پەیوەندی "سیاسەت و ئایین" لەنێوان تێکەڵکردن و جیاکردنەوەدا

بڵاوکردنەوە:

ناوەندی پەڕنووس

نووسەر:

خەدیجە ئەسکەندەر حەیدەر

بینراو:

559

بەش:

ڕامیاری

سەرباسێکی کورتی ئایین و سیاسەت بۆ گەیشتن بە کڕۆکی بابەتەکە بەوەی بزانین لە ڕۆژگار و سیستمی ئێستادا ئایا درووست دەبێت بەپێی بنەما ئایینییەکان مامەڵەی سیاسی بکرێت؟

لە وەڵامی پرسیارەکەماندا، پێویست دەبێت بزانین دیاردەی ئایین لە ڕوانگەی کۆمەڵناسان و دەروونناسان یەکێکە لە سەرنج ڕاکێشترین و ئاڵۆزترین دیاردەی کۆمەڵایەتی-ئینسانی. ئایین یان دین کۆکراوەیەکی سیستمی بیر و باوەڕ و سیستمی کلتووری و تێڕوانینە کە پەیوەندییەک دادەمەزرێنێت لەنێوان مرۆڤ و ڕۆحانییەت، یان چەند ڕێڕەوێکی ئەخلاقی. لە جیهاندا، کۆمەڵێک بیروباوەڕی ئایینی هەن (ئاسمانی - زەمینی) بەهاو بنەمای گرنگی مرۆڤایەتی و ئەخلاقی دادەڕێژن.

لە بەرامبەریشدا، سیاسەت پێناسەدەکرێت بەوەی پەیوەندی بە دەسەڵاتێکی باڵا هەیە کە توانای پاداشتەکان و سزاکانی هەبێت، وە بتوانێت ژیانی مرۆڤەکان لە کۆمەڵگادا ڕێکبخات، ئارامی و ئاسایش و سەقامگیری بەرپا بکات.  ئایین پەیوەندییەکی ڕۆحییە، لەنێوان خۆت و ئەو خودایەی باوەڕت پێی هێناوە و نابێت لەگەڵ هیچ کام لە کایەکانی تر تێکەڵ بکرێت بەتایبەتیش (سیاسەت).

ئایین ناپیشەییە کەوایە ئەخلاقییە، کەچی سیاسەت پیشەییە و پەیوەندی بە ڕێکخستنی ئینسانەکانەوە هەیە. ئینجا دەوڵەت کە بابەتێکی سەرەتایی یاسای نێودەوڵەتییە. دەوڵەتی سەربەخۆ و دانپێدانراو تەواوی ئەرک و مافەکان بەدەستدەهێنێت لە یاسای نێودەوڵەتیدا، تا ئێستا زیاتر لە (١٤٥) پێناسە بۆ دەوڵەت کراوە کە گشتیان جەخت لە سەر ئەوە دەکەنەوە کە بنەماو پایەکانی دەوڵەت بریتین لە (دانیشتوان- هەرێم- حکومەت). 

دەوڵەت: بریتییە لە کۆمەڵە خەڵكێک کە لە هەرێمێکی دیاریکراودا نیشتەجێن و لەلایەن حکومەتێکەوە کاروبارەکانیان بەڕێوە دەبرێت. ئیتر بەڕێوەبردنی کاروبارەکان لە ڕوانگەی دینەوە بێت یان ڕوانگەیەکی گشتگیر دەبێت. ئەو خەڵکانەی لە کۆمەڵگاکەدا دەژین هەست بە ئارامی و ئاسایش و پارێزراوی بکەن. بەم پێیەش دەبێ دەوڵەت هێزی هەبێت بۆ پاراستنی گیان و موڵکی هاوڵاتیانی خۆی. هەروەها، نابێت جیاکاری بکرێت لەنێوان خەڵکدا، بەهۆی هەبوونی ئایین و بیری جیاوازەوە خەڵکانێک بە بەهاتر بن لە خەڵکانێکی تر. بە هەمان شێوە دەبێت مرۆڤایەتی لە لوتکە بێت و چ لەلایەن دەسەڵاتەوە حکومەت یان کاربەدەستەکانی کارێکی وا نەکرێت کەرامەتی مرۆڤی پێ لەکەدار بکرێت، بێ بوونی هیچ هۆکارێک. لە بوونی هەر تاوانێک، دەبێت بەپێی یاسا مامەڵە بکرێت نەک کاری نامرۆڤانە بە پێچەوانەوە لە سزادانیشدا دەبێت بەهای مرۆڤ لەبەرچاو بگیرێت. 

نابێت زۆری لە مرۆڤ بکرێت لە هەڵبژاردنی ئایین یاخود هەر بابەتگەلێکی دیکە کە پرسی هەڵبژاردنی تێدا بێت.

کەچی زۆربەی کات بەتایبەتی لە ئایینی ئیسلامدا گوێبیستی ئەوە دەبین کە سیاسەت پێویستە بەپێی بنەما ئەخلاقییەکانی ئایینی ئیسلام بێت، واتا سیاسەتکردن بەپێی شەریعەتی ئایینی ئیسلام کە لە قورئان سەرچاوە وەربگرێت. بە ڕاو بۆچوونی من پێویستە لێرەدا ئەوەش لە بیر نەکەین لە سیستمی جیهانی ئێستا و هەبوونی چەندین بیروباوەڕ و ئایینی جیاواز، سیاسەتکردن تەنها بە گوێرەی یەک دیین گونجاو نابێت. چونکە، لە بڕی درووست کردنی یەکسانی جیاوازی لێ دەکەوێتەوە. لە شوێن ئەوەی ئازادی بدرێت بە تاکەکان بیروباوەڕی هەندێکیان ژێردەستە دەکرێن، ئیتر دەبێتە هۆی سڕینەوە و زەوتکردنی بەشێک لە ئازادی و مافی تاکەکان. هەتا خودی پێغەمبەر (د.خ)  کە خوا بە (رَحْمَةً لِلْعَالَمِينَ) باسی کردووە کەسێکی زۆردار نەبووە.

خودای گەورە لە (سورەتی النحل ئایەتی ٩٠ ) دەفەرمووێت: (( إن اللە یأمر بالعدل و الإحسان)) بە ڕاستی خودای گەورە فەرمان بە دادپەروەری و چاکە دەکات، دادپەروەری یەکێکە لە بنەڕەتترین و باڵاترین بەهای ئیسلام. 

هەر لە سۆنگەی دادپەروەریدا، زانای گەورەی ئیسلام إبن تیمیة گتوویەتی : "خودا یارمەتی فەرمانڕەوایەتییەکی دادپەروەر دەدات با خوا نەناسیش بێت، بەڵام یارمەتی فەرمانڕەوایەکی ستەمکار نادات با موسڵمانیش بێت."

لەسەر زاری چەندین زانایانی موسڵامان گێڕدراوەتەوە کە گوتوویانە : (( إن اللە یقیم الدولة العادلة و إن کانت کافرة، ولا یقیم الظالمة و إن کانت مسلمة، و الدنیا تدوم مع العدل و الکفر ولا تدوم مع الظلم و الاسلام)).

واتە، خودای گەورە دەوڵەتی دادپەروەری بێ باوەڕ بەرپا دەکات و دەیهێڵێتەوە ،و دەوڵەتی ستەمکار بەرپا ناکات و نایهێڵێتەوە با موسڵمانیش بێت. دونیا لەگەڵ دادپەروەری و خوانەناسیدا بەردەوام دەبێت. بەڵام، لەگەڵ ستەم و ئیسلام بەردەوام نابێت.

بێگومان، زۆرجار سیاسەتکردن بەپێی بنەماکانی تەنها یەک دین لە کاتێکدا چەندین ئایین و بیر و باوەڕ بوونی هەیە لەوانەیە ستەمکاری لێ بکەوێتەوە بەرامبەر ئەوانیتردا.

دیموکراسی و دەوڵەتی بێ ئایین، کاتێ دەوترێ دەوڵەت دینی نەبێت واتای ئەوە دەگەیەنێت کە هیچ کام لەو دینانەی کە هەن لەلایەن دەوڵەتەوە نەسەپێندرێ بەسەر ئەوانی دیکە دا و ئازادی بیروباوەڕ و ئایدۆلۆژیای ئایینی خەڵک لەلایەن دەوڵەتەوە زەوت نەکرێت، بەڵکوو دەبێت دەوڵەت ڕێز لە بەهای هەموو ئایینەکان بگرێت بە بێ جیاوازی هیچ دینێک فەرز نەکات بەسەر ئەوانی ترەوە. چەمکی دیموکراسی، وشەیەکی یۆنانییە واتای دەسەڵاتی گەل دەگەیەنێت. بیرمەندێکی فەرەنسی بەناوی (موریس دوفر جیە) پێناسەی دیموکراسی دەکات دەڵێت: "سیستمێکە بەگوێرەی ئەو زۆرینەی دانیشتوان حکومەت هەڵدەبژێرن، کەمایەتیش (ناکۆتاکان) مافی ڕادەربڕینی هەیە و هەموو بیرو باوەڕ و ڕەوتەکان ڕێزلێگیراون و هەموو هاوڵاتیان لەم سیستمە دا یەکسانن. بۆ هیچ هێزێک نییە بۆ گەیشتن بە دەسەڵات یان مانەوە لە دەسەڵات توندوتیژی بەکاربهێنێت، چونکە دەنگی خەڵک بڕیار لەسەر ئەوە دەدات. نابێت دین بە کاربهێنرێ وەک وەسیلەیەک بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵات."

 عەلمانیبوون دووركەوتنەوە نییە لە دین كە وشەی عەلمانی لە دونیای ئیسلامدا سەری هەڵدا، بە هەڵە، بە مانای دژەدین لێكدرایەوە. تەنانەت (بیرمەند)ێكی وەكوو موحەممەد عابید ئەلجابیری، داوای كردبوو وشەی عەلمانی لە قامووسی هزری عەرەبی بسڕێتەوە. زۆرینە پێیان وایە، ناكرێت مەلا یان قەشە عەلمانی بێت. بەڵام، عەلمانییەت دوورخستنەوەی دینە لە دەوڵەت. دەشێت ئینسانی هاوزەمان پێشەوایەكی ئایینی بێت و عەلمانییش بێت، عیزەدینی حوسەینیی كوردستانی و گریگوار حەددادی لوبنانی ئەمانە وەک نموونە. ئەگەر پەیوەندیی دەوڵەت بە دینێكی دیاریكراوەوە پتەوبوو، ئەگەر دەوڵەت و دین لە خزمەتی یەكتریدا بوون، ئەگەر دینێك دەوڵەتی بەڕێوە برد ئەوە دەوڵەتێكی دینییە. بەڵام، ئەگەر دەوڵەت و دین لە یەكدی جیابوون و ‌هیچیان دەستیان وەرنەدەدایە كاروباری ئەوی ترەوە ئەوا دەوڵەتێكی عەلمانییە. دەوڵەتی عەلمانی نە لەبن هەژموونی هیچ دینێكدایە، نە گوشار دەخاتە سەر هیچ دینێك. دەوڵەت و دین هەردووكیان سەربەخۆن. لە سایەی دەوڵەتی عەلمانیدا، دین هی زۆرینە بێت یان هی كەمینە، هەمان بایەخ و هەمان ئازادی و هەمان ڕێزی هەیە. ئازادیی دینداری یەكێكە لە مافەكانی ئینسان، كاتێك دابین دەبێت كە دەوڵەت دەست وەرنەداتە كاروباری دینی و مەدەنی. عەلمانیبوون، مەسەلەیەكی سیاسییە، نەك دینی دەوڵەت ناتوانێت خۆی بە مۆدێرن بزانێت، ئەگەر دین لە سیاسەت جیا نەكاتەوە. جیاوازیی نێوان عەلمانی و ئیسلامی ئەوەیە، یەكەمیان لە هەوڵی ئەوەدایە دین لەژێر چەپۆكی سیاسەت قوتار بكات، بەڵام دووەمیان لە هەوڵی بە سیاسیكردنی دیندایە. سیكۆلاریزم ئایدۆلۆجیایەك نییە، بە گژ دیندا بچێتەوە، كۆمەڵێك تەقەلا و هەڵسوكەوتە بۆ جیاكردنەوەی دین لە دەوڵەت، بۆ ئازادكردنی دین لە زیندانی سیاسەت، بۆ ڕزگاركردنی كۆمەڵی مەدەنی، لە ستەمی دەوڵەت و لە سانسۆری دینی. ئەوە هەڵەیە پێمان وابێت، عەلمانیبوون بۆ كریستیانیزم (مەسیحییەت) گونجاوە، بەڵام بۆ ئیسلام ناگونجێت. نا ڕاستییەكەی هەموو دینێك تا بتوانێت ڕێ لە عەلمانیبوون دەگرێت. كەنیسە دوو سەد ساڵێك خۆی بە دەستەوە نەدا، بەرگرییەكی كرد زۆر زیاتر لەوەی ئێستا ئیسلام لە دژی عەلمانیبوون دەیكات. بە عەلمانیكردنی دەوڵەت، پرسێكی سیاسییە و كاری دەوڵەتی مۆدێرنە. دەوڵەتی مۆدێرن بەبێ ئەوەی پرس بە پەرستگە یان بە كۆمەڵ بكات، عەلمانیبوون دەسەپێنێت. 

سیكولاریزم جیاكردنەوەی دینە لە دەوڵەت، جیاكردنەوەی دین نییە لە كۆمەڵ. دین لە كۆمەڵدا نەك هەر لە هەمان پایەی خۆی دەمێنێت، بەڵكوو ڕێز لێ گیراوتریش دەبێت. چونكە، لە سایەی عەلمانی بووندا دەوڵەت ناتوانێت خراپ سوود لە دین وەربگرێت و لە قازانجی خۆی بیخاتە گەڕ.لە سایەی دەوڵەتی عەلمانیدا، ئایین بوارێكی فراوانی بۆ دەڕەخسێت، تا برەو بە چالاكییە كۆمەڵایەتی و كلتوورییەكانی بدات. دوورخستنەوەی دین لە دەوڵەت، بە قازانجی دین دەشكێتەوە. زۆربەی پارتە ئیسلامییەكانی دونیای عەرەب دەیانگوت: "عەلمانیبوون كە لە خۆرئاواوە هاوردە كراوە، ناكۆكە لەگەڵ ڕۆحی ئیسلامدا." حیزبی ڕەفاهی توركی كە وەكوو كرۆك ئیسلامی بوو، داوای عەلمانیبوونی ڕاستەقینەی دەكرد، بۆ ئەوەی دەوڵەت دەست وەرنەداتە كاروباری دینەوە. عەلمانیبوون ڕەتكردنەوەی دین نییە، ئەوەیە نە دین دەست وەردەداتە سیاسەتەوە، نە سیاسەت دەست وەردەداتە دینەوە. عەلمانیبوون دژی دین نییە دژی بە سیاسیكردنی دین و بە دینیكردنی سیاسەتە.

زۆرترین بینراو

developed by Scorpion shield