ئەرکە بنەرەتییەکانی پارتی سیاسی لە چواچێوەی ژینگەی سیاسیدا
بڵاوکردنەوە:
فەرەیدون دڵشاد
نووسەر:
فەرەیدون دڵشاد
بینراو:
1159
بەش:
ڕامیاری
پێشەکی :
لە باسکردنی سیستمە سیاسیەکان، پێویستە هەڵوێستە بکەین لەسەر هێزە سیاسیەکان و ڕێکخراوە کاراکان لە کۆمەڵگا و کاریگەر لە درووست کردنی بڕیار. ئەم هێزانە فرەن لە وڵاتە هاوچەرخەکان لەگەڵ جیاوازی لە بوون و ڕۆڵیان لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر. پارتە سیاسیەکان، لە گرنگترین ئەم هێزانەن کە ڕۆڵی کاریگەریان هەبووە لە سیستمە سیاسیەکان و هەتاکوو ئێستاش. تاکوو کار گەیشتە ئەوەی هەندێک لە فیقهە داوای ئەوە بکەن چاو خشاندنەوە بکرێت بە دابەشکردنی تەقلیدی بۆ سیستمە سیاسیەکان، کە جیاکاری دەکات لەنێوان سێ شێوە (سەرۆکایەتی، پەرلەمانی، ئەنجومەنی)، و کار بکرێت بە دابەشکردنێکی نوێ و بەرپابێت لەسەر بنچینەی سیستەمی پارتایەتی.
— پێناسەی پارتی سیاسی
پێناسەی زۆر بۆ پارتی سیاسی کراون جا ئەم پێناسانە لەلایەن قوتابخانە هزریەکان بێ یان زانا و بیرمەند و شارەزایانی ئەم بوارەبێ :
١ - بنیامین کونستانت؛ شارەزای پارتی سیاسی بەم شێوەیە پێناسەی پارت (حیزب) دەکات: "کۆمەڵە کەسانێک یەک ڕێبازی سیاسیان هەیە."
٢ - ئەندریە هوریو؛ پێناسەی پارت دەکات بەوەی کە "ڕێکخستنێکی هەمیشەییە لەسەر ئاستی نیشتیمانی و ناوچەیی دەجوڵێت لەپێناو بەدەستهێنانی پشتگیری میللی، بۆئەوەی بگاتە دەسەڵات بە مەبەستی جێبەجێبکردنی سیاسەتێکی دیاریکراو."
٣ - تەوەری هزری سۆسیالتسی -- مارکسی؛
ئەم هزرە چەمکی چینایەتی بەرز کردەوە بۆ لیست بەشێوەیەکی تایبەت.
لینین؛ باوڕی وایە کە پارت (حزب) چەمکی پێشەنگی شۆرشگێری وەرگرتووە (پێشەنگێکی ڕێکخراو) بۆیە بایەخ بەخۆ تەرخانکردنی ئەندام بۆ کاری شۆڕشگێری و ڕێکخستن دەدات.
— ئەرکە بنچینەییەکانی پارتی سیاسی
بەشێوەیەکی گشتی دەتوانین بڵێن پارتە سیاسیەکان ئەرکیان لە ئەستۆدایە کە پێویست دەکات ئەنجامی بدەن ئەگەر بیانھەوێت بگەنە دەسەڵات:
١ - بەرەوپێش بردنی پڕۆسەی سیاسی و بوونە پردی نێوان تاک و دەسەڵات.
ئەرکی پارتی سیاسی، بریتییە لە دۆزینەوە و دامەزراندنی زەمینەی لەبار و گونجاو لەنێوان لایەنی دەسەڵاتدار و هاوڵاتیدا، وە دەتوانێ هۆکارێک بێ بۆ هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان سەبارەت بە پرسە هەمەجۆرەکان بە تایبەتی ئەو پرسانەی کە نیشتیمانین، وە بە درێژای مێژووی دەمەزراندنیان پارتەکان مەبەستیان بووە کە ببنە نوێنەری بەرژەوەندیەکانی خەڵک و داواکارییەکانی خەڵک بە دەسەڵاتداران بگەیەنن. بۆ نموونە : پارتە ئیشتراکیەکان نموونەی ئەو جۆرە پارتانەن کە لە مێژووی درووست بوونی خۆیاندا هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدا بوونە کە خەڵک هۆشیار بکەنەوە لەمەر پرس و بابەتە کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابورییەکان. ئەو هەوڵانەیان دوو لایەن بووە یەک بۆ چاوکراوەتر بوونی خەڵک لە ئاست گۆرانکارییە سیاسی و ئابوریی و کۆمەڵایەتیەکان. دوو، بەدەستهێنانی پاڵپشتی جەماوەر بۆ گەیشتن بە دەسەڵات.
٢ - درووست کردنی ڕای گشتی؛
پارتەکان دەتوانن ڕۆڵیان هەبێت لە پێکهێنانی ڕای گشتی لە کۆمەڵگادا. چونکە، ڕای گشتی بەشێکی دانەبڕاوە لە بەشداری سیاسی و لە چوارچێوەی پڕۆسەی سیاسیدا وە ئەم بەشداریە دەکرێت لەلایەن پارتەکانەوە ئاڕاستە بکرێت. وە لەگەڵ فراوانبوونی پرۆسەکانی هەڵبژاردن و مافی دەنگدان بەشداری سیاسی هاولاتیان زیاتربووە. بەشداری سیاسی، ڕۆڵی هەبوو لە پێکهێنانی ڕای گشتیدا، چونکە ئامادەبوونی خەڵک و جەماوەر لە مەیدانی سیاسیدا زۆرجار بەشێوەی ڕای گشتی بووە، بۆ نموونە لە مێژووی کۆمەڵگا ڕۆژئاواییەکاندا لەگەڵ بەردەوامبوونی گەشەکردنە سیاسییەکاندا فشارەکانی خەڵک بۆ سەر دەسەڵات جۆرێک ڕای گشتی درووست کردووە. پارتی سیاسی دەتوانێت جەماوەر ئاڕاستە بکات لەسەر پرسێکی دیاریکراودا وە جۆرێک لە کۆدەنگی درووست بکات. پارتی سیاسی، دەتوانێت لە چوارچێوەی سیستەمێکی دیموکراسیدا باشتر و کاراتر ئەم ڕۆڵە بگێرێت جا لە دەسەڵات بن یان ئۆپۆزسیۆن .
٣ - بینینی ڕۆڵی ئۆپۆزسیۆن و چاودێریکردنی کاروبارەکانی حکومەت؛
پارتە سیاسیەکان، لە پەرلەمان ڕۆڵی ئۆپۆزسیۆن دەگێرن دەتوانن ببنە هۆکارێک بۆ فشار خستنە سەر حکومەت تاوەکوو چاودێری وردی کاروبارەکانی بکەن بەتایبەت کاروباری یاسایی و کارگێری و دارایی و پرۆژە خزمەتگوزارییەکان، وە کارکردن بە ئاراستەی کەمکردنەوەی گەندەڵی و ڕۆتیناتی ئیداری بەشێوەیەکی گشتی ئەمە کاری ئۆپۆزسیۆنە.
وە چاودێریکردنی دەسەڵات و جێبەجێکردنی ئەرکێکی گرینگی پارتی سیاسییە. چونکە، ئەگەر دەسەڵات چاودێرێک نەبێت بەسەریەوە و بەدواداچوون نەکات بۆ کاروبارەکانی ئەوا لە رێگای ڕاست لادەدات و بەرژەوەندی گشتی پەراوێز دەخات.وە دەبێت زەمینەیەکی گونجاو هەبێ بۆ کاری ئۆپۆزسیۆنی، واتا سیستەمەکە دەبێت دیموکراسی بێت و رێگا بە پارتی ئۆپۆزسیۆن بدات بە پێچەوانەی سیستەمە نادیموکراسیەکان.
هەردوو چەمکی ئۆپۆزسیۆن و دیموکراسی پەیوەندیەکی بەتین و تەواوکەر لەنێوانیان هەیە بەجۆرێک کە ئۆپۆزسیۆن ڕوحی دیموکراسیە.
٤ - پێگەیاندنی کادری سیاسی؛
پارت و رێکخراوە سیاسیەکان، وەک خوێندنگایەکن بۆ پەروەردە و پێگەیاندنی سیاسی و هۆشیاری سیاسی کادرەکانی، وە ئامادەکردنی کادرانی پارت (حزب) لە ڕووی توانا و لێهاتوویی هزری و هونەری بۆ بەشداریکردن لە کاروباری سیاسیدا ئەرکێکی بنچینەیی پارتی سیاسییە.
بۆئەوەی پارتی سیاسی بەشێوەیەکی سەرکەوتوو کاریگەری خۆی بەسەر کۆمەڵگادا بەسەلمێنێ دەبێت خاوەن کادری لێوەشاوە و شارەزا و پسپۆڕی بوارە جیاوازەکان بێت. چونکە، ئەم کادیرە ڕووێکی دیاری ئەم پارتە سیاسیە نیشاندەدات. بۆ نموونە کاتێک کەسێکی زیرەک و بەتوانا کە پۆستێکی حکومی هەیە یان وەردەگرێت و ئەندامی پارتێکی دیاریکراوە ئەمە دەبێتە دەستکەوت بۆ پارتەکە.
کەواتە، گرینگە پارتەکان لە پێگەیاندنی نەوەی نوێ بۆ داهاتووی خۆیان کە دڵسۆزبن بۆ پارتەکە، لەپێناو سەرخستنی پرۆژەکانی پارتەکە تێبکۆشن.
٥ - بەشداریکردن لە پرۆسەکانی هەڵبژاردن و بەدەستهێنانی دەسەڵات؛
توێژەری فەڕەنسی لە بواری پارتە ڕامیارییەکان (مۆریس دۆڤرجی) لە کتێبی پارتە ڕامیارییەکان ئاماژە بەوە دەدات کە ئامانجی سەرەکیی و یەکەمینی هەموو پارتێکی سیاسی گەیشتنە بە دەسەڵات. بۆئەوەی پارت نوێنەری خۆی بنێرێتە پەرلەمان پێویستە بڕواتە ناو ململانێێ پڕۆسەکانی هەڵبژاردنەوە بە ئامانجی بەدەستهێنانی دەنگی زۆرینەی دەنگدەران، لەبەر ئەوە ئەرکی پارتی سیاسییە کە باشترین نوێنەرەکانی خۆی دەستنیشان بکات. ئەوکەسانە دەبێت لەناو کۆمەڵانی خەڵک دیاربن و شارەزا و پسپۆری بوارێکی دیاریکراو بن و خاوەن ئەزموون بن تاوەکوو پارتەکە براوەبێ، پاشان ئەرکی سەرەکی پارتەکە هاندانی سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگایە بۆئەوەی بەشداری بکەن لە هەڵبژاردن.
لە کۆتاییدا، پێمان وایە پارتی سیاسی لەپێناو بەدەستهێنانی ئامانجە بنەرەتییەکانی دەبێت سەرکەوتوانە ئەرکەکانی ڕاپەرێنێت. وە هەروەها، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئاستی متمانەی هاوڵاتیان بە پارتی سیاسی زیاتر بێ. ئەم متمانە زۆرەش، وا دەکات لە هەڵبژاردنەکان براوەبێت و دەسەڵات بەدەست بھێنێت و بەردەوامی بدات بە ژیانی سیاسی، وە پارتی سیاسی لە رێگای جێبەجێکردنی ئەو ئەرکانە ئەوا بە ئامانجە سەرەکییەکەی خۆی دەگات، کە ئەویش گەیشتنە بە دەسەڵات.
بابەتی هاوشێوە
زۆرترین بینراو
developed by Scorpion shield