دادگای باڵای فیدڕاڵی

بڵاوکردنەوە:

سۆنیا مەحموود

نووسەر:

سۆنیا مەحموود

بینراو:

458

بەش:

ڕامیاری

کۆماری فیدڕاڵی ئێراق، ھاوشێوەی زۆربەی وڵاتانی تری  فیدڕاڵی، خاوەنی دادگای دەستوورییە. دادگا دەسەڵاتێکی سەربەخۆیە لەپاڵ ھەریەک لە دەسەڵاتی یاسادانان (تشریعي) و دەسەڵاتی جێبەجێکردن (تنفیذي)، بەگوێرەی بنەمای لێک جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان (المبدء فصل بين سلطات).

لە ئێراقیشدا، بەگوێرەی ماددەی (٨٩)ی دەستووریی ھەمیشەیی (٢٠٠٥)ی ئێراق، دەسەڵاتی دادوەری بە جۆرێک ڕێکخراوە کە دەسەڵاتی دادوەری پێکدێت لە: (ئەنجومەنی باڵای دادوەری، دادگای باڵای فیدڕاڵی، دادگای پێداچوونەوەی فیدڕاڵی، دەزگای داواکاری گشتی، دەستەی سەرپەرشتی دادوەری، دادگا فیدڕاڵییەکانی تر کە بەگوێرەی یاسا ڕێکدەخرێن). لەبەر گرنگی و پایەی دادگای دەستووری، لە نووسینی ئەمجارەدا بە پێویستی دەزانم تیشک بخەمە سەر دادگای باڵای فیدڕاڵی ئێراق.

دادگای باڵای فیدڕاڵی، بەرزترین دەسەڵاتی دادوەرییە لە ئێراق. دەستەیەکی سەربەخۆیە لەڕووی دارایی و بەڕێوبردنەوە، کە پێکدێت لە کۆمەڵێک دادوەر و شارەزا لە بواری فقھی ئیسلامی و زانای یاسایی. ھەروەھا، دیاریکردنی چۆنیەتی کارکردنیان و ژمارەیان بە یاسایەک ڕێکدەخرێت کە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانـ(پەرلەمان)ـەوە دادەنرێت، بە دەنگی (٢/٣)ی ئەندامانی ئەو ئەنجومەنە –  کە ئەمە لە ماددە (٩٢)ی دەستووری ئێراقدا باسکراوە. بەڵام، تاوەکوو ئەم ساتەش یاسایەکی لەو جۆرە بوونی نییە کە دەستوورەکە ئاماژەی پێداوە. ئەوەی کە ھەیە ئەوەیە کە ئێراق پێش دەستووری (٢٠٠٥)، یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەتی بۆ قۆناغی گواستنەوە ھەبووە ساڵی (٢٠٠٤)، کە بە ھەمان شێوە لەو یاسایەشدا باس لە چۆنیەتی درووستبوونی ئەو دادگایە کراوە. ئەو دادگایە بە یاسایەكی وەزاری – یاسای ژمارە (٣٠) – لە ساڵی (٢٠٠٥) پێكهێنراوە؛ باس لە چۆنیەتی درووستبوونی دادگاکە دەکات. بەڵام، ئەوکات دادگاکە تەنھا لە دادوەرەکان پێکدەھات، بەبێ شارەزایانی بواری فقھی ئیسلامی. لەمەوە دەردەکەوێت کە دادگاکە لەڕووی درووستبوونیەوە تەنھا بنەڕەتە دەستووری و یاساییەکەی ساڵی (٢٠٠٥)ی ھەیە، واتە پێش بەرکاربوونی دەستووری ھەمیشەیی (٢٠٠٥)ی ئێراق. هەروەها لەڕووی درووستبوونیەوە ھیچ یەکناگرێتەوە لەگەڵ ئەو بنەڕەتە دەستوورییەی کە لە دەستووری (٢٠٠٥)ی ھەمیشەیی ئێراقدا ھاتووە. ھەمیشە ئەوە جێگەی سەرنج بووە لای یاساناسان کە دەبووایە دادگای باڵای فیدڕاڵی بەگوێرە و لەژێر ڕۆشنایی ماددەی (٩٢)ی دەستووری (٢٠٠٥) و بەپێی یاسایەک لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەران دەرچووبایە، نەک بەپێی ئەو یاسایەی کە ئێستا دادگاکەی لەسەر درووستبووە. ھەر ئەمەش ھۆکار بووە بۆ ئەوەی کە ھەمیشە دادگای باڵای دەستووری نیشانەی پرسیاری لەسەر بێت لەلایەن یاساناسان بەگشتی و پسپۆڕانی بواری یاسای دەستووری بەتایبەتی. ئەوان دەڵێن کە "دادگاکە بنەڕەتەکەی نا دەستوورییە."

بە بۆچوونی من ئەو دادگایە نادەستوورییە. چونکە، یاسای بەڕێوبردنی دەوڵەت بۆ قۆناغی گواستنەوە بەپێی ماددەی (١٤٣)ی دەستووری کۆماری ئێراق ھەڵوەشاوەتەوە. دادگای باڵای فیدڕاڵیش، پشتبەست بە ماددەی (٤٤) لە یاسای بەڕێوەبردنی کاتی دەوڵەتی ئێراق بەپێی یاسای ژمارە (٣٠)، لە ساڵی (٢٠٠٥)، دامەزراوە. ھەروەھا، لەلایەکی ترەوە دادگاکە بەپێی ئەو زۆرینەیە دەرنەچووە کە ماددەی (٩٢) داوای دەکات.

بەپێی ئەو یاسایەی كە دادگاكەی لەسەر پێكهێنراوە، بارەگای دادگای باڵای فیدڕاڵی لە (بەغداد)ی پایتەختی ئێراقە. ئەو دادگایە لە سێزدە ئەندام پێکدێت. نۆ دادوەریان – سەرۆک و جێگرەکەی و حەوت ئەندام – بە ئەندامی بنەڕەتی (اصیل) دادگاکە دادەنرێن. هەروەها (٤) ئەندامیشیان یەدەگن. ھەر لە یاساکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە بەپێی پێکھاتەکانی ئێراق دادگاکە پڕ دەکرێتەوە، واتە شیعە و سوننە و کورد و پێکھاتەکانی تر. زۆرینەی ئەندامانی دادگاکە سەر بە پارت و لایەنە شیعییەکانن، کوردیش دوو ئەندامی ھەیە لە دادگاکە. شایەنی باسە کە نیسابی یاسایی (انعقاد جلسات) لە دادگاکە بە ئامادەبوونی ھەر نۆ ئەندامە بنەڕەتییەکە تەواو دەبێت. بەڵام، لە کاتێکدا کە یەکێک لە نۆ ئەندامەکە لە دانیشتنەکە ئامادە نەبوو، ئەوە بە ئەندامە یەدەگەکان جێگەی پڕ دەکرێتەوە و کارەکەی ڕایی دەکرێت. ماوەی ئەندامیەتی لە دادگاکە بۆ هەتاهەتاییە، سەرۆک و ئەندامانی دادگاکە دەتوانن تا لە ژیاندابن لە پۆستەکانیان بمێننەوە، مەگەر خۆیان بە ویست و ڕەزامەندی خۆیان ڕایبگەیەنن کە نایانەوێت چیتر لەو پۆستەدا بمێننەوە، یاخود ئەگەر تۆمەتبارکران بە تۆمەتی شەرەف یان خیانەتی نیشتیمانی یان تاوانی گەندەڵی. دادگای باڵای فیدڕاڵی کۆنابێتەوە، تەنھا لەسەر بانگهێشتکردنی سەرۆکی دادگا بۆ ئەندامەکانی نەبێت، پێش بەرواری دیاریکراو، و کاتی پێویست لەلایەن سەرۆکی دادگاوە دیاریدەکرێت بەپێی گرنگی بابەتەکە.

ھەروەھا، لەگەڵ نامەی بانگهێشتنامەکەدا کارنامە و بەڵگەنامە پەیوەندیدارەکان هاوپێچ دەکات بۆ ئەندامان تاوەکوو بتوانن کارنامە و بەڵگەنامە هاوپێچکراوەکان ببینن، بۆئەوەی بۆچوونێکیان هەبێت کاتێک ئامادەدەبن لەو دانیشتنەی کە بڕیارە بەڕێوەبچێت بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەو پرسەی کە خراوەتە ڕوو. بڕیاردان لە دادگاکە بە کۆی دەنگ دەبێت، ئەگەریش یەکێک یاخود چەند ئەندامێک ڕازی نەبوون بە بابەتەکە ئەوکات دەنگدان بە زۆرینە دەبێت نەک بە کۆی دەنگ. لە کاتی بڕیاردان لەسەر بابەتێک ھەمیشە پێویستییە سەرجەم ئەندامەکان واژۆی لەسەر بکەن و واژۆی سەرجەم ئەندامان لەسەر نووسراوەکە ھەبێت، تەنانەت ئەگەر بە بابەتەکەش ڕازی نەبوون. بەڵام، لە خوارووی نووسراوەکەدا ئاماژە بەوە دەکرێت و ئەوە نووسراوە کە "بە زۆرینە بڕیارەکە دەرچووێندراوە و چەند ئەندامێکی دادگا ناڕازیین بەم بڕیارە."

شایەنی باسە کە ھەمیشە دوو دادوەرە کوردەکە ئاڕاستەی ڕەخنە و توانج دەبنەوە لەلایەن ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستانەوە سەبارەت بەوەی کە ھەر بڕیارێک دادگای فیدڕاڵی سەبارەت بە ھەرێمی کوردستان دەری کردبێت. ئەگەرچی لە دژی ھەرێمی کوردستانیش بووبێت، ئەوە دوو دادوەرە کوردەکە واژۆیان لەسەر نووسراوەکە کردووە. بەڵام، ئەوە یەکێکە لەو ناھۆشیارییە یاساییانەی کە لەناو کۆمەڵگەدا بڵاوبۆتەوە و بوونی ھەیە، بە ھەڵە ھاووڵاتییان لێی تێگەیشتوون. چونکە، ڕاستی بابەتەکە ھەروەک لەسەرەوە ئاماژەمان پێدا ئەوەیە کە دەبێت سەرجەم ئەندامان واژۆ لەسەر نووسراوەکە بکەن، ئەگەر ڕازیش نەبن. وەک باسمان کرد کە بەگوێرەی ماددەی (٩٢) دادگاکە لە ژمارەیەک دادوەر و شارەزا لە بواری فقھی ئیسلامی و زانای یاسایی پێکدێت. شایەنی باسە کە بوونی شارەزایانی فقھی ئیسلامی لە دادگاکە ھەمیشە جێگای ڕەخنەیە لەلایەن زۆرینەی پسپۆڕانی یاسای دەستووری. چونکە، ئەوان پێیان وایە کە ئەو ئەرکانەی بەگوێرەی ماددەی (٩٣)ی دەستووری ھەمیشەیی بە دادگای باڵا بەخشراوە، بابەتێکی تەواو یاساییە نەک ئایینی. ھەروەھا، داوای ھەموارکردنی ئەم بڕگە دەستوورییە دەکەن.

دەستووری (٢٠٠٥) لایەنی ناوبژیوانکەری لە کاتی بوونی هەر تێکگیرانێک یاخود ناکۆکییەک لەسەر ماددە و بڕگەکانی دەستوور لە نێوان حکومەتی فیدڕاڵ و حکومەتی ھەرێمەکان، دیاریکردووە. ئەمەش لەڕێگەی دادگای باڵای فیدڕاڵی ئێراقەوەیە. بڕیارەکانی ئەم دادگایە لەسەر هەر ناکۆکییەکی تایبەت بە ماددە و بڕگەیەکی دەستووری لە سەرووی هەموو دەسەڵاتەکانەوەیە و یەکلاکەرەوەیە وەک لە ماددەی (٩٤) هاتووە، کە دەڵێت: "بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدڕاڵی یەکلاکەرەوە و بنبڕە دەبێت سەرجەم دەسەڵاتەکان پێوەی پابەندبن."

 

ئەرکەکانی داددگای باڵای فیدڕاڵی

لەژێر ڕۆشنایی ماددەی (٩٣)ی دەستووری ھەمیشەیی کۆماری ئێراق ئاماژە بە کارەکانی ئەم دادگایە دەکەین:

١ - چاودێریکردنی دەستووریبوونی یاساکان و ڕێنماییەکان.

٢ - لێکدانەوە یان تەفسیرکردنی دەقەکانی دەستوور.

٣ - یەکلایکردنەوەی ئەو کێشانەی پەیدا دەبن لە دەرئەنجامی جێبەجێکردنی یاسا فیدڕاڵییەکان و بڕیار و ڕێسا و ڕێنماییەکان، و ئەو شوێنانەی کە لەلایەن دەسەڵاتی فیدڕاڵییەوە دەردەچن.

٤ - یەکلایکردنەوەی ئەو ناکۆکییانەی لەنێوان حکومەتی ناوەند و حکومەتەکانی هەرێمەکاندا ڕوودەدات.

٥ - یەکلایکردنەوەی ئەو دووبەرەکییانەی لەنێوان حکومەتی ھەرێمەکان یان پارێزگاکان درووستدەبێت.

٦ - یەکلایکردنەوەی ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی سەرۆک کۆمار و جێگرەکانی، و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیرەکان دەکرێت. ھەروەھا، ئەمەش بە یاسایەک ڕێکدەخرێت.

٧ - بڕیاردان لەسەر ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجومەنی یاسادانان (پەرلەمان).

٨ - یەکلایکردنەوەی ئەو ناکۆکییانەی لەنێوان پسپۆڕی دادگای فیدڕاڵی و دەستەی دادوەری هەرێمەکاندا ڕوودەدات.

 

بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵی پەیوەست بە ھەرێمی کوردستان

دادگای باڵای فیدراڵی، لەماوەی کارکردنیدا چەندان بڕیاری دەرکردووە، لەناو ئەو بڕیارانەشدا بەشێکیان پەیوەندیدار بوون بە ھەرێمی کوردستانەوە. بڕیارەکانی دادگا کە سەبارەت بە ھەرێم دەریان دەکات کاردانەوەی خێرا و توند بەدوای خۆیدا دەھێنێت، و دەبێتە جێگەی نیگەرانی کاربەدەستانی ھەرێم. ئەوان ھەمیشە لەکاتی دەرکردنی ھەر بڕیارێکدا دەڵێن "بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدڕاڵی ئێراق نادەستوورییە و دادگا خۆی بە شێوەیەكی دەستووری پێكنەهاتووە و رێكنەخراوە و ناتوانێت وەک دادگایەكی فیدڕاڵی بڕیاربدات." ھەروەھا، بڕیاری دادگاکە بە سیاسی ناوزەند دەکەن و دەڵێن کە "بڕیارێکی تەواو سیاسییە نەک یاسایی و دەستووری."

ئەو بڕیارانەش بریتین لە:

١ - بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵی لەبارەی یاسای نەوت و گازی ھەرێمی کوردستان. بە پێی بڕیاری دادگا، حکومەتی ھەرێمی کوردستان پابەند دەکرێت بە ڕادەستکردنی تەواوی داھاتەکانی نەوت بە بەغدا.

٢ - بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵی ئێراق لەبارەی ھەڵوەشاندنەوەی بڕیاری ھێنانی ژنی دووەم.

٣ - بڕیاری دادگای فیدڕاڵی ئێراق لەبارەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و ڕاپرسی ھەرێمی کوردستان، کە دادگا لە بڕیارەکەیدا ڕایگەیاند کە "کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆیی ھەڵبژاردن و ڕاپرسی لە ھەرێمی کوردستان نادەستوورییە."

٤ - بڕیاری دادگای باڵا لەبارەی ناردنی پارە بۆ ھەرێمی کوردستان. لە ڕۆژی (٢٥)ی کانوونی دووەمی (٢٠٢٣)، دادگای فیدڕاڵی ئێراق بڕیاریدا کە ناردنی پارە بۆ ھەرێمی کوردستان نادەستوورییە.

٥ - ساڵی (٢٠١٧) دادگای فیدڕاڵی بڕیارێکی تری دەرکرد کە تایبەت بوو بەو ڕیفراندۆمەی كە (٢٥)ی ئەیلول بەڕێوەچوو. دادگای فیدڕاڵی ئێراق، ڕیفراندۆمەكەی هەرێمی بە نادەستووری وەسفكرد و پاشان بە بڕیارێكی تر هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ڕیفراندۆمی ڕاگەیاند.

٦ - لە کۆتا بڕیاریدا کە ڕۆژی (٣٠ی ئایاری ٢٠٢٣) دەریکرد، دادگای باڵای فیدڕاڵی ئێراق بڕیاریدا بە نادەستووریبوونی درێژکردنەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان. سەرۆکی دادگاکە ڕایگەیاند "بەردەوامبوونی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ ماوەی زیاتر لە چوار ساڵ، دوای درێژکردنەوەی پێچەوانەی بڕگەکانی دەستوورەکە. ھەر بۆیە دادگا بڕیاریدا، کە درێژکردنەوەی تەمەنی کارەکانی پەرلەمانی کوردستان نادەستوورییە و خولی پێنجەم وادەکەی لە کاتی خۆیدا کۆتایی ھاتووە، و ئەوەی دوای درێژکردنەوەکەی دەرچووە لەڕووی دەستوورییەوە پووچەڵە."

زۆرترین بینراو

developed by Scorpion shield