پەیمانی لۆزان و پرسی ویلایەتی موسڵ

بڵاوکردنەوە:

ئاریان ئومێد

نووسەر:

ئاریان ئومێد و شێنێ جەلال

بینراو:

1380

بەش:

ڕامیاری

٢٠٢٣ی زاینیی

 ٢٧٢٣ی کوردی

 

پێشەکی

هەڵگیرسانی جەنگی یەکەمی جیهانی، دەستپێکی گۆڕانکاری گەورە بوو لە نەخشەی سیاسی جیهاندا. یەک لەو هێزانەی کە بە زەقی ڕەنگدانەوەی ئەو گۆڕانکارییەی پێوە دیاربوو، دەوڵەتی عوسمانی بوو کە لەماوەی جەنگەکەدا زۆربەی خاکەکانی ژێر قەڵەمڕەوی خۆی لەدەستدا. ئەنجامی ئەم لەبەریەک هەڵوەشان و لاواز بوونەی دەوڵەتی عوسمانی، هاتنە ناوەوەی سوپای هاوپەیمانان بوو بۆ ناو پایتەختی عوسمانی. هەروەها، گەشەسەندنی بزوتنەوەی نەتەوەیی لەناو پێکهاتە جیاوازەکانی دەوڵەتدا، لەوانە کورد و ئەرمەنییەکان کە دواتر پەیمانی سیڤەری لە (١٩٢٠)دا بەدوای خۆیدا هێنا و مافی درووست کردنی کیانی سەربەخۆیی بەم پێکهاتانە بەخشی. بەڵام، ئەم بارودۆخە لەگەڵ دەرکەوتنی بزوتنەوەی ڕزگاری نیشتمانی لە ئەنادۆڵدا کە تورکە نەتەوەییەکان سەرکردایەتییان دەکرد، گۆڕانی بەسەردا هات. تورکەکان لە جەنگی سەربەخۆیدا سەرکەوتنی خێرایان بەدەستهێنا و لە ماوەیەکی کورتدا زۆربەی خاکی تورکیای ئەمڕۆیان کۆنترۆڵکرد. هاوپەیمانانیش، لەگەڵ ئەم بارودۆخەدا خۆیان گونجاند و هەوڵیاندا لەگەڵ تورکە کەمالییەکان ڕێککەوتنێک واژۆ بکەن، کە دواتر پەیمانی لۆزانی لە ٢٤ی تەمووزی (١٩٢٣)دا لێکەوتەوە، کە خەونی درووست کردنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی کۆتایی پێهێنا. لەم توێژینەوەیەدا، لە چوارچێوەی دوو تەوەردا هەوڵمانداوە بارودۆخی ئەو دەمەی دەوڵەتی عوسمانی و هەلومەرجی دەرکەوتنی تورکە کەمالییەکان و پاشان چۆنیەتی بەستنی پەیمانی لۆزان و پەیوەندی بە چارەنووسی ویلایەتی موسڵەوە ڕوونبکەینەوە. لە کۆتاییشدا گەیشتوین بە چەند ئەنجامێک کە لە چوارچێوەی چەند خاڵێکدا ئاماژەی پێکراوە.

 

تێبینی: خوێنەرانی بەڕێز ئەو کەوانەیەی لە تەنیشتی دەقی نووسینەکان هەیە بۆ ئاماژەدانە بە سەرچاوەکان، ژمارەی یەکەم ژمارەی سەرچاوەکەیە لە لیستی سەرچاوەکاندا (کۆتایی بابەتەکە)، ژمارەی دووەمیش ژمارەی پەڕەی سەرچاوەکەیە کە زانیارییەکەمان لێوەرگرتووە.

 

تەوەری یەکەم: بارودۆخی دەوڵەتی عوسمانی لە پاش جەنگی یەکەمی جیهانییەوە:

بە هێرشی هێزەکانی ئەڵمانیا بۆ سەر بەلجیکا و فەڕەنسا لە سەرەتای مانگی ئابی (١٩١٤)دا، جەنگی یەکەمی جیهانی بەفەرمی دەستیپێکرد، هێزە شەڕکەرەکان بەسەر دووبەرەی سە رەکیدا دابەش بووبوون، ئەوانیش بەرەی ناوەند و هاوپەیمانان بوون. هەرچی بەرەی ناوەندە، پێکهاتبوو لە (ئەڵمانیا، نەمسا-مەجەر)، بەرەی هاوپەیمانانیش هەریەک لە (فەڕەنسا، بەریتانیا، ڕووسیا، سڕبیا)ی لە خۆدەگرت (٨، ٥٣-٥٤). لە سەرەتادا، دەوڵەتی عوسمانی بێلایەنی خۆی ڕاگەیاند. بەڵام، هەر زوو بەشێك لە سەركردەكانیان بە نهێنی لەگەڵ ئەڵمانیا پەیوەندییان بەست (١، ١٣). تا ئەوەی كەشتیگەلی عوسمانی بە فەرمانی ئەنوەر پاشا و یارمەتی ئەڵمانەکان، لە ٢٩ تشرینی یەكەمی (١٩١٤)دا بە سەرکردایەتی (سۆشۆن) هێرشی كردە سەر بەندەری ڕووسەكان لە دەریای ڕەش، ئەمە وایكرد هاوپەیمانان جەنگ دژی دەوڵەتی عوسمانی ڕابگەیەنن(٣، ١٧٦). بەمەش ناوچە جیاوازەکانی دەوڵەتی عوسمانی کەوتە بەر پەلاماری هێزەکانی هاوپەیمانان، لە گرنگترین ئەو ناوچانەش کە بوو بە مەیدانی جەنگ و زیانێکی زۆری پێگەیشت هەرێمەکانی ڕۆژهەڵات بوو، کە زیاتر ناوچەکانی کوردستانی دەگرتەوە (١٤، ٥٣٤). سوپای عوسمانی هەر زوو چەندین تێكشكانی پڕ سوێی بەخۆیەوە بینی، بەتایبەت لە بەهاری (١٩١٥)دا، دەیان هەزار سەرباز لە بەرەکانی شەڕ دژی ڕووس، لەبەر سەرماوسۆڵە و كەمی خۆراك لەناوچوون (٦، ٣٥). ڕووسیا، هەموو ئەو ناوچانەی سەندەوە، كە پێشتر توركەكان داگیریان كردبوو، تەنانەت سەدان كیلۆمەتر بەناو خاكی كوردستاندا پێشڕەوییان كردو بەشێکی فراوانی ڕۆژهەڵات و باكووری كوردستانیان كەوتە ژێردەست. لەشكری ڕووس و تیپەكانی قازاخ و ئەرمەنی و ئاشورییەکان كوشتاری زۆریان لە خەڵكی ناوچەكانی ئەرزەڕۆم و ئازەربایجان و بەدلیس و وان و ئاڵانسكر و بایەزید و ورمێ و مەهاباد و خانەقین و ڕەواندز كرد و ئاواییەكانیان وێران كرد. توركەکانیش، جگە لە ڕاگواستنی کوردانی ناوچەکە پەنایان بۆ هیچ چارەسەرێکی دیکە نەبرد، لەم چوارچێوەیەشدا هەزاران کوردیان بۆ ناوەڕاستی ئەنادۆڵ ڕاگواست کە بەشێکی زۆریان لە ڕێگەدا مردن (١٩، ٢٧٠-٢٧٢).

بارودۆخی عوسمانییەكان لە بەرەکانی شەڕ دژی بەریتانیا هاوشێوەی بەرەکانی ڕووسیا ڕوو لە خراپی بوو، بەتایبەت پاش شکستی لەشکری عوسمانی لە شوعەیبە لە نیسانی (١٩١٥)دا کە بووە هاندەرێك بۆ پێشڕەوی خێرای هێزەکانی بەریتانیا، ئەگەرچی عوسمانییەکان بۆ ماوەیەکی کاتی توانیان پێشڕەوییەکان ڕابگرن و هێزەکانی بەریتانیا لە شاری کوت گەمارۆ بدەن، بەڵام ئەمە سەرکەوتنێکی یەکلاکەرەوەی بەدوای خۆیدا نەهێنا و بەریتانییەکان پاش ماوەیەک دووبارە دەستیان بە پێشڕەوی کردەوە تا لە ئاداری (١٩١٧)دا توانیان بچنە ناو شاری بەغداد و پاشان لە هاوینی (١٩١٨) کەرکوکیش بگرن.

ئەم سەرکەوتنە یەک لەدوای یەکانەی بەریتانیا وای لە عوسمانییەکان کرد داوای ئاشتی بکەن، (٥، ٤٦) تا ئەوەی ئاگربەستی مۆدرۆس لە٣٠تشرینی یەكەمی(١٩١٨)دا بەسترا، بەمەش کۆتایی بە جەنگ لە دژی دەوڵەتی عوسمانی هات (٢، ٧٧). ڕۆژی ئیمزاكردنی بەڵگەی ئاگربڕ، ئەنوەر پاشا و تەڵعەت پاشا و سەركردەكانی تری توركانی لاو هەڵاتن بۆ ئەڵمانیا، حكومەتێكی نوێ بەڵگەنامەكەی پەسەند كرد، بەڵگەنامەی ڕاگرتنی جەنگ زیاتر ملدانانی عوسمانی بوو بۆ مەرجەكانی هاوپەیمانەكان، بەتایبەت بەریتانیای سەركەوتوو(١٩، ٢٧٤). دوای ئەوەش، جەنەراڵ (مارشاڵ) لە نامەیەكی هەڕەشە ئامێزدا داوای لە (علی پاشا) سەركردەی هێزی عوسمانی كرد كە موسڵ بدات بە دەستەوە، پاشان مارشاڵ بڕیاری دا كە بەرەو موسڵ بجوڵێ و لە هەشتی تشرینی دووەمی (١٩١٨) بێ بەرەنگاری شارەکەی گرت (١٧، ١٦).

هەر بەپێی مەرجەكانی ئەو ئاگربەستە بەشێک لە سوپای عوسمانی هەڵوەشایەوە و دەست بەسەر چەكەكانیشیاندا گیرا. هەروەها، عوسمانییەکان گەروو تەنگەبەرەكانیشیان لە دەستدا. بەم شێوەیە ئیمپڕاتۆریی عوسمانی بوو بە دەوڵەتێكی گەمارۆدراو كە هاوپەیمانەكان سەرگەرمی داڕشتنی پلانێک بوون بە مەبەستی دابەشكردن و پارچە پارچەكردنی، هەر ئەمەش بوو بەهۆی ئەوەی لە دواتر دا بە شێوەیەكی كرداری زەوییەكانی عوسمانی لەنێو هاوپەیمانەكاندا دابەشبکرێت. فەڕەنسییەكان، ویلایەتی ئەدەنە و ئیتاڵیەكانیش ویلایەتی قونیە و ئەنتاڵیا و ئینگلیزەكان و فەڕەنسییەكانیش پێكەوە مەرعەش و ئورفە و عینتابیان لە باشور داگیر كرد. ئینگلیزەكان بەوەشەوە نەوەستان بەڵكو سامسۆن و مرزیفۆنیان لە باكوور داگیر كرد. هەروەها، هاوپەیمانەكان لەسەر داگیركردنی گەرووەكانی دەردەنیل و بۆسفۆر هاوكاری یەكیان كرد، سەرەڕای دابەزینی هێزی سەربازی لە ئیستەنبوڵی پایتەختدا (١٢، ١٤٤-١٤٥). لە ٣٠ی كانونی دووەمی (١٩١٩)دا ئەنجومەنی بەرزی كۆنفرانسی ئاشتی بڕیاری دا لەسەر ئەوەی (ئەرمینیا، سوریا، میزۆپۆتامیا، كوردستان، فەڵەستین، نیوە جەزیرەی عەرەب) بە یەكجاری لە ئیمپڕاتۆرییەتی عوسمانی جیابكرێنەوە (١٩، ٢٧٦).

پاش حەوت مانگ لە مۆركردنی ئاگربەستەكە، یۆنان بە پشتگیریی بەهێزی بەریتانییەكان مافی داگیركردنی ئیزمیر و ناوچەکانی دەوروبەری بەدەستهێنا و دواتر ئەم داگیرکارییەی یۆنانییەکان لە ئاسیای بچوك شێوازێكی بەرفراوانی بەخۆوە بینی و زۆر ناوچەی تری دەرەوەی ئیزمیریشی گرتەوە (٣، ٢٠٩). لە ساڵی (١٩١٩)دا، زیاتر ئەوە ڕوون بوویەوە كە تاکە ڕێگە بۆ پێشگرتن لەم هەنگاوانەی هاوپەیمانان و گێڕانەوەی ئەو ناوچە داگیرکراوانە، تەنها لەڕێی جەنگ و گورزی سەربازییەوە دەبێت، بەڵام شكستەكان، نەخۆشی و پەتاكان و هەڵاتن لە سوپا، تێكڕای ئەوانە سوپای عوسمانی لەبەریەک هەڵوەشاندبوو، تەنیا شوێنێك كە سوپای عوسمانی تێدا چڕ و كۆكراوە بوو بریتی بوو لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵات. سوڵتان محەمەدی شەشەم كە لە چارەی نوسرابوو دوا سوڵتانی عوسمانی بێت، سیاسەتێکی لاوازی گرتبووە بەر کە زیاتر مەبەستی ڕازیکردنی هاوپەیمانەکان بوو، هەرچی پرسی سەربەخۆیی تەواوی ئەنادۆڵیشە پرسێکی هێندە گرنگ و بە بایەخ نەبوو بەلایەوە (٣، ٢١٠-٢٢٨). لە سێبەری ئەو بارودۆخەدا هاوپەیمانان لە نیسانی ساڵی (١٩٢٠)دا لەشاری (سان ڕیمۆ)ی فەڕەنسا كۆبونەوە و لە دواییدا ئەم پەیمانە لە شارۆچكەی (سیڤەر) لە فەڕەنسا لە ڕۆژی١٠ی ئابی (١٩٢٠)دا ئیمزاكرا. بەپێی ئەم پەیمانە، پێویستبوو چەند پارچەیەك لە زەوی و زاری ئەرمینیای توركی بخرێتە سەر کۆماری  ئەرمینیای (ڕووسیا). هەروەها، بڕگەكانی پەیمانەكە (٦٤،٦٣،٦٢) لە بەشی سێیەمدا تایبەتبوو بە مافی کورد، کە بەپێی ئەو پەیمانە ڕێگە خۆشکرابوو بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی لەسەر بەشێک لە خاکی کوردستان (١٨، ٢٩٥). لە بەرامبەر ئەم هەنگاوانەی سوڵتان و هاوپەیماناندا، ڕەوتێکی دیکە لەناو دەوڵەتی عوسمانیدا دەرکەوتن کە زیاتر بە بزوتنەوەی ڕزگاری نیشتمانی ناسرابوون، ئەم بزوتنەوەیە دواتر گۆڕا بۆ جوڵانەوەیەكی سەربازی لە ئەنادۆڵی ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵاتی توركیا کە لە ژێر ناونیشانی (جەنگی سەربەخۆیی)دا دژی حکومەتی ئەستەمبوڵ و هێزەکانی هاوپەیمانان دەجەنگان. بەهۆی ئەم بزوتنەوەیەوە، کەسایەتیەکی نوێ هاتە گۆڕەپانی سیاسییەوە ئەویش مستەفا كەمال و جەنەڕاڵە هاوڕێكانی بوون، کە توانیان چەند سەركەوتنێکی یەک بەدوای یەک لە مەیدانی جەنگدا بەسەر ئەرمەنەكان لە باكووری ڕۆژهەڵات و یۆنانییەكان لە باشووری ڕۆژئاوا و ئەنادۆڵی ڕۆژئاوا بەدەستبێنن (١٦، ٥٦-٥٧). هەروەها، کشانەوەی ڕووسیا لە ویلایەتەکانی ڕۆژهەڵاتی دەوڵەتی عوسمانی بەهۆی شۆڕشی بەلشەفیەوە و پاشان هاوکاریکردنیان لەگەڵ کەمالییەکاندا هۆکارێکی سەرەکی ئەم سەرکەوتنە خێرایانەی سوپای تورک بوو (١١، ٣٤-٣٧). ئاکامی ئەم سەرکەتنانەش کردنەوەی دەرگای دیبلۆماسیەتی نێودەوڵەتی بوو بەرامبەر ئەو حكومەتە نوێیەی کە خودی مستەفا كەمال لە ئەنقەرە حوکمداری بوو (١٦، ٥٧).

شایەنی باسە، مستەفا کەمال یەکێکبوو لە نەیارە سەرسەختەکانی پەیمانی سیڤەر و بە تەواوی دژی وەستایەوە، بۆ ڕێگری لێکردنیشی لە ئەنجومەنی گەورەی نیشتمانیدا کە لە ئەنقەرە دایمەزراند بوو کۆمەڵێک کەسی بەناوی نوێنەری کوردەکان و ناوچەکانی دیکەوە دانابوو، ئەمەش زیاتر بۆ چاوبەست و فریودانی نەتەوە ناتورکەکان بوو کە گوایە لەو دەوڵەتەی بڕیارە تورک درووستی بکات مافی خۆیان دەبێت (٩، ٥٨). کەمالییەکان، پاش سەرکەوتنە سەربازییەکانیان ئیدی وەک دەسەڵاتی سەرەکی لە تورکیادا دەرکەوتن، بۆیە زلهێزەکانیش هەوڵیاندا لەگەڵیان ڕێکبکەون. ئەوەبوو لەساڵی (١٩٢١)دا هەریەک لە سۆڤیەت و فەڕەنسا لەگەڵ کەمالییەکاندا ڕێککەوتن، ئەوەی لە سەنگەری تورکدا مابوویەوە تەنها بەریتانییەکان بوون، کە ئەوانیش لە چوارچێوەی زنجیرە دانیشتنێکدا لەگەڵ تورکەکان گەیشتن بە ڕێککەوتن و پەیمانی لۆزان لە ٢٤ی تەمووزی (١٩٢٣)دا لەنێوانیاندا مۆرکرا (١٢، ١٥٨).

 

تەوەری دووەم: پەیمانی لۆزان و چارەنووسی ویلایەتی موسڵ:

پاش ئەوەی تورکە کەمالییەکان توانیان بەسەر یۆنانییەکاندا زاڵبن و ڕاپەڕینی ئەرمەنەکانیش بەوپەڕی توندوتیژییەوە سەرکوت بکەن، هاتنە سەرئەوەی ئەو کەمە مافەی لە پەیمانی سیڤەردا بۆ کورد و ئەرمەن و کەمە نەتەوەییەکان دیاریکرابوو ئەویش لە ڕەگەوە هەڵبکێشن. کەمالییەکان، هەر لەسەرەتاوە دانیان بە سیڤەردا نەنابوو، هەر بۆیە بە پەیمانێکی هەڵوەشاوەیان لە قەڵەم دەداو لە هەوڵدابوون بۆ بەستنی پەیمانێکی دیکە کە ویستەکانی خۆیانی تێدا جێکرابێتەوە، ئەو پەیمانەش پەیمانی لۆزان بوو کە لە ٢٤ی تەمووزی (١٩٢٣)دا بەسترا (١٥، ١٩٤).

یەکەم کۆبونەوەی لۆزان، لە ٢٠ی تشرینی دووەمی (١٩٢٢)دا دەستیپێکرد، عیسمەت ئینۆنۆی هاوڕێی نزیکی مستەفا کەمال، سەرۆکی وەفدی تورکی بوو، لەم ماوەیە کۆمەڵێک پێشهات ڕوویاندا کە بەتەواوی بە قازانجی تورکەکان شکایەوە، یەکیان درووست بوونی کێشەیەکبوو لەنێوان ئەڵمانیا و فەڕەنسا لە ساڵی (١٩٢٢)دا، فەڕەنسا بۆ ئەوەی توشی کێشەی زیاتر نەبێ ڕێککەوتنێکی تایبەتی لەگەڵ تورکدا مۆرکرد. هەروەها، ئیتاڵیاش لەو دەمەدا بەهۆی کێشە ناوخۆییەکانییەوە گیرۆدە بووبوو، بەمجۆرە چی فەڕەنسا، چی ئیتاڵیا دەرفەتی ئەوەیان نەبوو وەک کاتی بەستی پەیمانی سیڤەر بە تەنگ لاواز کردنی تورکەکانەوە بن. ئەوەی لەو ساتەدا بەهێز و پێداگرییەوە بەرامبەر تورک وەستابوو تەنها بەریتانیا بوو، کە وەک براوەی جەنگ ڕفتاری دەکردو و دەیویست ویستەکانی خۆی بەسەر تورکیای نوێدا بسەپێنێت. ئەگەرچی توانرا بەشێک لە کێشەکان چارەسەر بکرێن، بەڵام بارودۆخەکە بەتەواوی بەدڵی تورکەکان نەبوو، بەتایبەت لەمەڕ پرسی ویلایەتی موسڵەوە، هەر بۆیە تورکە نەتەوە پەرستەکان وەفدەکەی عیسمەت ئینۆنۆیان بە شکستخواردوو لە دانوستانەکاندا تۆمەتبار کرد (١٥، ١٩٥-١٩٧).  بەهۆی ئەم بارودۆخەوە ناڕەزایی تورکیا زیادیکرد و پڕۆژەی پەیمانەکە که زیاتر هاوپەیمانان تێیدا باڵادەستبوون شکستیهێنا، بۆیە دووبارە کۆبوونەوەکان لە ٢٣ی نیسانی (١٩٢٣)دا دەستیپێکردەوە، لە کۆبوونەوەی ئەمجارەدا شاندی بەریتانی بە سەرۆکایەتی (سێرهۆراس رامبۆڵد)بوو، بەڵام شاندی تورکی هەروەک پێشتر لەلایەن (عیسمەت ئینۆنۆ)وە سەرۆکایەتی دەکرا، یەکێک لە بابەتە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکانیش پرسی ویلایەتی موسڵ بوو (٤، ١٣٦). لە کۆبوونەوەی ئەمجارەدا تورکەکان هەر زوو لەگەڵ یۆنانییەکاندا کێشەکانی نێوانیان چارەسەر کرد، بۆ لایەنەکانی دیکەش یەکێک لە داوا سەرەکییەکان ئەوە بوو تورکیا جیاوگە ئابووریی و یاساییەکان بۆ هاوپەیمانان بسەلمێنێت. بەڵام، وەفدی تورکی ئەوەی ڕەتکردەوە کە هیچ شتێک پەسەند بکات کە سەروەری دەوڵەتە نوێیەکەیان پێشێلبکات، هەڵبەت هاوپەیمانان هەڵوێستیان لاوازبوو، چونکە هیچیان ئەو ئامادەییەیان تێدانەبوو کە لە پێناو سەپاندنی داواکارییەکانییاندا بچنە جەنگێکی نوێوە (٣، ٢٤٦). بەم هۆکارە وەفدی تورکی جگە لە پرسی ویلایەتی موسڵ، توانیان زۆربەی خواستەکانی دیکەیان لە پەیمانەکەدا جێبکەنەوە. ئەوەبوو لە کۆتاییدا پەیمانی لۆزان لە ٢٤ی تەموزی (١٩٢٣)دا، لە سویسڕا واژۆکرا (٧، ١٨٥). لایەنە بەشدارەکانی ئەم پەیمانە پێکهاتبوون لە: (فەڕەنسا، بەریتانیا، ئیتاڵیا، یۆنان، سڕب و کڕواتیا، ڕۆمانیا، سلۆڤانیا، ژاپۆن) لە بەرامبەریشیاندا تورکیا (١٠، ٤٨). پەیمانەکە لە (١٤٣) سەدوچل و سێ ماددە و دوو پاشکۆ پێکهاتبوو، بەسەر پێنج بەشی سەرەکییدا دابەشکرابوو، کە بەم شێوەیەی لای خوارەوە بوو:

بەشی یەکەم: ڕێسا ڕامیارییەکان، لە سێ بەندی سەرەکی پێکهاتووە.

بەشی دووەم: یاسا داراییەکان، لە دوو بەندی سەرەکی پێکهاتووە.

بەشی سێیەم: یاسا ئابوورییەکان، لە شەش بەندی سەرەکی پێکهاتووە.

بەشی چوارەم: پەیوەندییەکان و کێشە درووستەکان، لە دوو بەندی سەرەکی پێکهاتووە.

بەشی پێنجەم: دەسەڵاتپێدانی جۆراوجۆر، لە سێ بەندی سەرەکی پێکهاتووە (١٦، ٥٨).

 

هەرچەندە تورکەکان ڕەخنەیان لە وەفدەکەی خۆیان دەگرت کە گوایە لە میساقی میللی لایانداوە، بەتایبەت لە پرسی ویلایەتی موسڵدا. بەڵام، بە گشتی تورکیا لەم پەیمانەدا دەستکەوتی زۆری بەدەستهێنا، لەوانە:

١ - هەڵوەشاندنەوەی بەشێک لە ماددەکانی پەیمانی سیڤەر و لەباربردنی خەونی درووست کردنی دەوڵەتی کوردی و ئەرمەنی لەسەر خاکی تازەی کۆماری تورکیا (٦، ٤٩).

٢ - بەڕەسمی ناساندنی دەوڵەتی تورکیا لەلایەن وڵاتانی ئەوروپا وەک کۆمارێکی دیموکراتی علمانی نەتەوەیی لەسەر نەخشەی نوێی جیهان.

٣ - سەرپەرشتیکردنی تورکیا لەسەر کاروباری هەموو تەنگەکانی وەک بۆسفۆر و دەردەنێل. هەروەها، دەسەڵاتی وەرگرتنی ڕسوماتە گومرگییەکان بەدەر لەو جیاوگانەی بە بێگانەکان بەخشرابوو.

٤ - تورکیا هیچ قەرەبویەکی جەنگی یەکەمی جیهانی بەسەردا نەسەپا (١٦، ٥٩).

٥ - جاڕدانی لێخۆشبوون لەو بەرپرس و دەسەڵاتدارە عوسمانیانەی لە ڕووداوە سیاسییەکانی (١٩١٤-١٩٢٢) ڕۆڵیان هەبووە، واتە بەدوادانەچوون لە دادگایکردنی تاوانبارانی جینۆسایدی ئەرمەن و یۆنانی و ئاشورییەکان (١٠، ٥٤).

٦ - ئەگەرچی بەشی یەکەمی پەیمانەکە، بڕگەی سێیەم، مادەکانی (٣٧-٤٤) تایبەتکرابوو بە مافی کەمایەتییەکان، بەڵام سەرنجەکە زیاتر لەسەر مافی کەمایەتییە ئایینییەکانبوو (٢٠)، تورکیا هیچ مەرجێکی سەبارەت بە مافی پێکهاتەیەکی نەتەوەیی گرنگ و گەورەی وەک کورد بەسەردا نەسەپا، تەنها ئەوە نەبێ وەک کەمە نەتەوەیی و ئایینییەکانی دیکە بە ناڕاستەوخۆ باس لەمافی ئایینی و ڕۆشنبیری کراوە (٩، ١١٢)، کە ئەمەش ڕێگەی خۆشکرد بۆ دەوڵەتی تورک تا بەتەواوی نکۆڵی لە بوونی کورد بکەن لە تورکیادا.

٧ - پەیمانی لۆزان، نەک هەر خەونی ئەو دەوڵەتە کوردیەی لەباربرد کە لە پەیمانی سیڤەردا بڕیاری لێدرابوو، بەڵکوو دابەشکردنی کوردستانی ژێر دەسەڵاتی عوسمانی بەسەر سێ دەوڵەتە نوێیەکەدا (تورکیا، عێراق، سوریا) بەفەرمی کرد (١١، ٦٧)، ئەمەش بە واتای ئەوە دێت کە ئیتر جوڵانەوەی ڕزگاریخوازی کوردی ئەگەر بەرپاش بێت مەترسی گەورەی لەسەر دەوڵەتی نوێی تورک نابێت.

 

چارەنووسی ویلایەتی موسڵ:

زۆرجار دەبیستین گوایە بەپێی پەیمانی لۆزان پرسی ویلایەتی موسڵ یەکلاکراوەتەوە و ئەگەر پەیمانەکە پاش سەد ساڵ، واتە لە ٢٤ی تەمووزی (٢٠٢٣)دا هەڵبوەشێتەوە، ئەوا تورکیا شەرعیەتی یاسایی بۆ داگیرکردنی ویلایەتی موسڵ (باشووری کوردستان) دەکەوێتە بەردەست. لەکاتێکدا، ئەمە بۆچونێکی بێ بنەمایە. یەکەم، لەبەر ئەوەی لە هیچ گۆشەیەکی پەیمانەکەدا وادەیەک بۆ هەڵوەشاندنەوەی دیارینەکراوە. دووەم، پرسی ویلایەتی موسڵ هەروەک لە بەشی یەکەمی پەیمانەکە، بڕگەی یەکەم، مادەی سێیەمدا هاتووە: " ئەگەر لە ماوەی نۆ مانگدا لە ڕێی دانوستانی ئاشتییانەوە لەنێوان بەریتانیا و تورکیادا پرسی سنوری نێوان تورکیا و عێراق یەکلا نەکرێتەوە، کە مەبەست لێی ویلایەتی موسڵە، ئەوا پرسەکە دەخرێتە بەردەم کۆمەڵەی گەلان" (٢٠). کە لە کۆتاییشدا هەر واکرا و پرسی ویلایەتی موسڵ خرایە بەردەم کۆمەڵی گەلان. ئەویش لیژنەی تایبەتی بۆ پێکهێنا و سەردانی ویلایەتی موسڵیانکرد، ئەگەرچی بەپێی ڕیژەی دانیشتوان سەلماندیان زۆرینەی دانیشتوانی ویلایەتەکە کوردن. بەڵام، بە بیانووی ئەوەی کە ویلایەتەکە لە ڕووی ئابوورییەوە بە ناوچەکانی عێراقەوە بەستراوە، بە بڕیارێکی فەرمی لە (١٦/١٢/١٩٢٥)دا کۆمەڵەی گەلان ویلایەتی موسڵی خستەپاڵ عێراق (١٣، ١٥٠). پاشان، لە (٥/٦/١٩٢٦)دا، ڕێککەوتنێکی سەربەخۆش لەنێوان تورکیا و عێراقدا بەسترا، کە تێیدا تورکیا لە بەرامبەر کۆمەڵێک دەستکەوتی ئابوورییدا ڕازیبوو بە لکاندنی ویلایەتەکە بە عێراقەوە (١٧، ٧٠). واتە ئەگەرچی لە پەیمانی لۆزاندا ماوەی نۆ مانگ بۆ چارەسەری کێشەی موسڵ دانرا، بەڵام یەکلاکردنەوەی پرسەکە پاش سێ ساڵ و بە بڕیاری کۆمەڵەی گەلان و پاشان ڕێککەوتنێکی تایبەتی لەنێوان تورکیاو عێراقدا، بە ئەنجام گەیشت.

 

ئەنجام:

لە کۆتایی ئەم توێژینەوەیەدا گەیشتینە چەند ئەنجامێک:

١ - چەند هۆکارێک ڕۆڵی سەرەکییان بینی لە دەرکەوتن و گەشەسەندنی بزوتنەوەی کەمالییدا، لەوانە لەبەریەک هەڵوەشانی دەوڵەتی عوسمانی و هەڵوێستە لاوازەکانی سوڵتان لە بەرامبەر هاوپەیماناندا. هەروەها، هاتنەناوەوەی یۆنان بۆ ناو ئیزمیر و فراوانکردنی داگیرکارییەکانی، کە وایکرد چینی گشتی خەڵک پشتیوانی لە بزوتنەوەی ڕزگاری نیشتمانی بکەن، سەرەڕای ئەمانەش هەڵگیرسانی شۆڕشی بەلشەفی و کشانەوەی ڕووسیا لە ویلایەتەکانی ڕۆژهەڵات، ڕۆڵێکی سەرەکی و گرنگی بینی لە گەشەسەندنی کەمالییەکاندا.

٢ - پاش سەرکەوتنی کەمالییەکان لە جەنگی سەربەخۆییدا، کۆمەڵێک گۆڕانکاری هەرێمی و نێودەوڵەتی ڕوویاندا کە بە بەرژەوەندی ئەوان شکایەوە، لەوانە کێشە ناوخۆییەکانی ئەوروپا وەک کێشەکانی نێوان ئەڵمانیا و فەڕەنسا. هەروەها، کێشە ناوخۆییەکانی ئیتاڵیا، ئەمە سەرەڕای دەرکەوتنی زلهێزێکی نوێ کە پشتیوانی کەمالییەکان بوو ئەویش یەکێتی سۆڤیەتبوو.

ئەمانە هەموو تێکڕا کاریگەری گەورەیان هەبوو لەسەر لاوازی گوتاری هاوپەیمانان بەرامبەر تورکیا لە پەیمانی لۆزاندا.

٣ - نەبوونی دیبلۆماسییەتێکی بەهێزی ئەرمەن و کورد و کەمایەتییەکانی دیکە، ڕێگە خۆشکەر بوو بۆ تورکەکان تا پەیمانەکە بەجۆرێک دابڕێژن کە بەرپرسیارییەتی گەورەیان سەبارەت بە مافی نەتەوەیی هیچ یەک لەو پێکهاتانە بە ڕاستەوخۆ بەسەردا نەسەپێت.

٤ - ئەگەرچی پرسی ویلایەتی موسڵ یەکێک لە بابەتە گرنگەکانی نێو کۆبونەوەکانی لۆزان بوو. بەڵام، نەتوانرا لەم پەیمانەدا چارەسەری کۆتایی بۆ پرسەکە بدۆزرێتەوە، بەڵکوو یەکلابوونەوەی ئەو پرسە پاش نزیک بە سێ ساڵ و لە ئەنجامی دەستتێوەردانی کۆمەڵەی گەلان و پاشان ڕێککەوتنی تایبەتی نێوان تورکیا و عێراق، بە ئەنجام گەیشت.

 

 

لیستی سەرچاوەکان:

١ - ئازاد علی مولود: بیری نەتەوەیی كورد بەر لە جەنگی یەكەمی جیهانی و پەیوەندی كورد بە جەنگەكەوە، زانكۆی ڕاپەڕین، ٢٠١٨.

٢ - ئەحمەد حەمەد ئەمین: چەند لاپەڕەیەك لە مێژووی نوێ و هاوچەرخی عێراق، چاپی یەكەم، چاپخانەی ڕۆژهەڵات، هەولێر، ٢٠١٠.

٣ - ئێرك جەی . زورچەر: مێژووی هاوچەرخی توركیا، وەرگێڕانی: پ.ی.د. یاسین سەردەشتی، چاپی دووەم، چاپخانەی سیما، سلێمانی، ٢٠٠٩.

٤ - پشکۆ حمە تاهیر عبدالرحمن: شاری کەرکوک لەنێوان ساڵانی ١٩١٧-١٩٢٦، ماستەرنامەیەکی بڵاونەکراوەیە، پێشکەشی بەشی مێژووی کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکانی زانکۆی سلێمانی کراوە، سلێمانی، ٢٠٠٦.

٥ - چارلز تریب: چەند لاپەڕەیەك لە مێژووی عێراق، وەرگێڕانی: محەمەد حوسین ئەحمەد ـ عەبدولقادر كەلهور، چاپی سێیەم، چاپخانەی ڕۆژهەڵات، هەولێر، ٢٠١٣.

٦ - حەمید بۆز ئەرسەلان: مێژووی توركیای هاوچەرخ، وەرگێڕانی: نەجاتی عەبدوڵڵا، چاپی دووەم، چاپخانەی ئاراس، هەولیر، ٢٠١٢.

٧ - دیوید مک داول: مێژووی هاوچاخی کورد، وەرگێڕانی: حامید ڕەشیدی زەرزا، چاپی ئەلکترۆنی.

٨ - سامان حوسێن ئەحمەد: زلهێزەکان لە یەکەم جەنگی جیهانییەوە تا کۆتایی جەنگی سارد ١٩١٤-١٩٩١، چاپی یەکەم، ٢٠٢٠.

٩ - سەرباز مەجید خۆشناو: بەستێنی مێژوویی و كاریگەری قۆناغی نێوان پەیماننامەكانی سیڤەر و لۆزان لەسەر جوڵانەوەی نەتەوایەتی كورد بۆ پرسی سەربەخۆبوون، چاپی یەكەم، چاپخانەی رۆژهەڵات، هەولێر، ٢٠١٨.

١٠ - شەفیقی حاجی خدر: پەیمانی لۆزان... سەد ساڵ دابەشکاری و بندەستی، گۆڤاری ئاژین، ژمارە (٣)، ٢٠٢٢.

١١ - شێرکۆ کرمانج، ئارام ڕەفعەت، ئیبراهیم سادق مەلازادە، نەزەند بەگیخانی، سەردار عەزیز: دوای سەد ساڵ لە سیڤەر کورد لە کوێوە بۆ کوێ؟، چاپی یەکەم، تاران، ٢٠٢٢.

١٢ - كامەران محەمەد: كورد..بونیادێكی نەخەمڵیو، چاپی یەكەم، چاپخانەی تاران، سلێمانی، ٢٠٢٠.

١٣ - لقمان فاروق نانەکەلی: کورد (لە مێژوو و پەیماننامە نێودەولەتیەکاندا وەک گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەت لەو سەردەمەدا)، چاپی یەکەم، چاپخانەی حاجی هاشم، هەولێر، ٢٠١٤.

١٤ - محەمەد ڕەسوڵ هاوار: كورد و باكوری كوردستان لە سەرەتای مێژووەوە هەتا شەڕی دووەمی جیهانی، چاپی یەكەم، چاپخانەی خاك، سلێمانی، بەرگی یەکەم، ٢٠٠٠.

١٥ - محەمەد ڕەسوڵ هاوار: کورد و باکوری کوردستان..لە دوای شەڕی یەکەمی جیهانەوە هەتا دوای شۆڕشی شێخ سەعید لە پیران، چاپی دووەم، بەرگی دووەم، ٢٠٠٦.

١٦ - موحەممەد گەڵاڵەیی: لۆزان..ڕێكەوتننامەیەك دژ بە درووست بوونی دەوڵەتی كوردستان، گۆڤاری ئاژین، ژمارە (٣)، ٢٠٢٢.

١٧ - میم كەمال ئۆڤە: كرۆنۆلۆژیای مەسەلەی موسڵ، وەرگێڕانی: سەلام ناوخۆش، چاپی یەكەم، چاپخانەی خەبات، دهۆك، ٢٠٠٠.

١٨ - نەجم سەنگاوی: كوردستان و سەركردە و ڕاپەڕین و شۆڕشەكانی لە(١١٦٩ـ ١٩٩٥ز)، چاپی یەكەم، ٢٠١٤.

١٩ - نەوشیروان مستەفا ئەمین: كوردو عەجەم مێژووی سیاسی كوردەكانی ئێران، چاپی سێیەم، چاپخانەی ڕوون، سلێمانی، ٢٠٠٧.

٢٠ - دەقی پەیمانی لۆزان بە زمانی ئینگلیزی:

https://jusmundi.com/en/document/treaty/en-treaty-of-peace-treaty-of-lausanne-1923-treaty-of-peace-treaty-of-lausanne-tuesday-24th-july-1923

 

زۆرترین بینراو

developed by Scorpion shield