ئازادی ڕۆژنامەوانی لە کوردستان لە مەترسیدایە

بڵاوکردنەوە:

شادی غەفوور

نووسەر:

شادی غەفوور

بینراو:

367

بەش:

ڕامیاری

ئازادی ڕۆژنامەوانی، واتا نەبوونی هیچ چاودێری و سەرپەرشتیکردنێکی حکومی بە هیچ جۆرێک. بێگومان ئەو ئازادیەی کە ڕۆژنامەنووسان هەیانە لە ڕووی ڕەوشتیەوە دیاریکراوە و نابێت ئەوان بارودۆخەکە بقۆسنەوە. ئازادی ڕۆژنامەوانی ڕەها نییە و پێویستە پابەندی ڕێزگرتنی مافی کەسان و بەرژەوەندی گشتی و سیستەمی گشتی حکومەت بێت. یاسای تایبەت سەبارەت بە ئازادی ڕۆژنامەگەری هەیە، هەروەها ئازادی ڕۆژنامەوانی جەخت لەسەر دوو بنەمای سەرەکی دەکاتەوە: یەکەمیان، ئەوەیە کە پێویستە ئازادی تەواو بە ڕۆژنامەنووس بدرێت تاوەکوو گوزارشت لە بیرو و بۆچوونەکانی خۆی بکات. دووەمیان، پێویستە ئەو ھۆکارانە بدۆزینەوە کە لە ڕێگەیانەوە ڕێگە بگیرێ لە بەردەم بەکارهێنانی ئەم ئازادیە لەلایەن ڕۆژنامەنووسانەوە، وەک ئامڕازێک بۆ پێشێلکردن و دەستدرێژی کردنە سەر ماف و ئازادی کەسان. لە ئازادی ڕۆژنامەوانیدا، پێویستە ئازادی پێویست بۆ ڕۆژنامەنووسان و مافی پێویستیش بۆ تاکەکان و کۆمەڵ بە گشتی هەبێت. هەرچەندە، لە ڕۆژی ئەمڕۆدا لەنێوان ئەو هەموو پێشکەوتنەی جیهان هێشتا ئازادی ڕادەربڕین ئەو کێشەیەیە کە ڕۆژنامەنووسان و ڕاگەیەندنکارانی کوردستان بە دەستیەوە دەناڵێنن. حکومەتی هەرێمی کوردستان، هیچ کارێکی وای نەکردووە بۆ کەم بوونەوەی ئەو پێشێلکاریانەی لەلایەن ئەوان و نزیکانی دەسەڵاتەوە بەردەوام هۆکار بووە بۆ کەم بوونەوەی ئازادی ڕۆژنامەوانی و ڕادەربڕین. ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان لە کوردستان بەردەوام فشاریان دەخرێتە سەر و چاودێری لەسەر کارەکانیان هەیە، ڕووبەڕووی هەڕەشە و توندوتیژیی و گرتن و لێدان دەبنەوە، بەتایبەتی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی بە دوای گەندەڵی و خراپییەکانی دەسەڵاتەوەن و سەر بە دەزگا حیزبیەکانی خۆیان نین. زانیارییەکان و داتا و ئامارەکان لە ڕۆژنامەنووسان و دەزگاکانى ڕاگەیاندن دەشاردرێتەوە و پێیان نادرێت و ئەو زانیاریانەشی کە دەستیان دەکەوێت لەناو دەبرێت.

ڕۆژنامەنووسان دەخرێنە ژێر چاودێری دەزگا ئەمنیە هەواڵگیرییەکانەوە، زۆرجار تۆمەتی ترسناکیان دەخرێتە پاڵ، هەروەک چۆن لە ئێستادا شێروان شێروانی و هاوڕێکانی داهاتوویان دیار نییە، و دادگا لە ژێر دەستی پارتە سیاسیەکاندا بڕیاریان بۆ دەردەکات بێ بوونی هیچ بەڵگەیەک تۆمەتیان ئاڕاستە دەکرێت. بێگومان نابێت کورد گرنگی ڕۆژنامەنووسان و ڕاگەیاندنکارانی لە یاد بچێت، لە سەردەمی ڕژێمی بەعس کە بەردەوام هەوڵیانداوە هاوڵاتیان وریا و هۆشیار بکەنەوە و دژ بە دەسەڵاتی داگیرکەر هانیان بدەن، سوودێکی یەکجار گەورەی لە دەمودەستی ڕاپەڕیندا هەبووە و توانیویانە هەستی نەتەوایەتی گەلی کورد بجوڵێنن. ئەگەرچی، ئەوکات زۆر کەم بوون و زۆرینەی ئەو کەسانەی ڕۆڵێکی باڵایان هەبوو پێشمەرگە بوون لە شاخ. بەڵام، گەنجانی خوێنەوار و ڕۆشنبیرانی ناو شار بەردەوام بەبێ ترس بە چاونەترسی کاری خۆیان کردبوو، بەڵام جێگەی داخە کە لە ئێستادا هەرێمی کوردستان لە لیستى پێشەوەى ئەو وڵاتانە دایە، کە ئازادییەکانی بیروڕا و ڕۆژنامەگەری تێدا پێشێل دەکرێت. سەرەڕای ئەوەی لە هەرێمی کوردستان یاسا بۆ پاراستنى ڕۆژنامەنووسان و ئازادی ڕۆژنامەگەریش هەیە، کە یاسای ژمارە ٣٥ی ساڵی ٢٠٠٧ە، بەڵام دەسەڵات لە هەرێم کار بەو یاسایە ناکات. بۆ سزادانی ڕۆژنامەنووسان و بەرتەسک کردنەوەى ئازادی ڕۆژنامەوانى پەنا بۆ یاسا کۆنەکانى سەردەمی ڕژێمی بەعس دەبەن کە دژی هەموو ئازادیەکانە، لەگەڵ ئەوەشدا پەنا دەبرێتە بەر ئەو بڕگە و ماددانەی باس لە ئاسایشی نەتەوەیی دەکات، بۆ لێپێچینەوە و کردنەوەی دۆسیە لەسەر ڕۆژنامەنووسەکان. ئەم بارودۆخەش وا دەکات کاری ڕۆژنامەوانی بە ویستی دەسەڵات بێت، هەر وەک وڵاتە دیکتاتۆرەکان. ئەم ڕاستیەش حاشا هەڵنەگرە کە نووسەر و ڕۆژنامەنووسان بەردەوام ئاماژە بە خراپی دۆخی ڕۆژنامەوانی لە هەرێمی کوردستان دەکەن و دەڵێن کاری ڕۆژنامەوانی لە هەرێمی کوردستان بە قۆناغێکی تاریکدا تێپەڕ دەبێت و لە دادگاکاندا یاسای کاری ڕۆژنامەوانی لەگەڵ ڕۆژنامەنووساندا بەکار ناهێنرێت. بێگومان ئەمە قسەی هەمووی نیە، چونکە دەسەڵات دەستی بەسەر زۆرێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندندا گرتووە و زۆربەی دەزگاکان لە بەرژەوەندی حکومەت کار دەکەن. حکومەت، دەسەڵات به‌كارده‌هێنێت بۆ سزادان و زیندانیكردنی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی خەبات بۆ ئازادی و كۆمەڵگایەكی هۆشیار دەكەن و ڕێگری لە کارەکانیان دەکەن. هەرێمی كوردستان، هەرچەندە دەسەڵات بە دروشم لەگەڵ ئازادی كاری ڕۆژنامەنووسی و ئازادی ڕادەربڕیندایە، بەڵام لە پڕاكتیكدا لە ڕێگەی درووست كردنی تۆمەتی ئامادەکراو، سزای قورسی ڕۆژنامەنووسان دەدەن.

لە باشوری کوردستان چەندین ڕۆژنامەنووس تیرۆرکراون و تا ئێستاش کەیسەکانیان یەکلای نەکراوەتەوە، کە ئەوانیش هەریەکە لە سۆرانی مامە حەمە لە کەرکوک، کاوە گەرمیانی لە کەلار، سەردەشت عوسمان لە هەولێر و وەدات حسێنی پەیامنێر لە دهۆک.

تا ئێستا كه‌یسی‌ ئه‌و ڕۆژنامه‌نووسه‌ تیرۆركراوانه‌ كاری‌ جددی‌ له‌سه‌ر نه‌كراوه‌، و ئەمەش ئەوە دەردەخات لە کوردستان دادگا حوکم ناکات بەڵکوو کۆمەڵە کەسێک لە هەردوو لایەنی کوردستان کە دەستیان بەسەر دەسەڵاتدا گرتووە ئازادیان قۆرغکردووە لە دەستی خۆیاندا. دادگا بۆ ویستی دەسەڵات بەکار دەهێندرێت. هەروەها، دەمھەوێت گرنگی بە باسی سەنتەری میترۆ بدەم کە لە سلێمانی دامەرزاوە لەلایەن کۆمەڵێک لە چالاکوان و ڕۆژنامەنووسەوە بۆ داکۆکیکردن لە مافی ڕۆژنامەنووسان. هەروەها، لە ئامارێکی بۆ مافی ڕۆژنامەنووسان ئاماژەی بەوە داوە لە ساڵی ٢٠٢١دا، ٣٥٣ پێشێلكاری بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان و دەزگاكانی ڕاگەیاندن ئەنجامدراوە و لە ساڵی ٢٠٢٢ دا ڕێژەی پێشێلكارییەكان زیادی كردووە بۆ ٤٣١ حاڵەت. سەنتەری میترۆ ئەوەشی بڵاوکردۆتەوە کە دەستبەسەرکردن بەبێ فەرمانی دادگا، تووندوتیژی، پەلاماردانی تیمەکانی ڕاگەیاندن، زیندانیکردن، هەڕەشەکردن و تۆقاندن، جیاکاری و پێنەدانی زانیاری کاری ڕۆژنامەوانانی قورستر کردووە و هەرێمی كوردستان زەمینەیەكی مەترسیدارە بۆ كاری ڕۆژنامەوانی، و بەردەوام ڕێگریان لێدەکرێت بۆ کارکردن بە ئازادی. باشترین نموونەش بۆ خراپی دۆخی ڕۆژنامەوانان و چالاکوانان، کەیسی زیندانیانی بادینانە کە بۆ ماوەیەکی زۆر و بەبێ دادگایی و ڕێکارە یاساییەکان لە زینداندا هێڵدراونەتەوە هەندێک جاریش، ڕێگریان لێکرا کە خانەوادە و پارێزەرەکانیان ببینن. ئەوەی جێگەی داخە تاوەکوو ئێستا حکومەتی هەرێم هەنگاوی پێویستی نەناوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ڕۆژنامەنووسان و ڕاگەیاندکاران کە بەردەوام ڕۆژنامەنووسان دەگیرێن و ڕووبەڕووی هەڕەشە و تیرۆر کردن دەبنەوە.

 

زۆرترین بینراو

developed by Scorpion shield