چۆن ئەمەریکا مەکسیکی دزی

بڵاوکردنەوە:

زنار بابەکر

نووسەر:

جۆنی هاریس

بینراو:

278

بەش:

ڕامیاری

تێبینی: ئەم بابەتە بەتەواوەتی لە یەکێک لە ڕاپۆرتەکانی جۆنی هاریس (Johnny Harris)، ڕۆژنامەوانی ئەمەریکی، وەرگیراوە و سەرجەم زانیارییەکان لە بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە هی هەوڵ و ماندووبوونی ئەوە. جگە لە پێشکەشکردن و خستنەڕووی بابەتەکە بەشێوازی خۆم، هیچ دەستکارییەکم لە ناوەڕۆکەکەیدا نەکردووە بێ زیادکردن و کەمکردنەوەی هیچ شتێک.

 

ئەو کاتەی کە ئیمپڕاتۆریەتی بەریتانیا خاکەکانی سەر ڕووی کەناری خۆرهەڵاتی کیشوەری ئەمەریکای داگیر دەکرد، هێڵێکیان بەسەر نەخشەی ئەو کیشوەرەوە کێشا کە بەدرێژایی زنجیرە چیاییەکدا دەڕۆیشت لە باکوورەوە بەرەو باشوور (وەک دەبینرێت لەم وێنانەی خوارەوەدا). ئەمەش، وەک دەستنیشانکردنی بەربەستێک بۆ خەڵکی نیشتەجێکراو و دەیانوت کە هیچ کەسێکی تازە نیشتەجێبوو لە کیشوەری ئەمەریکا نابێت لەم سنورە بپەڕێتەوە. ئیمپڕاتۆریەتی بەریتانیا ئەم سنورەی بۆ ئەوە دانابوو چونکە دەترسا لەوەی کە ئەگەر هاتوو نیشتەجێبووەکان بەرەو خۆرئاوا کشابان، ئەوە لە دەرەنجامدا ڕووبەڕووی جەنگێک دەبوونەوە لەگەڵ خەڵکە ڕەسەنەکەی کیشوەری ئەمەریکا. ئینجا، نەشیاندەویست کە نەخوازراوانە کێشە بۆ فەڕەنسا درووست بکەن کە بە هەمان شێوە خاکی خۆیان هەبوو لە خۆرئاوا. بۆیە، بە خەڵکە نیشتەجێبووەکەیان دەوت کە لەم سنورە نەپەڕنەوە. خەڵکە نیشتەجێبووەکەش چی کرد؟ هەر حسابیشیان بۆ ئەم سنورە نەکرد!...

 

 

 

 

جا، ئەو خەڵکە نیشتەجێبووەش بەپێی کات دەستی کرد بە هەڵگیرساندنی شۆڕشی خۆی و ڕاگەیاندنی سەربەخۆییی خۆی لە دەوڵەتێکی تازە لەدایکبوودا: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا. دوای ئەمەش، هیچ بەربەستێک و سنورێک بوونی نەما لەلایەن هیچ دەسەڵاتێک و هێزێکی دەرەکییەوە، و ئیتر، لێشاوی کشان بەرەو خۆرئاوای کیشوەر دەستی پێکرد. بەڵام، پێتوانەبێت کە ئەم فراوان بوون و کشانەش بەم کیشوەرە گەورە و گرانەدا لە خۆرهەڵاتەوە هەتا خۆرئاوا هەر بەخۆشی و بێ کێشەوبێشە بووە، نەخێر! بەڵکوو لە بەرامبەر قوربانی و لەناوبردنی خەڵکە ڕەسەن و دێرینەکەی ئەو خاکە خۆی بووە. بەس، من لێرە باسی جینۆساید و کوشتارە گەورەکانی ئەمەریکات بۆ ناکەم لە لەناوبردنی کلتوور و ناسنامەی تەواو لە چەندین گەلی دێرین و ڕەسەنی ئەو خاکە – ئەمە خۆی پێویستی بە بەدواداچوونی خۆی و باسی تایبەت بە خۆی هەیە. بەڵکوو، دەمەوێت باسی ئەو کاتە بکەم کە ئەمەریکا گەیشت بەم ئاستەی دەردەکەوێت لەم نەخشەیە...

 

 

ئێستا، ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەیەم و ساڵانی 1800ـەکانە، ئەمەریکاش لە 27 ویلایەت پێکهاتووە لەگەڵ خاکێکی بەرفراوان لە خۆرئاوا. بەڵام، هێشتا دەوڵەتی ئەمەریکا لەم ئاستە لە زەریای ئەتڵەسییەوە درێژنابێتەوە بۆ زەریای هێمن. بەڵکوو، ڕووبەڕووی دەوڵەتێکی تری تازەی سەربەخۆ و دامەزراو دەبنەوە بەناوی مەکسیک.

 

 

بەشی باکووری مەکسیک لە ناوچەیەک پێکهاتبوو بەناوی "تێخاس،" یاخود "تێکساس (Texas)." هەروەها، بەزۆریش لەلایەن کۆمەڵەی خەڵکی ڕەسەنی ئەمەریکییەوە نیشتەجێکرابوو، کە هیچ کاریان نە بە ئەمەریکا و نە مەکسیک هەبوو، تەنیا خەریکی ژیانی ئاسایی خۆیان بوو بۆماوەی چەندین سەدە لە زێدی خۆیان. جا، مەکسیکییەکانیش لە نەخشەی خۆیان دەڕوانن و سەیرێکی باکووری تازە داگیرکراویان دەکەن و دەڵێن چی بکەین لەم هەموو خاکە زۆرە؟ دەیانویست خەڵک ڕابگوێزن بۆ ئەو ناوچەیە تاکوو داهات و سەرچاوەیەکی ئابووری باشتری هەبێت بۆ دەوڵەتی مەکسیک. پلانەکەشیان بۆ ئەمە ئەوە بوو کە چەند ناوچەیەکی فراوان لە تەکساس بە کرێ بدەن بە خەڵکی دەوڵەتی ئەمەریکا، تاکوو بێن لەوێ بژین و نیشتەجێبن. لە بەرامبەریشدا، ئەو خەڵکە کە نیشتەجێ بووە وا دەکات خەڵکی زیاتریش بێت تاکوو هەر لەوێ نیشتەجێ ببێت... وە هەروەها. بەڵام، هەموو ئەم پلانە لە دژی خۆیان وەستایەوە و بە خۆیانی دایەوە! خۆ، خەڵکی ئەمەریکا هات تا نیشتەجێ ببێت لەو ناوچانە، بەڵام لەگەڵ خۆیاندا کۆیلەشیان هێنان – کە هەبوونی کۆیلە نایاسایی بوو ئەو کاتە – و هەروەها ئەو هەڵوێستە یاخی و شۆڕشگێڕانەشیان هێنا کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکای لە ئیمپڕاتۆریەتی بەریتانیاوە دەرهێنا. مەکسیکیش بۆی دەرکەوت کە خاکی خۆی بە کرێ داوە بە کۆمەڵەیەک کە نایەوێت لەژێر دەسەڵاتی مەکسیکدا بژیات. لە ئەنجامی ئەمەشدا، دەوڵەتی مەکسیک سوپای خۆی دەنێرێت بۆ ئەو ناوچانە تاکوو بیری ئەو خەڵکەی بهێنێتەوە کە هێشتاش هەر لە مەکسیکن و دەبێت ئاگاداربن کە ئەوان تەنها ئەم خاکەیان بە کرێ داوە بە ئەمەریکا و هیچی تر. ئەمەش، چی بەدوای خۆیدا هێنا؟... جەنگ!

خەڵکە هاتووەکەی ئەمەریکا شکستی هێنا لەو جەنگەدا؛ جەنگێکی ناسراو بە "جەنگی ئاڵامۆ (The Battle of Alamo)." لەجیاتی ئەوەی ئەم شکستەش کۆتایی بە هەموو شتێک بهێنێت و خاکەکە بگێڕێنێتەوە ژێر دەستی مەکسیک، خەڵکی زیاتری ئەمەریکی بەدوای خۆیدا هێنا تاکوو بەشداری پێکداچوون و جەنگەکان بکات! لە دەرەنجامی ئەم پێکداچوونە دواییانەشدا، ئەمەریکییەکان سەرکەوتنیان بەدەستهێنا و نەتەوەیەکی نوێیان بۆ خۆیان ڕاگەیاند: کۆماری تەکساس (The Republic of Texas). ئێستا، نەخشەی ڕامیاری ناوچەکە بەم شێوەیەی خوارەوەیە: دەوڵەتێکی تازەی دامەزراو لە خەڵکی ئەمەریکی، لەنێوان هەردوو دەوڵەتانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و مەکسیک...

 

 

بەڵام، هەمووان کۆک نەبوون لەسەر ئەوەی کە نەخشەکە دەبووا بەم شێوەیە بکێشرێت. ئەگەرچی مەکسیک دانی بە شکستەکەی خۆیدا نابوو و سەربەخۆیی بە تەکساس بەخشی، بەڵام لە ڕوانگەی ئەوانەوە نەخشەکە بە شێوەیەکی تر بوو و سنورێکی تریان بۆ کۆماری تەکساس دەستنیشان کردبوو، هەروەها هەموو خاکێکی تری دەرەوەی ئەو سنورەیان هێشتاش بە هین خۆیان دادەنا...

 

 

ساڵی 1845، تەکساس بوو بە 28ـەمین ویلایەت لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا. ئینجا، ئێستا ئەو مشتومڕ و ناکۆکییەی خاکە یەکلانەبۆوەکەی کە پێشووتر کۆماری تەکساس و مەکسیک دەیانکرد لەنێوان خۆیاندا، کێ هاتووە دەیکا؟ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا.

جا، ئەوەشت بیربێت، ها! کە، لەناو هەموو ئەو پێکداچوون و ناکۆکییەی کە لەسەر ئەو نەخشەیە دەکرێت کە قۆناغ بە قۆناغ پیشانی تۆی دەدەم، ئەوە چەندان و چەندان خەڵکی ڕەسەنی ئەمەریکا هەیە کە ماوەی هەموو تەمەنی خۆی و باوباپیرانی هەر لەو خاکە ژیاوە و ئێستا وا خەریکە قۆرخدەکرێت و تێدادەچێت بە بێ ئەوەی کە هیچ پەیوەندی نە بە ویلایەتە یەکگرتووەکان و نە بە مەکسیسکیشەوە هەبێت.

هەرچۆنێکبێت. با بزانین دواتر چی ڕوودەدات...

 

 

دواتر، کابرایەک بە ناوی جەیمس ک. پۆلک (James K. Polk) دەبێت بە سەرۆک کۆماری ئەمەریکا. جەیمس هەر لەگەڵ دەست بە کاربوونی، لیستێک لە هیوا و ئاواتەکانی دەخاتەڕوو بە چەند خاڵێکەوە بۆ بەدیهێنانیان لەماوەی سەرۆک کۆمارییەتیدا. واتە، بەکورتی و پوختی ئامانجەکانی خۆی بەڕوونی دیاری دەکات و لە سەرووی هەموو ئەو ئامانجانەشەوە بریتییە لە سەندنی کالیفۆرنیا لە مەکسیک! لەناو ئامانجەکانی تریشیدا، بریتی بووە لە کەمکردنەوەی باجی گومرگ، دامەزراندنی خەزێنەیەکی دارایی سەربەخۆ، هەروەها بەدەستهێنانی ناوچەی ئۆریگۆن – ئەو بەشەی کە لەوپەڕی خۆرئاوای ئەمەریکاوە بوو لەسەر کەناری زەریای هێمن. بیرتبێت کە تا ئەم ساتە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە زەریای ئەتڵەسییەوە درێژنەبۆتەوە تاکوو زەریای هێمن، ئەمەش لەبەرئەوەی کە ناوچەی ئۆریگۆن هێشتا یەکلایی نەببۆوە و پێکداچوون و ناکۆکی تێدا هەبوو لەنێوان ئەمەریکا و بەریتانیا و فەڕەنسا. بەڵام، هەروەک دەبینیت یەکلایی کردنەوە و بەدەستهێنانی ئەم ناوچەیەش هەر لە ئامانجەکانی جەیمس پۆلک بووە. بەڵام، هەرچۆنێکبێت. ئێمە کارمان بە ئامانجە سەرەکی و بنچینەییەکەتی بۆ بەدەستهێنانی کالیفۆرنیا لە مەکسیک.

لە سەرەتادا، پۆلک هەوڵی کڕینی کالیفۆرنیای دا بە بڕی 25 ملیۆن دۆلار. مەکسیکیش زۆر بەخۆشی و ڕاشکاوی وتی: نا، شتی وا نابێت. جا، کە ئەمەریکا داوایەکت پێشکەش دەکات و تۆش وەکوو دەسەڵاتداری دەوڵەتێک دوای ڕەتکردنەوەی داواکە دەبێت چاوەڕێی چی بکەیت؟ ڕاگەیاندنی جەنگ لە دژت، دوای ئەوەی کە ئەمەریکا مافی هەڵگیرساندنی جەنگەکەی "شەرحاندووە" بۆ خۆی. با بزانین چۆن...

پۆلک گرۆیەکی بچووک لە سەرباز دەنێرێت بۆناو ئەو بەشەی خاکی تەکساس کە مشتومڕ و ناکۆکی لەسەربوو لەگەڵ مەکسیک. بە قسەی پۆلک، ئەوان سەربازیان ناردووە بۆ خاکی خۆیان کە لە کۆماری تەکساسەوە هەڵیان گرتۆتەوە. بەڵام، بە قسەی مەکسیک، پۆلک سەربازی هێناوەتە ناو خاکی مەکسیکەوە و ئەو شوێنەی کە سەربازەکانی بۆ هاتووە لە دیوی سنوری تەکساسدا نییە. کەوابێت، مەکسیکیش لە وەڵامدا چی دەکات؟ سەرباز ڕەوانە دەکاتەوە بۆ هەمان ئەو ناوچەیە چونکە بێگانە خۆی هەڵگیرساندووە لە خاکەکەی ئەودا. ئەمەش، ڕێک ئەوە بوو کە پۆلک چاوەڕێی دەکرد و دەیەویست.

سوپایەک لە 1600 سەربازی مەکسیکی هێرش دەکات سەر گرۆیەک لە 80 سەربازی ئەمەریکی؛ یازدە دانەیان دەکوژرێن و ئەوانەی تر دەستبەسەر دەکرێن. پۆلک، یەکسەر ڕادەکات بۆ کۆنگرە و دەڵێت، "مەکسیکییەکان هێرشیان کردۆتە سەر خاکی ئێمە و خوێنی ئەمەریکییان ڕشتووە لەسەر خاکی خۆمان." لە کاتێکدا، خاکەکە هی ئەمەریکا نەبووە و ناکۆکی لەسەر بووە ئەگەرچی زۆرێک باوەڕیان وا بوو کە ئەو خاکە لە بنەڕەتدا مافی مەکسیک خۆیەتی، بەوپێیەش هێرشبەر ئەمەریکایە نەوەکوو مەکسیک! بەڵام، ئەمانە هیچ گرنگییەکی نەبوو لە ڕاستیدا. بەهانەی کوژرانی سەربازە ئەمەریکییەکان بە چەکی مەکسیکییەکان، بەس بوو بۆ پۆلک تا کۆنگرە ڕازی بکات بۆ هەڵگیرساندنی جەنگ.

ئەمەریکا زۆر بەئاسانی و خێرایی جەنگەکەی بردەوە، ئەمە شتێکی چاوەڕنەکراو نییە. بەڵام، تۆ سەیری ڕەوشتی داگیرکاری ئەمەریکا بکە! ناردنی خەڵکی خۆت بۆ نیشتەجێ بوون لە خاکی بێگانە. پاشان، ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی لەلایەن ئەو خەڵکەی خۆت لە خاکی بێگانەدا. ئینجا، لەخۆگرتنەوەی خەڵکەکەت و دزینی ئەو خاکە، بە وەرگرتنی دەوڵەتە تازە ڕاگەیاندراوەکەیان وەکوو ویلایەتێکی تری تازە. لە کۆتاییشدا، هەڵگیرساندنی جەنگێکی تەواو دژی ئەو دەوڵەتە بێگانە بە سوودوەرگرتن لەو ناکۆکییەی کە لەسەر ئەو خاکە هەیە کە دزیوتە و بەناحەق سەندووتە.

ڕەخنەگر هەبوو لەو کاتە. یەک لەو ڕەخنەگرانەش خودی ئەبرەهام لینکۆڵن بووە، کە وتی ڕێگەدان بە پۆلک بۆ هەڵگیرساندنی جەنگ بەزۆر لە دژی مەکسیک "ڕێگەدان بە ئەو بووە تا بۆ خۆشی خۆی جەنگ هەڵبگیرسێنێت." قسەکەشی، زۆر جوانی فەرمووە.

دوای سەرکەوتن لە جەنگەکە، دەرەنجام ئەمەریکا بڕی 15 ملیۆن دۆلار بە مەکسیک دەدات، و مەکیسیکیش دەستبەرداری کالیفۆرنیا و هەموو ئەو خاکە دەبێت کە لەو نەخشەی خوارەوە دەستنیشانکراوە بەو ناوچانەش کە ناکۆکی تێدا بوو لەسەر تەکساس...

 

 

سەرەڕای بەدەستهێنانی ئەو هەموو خاکە و زەبەلاحبوونە، تەنانەت ئەمەریکا دەیتوانی زۆر زیاتریش لەمە و هەموو مەکسیک داگیر بکات! بەس، تۆ وەرە با پێتبڵێم بۆ ئەمە ڕووینەدا...

هۆکاری داگیرکردنی تەنها ئەوەندە خاکە لە مەکسیک، ئەوە بوو کە تەنها ئەو ناوچانە بەزۆرینە ئەمەریکییە ڕەسەنەکانی تێدا دەژیا. یەکێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی ئەوکاتەی ئەمەریکا، کە زۆر هاوڕا و هاوخوازی کۆیلایەتی بووە، لەناو ئەنجومەن دژی داگیرکردنی هەموو مەکسیک وەستاوەتەوە و وتوویەتی: "هەرگیز خەونمان بە لەخۆگرتنی هیچ ڕەگەزێکی تر جگە لە قەوقازییەکان – ڕەگەزە ئازادە سپی پێستەکان – نەبینیوە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان... ئایا دەبێت هیندییە سوورەکان و ڕەگەزە تێکڵبووەکانی مەکسیکی بگرینە خۆمان وەکوو هاوتا، هاوڕێ، هەروەها هاووڵاتی؟" بە واتایەکی تر، بەڕوونی بۆت بخەمەڕوو: سیاسەت و ڕامیارییەکەیان ئەوە بووە کە ئەو خاکانە داگیربکەن کە ئەمەریکییە ڕەسەنەکانی تێدا دەژیات تاکوو لەناویان ببەن و سپی پێستەکانی تێدا نیشتەجێ بکەن، لەجیاتی ئەوەی ئەو خاکانەش بگرنە خۆیان کە ڕەگەزی تری جگە لە سپی پێستەکان لەخۆگرتووە. ئەمە، بریتییە لە پاڵنەر و هۆکار و دەستنیشانکەری هەر خاکێک کە ئەمەریکا لە مێژووی خۆیدا ڕووی تێ کردووە و داگیری کردووە لەماوەی هەموو قۆناغەکانی فراوانخوازیدا.

تەنها مانگێک دوای جەنگەکەی مەکسیک، پۆلک بە هەمان شێوە بە ڕێککەوتنێک لەگەڵ بەریتانیا خاکی ئۆریگۆنی یەکلایی کردەوە و لە کۆتاییدا دەوڵەتێکی پێکهێنا کە لەو زەریا تا ئەو زەریا درێژدەبۆوە. پاشان، بەشێکی تریشی لە خاکی مەکسیک کڕی و توانی ئەو سنورەش لە باشوری ئەمەریکا پێکبهێنێت لەگەڵ مەکسیک کە ئەمڕۆ دەبینرێت بەسەر نەخشەی ڕامیاری جیهانەوە. کەوابێت، بەم شێوەیە ئەو ئەمەریکایەی ئەمڕۆ دەیبینێت خاکی دەوڵەتی خۆی پێکهێنا: سەرەتا بە شۆڕشێک لە خەڵکی ئەمەریکی دژی مەکسیک، دواتر جەنگێک بەکەیفی جەیمس پۆلک هەر لە دژی مەکسیک، لە کۆتاییشدا بە کڕینی بەشێکی تری بچووک هەر دیسانەوە لە مەکسیک. جا، جارێکی تریش، هەموو ئەو خەڵکە ئەمەریکییە ڕەسەنەی کە لەو ئەمەریکایە دەژیا، گشتی سەرکوتککرا لەلایەن سپی پێستەکانەوە – بەتایبەت ئەو سپی پێستانەش کە بەدوای زێڕدا دەگەڕان. هەروەها، هەر مەکسیکییەکیش کە مافی خاوەندارێتی هەبووە، ئەوە بە دەستوورێک مافەکەی لێ سەندرایەوە کە تەنها ڕێگەی بە سپی پێستەکان دەدا تاکوو بتوانن دەنگ بدەن.

 

وتەی وەرگێڕ: دەشڵێن، ئەو ئەمەریکایە بە شۆڕشێکی پاڵاوانانە دژی بەریتانیا و فەڕەنسا درووست بووە لەلایەن خەڵکێکەوە کە درووشمی پیرۆزی ئازادی هەڵگرتووە! ناوەڵڵا، من پێتدەڵێم کە بە لەناوبردنی ئەمەریکییە ڕەسەنەکان و دزینی خاکی مەکسیک درووست بووە، بە هەڵگرتنی درووشمی رەگەزپەرستیی سپی-پێست-خوازی.

 

زۆرترین بینراو

developed by Scorpion shield