چۆن ئەمەریکا "هەواییـ"ـی دزی
بڵاوکردنەوە:
زنار بابەکر
نووسەر:
جۆنی هاریس
بینراو:
388
بەش:
ڕامیاری
تێبینی: ئەم بابەتە بەتەواوەتی لە یەکێک لە ڕاپۆرتەکانی جۆنی هاریس (Johnny Harris)، ڕۆژنامەوانی ئەمەریکی، وەرگیراوە و سەرجەم زانیارییەکان لە بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە هی هەوڵ و ماندووبوونی ئەوە.
40 ملیۆن ساڵ لەمەوبەر، خاکی بنکی زەریا تەقیەوە و گڕتاوی تواوە دەستی کرد بە وروژم کردن بۆ دەرەوە. وردە وردە سارد دەبۆوە هەر کە تێکەڵ بە ئاوی زەریا دەبوو و پێکهاتەی تاوێری پێکهێنا، تا لە کۆتاییدا زنجیرە چیا لەناو زەریادا سەریهەڵدا. هەر یەکێک لەم چیایانەش بەرزتر و بەرزتربوونەوە تا لە کۆتاییدا زنجیرەیەک لە دوورگە ئارێندرا. پاشان، دوای نزیکەی بەر لە 2000 ساڵ لەمەوبەر، گرۆیەک لە خەڵی دێرین هاتنە ناو ئەو دوورگانەوە لەڕێگەی کانۆو(بەلەمی کەم کێش و باریک)وە. دوای ئەمەش، هەر یەکێک لەو کۆمەڵگە بچووکانەی کە گرۆ جیا جیا هاتووەکان پێکهیان هێنا، یەکیان گرت بۆ یەک شانشینی دیاریکراو: شانشینی هەوایی (Hawaii)؛ نەتەوەیەکی سەربەخۆ لە ناوەڕاستی زەریای هێمندا. هەوایی بە تێپەڕبوونی کات نەتەوە، زمان، کلتوور و ناسنامەی خۆی پێکهێنا. بەڵام، هەموو ئەم ناسنامە و ڕەگەزە لە چارەنووسدا دزرا! لەلایەن نەتەوەیەکی گەورەترەوە داگیرکرا کە لەو سەری زەریاکەوە هاتبوو.
شانشینی هەوایی وەک شانشینێکی دوورەپەرێز و دابڕاو ماوەیەوە بۆ ماوەی چەندان ساڵ، تا ساڵانی 1700ـەکان و 1800ـەکان کە تێیاندا خەڵکی زۆر لە ئۆرۆپاوە هات بۆ سەردانیکردنی. زۆربەی جار هەر تەنها بە مەبەستی گەڕان بە زەریادا، بەڵام ئەوانەی کە دەمانەوە بە شێوەیەکی سەرەکی بریتیبوون لە ئەمەریکییەکان – بۆ بانگەشەکردن بۆ عیسای مەسیح. شانشینی هەوایی هەمیشە پێشوازی لەو سەردانیکەرە بێگانانە دەکرد. یەکێک لە گەڕۆکە بەریتانییەکان دیارییەکی لە ئاڵای بەریتانیا بە پادشای هەوایی بەخشی و شانشینی هەواییش لە دەرەنجامدا ئاڵای بەریتانیای گرتە ناو ئاڵاکەی خۆیەوە. کەوابێت، تا ئێرە پەیوەندییەکی باش و هاوڕێیانە لە نێوانیاندا هەیە.
ئەو خەڵکە ئەمەریکیانەی کە بڕیاریاندا لەسەر دوورگەکانی هەوایی بمێننەوە، بەپێی کات منداڵ و نەوەیان بوو و وردە وردە خەمخۆری خەڵکی ئەمەریکا و نێردە ئایینییە هاتووەکان تەنها لە بانگەشەکردن بۆ عیسای مەسیح نەبوو، بەڵکوو دەستیان کرد بە بنیاتنانی پڕۆژەی بازرگانی – بەتایبەت لەسەر شەکر. بە خواستی گەشەسەندووی ئابووریش لە دوورگەکانی هەوایی، ئەمەریکییەکان دەستیان کرد بە ئەنجامدانی... لە ڕاستیدا، ئەوەی هەر دەوڵەتێکی تری ئۆرۆپی ماوەی چەندان سەدە کردی لە فراوانخوازی سایەساکاریدا: دۆزینەوە و دەستبەسەرداگرتنی کلتوور و دەوڵەتێکی دەرەکی کە جیاوازە لە هی خۆیان تا بڵێن، دەزانی چی؟ وەرن با پیاوەتییەک لەگەڵ ئێوە بکەین و لێمانگەڕێن با ئێمە شتەکان بگرینەدەست لێرە بەدواوە... جا، بۆیە لەماوەی ساڵانی 1800ـەکاندا، ئەمەریکییەکان وردە وردە دەهاتنە دەرەوە لەژێر ڕکێفی پێکهاتەی دەوڵەتیی هەواییدا، هەروەها هەر زیاتر و زیاتریش خەڵکی تازەی دەرەکی دەهات بۆ نیشتەجێبوون لەو دوورگانەدا.
تا کۆتایی ساڵانی 1800، ئەمەریکییەکان دەستیان گرت بەسەر ڕێژەیەکی زۆر، زۆری سەرمایەی هەوایی، هەروەها ئەوانەشی کە گوایە نێردەی ئایینی بوون و هاتن بۆ نیشتەجێبوون و بەناوی بانگەشە بۆ عیسای مەسیح مانەوە، نەوە و منداڵەکانیان بەم شێوەیە دەردەکەوتن...
سوپایەکی پڕچەک لە خەڵکی مەدەنی هەوایی – نەوەی نێردە ئایینییەکان – کە زۆر تینوو و پەرۆشی سەندنەوەی دەسەڵات بوون بەسەر دوورگەکاندا لە شانشینی هەوایی تا زیاتر بەکاریبهێنن بۆ بەهێزکردن و فراوانکردنی بازرگانییەکەی شەکریان. بەڵام، بیرتبێت کە ئەمانە لەناو هەوایی لەدایکبوون! واتە، ڕەچەڵەکی خۆیان بە هەواییی دادەنێن، بەڵام دڵسۆزیان بەبێگومانەوە بۆ دەوڵەتی باوانیان بوو – کەوابێت لە ناخەوە ئەوانە ئەمەریکی بوون. تا دەوروبەری ساڵی 1893، ئەم چەکدارە سپی پێستانە و هاوپەیمانە ڕامیارییەکانیان، بەتەواوەتی ئامادەبوون بۆ دەستبەسەرداگرتنێکی تەواو بەسەر شانشینی هەواییدا؛ ئەو شانشینەی کە ئەو کات، لەلایەن ئافرەتێکەوە سەرکردایەتی دەکرا بە ناوی شاژن لیلیـ'ۆکەلانی (Lili’uokalani)...
ئەگەرچی نێردە ئەمەریکییەکانی بازرگانی شەکر هەر کەمینە بوون و بەرەنگارییەکی ڕاستەوخۆ بەتەنها لەڕێگەی خودی خۆیانەوە سەخت دەبوو، بەڵام خۆشبەختانە هاوکاریان هەبوو؛ باڵیۆزی ئەمەریکی ئەوکات، جۆن ل. ستیڤنس (John L. Stevens)، یارمەتی ئەمەریکییەکانی دا بە ناردنی کەشتییەکی جەنگی و هەروەها سەربازیش بۆ کەناراوەکانی دوورگەی ئۆواهو، بۆ پایتەختی هۆنۆلولو (Honolulu)...
تا ئەم ساتە، ناکۆکی هەوایی کێشەیەکی ناوخۆیی بوو. واتە، لەنێوان خەڵکی خۆجێی و ئەو سپی پێستانە بوو کە گوایە خۆجێیین چونکە هەر لەوێ لەدایکبوون. بەڵام، کە ئەمەریکا هاتە هۆنۆلولو بۆ دابینکردنی پشتیوانی لەپێناو لە دەسەڵات لادانی دەوڵەت، ئەمە بوو بە کودەتایەکی تەواوی پشتگیریکراو لەلایەن دەسەڵاتێکی دەرەکییەوە؛ تاوانێکی گەورە لە پەیوەندی نێودەوڵەتییەوە! کەچی، سەرەڕای ئەمەش، شاژن ناچارکرا واز لە دەسەڵاتی خۆی بهێنێت، و ئەم پیاوەیان بە سەرکردەی کۆماری تازەی هەوایی دانا، بە ناوی سانفۆرد دۆڵ (Sanford Dole)، کە بنەماڵەکەی باش لە بازرگانی شەکرەوە گلابوون...
خەڵکی ڕەسەنی هەوایی ڕووبەڕووی ئەمە بوونەوە، بەڵام بە شێوەیەکی ئاشتیانە. ناڕەزاییان دەربڕی و بەنزیکی تەواوی خەڵکی دوورگەکان سکاڵانامەیەکیان تۆمارکرد بۆ دەربڕینی ناڕەزایی لەسەر لە دەسەڵات لادانی شاژنەکە. لە واشینگتۆن مشتومڕێک دەستی پێکرد تا بڕیاربدەن کە ئاخۆ دەبێت چی بکەن ئێستا کە کۆمەڵێک نێردەی ئایینی گۆڕاو بۆ بازرگانی شەکر دەسەڵاتیان گرتۆتە دەست. خودی دۆڵ، خۆی، ڕۆیشت بۆ واشینگتۆن تا پشتگیری بەدەستبهێنێت بۆ دەستبەسەرداگرتنی هەوایی، بەڵام گرۆیەک لە خەڵکی ڕەسەنی هەوایییش بە هەمان شێوە تا بەرەنگاری ئەم هەڵوێستە ببنەوە. شاژنی پێشوو کە لە دەسەڵات لادرا، نامەیەکی نووسی بۆ گەڕاندنەوەی خۆی وەکوو سەرکردەی مافداری شانشینی هەوایی.
ئەمەریکا نەیدەزانی چی بکات تاکوو ساڵی 1898، کاتێک کە سەرۆک کۆماری ئەمەریکا، ویڵیام مەککینلی، خۆی بە کەسی وا دەوردەدا، کە، لە ڕاستیدا حەزیان بە فراوانخوازی دەکرد؛ ئەمەش، ئەوەبوو کە چارەنووسی هەوایی بەیەکجاری گیرکردبوو. هەموو ئەو هەڵوێستانەی کە خەڵکی ڕەسەنی هەوایی نواندی لە دەربڕینی ناڕەزایی بە شێوەیەکی ئاشتیانە، پێی نرایە سەر بە دەسەڵاتێک کە چەک و هێزی گەورەتر و خواستێکی نەگۆڕی هەبوو بۆ دەستەمۆکردن. بۆیە، لە هاوینی ساڵی 1898 ئەمەریکا هات، و ئاڵای شانشینی هەوایی دابەزێنرا و ئاڵای ئەمەریکا لە جێگەی هەڵدرا؛ ئێستا، هەوایی بەشێوەیەکی فەرمی سەر بە خاکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکایە. بە هاوکاری بازرگانی شەکرخواز، هەوایی لە خەڵکی ڕەسەنی خۆی سەندرا و خرایە ناو دەستی دەسەڵاتێکی زلهێزی گەشەکردووەوە. بەڵام، دزینی خاک خۆی شتێکە، ئەوەی کە دواتر ڕوویدا بریتییە لە دزییە گەورەکە...
لەم کاتەدا، هەوایی تەنها سەر بە خاکی ئەمەریکایە و ویلایەت نییە، بەڵام هێشتاش ئەمەریکا دەستی کرد بە وێرانکارییەکی گەورە و تەواو لە شێوازی ژیانی هەوایی. زمانی هەوایی لە فێرگەکان قەدەغەکرا، هەروەها کاری دەوڵەتی و بازرگانی، بەپێی یاسا، دەبووا بە زمانی ئینگلیزی جێبەجێبکرێن. ئەمەریکا دەستی کرد بە کارکردن لەسەر خاکی وا کە زۆرجار بە پیرۆز دادەنرا لای هەوایییەکان. تەنانەت، مێژووشیان سانسۆڕکرد، تا وا دەریبخەن کە خەڵکی هەوایی لە ڕاستیدا پێشوازیان لە ئەمەریکا کردووە بێ ڕووبەڕووبوونەوە. بڕێکی زۆر لە مێژووی هەوایی نەدەتوانرا سوودی لێ وەربگیردێت، چونکە بە خودی زمانی هەوایی تۆمارکرابوو و ئەم زمانەش وا خەریکبوو دەمرد. دواتر، لە ساڵی 1959، هەوایی بوو بە پەنجاییەمین ویلایەتی ئەمەریکا و هەر لەگەڵ ئەمە زۆر خێرا گۆڕا بۆ ئەو شوێنەی کە لە جیهانی سەردەمدا بە شێوەیەکی باو ناسراوە.
هەر کە هەموو ئەمە ڕوودەدات، کۆمپانیای خواردنی دۆڵ، ئەو کۆمپانیایەی کە زۆرترین هاوکاری پێشکەشکرد لە دزینی خاکی هەوایی، ئەمڕۆ بووە بە دامەزراوەیەکی جیهانی زەبەلاح. تا دەوروبەری ساڵی 1993، هەوایی لە هەموو ڕوویەکەوە سەر بە ئەمەریکا بوو و سەرۆک کۆمار، بیڵ کلینتن، داوای لێبووردنی بە نامەیەکی فەرمی پێشکەش بە خەڵکی هەوایی کرد؛ بە ناوی دەوڵەتی ئەمەریکاوە داوای لێبووردنی کرد بۆ دەستبەسەرداگرتن لە تێوەگلانی دەوڵەت ماوەی 100 ساڵ لەمەوبەر لە لادانی دەسەڵاتی پاشایەتی هەوایی بە هێز.
هێشتاش، سەرەڕای ئەم دزییە گەورە لە خاکی هەوایی و تاڵانکردنی ئەو دوورگانە، کەمێک هیوا بۆ خەڵکە ڕەسەنەکە هەر هەیە. هەموو ئەو گیانەی خەڵک کە لە ساڵانی 1893 بەشێوەیەکی ئاشتیانە ناڕەزایی دەردەبڕی، تەنانەت دوای دەستبەسەرداگرتنی تەواوی ئەمەریکاش هەر بەردەوامبوو و نەمرد. زمانی هەوایی وریاییانە پارێزرا لەڕێگەی هەوڵ و کۆششێکی زۆر زۆرەوە. ئەمڕۆ، فێرگەی تەواو بۆ فێرکردنی زمانی هەوایی هەیە. دابونەریتی هەوایی هەر بەزیندوویی ماوەتەوە و ئەم ساڵانەی دوایی خەڵکی هەوایی بەتەواوەتی ئەوەی نیشانداوە کە دەستبەرداری شوێنە پیرۆزەکانی خاکی خۆیان نابن. ناڕەزایی و خۆپیشاندانی گەورەیان ئەنجامداوە بۆ پاراستنی چیایەکی پیرۆز کە بڕیاردرا کاری لەسەربگرێت. ئەگەرچی هەوایی دزرا و هەوڵیش دراوە بۆ سڕینەوەی کلتووریان، بەڵام هێشتاش زۆرێک لە هەواییی ڕەسەن وەکوو خۆی بوونی ماوە.
ئەمەی خوارەوە بریتییە لە خودی ڤیدیۆکەی جۆنی هاریس کە تەواوی بابەتەکە و هەموو ئەو وێنانەم لێوەرگرتووە کە لە بابەتەکەدا خستوومەتەڕوو:
https://www.youtube.com/watch?v=XK2MBnw6RlY&t=1s
بابەتی هاوشێوە
زۆرترین بینراو
developed by Scorpion shield