گۆڕستانی پۆڵەندییەکان لە خانەقین

بڵاوکردنەوە:

ناوەندی پەڕنووس

نووسەر:

گەرمیان حەسەن

بینراو:

651

بەش:

مێژوو

بە دووری "٥ کیلۆمەتر" لە باشوری شاری خانەقین، گۆڕستانێک دەبینی جیاواز لە مرۆڤەکانی ئەم نیشتمانە و غەریب بەم خاکە نێژارون. لەوێدا سەدان گۆڕ بەدی دەکەیت، ئەویش گۆڕستانی پۆڵندییەکانە، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ جەنگی دووەمی جیهانی و ڕۆژانی داگیرکردنی ئێراق لەلایەن بەریتانیای گەورەوە، کە تەمەنی ئەم گۆڕستانە ۸۲ ساڵە. چیرۆکی ئەم گۆڕستانە لە خانەقیندا دەمانگەڕێنێتەوە بۆ ساڵی ۱۹۳۹ز، ئەودەمەی حکومەتی نازی ئەڵمانیا هێرشی کردە سەر پۆڵنداو داگیری کرد. دواتریش، یەکێتی سۆڤیەت لە بەشی ڕۆژهەڵاتەوە هێرشی هێناو ئەو ناوچە و شارانەی مابوو داگیر کرد، بەمەش جەنگی جیهانی هەڵگیرسا. زۆرێک لە خەڵک و دانیشتوانەکەی پۆڵندا ئاوارە و بێلانە بوون.

هەرچی دۆخی ئێراق بوو لەو کاتەدا دۆخێکی ناجێگیر بوو لە ڕووی سیاسییەوە پێش جەنگ لە ساڵی ۱۹۳۹ز دا، لە بارودۆخێکی تەمومژاویدا شا غازی پاشای ئێراق مرد بە ڕووداوی ئۆتۆمبێل لەو ساڵەدا. چونکە، لایەنگری بۆ ئەڵمانەکان هەبوو بە پێچەوانەی بەریتانییەکان. لە ئێراق ساڵی ۱۹٤۱ لە ماوەی چوار مانگدا دوو کابینەی حکومەت پێکهات و پوچەڵبوویەوە تا ڕەشید عالی گەیلانی بۆ جاری چوارەم لە ژیانیدا کابینەی حکومەتی درووست کرد. ڕەشید لایەنگری بۆ ئەڵمانەکان هەبوو، ئەمە ترسی لای بەریتانیەکان درووست کرد، ئەڵمانیەکان وڵاتێکی وەکوو ئێراقیان لەژێر دەست دەربهێنت. تا ڕەشید "حکومەتی بەرگری نیشتمانی" درووست کرد بە سەرۆکایەتی خۆی لە ۱۹٤۱/٤/۱۲. ئەم ڕووداوە ناسراوە بە (بزووتنەوەی مایسی۱۹٤۱)، تەنانەت خێزانی مەلیکە بچکۆل پەنایان هێنا بۆ ماڵی "مەلا ئەفەندی" لە هەولێر و پاراستنی. بەریتانیا، پێش ئەوەی هێزەکانی ئەڵمانیا لە ئێراق جێگیر ببن دەستێوەردانی سەربازی کرد، ئێراقیان کۆنترۆڵ کرد و هەوڵەکەی ڕەشید سەرنەکەوت لەگەڵ دارودەستەکەی بۆیە هەڵهاتن بۆ خانەقین، لە خاڵی سنووری مونزریە چوونە وڵاتی ئێرانەوە. ئێرانیش لەو دەمە دۆستێکی دیاری ئەڵمانەکان بوو. خەڵکە سیڤیل و دەربەدەرکەی پۆڵۆنییەکانیش دژ بە داگیرکاری ئەڵمانی و سۆڤێتی لە خاکەکەیان پەیوەندیان کرد بە هێزەکانی بەریتانیاوە لەلایەن "جەنەڕاڵ سیکۆرسی" هێنرانە ئێراق لە چەند ناوچەیەک نیشتەجێی کردن لە: خانەقین، کەرکوک، قزربات و بەغداد. بەڵام، سەرەڕای ملکەچ بوونی حکومەتی ئێراقی بۆ داواکارییەکانی بەریتانیا، وەزارەت دوای چوار مانگ گۆڕانکاری بەسەردا هات و نوری سەعید لە ماوەی نێوان ئۆکتۆبەری ١٩٤١ تا حوزەیرانی ١٩٤٤ وەک سەرۆکی وەزارەت دەستنیشانکرا، کە تیایدا عێراق کەوتە ژێر چاودێری بەریتانیا، بۆیە سەرچاوەکانی وڵات تەرخانکرابوون بۆ شەڕ، و ڕێوشوێنی سەرکوتکەر لە دژی چالاکیەکان گیرابەر لە ڕووی سیاسییەوە. سوپای ئێراقیش، لاواز بوو بە جۆرێک نەیتوانی هیچ جوڵەیەک لە دژی ئینگلیزەکان بکات. کاردانەوەکانی شەڕ لە باکوری ئێراق توندتر بوون بەهۆی دەستدرێژی ئەڵمانییەکانەوە بۆ ناوچەی قەفقاز، و ترسی گەیشتنیان بە ئێران و ئێراق، کە ئێران لەو دەمەدا ڕەزا شا حوکمڕانی دەکرد مەیل و دۆستایەتی لەگەڵ ئەڵمانەکان هەبوو، بۆیە ویستی ناوچەکە کۆنترۆڵ بکات لە ترسی ئەوەی نەکا لە بەرەی ئێرانەوە هێرش بکرێتە سەری، کە دۆستی دوژمنەکەیەتی. بەمجۆرە سوپای ئینگلیز بەهێزتر کرا، هێڵی بەرگری لە باکوری ئێراق دامەزرا، بەتایبەتی لە بەرەی خانەقین سنووری ڕاستەوخۆی بە وڵاتەوە هەبوو بۆیە پەنابەرانی پۆڵەندی لە شاری خانەقین کۆکرانەوە و لەوان دەستەیەکی سەربازی پێکهێنرا بۆ یارمەتیدانی سوپای بەریتانیا لە ئێراق. ئەو هێزانەی لە خانەقیندا بوونە لەژێر سەرکردایەتی "کاپتن وێڵسن" بوونە، کە جێگری یاریدەدەری ڕاوێژکاری سیاسی سوپای بەریتانی بوو. ئەو شوێنەوارانەی لە سەردەمی جەنگی دووەمی جیهانی لەﻻیەن سوپای پۆڵندی بەریتانیاوە درووستکراون له خانەقین ئێستاش ماون، پێی دەڵێن "سپێر" وەکوو ڕەبایە لە کاتی‌ شەڕ بەکارهێنراوە، کە له ناوچەکەدا زیاتر ۱۰ دانە لەو ڕەبایە سەربازیانە هەیە وەکوو شوێنەوارێک ماونەتەوە. تەنانەت، ماوەیەک بە بیانووی بەکارهێنانی‌ زەوییەکەی‌ بۆ کاری‌ کشتوکاڵی‌ یەکێکیان له شوێنەکەی ﻻبرا و خرایە شوێنێکی‌ تر. یەکیکی‌ تریش له نزیک کەڵات لەﻻیان کۆمپانیایەکی خانووبەرە که له ئێستادا خانوو و یەکەی‌ نیشتەجێبوون درووست دەکات له نزیک کەڵات، تێکدرا. ئەو شوێنەوارانە به ‌ماددەیەکیش درووستکراون پێی دەوترێت "نویرە" نە چیمەنتۆیە و نە گەچ، کە ئەوکات ئه و ماددەیە بۆ بیناکردن بەکاردەهێنرا.

بەریتانیا، چەند ئۆردوگایەکی بۆ کردنەوە لە نزیک خانەقین. هەروەها، ژمارەیان بە ٤٠ تا٥٠ هەزار کەس خەملێنراوە ژن و منداڵیشیان لەگەڵ بووە. بەپێی سەرچاوەکان زیاتر لە ساڵێک لە ناوچەکەدا بوونە. لە ڕووی ئابووریی و جەنجاڵی کێشەیان درووست کردووە بۆ ناوچەکە، جیا لەوەی بەهۆی خواردنەوە کحولیەکان بوونەتە هۆی پشێوی نانەوە. دواتر قەدەغە کراوە، بەڵام بە شێوەی نیهێنی پێیان فرۆشراوە.

حاڵەتێکی ژنخوازی لەلایەن سەربازێکی پۆڵندی لەگەڵ کچە کوردێکی خانەقیندا ڕوویداوە دوای گەڕانەوەی بۆ زێدی خۆیان ئەو هەر لە خانەقیندا ماوەتەوە. بەڵام، سەردەمی ڕژێمی بەعس ڕاگواستراون (تەرحیل) کراون. پۆڵندییەکان، لەسەر شاخی کەڵات هێما و ئاماژەی پۆڵندیان لەسەر شاخەکە هەڵکۆڵیوە، بریتییە لە هەڵۆیەک و لە خوارەوەی هەندێ نووسینی پۆڵندی تاکوو ئێستاش ماوە. وەکوو باسدەکرێ ئەمە سەربازێکی پۆڵندی هەڵی کۆڵیوە، کە پەیکەرتاش بووە. لەو کاتەدا پەتای تاعون تەشەنەی کرد و زیاتریش دەبوو، ئەمەش بووە هۆی گیان لەدەستدانی سەدان سەرباز و هاوڵاتی بەتایبەت پۆڵندیەکان. نەشیان دەتوانی تەرمەکانیان بگوازنەوە بەهۆی جەنگ و داگیرکاری وڵاتەکانیان، لە هەمان کات پەیوەندییان کردبوو بە بەریتانیەکان، کە بکەوتنایە دەستی ئەڵمانەکان دەکوژران. دەشبووە هۆی گواستەوەی پەتاکە و تووشبونی هاوڵاتی و خەڵکانی زۆرتر. بەم شێوەیە لە دووری ٥ کیلۆمەتر لە باشوری شاری خانەقین سپاردەکران و لە گۆڕنران بەشێواز و ڕێوڕەسمی ئایینی خۆیان. هەرچی ژمارەی گۆڕە پۆڵەندییەکانە ٤۳۸ گۆڕە، ۱۰۳ گۆڕیان بە ڕەگەز هیندیە، هەروەها ۳ شیان بە ڕەگەز عەرەبن. ئەم گۆڕستانە، گەورەترین گۆڕستانی پۆلەندییەکانە لە ئێراقدا، لەبەرئەوەی گۆڕستانێکی تری پۆلەندییەکان هەیە لە باشوری ئێراقدا ئەمەیان لە شاری بەغدادە و لە نزیک باڵیۆزخانەی تورکیایە. گۆڕستانەکە لە ئێستادا بەهۆی پشتگوێخستن و پێشێلکردنی لەلایەن خەڵکەوە زیانی بەرکەوتووە، ئەو کەسانەی سەردانی دەکەن دڵگرانن بەم شێوەیە.بەڵام، هێشتا سەردانی گۆڕستانەکە دەکرێت لەلایەن چالاکوانان و تیم و نێردراوە پۆڵەندییەکانەوە بۆ بینینی ڕابردووی ئاوارەیی خۆیان لە ناوچەکەدا. لە کاتێکدا، دەتوانرێ خزمەت بکرێ و نۆژەن بکرێتەوە و ببێتە بەشێک لە کەلەپوور و سەردانکردنی خەڵکانی ناوخۆ و بیانی و ڕاکێشانی بە مەبەستی گەشتیاری و شوێنەواری بۆ پەرەپێدانی شارەکە.

پۆڵندییەکان ڕۆژانی پڕ یادەوەریی و دەربەدەریان لە خانەقین لە یاد نەکردووە. لە مۆزەخانەی ئیتنۆگرافیی کاراکۆڤ لە وڵاتی پۆڵەندا سێ جۆر کڵاوی کوردیی ناوچەی خانەقین دانراون. ماجید شالیاری بەڕێوەبەری مۆزەخانەی خانەقین کاتی خۆی ڕایگەیاند "سێ جۆری کڵاوی خانەقین لە مۆزەخانەی ئیتنۆگرافیی کاراکۆڤ لە پۆڵەندا دانراون، کاتێک چووەتە ناو ئەو مۆزەخانەیەوە خۆشحاڵ بووە کە بینیویەتی سێ جۆر کڵاوی کوردی کە ساڵی ۱۹٤۲ لە خانەقین درووستکراون، و لەو مۆزەخانەیەدا دانراون. ئەمەش دەرخەری بە ئەمەکی و وەفایانە بۆ شارەکە."

 

لیستی سەرچاوەکان

١ - زیاد نعمان محمود، خانەقین لەنێوان ساڵانی ۱۹۱۸-۱۹٥۸، ماستەر بڵاونەکراوە، زانکۆی سەڵاحەدین، هەولێر، ۲۰۱۷.

٢ - ڕزگار حاجی حەمید ،ئێراق مێژوویەک پڕ لە جەنگ و ململانێ،چ١، چاپخانەی کارۆ، سلێمانی،۲۰۲۱.

٣عمار علي السمر، شمال العراق۱۹٥۸-۱۹۷٥، المركز العربي للأبحاث ودراسة السياسات، الدوحة، الطبعة۱، ۲۰۱۲.

٤ - وەزارەتەکانی حکومەتی ئێراق، گۆڤاری وەشت.

المقبرة البولندية، موقع الكتروني شفق نیوز https://shafaq.com/ar

٦ - الجيش البولندي في خانقين https://youtu.be/xMWtQTMbcMo

۷ - ماڵپەڕی کوردپیدیا.

 

زۆرترین بینراو

developed by Scorpion shield