆ کرد بۆ کوشتی ماسێریا. لوچیانۆ بەشێک بوو لە دەستەی ماسێریا پاش جیابوونەوەی لە ڕۆثستین. پلانێک دارێژرا کە وا ماسێریا بکوژن و دواتر لوچیانۆ ببێتە پیاوی یەکەمی مارانزانۆ. لە بەرواری 14/4/1931، ماسێریا لە ڕێستۆرانتێکی بڕۆکلین کوژرا. لەگەڵ ڕێگەپێدانی مارانزانۆ، لوچیانۆ دەستی گرت بەسەر دەستەکەی ماسێریادا و بووە پیاوی یەکەمی مارانزانۆ.

 

 

 

لەگەڵ نەمانی ماسێریا، مارانزانۆ مافیای ئیتاڵی لە شاری نیویۆڕک ڕێکخستەوە بۆ پێنج خێزان؛ بە سەرکردایەتی لوچیانۆ، پڕۆفاشی، گاگلیانۆ، مانگانۆ و خودی مارانزانۆ، خۆشی. لە کۆبوونەوەیەکدا سەرجەم سەرکردەکانی بانگێشت کرد و خۆی بە سەرکردەی سەرکردەکان ناساند: (کاپۆ ئی دوتی ئی کاپی). لوچیانۆ ئەم گۆڕانکاریانەی قبوڵ بوو پێش ئەوەی چاوەڕێی کاتێک بکات تا مارانزانۆش بکوژێت. لەگەڵ ئەوەشدا کە مارانزانۆ بیرکردنەوەی پێشکەوتووتر بوو وەک لە ماسێریا، بەڵام زیاتر تینووی دەسەڵات بوو.

 

 

 

 

مارانزانۆ هەستی کرد لوچیانۆ جێگەی مەترسییە، بۆیە فەرمانی کوشتنی دەرکرد و ویستی لەڕێگەی مافیایەکی ئایرلاندی بە ناوی ڤینسێنت ماد دۆگ بیکوژێت. بەڵام، لوکەیزی، لوچیانۆی ئاگادارکرد لە پلانەکە. لە بەرواری 10/9/1931، مارانزانۆ سەرکردەکانی بانگێشت کرد بۆ کۆبوونەوە لە فەرمانگەکەی لە مانهاتن. لوچیانۆ کە بە پلانی کوشتنەکەی زانیبوو، ویستی ئەو یەکەم جار دەست بە جووڵە بکات. چوار ئەندامی مافیای جولەکەی ڕاسپارد تا بچن بۆ فەرمانگەکەی مارانزانۆ کە نەناسراون بوون لای دەستەکەی مارانزانۆ؛ بە جلوبەرگی بریکاری حکومەتەوە چوون بۆ فەرمانگەکە – دووانیان چەکیان لە پاسەوانەکانی مارانزانۆ وەرگرت، دووانەکەی تریش بە یارمەتی لوکەیزی ویستیان مارانزانۆ لە شوێنەکە بەرنە دەرەوە. لوکەیزی سەرکردەکەی خۆی بەر چەقۆ دا پێش ئەوەی تەقەی لێبکەن، بوو بە یەکەم تیرۆرکردن کە بووە خاوەن ناوبانگێکی ئەفسانەیی کە بە (شەوی نوێژی خۆرئاوابوونی سیسڵی) ناسراوە.

دوای کوژرانی مارانزانۆ، لوچیانۆ کۆبوونەوەیەکی ڕێکخست بۆ سەرکردەکان لە شیکاگۆ، بۆ دامەزراندنی دەستەیەک کە سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی خێزانی مافیاکان بکات لە تەواوی وڵاتەکەدا. لوچیانۆ خۆی بە سەرکردەی سەرکردەکان نەناساند، ئامانجی ئەم دەستەیە بەڕێوەبردنی کاروباری خێزانەکان و پاراستنی ئاشتی و ڕێگەنەدان بە هەر جەنگێک بوو لە داهاتوودا. لوچیانۆ لەڕێگەی ئەم دەستەیەوە ئامانجی ئەوە بوو دەسەڵاتی هەبێت بەسەر هەموو خێزانەکاندا. دەستەکە پێکهێنرا و مافیا ئیتاڵییەکان لە نیویۆڕک کران بە پێنج خێزان. ئەندامانی دەستەکە لە سەرکردەی 7 خێزان پێکدەهات: (لوچیانۆ، مانگانۆ، گاگلیانۆ، بۆنانۆ و پڕۆفاشی)، لە پێنج خێزانەکەی نیویۆڕک، ئێل کاپۆن وەک سەرکردەی مافیای ئیتاڵی لە شیکاگۆ، ماگادینۆ سەرکردەی خێزانی بوفالۆ. لوچیانۆ بە سەرۆکی دەستەکە هەڵبژێردرا و بڕیاڕدرا هەر پێنج ساڵ جارێک یان لە کاتی پێویستدا، کۆبوونەوە بکرێت.

لەکی لوچیانۆ بە باوکی دامەزرێنەری مافیا دادەنرێت لە وڵاتی ئەمەریکا، لە درووستکردنی ئەم دەستەیە توانی جڵەوی 20 خێزانی مافیای گەورەی ویلایەتە یەککگرتووەکانی ئەمەریکا بگرێتە دەست، جگە لەوەی کۆتایی هێنا بە شەڕی مافیا ئیتاڵییەکان لەنێوان خۆیاندا. هەتا ئەمڕۆش، مافیا ئیتاڵییەکان جموجۆڵیان هەر هەیە و کۆنتڕۆڵی بەشێکی کەمی کارە نایاساییەکان دەکەن. لەدوای ساڵانی 1970 دەسەڵاتیان لاوازبوو، بەڵام تا ئێستاش بەردەوامن.

 

زۆرترین بینراو

developed by Scorpion shield