پەند لە مێژوو وەربگرن

بڵاوکردنەوە:

ناوەندی پەڕنووس

نووسەر:

ئەمیری مام والی

بینراو:

431

بەش:

مێژوو

لە سەروبەندی شۆڕشی فەڕەنسا، لە ساڵی ۱۷٨۹ دوای ئەوەی پادشا و شاژن هیچ دەرفەتێکیان نەمابوو بۆ ئاشتبوونەوە لەگەڵ خەڵک، یەکێک لە شۆڕشگێڕەکان بەڵکوو سەرکردەی شۆڕشگێڕان (میرابۆ) کە خۆی بە نوێنەری خەڵکانی شۆڕشگێڕ دەزانی دژ بە بنەماڵەی پادشا، لە ڕێگەی نامەیەکەوە داوا لە پادشا دەکات ئەگەر بێتوو قەرزەکانی بۆ بداتەوە و پارەیەکی باشی پێبدات ئەوا بە فێڵ پادشا و شۆڕشگێڕان ئاشتدەکاتەوە. شاژنی فەڕەنسا، مانگانەی ۲۰۰۰ هەزار دۆلاری بۆ بڕیەوە و بڕیاریدا ئەگەر بێتو لەگەڵ میللەت ئاشتیان بکاتەوە نزیکەی ۲۰۰ هەزار دۆلاریشی بە دیاری پێبدات. بۆ فریودانی خەڵک (میرابۆ) لە ساڵی ۱۷۹۰ یاداشتێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ڕایگەیاند کە نابێ حکومەت بەرەنگاری شۆڕشگێڕان ببێتەوە و سەرکوتیان بکات. چونکە، شۆڕشگێڕان دەبنە هۆی پێشکەوتنی وڵات، ڕۆحی شۆڕش و زۆرینەی بنەماکانی دەستوور دەبێ قبوڵ بکرێت. میرابۆ لە کاتێکدا کە ئەم یاداشتەی نووسی پێشووتر پادشای لێ ئاگادار کردبۆوە.

ساڵی ۱۷۹۱، کاتێک بوو بە سەرۆکی ئەنجومەن هەوڵێکی زۆریدا پادشا و خەڵک ئاشت بکاتەوە، بەڵام مەرگ ڕێگای نەدا. دوای مردنی بەهۆی نەخۆشییەوە بەشێکی زۆر لە ئەندامانی ئەنجومەن و خەڵکی فەڕەنسا داوایانکرد کڵێسەی سەنت نۆیو بکرێت بە گۆڕستان و تایبەت بکرێت بە پیاوە مەزنەکان. لە مەراسیمێکی شکۆداردا لە (٤)ـی ئەپرێلی ۱۷۹۱  میرابۆیان بەخاک سپارد.

 

کەشفبونی بەڵگەنامەکانی خیانەت

دوای ساڵێک، هەندێ بەڵگە لەنێو کاغەزەکانی پادشادا دۆزرایەوە کە تیایدا تۆماری پارەدانی پادشا بە میرابۆ کەشفکرا. شۆڕشگێڕان لە ساڵی ۱۷۹٤ ڕۆشتن و ئێسک و پروسکیان لە گۆڕەکەی دەرهێنا و وەک خائینێک لە قەڵەمیاندا. میرابۆ، نەسیحەتی پادشای کردبوو کە بۆ مانەوەی خۆی و پارێزگاری لە تاجەکەی پێویستە هەندێ ڕۆژنامە و کەسایەتی دیار بکڕێت.

کاتێک کە مێژوو دەخوێنینەوە پێویستە پەندی لێوەربگرین، نابێت ڕێگە بدەین میرابۆ ساختەچیەکان وەک ئەسپی تەروادە بکەونە ناو خەڵکانی ناڕازی و لە ژێرەوە دەنگەکانیان بە پڕۆژەی بازرگانی بفرۆشن. وای لەو ڕۆژەی کە دەرگاکان واڵا دەبن و بەڵگەنامە ڕەشەکان دەکەوێتە بەردەستی میللەت.

زۆرترین بینراو

developed by Scorpion shield